بۆچی پێشمەرگە ڕیفۆرم نابێت؟

بۆچی پێشمەرگە ڕیفۆرم نابێت؟

247 خوێندراوەتەوە

چەند ساڵێک لەمەوپێش وڵاتانی هاوپەیمانان پرۆژەیەک و پرۆسەیەکی ڕیفۆرمی پێشمەرگەیان دەست پێکرد کە هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێكی کرداریی لە بارەوە نەنراوە. گەر تەماشای وێبسایتی وەزارەتی پێشمەرگە بکەیت، کە بەشێکی تەرخانکردوە بۆ ڕیفۆرم، جگە لە بەستنی کۆنفرانسێک، دوو ساڵ لەمەوپێش، هیچ چالاکیەکی تر بەدی ناکرێت.


هاوپەیمانان بۆچی دەیانەوێت پێشمەرگە ڕیفۆرم بکەن؟ لە دوای یانزەی سیپتەمبەرەوە ئەمریکا دەستیکرد بە پرۆسەیەک لە ژێرناوی بونیادنانی توانای پارتنەر. هەتا ئێستا ئەمریکا لە چەندین وڵات ئەم هەوڵەی داوە و بە بلیون دۆلاری خەرجکردوە، بەڵام وەک شارەزای ئەم بوارە مارا کارلین دەڵێت: بە گشتی ئەنجامەکەی جێگای نائومێدییە. یەکێک لەو ڕەخنە بەردەوامانەی کە لەم پرۆسەیە دەگیرێت ئەوەیە کە تەنها وەک بوارێکی تەکنیکی تاکتیکی تەماشای پرۆسەی بونیادنانی سوپا دەکات: نەک ستراتیژی و سیاسی.


خانە گەورەکانی بیرکردنەوە لە ئەمریکا، ڕاند، کارنیگی و ئەوانیتر بەردەوام کار لە سەر ئەم بوارە دەکەن. بەڵام هەتا ئێستا هیچ ناوەندێک نەیتوانیوە دیدێکی گشتی وەها دابڕێژێت کە بتوانرێت وەک پرۆسیجەرێک پەیڕەو بکرێت. لە چەند ساڵی رابوردودا پێشمەرگە یەکێک بوە لە پرۆژەکانی کاری من. سەرەتا بۆ کۆنفرانسێک لە ناوەندی دەوحە، پاشان پۆلەسی پەیپەرێک بۆ فردریک ئیبەرت شتیوفتینگ، ئیجا کاری ڕاوێژکاری، لە گەڵ کاری ئەکادیمی بە هاوکاری هاوەڵێکی ئینگلیزم.


پرسی ئەوەی بۆ پێشمەرگە ڕیفۆرم نابێت، پرسێكی سادەنیە، کە تەنها بریتی بێت لە یەکخستنی هێزەکانی یەکێتی و پارتی، یان هەوڵدان بۆ دروستکردنی وەزارەتێک، یان ئەوەی لە ئەدەبیاتی ئۆپۆزسیوندا زۆر باس دەکرێت بە پرۆفیشیناڵکردنی یان بە پیشەییکردنی پێشمەرگە.


وەک مارا کارلین دەڵێت دروستکردنی سوپا هاوشێوەی دروستکردن یان بونیادنانی نەتەوەیە. لە ڕاستیدا وەک کۆمەڵێک لێکۆڵەر لە ناوەندی ڕاند ئارگومێنتی بۆ دەکەن: سوپا نوێنەری نەتەوەیە. بەپێی ئەم پێودانگە، ئەگەر نەتەوە نەبێت ئەوا سوپا نیە. ئەگەر سوپاش نەبێت نەتەوەنیە.


لە دوا کاری ئەکادیمیماندا ئێمە کار لە سەر ئەوە دەکەین کە بونی دۆخی شەڕی ناوخۆ، لە باشوری کوردستان ڕێگری هەرە سەرەکییە لە ڕیفۆرم نەبونی پێشمەرگە.
شەڕی ناوخۆی هەرێم تیوریزە نەکراوە. ئەو کارانەی لە بارەیەوە نوسراوە، بە گشتی دوو جۆرن، کارە بیانییەکان لەو جۆرە کارانەن کە هەوڵدەدەن بە دوای ڕەگ و ڕیشە و هۆکارە بنەڕەتییەکانیدا بگەڕێن و باسی بکەن بۆ کەسانی بیانی. کارە ناوخۆییەکان بە گشتی دوو جۆرن، ئەوانەی کە وەک تاوانێک دەیگێڕنەوە و ئەوانەش لە هەوڵی بەهانەهێنانەوە و ڕەوایی پێدانین.


شەڕی ناوخۆ کوردی لە میانەی کاتدا بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە. سەرەتا وەک ململانێی نوخبە دەرکەوتوە، پاشان شەڕبوە لە سەر خاوەندارێتی پرسی کورد، لە دوای ڕاپەڕینەوە دەچێتە بواری ئابورییەوە، بە تایبەتی دەتوانرێت سود لە کارە تیورییەکانی پاول کولێر و ئانکە هویفلەر وەربگیرێت. بە دید ئەو دوو بیرمەندە پاڵنەری سەرەکی جەنگی ناوخۆ تەماح و ناڕەزاییە. لایەک کە تەماحبازە دەیەوێت دەست بە سەر سەرچاوەکانی ساماندا بگرێت و بۆخۆی قۆرغی بکات، لایەکەی تر لە بەرابەر ئەمەدا دەیەوێت خەڵکی لە ڕێگای بێبەریبون و بێبەشبوونەوە بوروژێنێت.

،،

ئەمە زۆر بەتایبەت لەو جێگایانەدا ڕودەدات کە سامانی سروشتی و نەخوێندەواریی تیایدا بڵاوە. لە زۆر ڕوەوە ئەم دیدە بۆ ڕاڤەکردنی دۆخی ئێمە دەبێت. بەڵام لە پەیوەندی بە پێشمەرگەوە، پرسەکە پێویستی بە ڕاڤەکردنی زیاتر هەیە. هەبوونی دوو هێز بنەمای درێژەدان بە شەڕی ناوخۆ مسۆگەر دەکات، لە هەمانکاتدا تەنها هۆکارێک کە ببێتە بنەمای کۆتایی شەڕی ناوخۆ بونی هێزێکی ناسیاسیە. بەڵام کاتێک شەڕی ناوخۆ بەشێکە لە ئابوری هەرێم، ئەوا کۆتایی شەڕی ناوخۆ لە زۆر ڕوەوە بە سودنیە. بەم پێیە ئێمە لە دۆخێکی ئاڵۆزداین.


جۆری ئابوری هەرێم هۆکاری هەرەسەرەکییە بۆ بە نەتەوەنەبونی کورد و دروستنەبونی سوپا. بەڵام بڕێکی زۆری ئابوری بەکاردێت بۆ ڕێگریی لە ئەمە.
بەم پێیە: ئایا نەتەوە بونیاد دەنێیت بۆ ئەوەی سوپا دروست بکەیت، یان سوپا دروست دەکەیت بۆ ئەوەی نەتەوە بونیادبنێیت؟؟ ئێمە لێرەدا ئەو هایپۆسیسە دادەڕێژین ئەگەر نەتەوە هەبێت، ئەوا سوپاش دەبێت. ئەگەر نەتەوە نەبێت سوپا نابێت. کەواتە بنەمای سوپا نەتەوەیە. بەڵام جۆرێک لە پەرتەوازەیی هێز هەیە کە ڕێگرە لە دروستبونی سوپا و نەتەوەش. ئەزمونی زۆر وڵاتی دونیای سێ، سوپا پێش نەتەوە بوە. بۆ نمونە سوپای عێراق پیش دەوڵەتی عێراقی دروست دەکرێت. سوپا لە مانگی یەک دروست دەکرێت و دەوڵەت لە مانگی هەشت. ئەم پرۆسەیە نیشانەی ئەوەیە کە ئەرکی دروستکردنی نەتەوەی عێراق بە سوپا سپێردراوە. بەڵام ئەم پرۆسەیە شکستی هێناوە.


ئەم پەیوەندی نێوان نەتەوە و سوپا دوو پرسی تری گرنگ دەهێنێتە ئاراوە. یەکەم پرسی نوێنەرایەتی و دووەم پرسی شەرعیەت. ئایا پێشمەرگە وەک هێزی تایبەت بە پارتی سیاسی نوێنەری کێیە؟ بە تایبەتی کاتێک کە نەتەوە و پرسی بونیادی نەتەوە بونی نیە. ئەگەر نوێنەری نەتەوەنیە، ئەوا شەرعیەت لە کوێوە بەدەست دەهێنێت؟ پرۆسەی چاکسازی هاوپەیمانان لە ڕوانگەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبێت ناسیاسی بێت، چونکە سوپا دەبێت ناسیاسی بێت، بەڵام وەک پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان نەتەوە و سوپا دەریدەخات، بونیادی سوپا بە هیچ شێوەیەک ناسیاسی نیە. لێکۆڵەرەوانی خانەی ڕاند ئارگومێنتی ئەوە بونیاددەنێن کە لە سەردەمی شۆرشی فەرەنسییەوە پرۆسەی بونیادنانی سوپا نەک هەر ناسیاسی نیە، بەڵکو هەتا سەر ئێسقان سیاسییە.


ئێستا لە کوردستان نەک هەر پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە لە ئارادانیە، بەڵکو ڕەوتێکی تر لە گەشەدایە کە دژ بە نەتەوەیی کوردە. ئەم ڕەوتە دەیەوێت نەتەوەی عێراق بونیادبنێت. بەڵام هێشتا خاوەن ڕوانگەیەکی ڕوون نیە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم ڕەوتە عێراقییە کوردە ئەوەیە کە دژ بە عێراقچییە عەرەبەکانە. ئەم عێراقییە کوردانە دۆستی ئەو لایەنانەن کە لە عێراقدا بە گروپی لادەولە دەبینرێن، وەک حەشدی شەعبی و حیزبەکانی ناو حکومەت و هێزەکانی تر کە لە لایەن عێراقچییە عەرەبەکانەوە بە دژ بە عێراق لە قەڵەم ئەدرێن. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە عێراقچیە کوردەکان عێراقی نین، بەڵکو لە پشتی عێراق دەیانوێت لە ناو کوردستاندا سیاسەت بکەن.


بۆ نمونە هەرگیز بەلای ئەم خەڵكانەوە مەرگی ڕۆژانەی خەڵكی بەسرا و کێشە و ئازارەکانی تری خەڵكی عێراق مایەی پرس نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بیشارنەوە، چونکە ئامانجیان هەمان میتۆدە کە حیزبە سیاسیە تەقلیدیە کوردەکانی تر لە ڕابوردودا هەیانبو، چۆن لە کۆندا کۆمیونستەکان سۆڤیەتیان جوان دەکرد، ئەمڕۆ هەندێک لە ئیسلامییەکان ئەردۆغان و تورکیا جوان دەکەن، ئەمانیش خاوەنی هەمان چاویلکەی ئایدەلۆژیین، عێراقێک جوان دەکەن کە نیە و خەڵكی عێراق تیایدا دەناڵێنێت. بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ پرسەکەی ئێمە لێرەدا ئەوەیە کە ئەمانە هێندەی تر پرسی بونیادنای سوپا لە کورستان لاواز دەکەن، لە ڕێی کۆتاییهێنان بە پرسی نەتەوەوە. بەبێ بونی سوپا و نەتەوە، پەرتەوازەیی، قۆرغکاری، گەندەڵی، لاوازی دەزگا، حوکمی بنەماڵەیی و شەخسی، خودنەفرەتی هەتابێت زیاتر و زیاتر دەبێت.

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان