بڕیارى دەوامکردن و چەند سەرنجێکى یاسایى

بڕیارى دەوامکردن و چەند سەرنجێکى یاسایى

216 خوێندراوەتەوە
عەبدولقادر ساڵح

ئەمشەو بەرێز گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە میانەى پۆستێکیدا لە پەیجى تایبەتى خۆى ، رایگەیاند کە دەوام لە رۆژى یەک شەممەى داهاتووە وەک جارانى لێ دێتەوە واتە هەموو رۆژێک دەوامکردن لە کاتژمێر (8)ى سەر لەبەیانى بۆ کاتژمێر (3)ى پاشنیوەرۆ، بۆ وەستانەوە لەسەر ئەم بریارە لەرووى یاسا و قەزاى کارگێڕییەوە چەند سەرنجێ لە خوارەوە تۆمار دەکەین:


یەکەم: نکولى لەوە ناکرێت کە پەیوەندى نێوان فەرمانبەر و حکومەت پەیوەندییەکى رێساییە(علاقە تنظيمية) کە ملکەچە بۆ ئەو یاسا و رێنماییانەى کە ئەم پەیوەندییەیان رێکخستووە لەرووى ئەرک و مافەکانەوە ، کەواتە لەم روانگەیەوە دەسەلاتى جێبەجێکردن بێ گەرانەوە بۆ فەرمانبەر دەتوانێت شێوازى ئەرکەکانى سەرشانى فەرمانبەران رێکبخاتەوە بە گوێرەى یاسا و رێنماییەکان، بەلام بەو مەرجەى کە بابەتەکە تەنها قەتیس نەکرێت لە ئەرکەکان بێ رەچاوکردن و جێبەجێکردنى ئەو یاساو رێسایانەى کە مافەکانى فەرمانبەرانیشى رێکخستووە.


دووەم: هەموو بڕیارێکى کارگێڕیى دەبێت هۆکارى(سبب)ى هەبێت، کە لە کاتى خۆیدا و بریارى حکومەت بۆ گۆڕینى شێوازى دەوامى فەرمانبەران ، پەیوەندى بە هەبوونى پەتاى نەخۆشى کۆرۆناوە بووە ـ گەر وەک واقیع بابەتى دواکەوتن و بڕینى مووچەى لێ بەدەر بکەین ـ

،،

ئەم هۆکارەش کە حکومەت بە هۆیەوە بریارى پێشووى داوە و جێبەجێکردنى بریارەکە وەستاندۆتەوە لەسەر مانەوەى هۆکارەکە

ئەوا لە کاتى ئێستادا هێشتا هۆکارەکە هەر ماوە و ئاسەوار و مەترسیەکانى بەردەوامن، لەسەر ئەم بنەمایەش ناکرێت بێ رەچاوکردنى ئەم هۆکارە ، بڕیارەکە دووبارە هەموار بکرێتەوە یان هەڵبوەشێتەوە ، چونکە بەردەوامى جێبەجێبوونى بریارەکەى پێشووى حکومەت وەستابوو (موقوف) لەسەر هەبوونى هۆکارەکە کە کۆرنابوو ، کاتێکیش هۆکارەکە وەک خۆیەوە مایەوە ئەوا بریارەکەش بەردەوام دەبێت.


سێیەم: پێشتر بریارى شێوازى دەوام لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە و لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانەوە درابوو بە گوێرەى زانیارى ئێمە، لەم کاتەشدا لەرووى یاسا و قەزاى کارگێڕییەوە هەر بریارێکى دیکە دەربچێتەوە بۆ گۆرینى شێوازى دەوامکردن، دەبێت لە کۆبونەوەى بەرێزى ئەنجومەنى وەزیرانەوە دووبارە دەربچێتەوە و بەبرواى ئێمە بەرێز وتەبێژى حکومەت دەسەلاتى هەموارکردنەوە یان گۆرینى بریارێکى ئەنجومەنى وەزیرانى نیە و دەبێت خودى ئەنجومەن خۆى بریارەکە هەموار بکاتەوە یان هەڵیوەشێنێتەوە .


چوارەم: بریاردان لەسەر دەوام بەو جۆرەى کە لە راگەیەنراوەکەى گوتەبێژى حکومەتى هەرێمدا هاتووە، هەمان دۆخى ئاسایى دەوامکردنە لە کاتێکدا کە فەرمانبەران مووچەى خۆیان لە کاتى خۆیاندا وەردەگرت و هیچ پابەندییەکى داراییان لاى حکومەت نەبوو، بەلام لەم دۆخەى ئێستادا کە بە ئاشکرا حکومەت خۆى دانى بەوەدا ناوە ناتوانێت پابەندییەکانى سەرشانى جێبەجێ بکات و لانى کەم بە (50) رۆژ جارێک مووچە دەدات بە لێبرینەوە کە هەم دواخستنەکە و هەم لێبرینەکەش سەنەدى یاسایى نیە

،،

کەواتە لەم حاڵەتەدا وەک جێبەجێبوونى راگەیەنراوەکەى گوتە بێژى حکومەت دوچارى مەحاڵبوونى رێژەیى (الاستحالة النسبیة) دەبێتەوە لە جێبەجێکردنى حوکمەکانى یاسادا

بەو مانایەى لە تەنیشتى ئەمەدا دەبێت رەچاوى ئەم دۆخە بکرێت لەرووى مووچەوە و پابەندییەکانى سەرشانى حکومەت سەبارەت بە مووچەکانى رابردووش و ناکرێت هاوسەنگى پەیوەندییە وەزیفیەکە بەم جۆرە بە زیانى فەرمانبەر کۆتایى پێ بهێنرێت و هیچ حسابێک بۆ ئەم لایەنەیان نەکرێت کە ئەمەش وادەکات بریارەکە بە ئاسانى جێبەجێ نەکرێت.


پێنجەم: بڕیارى کارگێڕیى سیماى کارى یاسایى حکومەتە و دەبێت ئەم کارە یاساییە بە وردى دیراسەتى جێبەجێکردنەکەى کرابێت لەرووى واقیعیەوە و لەرووى یاساییەوە شەن و کەو بکرێت ئەو کات بریارى لێ بدرێت، ناکرێت کە بەم جۆرە بڕیارێک لەم چەشنە دەربکرێت بێ دیراسەتکردنى رووى جێبەجێکردنى ئەم بریارە، چونکە جێبەجێنەکردنى بریارەکە لەرووى واقیعییەوە شکۆى بریارەکە و هێزەکەى و ئەو لایەنەى دەرى دەکات دەخاتە ژێر پرسیارەوە .