کەی دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە؟

کەی دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە؟

266 خوێندراوەتەوە

ئالان حەمە سەعید


بەدیدی خۆم باشترین بژاردە ئەوەیە کە بۆ ماوەیەک دەستپێکی پرۆسەی خوێندن دوابخەین بەئومێدی کەمبوونەوەی ئاستی کاریگەری ئەم پەتایە.
لە گوتاری ڕابردوومدا ئاماژەم بەوە دابوو کە لە داهاتوودا هەوڵ دەدەم بەگوێرەی دەرفەت لەبارەی پرسە پەروەردەییەکانەوە گوتار بنووسم. ئەم نووسینەش باسێکی فرەڕەهەندە دەربارەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن.


وەک ئاگادارن، جیهان تا ئەم کاتەش گیرۆدەی بڵاوبوونەوەی بەردەوامی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، یەکێک لەو گرفتە سەرەکییانەی کە ڕووبەرووی بەشی زۆری وڵاتان دەبێتەوە، چۆنیەتی بەردەوامییدانە بە پرۆسەی خوێندن. ئەمڕۆش لە هەموو کات زیاتر پرۆسەکە وابەستەی ڕێنوێنییە تەندروستییەکانە.


ئەم بابەتە چۆن لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە تاوتوێ کراوە؟

لە ئەنجوومەنی وەزارەت لە 22/08 گفتوگۆیەکی کارا لەبارەی چۆنیەتی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن کرا، هەموو ئەو بیرۆکانە تاووتوێ کران کە شیمانەن بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن. دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی هەر بژارەیەکیش بەشێوەیەکی ورد باسیان لێکرا. بۆ ئەم مەبەستەش، بەڕێوەبەرایەتی پلاندانانی وەزارەت وەک پێشنیاز، ڕاپۆرتێکی ئامادەکردبوو. هاوکات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێز ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پەروەردە و خوێندنی باڵا، تۆژینەوەیەکی تایبەت کە لە سەر 33 دەوڵەت کراوە لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، تاووتوێ کرا.


تایبەتمەندی کوردستان:
هەرێمی کوردستان بە ژێرخانی پەروەردەیی و لێکەوتەی ئەم بارە ساخڵەمییەی تێدایە، جیاوازی لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتانی دیکە هەیە. هەر بۆیە بڕیاردان لە دەستپێکردنەوەی دەوام تەنیا چەند نووسینی دێڕێک نییە لەسەر کاغەزێک، بەڵکو وردپێووی و توێژینەوەی فرەلایەنی ، لە هەر هەنگاوێکی کە دەنرێت، پێویستە.
ڕۆژانە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیيانی بەڕێز پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا کەی دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە؟ بەدیدی خۆم باشترین بژاردە ئەوەیە کە بۆ ماوەیەک دەستپێکی پرۆسەی خوێندن دوابخەین بەئومێدی کەمبوونەوەی ئاستی کاریگەری ئەم پەتایە. بەڵام لە هەموو شت گرنگتریش دیسانەوە بەردەوامی «پرۆسەی خوێندن»ـە.


ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردەدات:
بەگوێرەی «سیستەمی قوتابخانە بنەڕەتی و خوێندنگە ئامادەییەکان»ی ساڵی 2009، وەزارەت دەسەڵاتی هەیە کە لە پاش ناوەڕاستی مانگی نۆی هەموو ساڵێک دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکاتەوە، بەڵام دەسپێکی خوێندنی ساڵی نوێ لەبەر ئەوەی ڕەهەندێکی تەندروستی هەیە، لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر دەستپێک یان دواخستن یان هەر شێوازێکی دیکەی بەردەوامی پرۆسەکە دەدرێت.

،،

ڕۆژی یەکشەممە 30/08 کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاری بە ئامادەبوونی بەندە و بەڕێزان وەزیرانی تەندروستی و خوێندنی باڵا و ناوخۆ و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بەڕێوەدەچێت. مەبەستی ئەم دیدارەش ئامادەکردنی پڕۆژە بڕیارێکە لە بارەی ساڵی نوێی خوێندن لەسەر بنەمای پێشنیاز و هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی تەندروستی. لە دۆخی تەندروستی ئێستادا لایەنگری ئەوەم کە چەند هەفتەیەک یان مانگێکیش کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دوابخەین کە تاکە ئامانج پاراستنی سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانە.


وەزارەتی پەروەردە پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی هەیە کە دەتوانێت لەوادەی پێویستدا بەردەستی بکات، بەڵام بەڕێکردنی ساڵێکی خوێندن بە شێوازی ئەلیکترۆنی نابێتە جێگرەوەی پۆل و گەیاندنی سوودی تەواوەتی بە قوتابیان. ناشتوانرێت ئەم خزمەتگوزارییە بەشێوەیەکی ڕەها پێشکەش بە هەموو خوێندکاران بکرێت. هەرچەندە لە مانگی چواری ئەم ساڵ کە قوتابخانەی ئەلیکترۆنیمان ڕاگەیاند و وەڵامدەرەوەیەکی زۆر باشی هەبوو (تەنها لە یانزە ڕۆژدا 750 هەزار قوتابی توانیان پلاتفۆرمەکە بەکاربهێنن و بینەری وانەکانیان بن). بە دیدی من ئەمە ئەو بژاردەیەیە کە دەبێت لە حاڵەتی ناچاری دەستی بۆ ببرێت یان وەک سەرەتای ڕاهێنانەوەی قوتابیان بە خوێندن، سوودی لێ وەربگیرێت. وێڕای ئەوەی باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە چۆن تەکنەلۆژیا لە بوارەکانی دیکە سوودی لێوەردەگێرێت دەبێت پرۆسەی پەروەردەش لێی سوودمەند بێت. لە ئێستەدا ئێمەش ڕاستەڕێیەکی تاڕادەیەک سەرکەوتوومان گرتووە.


دەستپێکی دەوامکردن بە شێوازی «ڕۆژ نا ڕۆژێک» یان شێوازی «هەفتە بە هەفتە» یان شێوازی «دابەشکردنی پۆلێک بۆ چەند گرووپ و هەر گرووپێک ڕۆژێکی هەبێت بۆ خوێندنی زۆرترین وانە»، تاکە یەک خاڵی پۆزەتیڤ لەم شێوازانەدا هەیە، ئەویش کەمکردنەوەی ڕێژەی قوتابیانە لە پۆلدا کە دروست لەگەڵ ڕێنوێنییە تەندروستییەکاندا دێتەوە (بۆ نمونە پۆلێکی 40 قوتابی دەبێتە نیوە) بەڵام جارێکی دیکە بەریەککەوتن بنبڕ ناکات و کاریگەری نێگەتیڤیش جێدەهێڵێت. لەوانەش،
- کاریگەریی لە دابەزینی چۆنیەتی (کوالێتی) خوێندن
- گرفتی میلاک و وانەگوتنەوە زیاد دەکات.
- گفتوگۆیەکی جددی دروست دەکات لە پێدانی پێشینە (ئەولەویەت) بە وانەیەکی تایبەت.
چونکە لەلای من وانەکانی «وەرزش و هونەر و ئەو بابەتانەی کە دەبنە هۆی پەروەردەی زیاتری قوتابیان» هیچیان کەمتر نییە لە بابەتە زانستیەکان، چونکە ئێمە وەزارەتی پەروەردەین، ئامادەکردنی تاک لە ڕووی زانستییەوە لە سیستەمی خوێندنی ئێمەدا زنجیرەبەند و دیاریکراوە تا دەگاتە زانکۆ، ئەودەم چڕبوونەوە لە زانستێکی تایبەتدا دەبێتە خۆتەرخانکردن لە زانکۆدا بەپێی ڕشتەی دڵخوازی خوێندکار.


بە کولتوورکردنی «خۆپارێزیی»:
بۆ هەر تەنگژە و پەتایەک کە زیان بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت - بەتایبەت کۆرۆنا، ڕۆژانە وانەی نوێمان پێ دەڵێت، کە گرنگترین خاڵ ببێتە دەستپێک، بەفەرهەنگکردنی«خۆپارێزیی!»ـە. ڕاستگۆ و ڕاشەکاوانە، بەشێکی ئەم ئەرکە لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەیە، بەڵام پرۆگرامەکانی خوێندنمان لەو ئاستە تا ڕادەیەک لاوازن کە گرنگی بە تەندروستی گشتی و کاریگەریی نەخۆشییە گوازراوەکان بدەن.


،،

ئێستا سەرقاڵی ئەوەم کە بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2021 کارێک بکەین کە ڕەنگدانەوەی زیاتری «خۆپارێزیی تاک» لە پرۆگرامی خوێندن و ناوەندەکانی خوێندندا هەبێت.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەم بابەتەمان لەگەڵ کەسانی پسپۆڕدا تاوتوێ کردەوە و هەردوو بژاردەی «وانەیەکی سەربەخۆ» یان «شێوازێکی گشتگیر لە پرۆگرامی خوێندندا» بەرباسن و هەوڵی گونجاندنی دەدەین بۆ شێوازە پەروەردەییەکەی. ئەوەی ئێستا بە خێرایی بکرێت، دروستکردنی نامیلکە (پروشەر) و ڤیدیۆی ڕێنوێنی خۆپارێزییە بۆ مامۆستایان و خوێندکاران، بەڵام پابەندنەبوونی جڤاکی بەشێوەیەکی گشتی (وەک ئەوەی کە ئێستا هەموان دەیبینین و لە ڕێژەی بەرزبوونەی ئامارەکاندا بەرجەستەیە)، هۆکارەکەی ئەوەیە کە تا ئێستە «خۆپارێزی» نەبۆتە فەرهەنگ لە کۆمەڵگەدا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە تەیارکردنی نەوەکانی داهاتوو بە کەلتووری «خۆپارێزی» بەشێکی گەورەی لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەدا دەبێت.


کۆی سەرنجەکانم ئەوەیە کە لە دواخستنی کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندنەوە دەستێبکەین، پاش بڕیاری کردنەوەیش، ئامادەسازیی لۆجستی و گرتنەبەری ڕێکارەکانی تەندروستی بە دروستی ڕەچاوبگیرێن. پاشان ئەگەر کەوتینە بەردەم دۆخێکی قورس و بڕیاری ناچارەکی، ئەوکات بڕیار لەسەر بژارەی دیکە بدەین.