کازمی، پاش گەڕانەوەی لە ئەمەریکا

کازمی، پاش گەڕانەوەی لە ئەمەریکا

752 خوێندراوەتەوە

کۆژین سدیق

وادیارە ئیتر ئەمریکا ئەو پیاوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە بەدوایدا دەگەڕێ خەریکە دەیدۆزێتەوە، ئەمریکا حکومەتی دیکتاتۆری ئەوکاتەی عێراقی ڕووخاند بەئامانجی بنیاتنانی حکومەتێکی دیموکراتی بەھێز بۆ ھاوڵاتیانی عێراقی بەڵام دەستوەردانە ڕاستەوخۆکانی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی ئێران تەواو پێچەوانەی ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕوویدا بۆیە ئەمریکا بەدوای پیاوێکدا دەگەڕێت کە پشتی پێببەستێت و پشیوانی بکات تاوەکو چانسێک بدات بە عێراق و لەڕێیەوە ئامانجەکانی بەدیبھێنێت.
کازمی ئەو سەرۆک وەزیرانەی تونای لەماوەی سێ مانگی کارکردنیدا سەرکەوتوانەی بەشێکی زۆری پشتیوانی شەقام و لایەنە عێراقیەکان لە لایەک، پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکان و ئەمریکا لەلایەکی ترەوە بەدەست بھێنێت، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەرچەندە تەمەنی سەرۆک وەزیرانی سێ مانگ تێپەڕێ نەکردووە بەڵام بەھۆی کارەکانی کە خۆی لە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و ئەو ھەنگاوانەی ناویەتی بۆ چاکسازی کە گرنگترینیان بڕینی سەرچاوەی داهاتی میلیشیاكان لە ڕێگەی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانەوە.

سێ مانگی کارکردنی کازمی

کازمی لەماوەی سێ مانگی کارکردنی کۆمەڵێک هەنگاوی باشی ناوە بۆ چاکسازی و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، کە گرنگترینیان بڕینی سەرچاوەی داهاتی میلیشیاكان لە ڕێگەی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانەوە.
ھاوکات پاكردنەوەی دەزگا ئەمنییەكان لەو سەركردانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی میلیشیاكاندا بوون، لەھەمانکاتدا بەهێزكردنی سوپا و دەزگای هەواڵگری و دەزگای دژە تیرۆر بۆ ئەوەی ڕۆڵی میلیشیاكان لە قاڵب بدرێت. لایەنێکی تر کە کاریگەری زۆری ھەبووە لەسەر پشتیوانیەکانی شەقامی عێراقی ئاشكرا كردنی چالاكی میلیشیاكان دژی دامەزراوە دبلۆماسییەكان لە ڕێگای تەكنیكی میدیاییەوە ئەمەش بۆ ناشیرینكردنی میلیشیاكانە لەسەر ئاستی شەقامی ناوخۆیی و تاڕادەیەکی زۆر نێودەوڵەتیش، بۆ نمونە دوای کۆنترۆڵکردنی دەروازەسنوریەکان گەڕاندنەوەی داھاتەکەی بۆ خەزێنەی حکومەت بەئاشکراکردنی داھاتی ڕۆژانەی بە ٣ملیار دینار ، ئەم جوڵانەی کازمی بەدڵی ئێران لایەنگرانی لە ناوخۆی عێراق نەبووە لەئەنجامدا هەموولایەکی توڕەکردوە ، تەنانەت لایەنە شیعەکان بەتەواوەتی دژی هەڵسوکەوتی کازمین، بەتایبەتی ئەوانەی کەلە ئێرانەوە نزیکن و وەک قەیس خەزعەلی و نوری مالیکی، کەئەمانە بەئاشکرا دژی هەموو جوڵەکانی کازمین، چونکە دەزانن کازمی لە قازانجیان کارناکات.



ئەمەریكا چی دەگۆڕێت؟
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ کە حکومەتی ئەوکاتەی عێراق لەلایەن ئەمریکاو ھاوپەیمانان ڕوخێنرا ، ئەمریکابۆئەوەی ئامانجەکانی بەدیبھێنێت چەندین ملیار دۆلاری لە عێراقدا جەرجکردووە بە ئاسانی دەستبەرداری نابێ ، پێشوازیە گەرم و جیاوازەکەی ئەمریکا لەم سەردانەی کازمیدا جیاواز لە ئێران ،کە ئەو پێشوازییە گەرمەی لە كازمی كرا لە واشنتن بێ هۆ نییەو ئەمەریكا ویستی ئەو پەیامە بگەیەنێت كە عێراق بۆ ئێران جێناهێڵێت و پشتیوانی كازمییە بۆ دروستكردنی عێراقێكی ناوەندی بەهێز ، لە ھەموو سێکتەرەکاندا پەیامی ئەمریکا بوو بۆ ئێران و نەیارانی کە ئەوان لەدوای چەندین ساڵ لە خەرجی و قوربانی عێراق ھەروا بەئاسانی جێناھێڵن و پلانی گۆڕینی سیاسەتی خۆی داناوە لەعێراق ئەویش ئەوەیە ئەمەریكا چیتر نایەوێت داگیركاربێت و بەچاوی داگیرکەر تەماشای ئەمریکا بکرێت و تەنها پارێزەری دەسەڵاتی سیاسی بێت بەڵكو بەپێی ڕێكەوتنی ستراتیژی ئەمەریكا كار لەسەر سێكتەڕەكانی ئابوری و ووزە و ڕۆشنبیری و تەندروستی و خوێندنی باڵا و پەروەردە دەكات و دەیەوێت پێگەی لەشەقام دا بەهێز بكات.
بیری نەوەی نوێی عێراقییەكان بەئاراستەی خۆیدا بگۆڕێت و چیتر پێویستی بە پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و مەترسی هەڵگەڕانەوە نەبێت بەڵكو كۆمەڵگای عێراقی و سیاسیە نوێیەكەی لەبری ئەوە پێویستیان بە پاراستن بێت ئەوان بۆخۆیان بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا بپارێزن لە عێراق و ناوچەكەدا ببن بەكۆمەڵگەیەكی بەهێزی ڕاگرتنی بەرژەوەندی ئەمەریكا و ڕێگری لە ئیمپریالیزمی چینی.
لەهەمانكاتدا هەستی دووژمنایەتی ناهێڵێت و پردی پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان كۆمەڵگای عێراقی و ئەمەریكیدا دروست دەكات .

کورد لە دانیشتنەکانی ئیدارەی ئەمریکاو کازمیدا

سیاسەتی ئەمریکا وا دەردەکەوێت ڕووی کردۆتە بەھێزکردنی ناوەندەکان کشانەوە لە بەھێزکردنی ھەرێمەکان ، سیاسەتی ئەمریکا بەرەوە ئەوە دەڕوات یەک ناوەندی بەھێز و یەک گوفتار و ڕای بەھێز ھەبێت ، دیارە لە عێراقیش پێدەچێ بەھەمان شێوەبێ ، بەپێی زانیاریەکان لەسەردانەکەی کازمیدا بۆ ئەمریکا کە نوێنەرانی کوردیش یاوەری کازمی بوون درکیان بەو ڕاستیەکردووە ، ھاوکات بەرپرسانی ئەمریکا پەیام و ھۆشداریان بەنوێنەرانی کوردا ناردووە بۆ بەرپرسانی ھەرێم بەوەی دەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ڕێبکەون و نەچنە بەرەی دژایەتی کازمی و ئەمریکاوە ، ھەمان شتیش بۆ لایەنەکانی عێراقیش ڕوویداوە و
بەپێی زانیاریەکان ئەمریکا بە کازمی و وەفدی عێراقییان وتوە کە بە هیچ شێوەیەک نایەوێت و ناهێڵن لە عێراقدا ئەزمونی دوو دەسەڵاتی لەناو یەک وڵات دا دروست ببێت و بەردەوام بێت وەک لوبنان و حزب اللە! هەروەها پێشیان ڕاگەیاندون ئەگەر لەگەڵمان هەنگاو بنێن ئەوا قۆناغێکی نوێی بوژانەوەی ئابوری و سیاسی ئیداری رودەکاتە وڵاتەکەتان.
بۆیە ئێستا کە پلانی گۆڕانکاری جددی لەزۆر ڕوەوە بۆ عێراق چاوەڕێ دەکرێت.
بۆیە حکومەتی هەرێم و سیاسییەکانی کوردستان دەبێت دوانەکەون لە تێگەشتن و چاودێری کردنی ئەم دۆخە و هەنگا وبە هەنگاو لەگەڵی بچنە پێشەوە، بە تایبەتی کە ئەم ساڵ بۆیەکەم جار بەشداریان کرد لە گفتوگۆی ستراتیژیی ئەمریکا _ عێراق!

داواکارییەکانی ئەمریکا لە بەرپرسانی ھەرێم

داواکاری و پەیامەکانی ئەمریکا بۆ هەرێم زۆر سادەیە ، دەبێت لەگەڵیان بن و دوا نەکەون لە کارکردن و نەبنە بەربەست بۆ جێ بەجێ کردنی ، بۆ نمونە کاتێک لە ئەمریکا بە وەفدی هەرێمیان وت دەبێت کێشەکانتان چارەسەربکەن و لەنێوخۆدا ڕێکبکەون، دەبێت تێ بگەن واتە کێشەتان هەیە و ڕێکنەکەوتون، کاتێک پێیان وترا دەبێت لەگەڵ عێراق پێکبێن کێشەی بودجە جارەسەر بکەن یانی پێک نەهاتون و کێشەی موچەتان هەیە، کاتیک وتیان کە ئارامیان دەوێت لە عیراق و واتە خۆپێشاندان هەیەو ناسەقامگیری هەیە و چاکی بکەن، کاتێک پێیان وتن کە دەستوری عێراق تاکە سەرچاوەیە دەبێت هەموان ڕێزی بگرن واتە بیر لە شتی تر مەکەنەوە .

ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆئەوەی بەربەستەکانی بەردەم هەنگاوەکانی کازمی لاببەن و ژینگەی ئابوری و سیاسی و سەربازی و هەوالگری بۆ فەراهەم بکەن . ئێستا عێراق تەنها بەرژەوەندی ئابوری نیە بۆ ئەمریکا، ئەمریکا ئێستا بۆ ئەوەی عێراق لەبەرەی چین و ڕووسیا دووربخاتەوە زۆرشتی بۆ دەکات و ئامادەیە ھەموو ھاوکاریەکی بکات . تاوەکو تێکەڵ بە جیهانی عەرەبی بکاتەوەو لە ئیسرائیل نزیکی بکاتەوە، بۆیە دەبێ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان تێبگەن کە هەرێمی کوردستان هیشتا بە بەراورد بە عێراق ئەو بەرژەوەندیە گەورە نیە بۆ ئەمریکا کە بیخاتە ئاستی عێراقەوە ودەبێ لەوەش تێبگەن کە لەهەر قۆناغێکدا کێشە دروستبکەن باجەکەی دەدەن!
بەڕای چاودێرانی سیاسی مستەفا کازمی لە ئێستادا لە قۆناغێکی زۆر ھەستیار و سەخت دایەوە دەبێ زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکات و وڵات بەرەو کەناری ئارامی بەرێت و ئاسایش و ئارامی ناوخۆی بپارێزێ بەتایبەت دوای ئەوەی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران حزبەکانی نزیک لەئێران ھەموو ھەوڵێک بۆ دروستکردنی ئاژاوەو پشێوی لەناوخۆی وڵات دەدەن بۆ ئەوەی ببنە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەی ئەمریکا ، ئەمریکا دەوێت عێراق بخاتەوە سەر سکەی خۆی و سەربەخۆی خۆی پێی بدات و دووری بخاتەوە لە دەستوەردانی دەرەکی . خۆئەگەر کازمی ئەم چانسەی ئەمریکا قبوڵ نەکات ئەوە ئەگەری زۆرە ئەمریکا هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە و عێراقیش بخاتە بەشێک لەو وڵاتانەی کە دژی دەوەستێتەوە و ئەگەری سزای ئابوری هەیە ، ئەمەش باری کازمی قورستر دەکات و دەبێت زۆر بەلێزانانە یاریەکە بکات ، چونکە لەئەگەری هەرهەڵەیەک دەبێتە شێواندنی بارودۆخەکە هەرچی ئێرانیش هەر ئاوا دەسەستەو سان نابێت و لەرێگەی گروپە شیعەکانەوە دەیانەوێت کازمی دووربخەنەوە یاخود شەڕەکە بخەنە ناو عێراقەوە و هەمان سیناریۆی سوریا دووبارەبێتەوە کە لەهەموو ئەگەری ئەمانەدا دەبێت کازمی بە وردی هەنگاوەکانی هەڵبهێنێتەوە.

 

author photo

رۆژنامەنوس