هەرسێ وڵات چییان لەیەکدی دەوێت؟

هەرسێ وڵات چییان لەیەکدی دەوێت؟

565 خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ مەلیك عەبدولڵای دووەم پادشای ئوردن و عەبدولفتاح سیسی سەرۆكی میسر و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە عەمانی پایتەختی ئوردن كۆبوونەوەی لوتكە دەبەستن و دۆسیەكانی گرژی نێوان توركیا و میسر، كەرتی وزەی عێراق، ڕێكەوتنامەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات دەبێتە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە.


بەپێی بەیاننامەیەكی دیوانی پاشایەتی ئوردن، كۆبوونەوەكە گرنگی دەدات بە لایەنەكانی بەهێز كردنی لایەنی ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەرسێ وڵاتدا، ئەمە جگە لەوەی باس لە دۆسیە هەرێمیەكان دەكەن.

،،

كۆبوونەوەی لوتكەی سێ وڵات یەكەمجار لە مارسی 2019 لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق لە قاهیرە بەسرا، تیایدا باسیان لە فراوان كردنی پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیەكانی نێوان هەرسێ وڵات كرد، بەشێوەیەك لە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بێت، كۆبوونەوەی لوتكەی دووەمیش لە نیویۆرك لە مانگی ئەیلولی ساڵی پار بەڕێوەچوو، بەبەشداری د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی میسر و پاشای ئوردن.


هەرچی پەیوەست لە كۆبوونەوەی لوتكەی ئەمڕۆیە، ئەوا كۆبوونەوەكە لە دۆخێكی ئابوری خراپدا بەڕێوە دەچێت، كە هەرسێ وڵات بەهۆی بڵاو بوونەوەی كۆرۆنا لایەنی ئابوریان توشی كێشەی كورتهێنان و گرفت بۆتەوە،هەروەها گۆڕانكاری سیاسی گەورەش ڕوویداوە، بەتایبەت ڕێكەوتننامەی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، ئەمە جگە لە گۆڕانكاریە سەربازی و ئابوریەكان.


لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا، پڕۆژەی وزە و بەستنەوەی كارەبا و ئابوری هەرسێ وڵات تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكان دەبێت، هەروەها ئوردن و میسر بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق دەردەبڕن، بۆ ئەوەی عیراق بگێڕێتەوە باوەشی عەرەبی، كە ئەمە خواستێكی ئەمریكاشە، كە دەیەوێت عیراق لە ئێران دووربخاتەوە و بەرژەوەندییەكانی ببەستێتەوە بە وڵاتانی عەرەبی، ئەمە جگە لەوەی باس لەڕووبەڕوو بونەوەی تیرۆر و دووبارە بنیاتنان دەكەنەوە.


پرسی وزە و نەوت بەشێكی گرنگی كۆبوونەوەكان دەبێت، بەتایبەت نەوتی هەرێمی كوردستان كە بەشێوەیەكی ناڕوون لە ڕێگای وڵاتی توركیاوە بەشێوەیەكی هەرزان و نادیار دەفرۆشرێت، میسر وەك وڵاتێكی دژی توركیا، دەیەوێت ئەم پرسە لەگەڵ مستەفا كازمی باس بكات، بەشێوەیەك وزەی وڵاتانی عەرەبی ،وڵاتێكی نەیار سودی لێوەرنەگرێت،هەروەها میسر وەك نوێنەری سعودیە و ئیمارات پێدەچێت كۆمەڵێك داواكاری سیاسی لەسەر پرسی لیبیا و یەمەن و سوریا هەبێت و هەوڵی جۆرێك لە كۆدەگی لەسەر ئەو پرسانەش بدات.

،،

هەرچی ئوردنیشە، دەیەوێت سیاسەتێكی نەرم پەیڕەو بكات و نەچێتە پاڵ هیچ هاوپەیمانێتیەكەوە، چونكە بەرژەوەندی ئوردن لەوەدایە كە خۆی لە جوگرافیەكی تەسكدا قەتیس نەكات،ئەم جۆرە كاركردنە بەشێكە لە سیاسەتی دیپلۆماسی ئوردن، كە هەمیشە دەیەوێت چارەسەری سیاسی بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە، بەڵام ئەوەی لای ئوردن گرنگە ڕێكەوتننامەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلە، بەتایبەت بەشی دووەمی ڕێكەوتنەكە كە باس لە ڕاگرتنی لكاندی خاكی فەلەستین بە ئیسرائیلەوە دەكات، ئوردن دەیەوێت لەمەدا گەرەنتی هەبێت.


هەرچی عیراقیشە، ئەوە دۆخێكی نوێ هاتۆتە كایەوە، كە سەرۆك وەزیران لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكرێت، بۆ ئەوەی عیراق بخاتەوە سەر ڕێگای خۆی و لە وڵاتانی عەرەبی نزیكی بكاتەوە، بەتایبەت هاوپەیمانەكانی خۆی وەك میسر و سعودیە و ئیمارات، بۆ ئەمەش دەیەوێت پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبای عیراق بە وڵاتانی كەنداوەوە سەر بگرێت،چونكە بەم هەنگاوە عیراق لە ڕووی وزەوە لە ئێران دوور دەكەوێتەوە و زیانێكی زۆر بەر ئێران دەكەوێت، هەروەها عیراق لە ئێستادا دەیەوێت میلیشیا عیراقیەكانی نزیك لە ئێران لە مەیدانی سیاسی و سەربازی دوربخاتەوە و دەست و پەنجەیان بكات، بەمەش پێویستی بە هاوكاری وڵاتانی عەرەبی دەبێت.


ماوەتەوە بڵێین، ئەوەی كۆبوونەوەی لوتكەی ئەمجارە لە لوتكەكانی دیكە جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە كۆمەڵێك دۆسیەی نوێ هاتونەتە كایەوە، كە بریتین لە گرژی نێوان توركیا و میسر، كەرتی وزەی عیراق ، ڕێكەوتنامەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، ئەم سێ دۆسیەیە لە پاڵ هاوكاری ئابوری و وەبەرهێنان دەبنە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكان، چاوەڕوان دەكرێت بە بەراورد بە كۆبوونەوەكانی دیكە، كۆبوونەوەی ئەمجار بەرهەمدار بێت و بگەنە چەند خاڵێكی هاوبەش، بەتایبەت كە ئێستا عیراق بەهۆی سەرۆك وەزیرانی نزیك لە ئەمریكاوە،سیاسەتێكی نوێ پەیڕەو دەكات و دەیەوێت رۆڵی خۆی لە ناو ڵاتانی عەرەبی بگێڕێت و لە ئێران دوور بكەوێتەوە.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی