پرۆژەی "شامی نوێ" چیە؟

پرۆژەی "شامی نوێ" چیە؟

357 خوێندراوەتەوە

هێمن سەعید


- پرۆژەی شامی نوێ، پرۆژەیەكی عیملاقی ئابووری عەرەبی نوێیە لەشێوەی یەكێتی ئەوروپا كە ئامانجی بەستنەوەی وڵاتانی عەرەبیە بەیەكەوە، بەلێكتێگەیشتنی سیاسی و ئابووری نێوان میسر و عێراق دەستیپێكرد و بەم دواییانەش ئوردن چویە ناویەوە و پێدەچێت لەداهاتووشدا سعودیە و كوەیت بەشداری تێدا بكەن، لوتكەی ئوردن و میسر و عیراق لە عەممان گفتوگۆكردنی ئەو سێ ولاتە بوو لەوبارەیەوە.

- پرۆژەكە بەم شێوەیە: عێراق دەبێتە بلۆكی نەوتی و میسر بلۆكی مرۆیی و ئوردن حەلقەی گەیاندن دەبێت.

- پرۆژەكە بە راكێشانی هێلی بۆری نەوتی لە عێراقەوە بۆ ئوردن لەوێشەوە بۆ میسر دەستپێدەكات، بەناوی هێڵی بۆری (بەسرە- عەقەبە)، كە درێژیەكەی 1700 كلیۆمەترە و تێچوەكەی بە بڕی نزیكەی 18 ملیار دۆلار خەڵمێنراوە و مەزەندە دەكرێت رۆژانە بەملیۆنان بەرمیل نەوتی لێوە هەناردە بكرێت.

- ئوردن و میسر نەوتی عیراقیان پێدەگات، لەبەرانبەردا هەر بەرمیلێك 16 دۆلار خەصمی بۆ دەكرێت، عیراقیش كارەبا لە میسر و ئوردن هاوردە دەكات، جەمسەرەكانی پرۆژەكە لە عیراق وەبەرهێنان دەكەن، داهاتی ناوخۆی ئەو سێ وڵاتە پێكەوە دەگاتە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار و چڕی دانیشتوانیشیان نزیكەی 150 ملیۆن كەس دەبێت.
پرۆژەكە هێشتا لەژێر گفتوگۆ و دانوستاندایە، عێراق دەیەوێت سعودیەش بێتە ناو پرۆژە ئابووریەكەوە.
بەگوتەی عەقیل ردەینی، سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر "حكومەتەكەی كازمی سورە لەسەر تەواوكردنی ئەو پرۆژەیە".

- بەگوێرەی وتەی مەناف موسەوی، چاودێری سیاسی عێراقی پرۆژەكە لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە پشتیوانی دەكرێت بۆ دەرچونی ناوچەكە لە كێشە ئابووری وسیاسیەكانی بۆ چارەسەركردنی پرسی پەنابەران.

- پرۆژەكە بەدەر نیە لە بەرەوپێشچونە سیاسیەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە، لەلایەك ئیسرائیل و ئیمارات پەیوەندیە كانیان ئاسایكردەوە و گرژیەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانیش زیادیكرد، توركیا و ئیرانیش بوون بەهەرەشە بۆ سەر ئەمنیەتی وڵاتانی خلیج. پرۆژەكە پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكا و یەكێتی ئەورپا و ئیسرائیلی هەیە، لەبەرانبەردا توركیا و ئێران و رووسیا دەبنە نەیاری.