"بانگخواز، پارەی پێ نەبوو دەسەڵاتداران دەیکەن بەدەسڕ"

ئـــەمانکەن بە مـــەندیل

"بانگخواز، پارەی پێ نەبوو دەسەڵاتداران دەیکەن بەدەسڕ"

607 خوێندراوەتەوە

.طــــــه ســـۆڵـــەیی


زانای گەورە و ناودار ، سوفیانی سەوری ، لەپاڵ کاری عیلم و زانستەکاندا تیجارەتیشی ئەکرد، یەکێک لەفەقێکانی سەرزەنشتی کرد...گوایا چۆن پیاوێکی وەکو تۆ خۆی یەکلایی ناکاتەوە بۆ عیلم و خەریکی کاری تیجارەت و دونیاویستی ئەبێت.؟
شێخ سوفیان وتی : تۆ بێدەنگ بە..و الله ئێمەی ئەهلی عیلم و بانگخوازیی، پارەمان نەبێت و موحتاح بین ، ئەم مەلیک و دەسەڵاتدارانە ، ئەمانکەن بە دەسڕ...وەک مەندیل هەڵمانئەسوڕێنن.

واتە یا پیسیی و گزیی و دزیی و خراپەکانی خۆیان بە ئێمەی دەسڕ ، پاک دەکەنەوە، یان وەکو پارچە پەڕۆی سەرچۆپی هەڵمان ئەسوڕێنن و سوکمان ئەکەن و گاڵتەمان پێئەکەن.


فیکرەی ئەوقاف و کۆکردنەوەی مامۆستا و زانایانی ئاینی و حوجرە و مەدرەسەکانی زانستە ئیسلامیەکان ، کۆنترۆڵکردنی خۆیان و دامەزراوە و موڵکەکانیان لەژێرناوی ئەوقافا لە هەندێ لە وڵاتانی موسڵمان نشیندا،ئیشی ئینگلیزە..بۆ ئەوەی دامەزراوەی زانست و پێشڕەوانی ئەهلی عیلم و عیرفان، وەکو مۆزەف و موچەخۆرێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت ، سەربەخۆ نەبن..هەرچی موڵکێک کە خەڵکانی ئەهلی ئیمان وەقفی ئەکەن بۆ ئەوەی داهاتەکەی خەرج بکرێت بۆ حوجرە و مزگەوت ، دەستی بەسەرا بگیرێت.. دواجار هەرکاتێک بێدینەکان ، هەڵوێستی ئەهلی عیلمیان بەدڵ نەبێت ..مووچەکانیان ببڕن ..نەقڵیان بکەن..نەفیان بکەن..فەسڵیان کەن..بێدەنگیان کەن..تۆمەتباریان کەن..تەقاعودیان کەن.


لەکاتی موناسەبە و ئیشی خۆشیاندا لە سەفی پێشەوە ، وەکو بووکەڵە بیانوەستێنن و شەرعییەتیان لێوەرگرن. ئەوانیش یان لە ترسا یان لەبرسا سەڵاواتیان لەدیدار بدەن.
وەکو ئێستا لەزۆرینەی جیهانی ئیسلامیدا ، زانایان کەنارخراوون و پەیامی عیلم و بەگژاچوونەوەی ستەمکارانیان لێ زەوتکراوە..
بەڵام زانایانی مەندیل سپی و شێخانی تەریقەت و پەروەرشیارە عاریفەکان زۆرن ..کە نەبوونەتە مەندیل و وەکو قەندیل ، شکۆمەند چەسپاوون.. چەندین قاماتی بەرز ماوون خەڵک پاڵیداوە پێیانەوە ..وەکو بەفری قەندیل رووسپین...هەمیشە ئامادەن سزای سیاسی ..شێواندنی کەسایەتییان..تیرۆری جەستەیش بدرێن ، تەنانەت لە ئیمامەتی مزگەوت و خەتابەت و رای ئازادیان لێ زەوت بکرێت.. بەڵام لەتەوێڵ و شوێنی سوجدەکانیاندا ئاشکرا نووسراوە : بۆ فرۆشتن نییە.

نموونەی قامەتەباڵاکان:
شێخ سەعیدی کوردیی نوورسی ، موفتیزادە و سوبحانی و مەلا محمدی رەبیعی..سەعیدی کوڕی جوبەیر و ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و حەسەنی بەسری ..عومەر موختار و بن بادیس و سەننووسی ، شێخ حسێن شێخ کاکە حەمە ، شێخ حەمەتاهیری قامچی ڕەش سۆڵەیی...بیگۆڤیچ و تورابی و پیران و قازیی مەهابادی و ئەمجەد زەهاوی کاروانەکەش بەردەوام دەبێ.