تولەمارێک بێرەدا تێپەڕی بوو بە ئەژدیها

تولەمارێک بێرەدا تێپەڕی بوو بە ئەژدیها

401 خوێندراوەتەوە

ئارام رەفعەت

رۆژی ٢٧ی ٨ی٢٠٢٠ ئەردۆغان هەڕەشەی لەناوبردنی لە یۆنانی کرد. یۆنان یەکەم وڵات نییە و دوا وڵاتیش نابێت کە لەژێر هەڕەشەی ئەردۆغاندایە. ئێستا ئەردۆغان وەک ئەژدیهایەک بەملا و بەولادا دەفیشێنێت. کلکی لە لیبیا و سۆماڵ و ئەسیوبییایە و سەری لە ئەنقەرە و باشور و رۆژاڤا و دەریای ئیجە دەجوڵیت. ئەو رۆژگارێک تولەمارێک بوو، لە درز و کەلێنی نێوان باڵی عەلمانی و ئیسلامی ناسیونالیستی تورکی تروکا و بووە ئەژدیها.


ئاشنا بوون چیرۆکی بەئەژدیهابوونی ئەردۆغان هەر بۆ کوردەکانی باکور نا، بۆ ئێمەی باشوریش سودبەخشە. نەک هەر لەبەر ئەوەی ئەم ئەژدیهایەی ئەنادۆڵ رۆژانە گاز لەجەستەی زامداری باشور دەگرێت، بۆ ئەوەی رێگە نەدەین ئ بۆ ئەوەش لەنێوان دووزێ ئەژدیهایەکی تر سەر هەڵبێنێت.


ژینگەیەک بۆ مێشک شۆرینەوە
ئەردۆغان لە ژینگەیەکی خێزانی ناتەندروست و ناسەقامگیر و دەست کورت دا گەورەبووە. باوکی دوو ژنی هەبووە، لەژنی یەکەمی کوڕە گەورەکەی هاوتەمەنی ژنی دووەمی بووە، کە دەکاتە دایکی ئەردۆغان و لەنێوان ئەردۆغان و براگەورەکەی ٢٨ ساڵ تەمەن هەیە. ئەم دۆخە ناسەقامگیرە ئەردۆغانی خستۆتە کۆڵانەکانەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی رۆژانەی و دواجار لە قوتابخانەی "ئیمام و خەتیب"ی ئەستەنبۆڵ خۆی دەبینێتەوە. لەم ژینگەیەدا ناسیونالیزمی دینی تورک زاڵە. لێرەدا و لەهەرزەکاریدا دەکەوێتە ناو گروپی راسترەوەکانی تورک و دواتریش پارتی فەزیلەی ئەربەکان و جەماعەتی گولەن.


کولەکەی لادێیی
کاتێک ئەردۆغان لەساڵی ١٩٩٤ وەک کاندیدی پارتی ریفاهی نەجمەدین ئەربەکان بووە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆڵ. بەهۆی نەناسراوی و بێ پایەیی کۆمەڵایەتی لەدوای هەڵبژاردنیدا بوو بووە بابەتی گاڵتە و گەپی نوخبەی ئەستەنبۆڵی و بە کولەکە (کودی) لادێی وەسفییان دەکرد. ئەم وەسفە بۆ کەسێکی ناشی و ناشارەزا و کۆڵەواری گوندی کە روو لە شار دەکات بەکار دێت. ئەوەی ئەستەنبۆڵییەکان لێی بێ ئاگا بوون ئەوەبوو ئەردۆغان تەنها لەیبوکێکە و ئەم یارییە جامبازییەی پێدەکرێت. لەپشت ئەردۆغان ئەربەکان و گولەن هەبوون. ئەربەکان واجیهەی سیاسی و گولەنیش واجیهەی کۆمەڵایەتی ناسیونالیزمی ئیسلامی تورکی بوون. ئەردۆغان، ئەوسا کە لە ٤٠ ساڵەی تەمەنیدا بوو، کارنامە و بەرنامەی ئەم جووتەیەی جێبەجێ دەکرد و لەو چوار ساڵەدا زۆرێک لە کێشە درێژخایەنەکانی ئەستەنبۆڵی، لەبابەتی کەمی ئاوی، پیسی ژینگە، خاشاک و رێگا و بان چارەسەرکرد.


‌‌هەڵگەڕانەوە لە ئەربەکان: هەڵگەڕانەوەی یەکەم
ئەردۆغان هەم بەرەنجی ئەربەکان و گولەن گەییشتە شارەوانی ئەستەنبۆڵ و هەم بە ئەقڵی ئەوان سەرکەوت. لە ساڵی ١٩٩٦ پارتی ریفاه دەچیتە دەسەڵات و ئەربەکان دەبێتە سەرەک وەزیر و دوای شەش مانگ، لە مانگی ١ی ١٩٩١، جونتای سەربازی تورک کودەتای سپی بەسەر ئەربەکاندا دەکەن و لە ١٩٩٨ پارتەکەی قەدەغە دەکریت و ئەربەکانیش بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە سیاسەتکردن دووردەخرێتەوە. ئەربەکان پارتی فەزیلە دادەمەزرێنێت و رەجائی کۆتان دەبێتە سەرۆکی و لە ساڵی ٢٠٠٠دا فەزیلەش دادەخرێت. ئەردۆغان و هاورێاکانی، کە تینوی پۆست و پێگەن و لە فەزیلە و ئەربەکان بێ ئومێد دەبن، لەرابەرەکەیان . ئەربەکان هەڵدەگەڕێنەوە و بیر لە دامەزراندنی حیزبێک دەکەنەوە.


دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا
لەم قۆناغەدا بزوتنەوەی خزمەت وەک دەوڵەتێک وابوو لەناو دەوڵەتی تورکی و هاوشێوەی ئەختەبووت پەلی هاوییشتبووە ناو هەموو موئەسەسە ئەمنی و پەروەردەیی و جڤاکییەکانی تورک. پشتیوانی گولەن لەهەر کەس و حیزبێک بەمانای گەییشتنی بەدەسەڵات بوو. باجی ئەو پشتیوانییە لەسەر شانی ئەردۆغان و هاورێکانیدا نیشتەوە. ئەردۆغان پارتی داد و گەشەپێدان دادەمەزرێنیت و لەیەکەم هەنگاویدا دەگاتە دەسەڵات.


سواربوونی شەمەندەفەری دیموکراسی
هەریەک لە گولەن و ئەربەکان دوو عومدەی سیاسەتی تورکین. گولەن کار لەسەر جڤاکی تورکی دەکرد و ئەربەکانیش لەسەر حوکمرانی. یەکەمییان نەرم و نەبینرا و دووەمییان بەرجەستە و رەق. گولەن لە ناو موئەسەسەی دەوڵەتی ئەتاتورکیدا خۆی دەگونجاند و ئەربەکانیش لەبەریەککەوتندا بوو و سەرەنجام شکستی هێنا. بۆ ئەوەی هەمان چارەنووسی ئەربەکانی نەبێت، دەبوایە ئاکەپە زیاد لەرەنگێکی هەبێت. لەم قۆناغەدا سێ رەنگی دەپۆشی. جەوهەرێکی گولەنی، روکارێکی لیبراڵی و مەیلێکی ئەوروپی. وەک یاوز ئاجار دەڵێت، گولەنییەکان هاوپەیمانی مەبدەء و لیبراڵەکان و کورد پێکهاتبوون هاوپەیمانی رۆژ و ئەوروپییەکانیش پارێزەری مانەوەی بوون.


ئەردۆغان لە کۆشکی چانکایە
بەهۆی تۆمەتێکەوە ئەردۆغان ناتوانێت لەسەر لیستی پارتەکەی خۆی هەڵبژێرێت. ئاکەپە، بە پشتیوانی گولەنییەکان، دەگاتە کۆشکی چانکایە و عەبدوڵڵا گول لەبری ئەردۆغان دەبێتە سەرەک وەزیران. دواتر لە سیرت دەبوایە نوێنەرێک بچێتە پەرلەمان. ئەردۆغان لەوێ خۆی کاندید دەکات و دەردەچێت. بێ وەستان پۆستەکە لەگولەن وەردەگرێتەوە و دەبێتە پاشای چانکایە.


ئەردۆغان سیمبۆلی دیموکراسی
لەنێوان ٢٠٠٢ تا ٢٠١١ ئەردۆغان لەسەر ئاستی تورکیا و ناوچەکە و جیهان وەک سیمبۆلی دیموکراسی و ئەزموونەکەیشی وەک مۆدێلی دیموکراسی ئیسلامی نماییش دەکرێت. بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠١٠ ئۆباما بە رۆژنامەی کاریەر دیلا سیرەی ئیتاڵی دا وەک "دیموکراسی مەزنی ئیسلامی" پەسنی مۆدێلەکەی ئەردۆغان دەکات و بۆ پشتیوانی و بەرز راگرتنی ئەم دیموکراسییەش، یەکەم گەشتی وەک سەرۆکی ئەمریکا بۆ لای ئەردۆغان دەبێت.


سێکوچکەی یەکەمی هاوپەیمانی
لەم قۆناغەدا سێکوچکەی هاوپەیمانی و مانەوەی ئەردۆغان گولەنی و کورد و لیبراڵە تورکەکان بوون، کە دەکرێت بە سێکوچکەی یەکەم لەقەڵەم بدرێت. لەم قۆناغەدا، بەهۆی ئەم سێکوچکەی هاوپەیمانییەوە، رۆژاوا بە ئومێدەوە تەماشای دیموکراسییەتی ئاکەپەیان دەکرد و دەیانەویست رۆژهەڵاتی ناوەراستی گەورە لەسەر ئەو مۆدێلە دابڕێژنەوە. ئەردۆغان، بە پشتیوانی ئەم سێکوچکەیە و رۆژاوا توانی پاشەکشەیەکی گەورە بە دامەزراوەی ئەتاتورکی بکات. ئەرگەنەکۆنییەکان خرانە زیندانەوە و ژەنەراڵە هەڵۆکان لادران و عەسکەر خرایە ژێر کۆنترۆڵەوە.


دابەزین لە شەمەندەفەری دیموکراسی؛ هەڵگەڕانەوەی دووم
لە ٢٠١١ بەدواوە، ئەردۆغان پایەکانی حوکمی چەسپاندوون و تائێستا سێ جار بەدوای یەکدا نزیکەی نیوەی دەنگەکانی تورکیای بەدەست هێناوە. لێرەدا پێویستی بە پشوویەک دەبێت لە دیموکراسی و وتە بەناوبانگەکەی دەڵێت "دیموکراسی وەک شەمەندەفەرێکە و کەی گەییشتیتە ئامانجەکەت لێی دابەزە". لێرەدا، کار لەسەر ریشەکێشکردنی گولەنییەکان دەکات. یەکەم بەریەککەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ گولەنییەکان لە ٢٠١٣دا بوو کاتێک دادگای باڵای تورکییای بەوە تۆمەتبارکرد کە گولەنییەکان کۆنترۆڵییان کردووە.
لە ٢٠١٣ دا ئەردۆغان کەوتە لیدان و دوور خستنەوەی گولەنییەکان لە دامەزراوە قەزائی و ئەمنییەکاندا.
لە ٢٠١٥دا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد کۆتایی پێ هێنا.
لە ٢٠١٦دا دوای کودەتاکە بەتەواوی شەڕی هەمەلایەنەی لەگەڵ گولەنییەکاندا راگەیاند و دەیان هەزاری زیندانی و راودوو کرد.
 لە نێوان ٢٠١١ تا ٢٠١٧ سەرجەم دامەزرێنەرانی ئاکەپەی دوور خستەوە.
 میدیای سەربەخۆ لەتورکیا کۆتایی دێت.
 هێرشەکانی بۆ سەر باشور و رۆژاڤای کوردستان دەست پێکرد.


سێکوچکەی دووەمی هاوپەیمانی
لە ٢٠١٢ بەولاوە، ئەردۆغان کەڵکەڵەی سوڵتانی لەکەلـلەی دەدات. لێرەدا کەمپی دیموکراسی دادەخات و روو لەکەمپی ناسیونالیستی/فاشیستی تورکی دەکات و وەک جارەکەی پێشووی سێکوچکەیەکی هاوپەیمانی بۆ خەونە تازەکانی پەیدا دەکات. ئەم سێکوچکەیە لە ئەرگەنەکۆن و مەهەپە و ئیسلامییە رادیکاڵەکان پێک دێت. ئەردۆغان لێرە بەدواوە عەسای پەیامبەری دیموکراسی فڕێدەدات و شمشێری سوڵتان هەڵدەگرێت.


ئەردۆغان ئەژدیهایەکی هار
ئێستا ئەردۆغان لەکۆشکە ١١٥٠ ژوورییەکەیدا خەون دەبینێت، خەونی ئەژدیهاکان، خەونی هەڵڵوشینی هەرێم و دەریاکان، هەر لە باشوری کوردستان و رۆژاڤا و باکوری سوریا و ئیجە و دەریای سپی ناوەراستەوە بگرە تا دەگاتە لیبیا و سۆماڵ و یەمەن. ئەو تولەمارێکی بچکۆلەبوو، هەڵەی مەزنی پیاوە مەزنەکانی سیاسەتی تورک و خۆشباوەڕی و ناوشیاری کورد و بێ ئاسۆیی لیبراڵەکان ژینگەی بوونە ئەژدیهایان بۆ ئەو رەخساند.
ئەردۆغان ئەزموونێکی تاڵی ناوچەکەیە. کورد زۆرترین تاڵاوی ئەو ئەزموونەی چێشتووە. کورد لەهەر کوێیەک و لەهەر پارچەیەکی داگیرکراوی کوردستانە نابێت هاوکاری تولەمارەکانی پایتەختی ئەو وڵاتانە بکەن ببنە ئەژدیها، هەروەک چۆن هەندێک لە کوردانی باکور کردییان.