ئایا کازمی شانەکەی لەسەری د. بەرهەمدا دەشكێنێ؟

ئایا کازمی شانەکەی لەسەری د. بەرهەمدا دەشكێنێ؟

557 خوێندراوەتەوە

ئارام رەفعەت

رۆژی ٢ی ٩ی ٢٠٢٠ شتێکی نامۆ لەبەغدا رویدا، نامۆ لە پرۆتۆکۆڵ و عورفی دیبلۆماسیدا. لەو رۆژەدا دوو ئیستیعرازی پاسەوانی شەڕەف بۆ ئیمانۆئێل ماکرۆن کران. ئیستیعرازی یەکەم لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا رێکخرابوو و هی دووەمیش لە هۆڵێکی داخراو و بەهەیبەتی سەردەمی سەدام، لەگەڵ کازمیدا سازکرا. لە مێژووی پرۆتۆکۆڵە جیهانییەکان، پرۆتۆکۆڵێکی تری هاو شێوەی وەک ئەم پرۆتۆکۆڵە نامۆیە نییە. لەوەش نامۆتر ئەوەیە ماکرۆن یەکەمجار کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ بەرهەم و کازمیدا کرد. دواتر بەجیا کازمی دیوە و هەردووکیشیان بە جیا کۆنگرەی رۆژنامەوانییان لەگەڵ ماکرۆندا بەست. هەڵبەت هەموو ئەوانە لە سەردانێکی کەمتر لە ٤ سەعاتدا روویدا!
چۆن لەم روداوە تێبگەین. لە زیاتر لە رەهەندێکەوە، یان زیاتر لە گۆشەیەکەوە لەو روداوە بڕوانین.


ناکارایی و پەرەتەوازەیی
رەنگە فاکتەرێکی پشت ئەو دیاردە نامۆیە پەرتەوازەیی و بێ سەروبەرەیی و نا بیرۆکراتییەتی هەردووو موئەسەسەی سەرەک کۆمار و سەرەک وەزیران بێت. بەڵام، ئەگەر ئەمە بۆ حاڵەتە عێڕاقییەکە راست بێت، بەهیچ شێوەیەک نابێت بەسەر ماکرۆندا تێپەڕێت.


لاوازی کەسایەتی د.بەرهەم
بوونی دوو پرۆتۆکۆڵ لە دوو حاڵەت دەرناچێت، یان بەرهەم لێی ئاگادار بووە یان بێ ئاگاداری ئەو سازکراون. لەهەردوو حاڵەتەکەدا ئاماژەیە بۆ لاوازی کەسێتی ئەو. ئەمەش زیاتر لە بێ سەروبەرەیی ئیستیعرازەکەی بەرهەمدا رەنگ دەداتەوە، لەوانەش نارێکی ژینگەی ئیستیعرازەکە، بێ لیاقەتی پاسەوانەکانی شەڕەف، نەبوونی موتەرجیم. لەراستیدا هەر ئەم بێسەروبەرەییە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئیستیعرازەکەی بەرهەم ساڵح لە پرۆتۆکۆڵەکەدا نەبووە.


بینینی کوردەکان مەرجی ماکڕۆن بووە
ئەگەرێکی تر ئەوەیەماکرۆن نەک بەرهەم جێگای بەرهەمی لە و پرۆتۆکۆڵەکەی بەرهەمی کردۆتە مەرج. میدیا و سۆشیال میدیای عەرەبی ئاماژە بەوە دەکەن کە ماکرۆن لەچوارچێوەی هاوپەیمانی دروستکردن لەدژی تورکیا و دیلە فەرەنسییەکانی داعش لای شەرڤانان ویستوویەتی کورد ئامادەیی لەو سەردانە ٤ سەعاتییەیدا هەبێت. قورس نییە باوەڕ بکەین کە هەر سەرکردەیەکی تری ئەم دوونیایە بوایە لە سەردانێکی چوار سەعاتی بۆ عێڕاقدا بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی نەدەدیت.


ئیگۆی قورەیشییانە
لەناخی هەر عەرەبێکی عێڕاقی، شیعە یان سوننە، نوخبە یان عەوام، دەوڵەمەند یان هەژار، ئیگۆیەکی قورەیشیانە هەیە و کە خۆی بەشایستەترینی حوکمڕانی دەزانێت. ئەمە لە کەسە عەوام و نادیارەکانی قاسم، عارفەکان، بەکر، سەدام، جەعفەری، مالیکی، عەبادی، ئەبوبەکر بەغدادی و کازمیشدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت. هەر ئەم ئیگۆیەیە کە وای لەکازمی کردووە بە بەرهەم ساڵح بڵێت کە تۆ بۆت نییە واجیهەی سیادەی عێڕاقی و شەریکی دەسەڵات بیت. سازدانی ئیستیعرازی پاسەوانی شەڕەفی تایبەت بەخۆی باشترین دەرفەتە بۆ ئەو پەیامە.


هەڵپە و تینوێتی کازمی بۆ دەسەڵات
لەسەد ساڵی رابردوودا، جونتای بەعسی ساڵانی شەستەکانی لێدەرچێت، هیچ سەرکردەیەکی تری عێڕاقی بەقەد کازمی هەڵپە و تینووی نەبووە بۆ دەسەڵات. کازمی لەهیچەوە دەبێتە سەرەک وەزیر و دەیەوێت بەهەر نرخێک سەرەک وەزیری داهاتوو بێت. ئەو تینوێتییەی کازمی بۆ دەسەڵات وایلێکردووە کە سەرچەندان پەت یاری بکات. لای خامنەئی بێلایەنە و لای ترەمپیش دژە ئێرانە؛ لای سیسی عەروبەیە، لای سەعودییەش خەلیجییە؛ لای خۆپیشاندەرانی بەغدا دژە دەسەڵاتە و لای حیزبەکانی دەسەڵاتیش دژە خۆپیشاندەرە؛ لای کەس و کاری قوربانییەکاندا دژە میلیشیایە و لای میلیشیاکانیش دژە فەوزایە؛ لای ماکرۆن پاسەوانی سەروەرییە و لەهەمان کاتدا بە میلیشیای حەشد پێشوازی ماکڕۆن دەکات. سەرەنجام لەسەدان پەیمان و بڕیار کە تا ئێستا داوێتی، تاکە بڕیارێک کە کاریگەری و زیانی بۆ هەر کام لەم ناوەندانەی سەرەوە بووبێت جێبەجێی نەکردووە. بۆ کازمی، هەڵقەی لاواز لەم پەتپەتێنەیەدا دامەزراوەی سەرەک کۆمار و بەتایبەتیش بەرهەم ساڵحە کە هەم کورد و هەم شیعە و هەم سوننە بە گومانەوە تەماشای دەکەن و پشتیوانی هیچ کامێکی نییە.


قوتدانی بەرهەم ساڵح
هەر چەند لەروکەشدا وا دەردەکەوێت کە بەرهەم لەپشت کاندیدکردن و هێنانە پێشەوەی کازمیدا بووە، بەڵام ئەمە راست نییە. کازمی کاندیدی ناو ماڵی شیعە و دوو ئەرکی لەسەر شانە، (١) ئیحتیوا کردنی خۆپیشاندەران (٢) پاراستنی عێڕاق لەسزاکانی ئەمریکا. ئەوەی کازمی کاندیدی بەرهەمە، هەم بۆتە وەهمێک لای بەرهەم و هەم خاڵی لاوازی بەرهەمیشە. هەر لەیەکەم رۆژی هاتنی کازمیدا، بەرهەم وەک کەسایەتییەکی لاواز و بێ دەسەڵات و پاشکۆ لەبەردەم کازمیدا خۆی نماییش دەکات. لەم رووەدا، بێ هیچ بەرامبەرێک، بەرهەم سەرجەم ئیمکاناتە مرۆیی و ئیعلامی و داراییەکەی خۆی لە کوردستاندا خستۆتە خزمەتی بە پاڵەوانکردنی کازمییەوە. ئەمە لە ناوەندە سیاسییەکاندا دیاردەیەکی غەریب و کەم وێنەیە. ئێستا لەسای ئەم لاوازیی و پاشکۆییەی بەرهەم، هێندەی کازمی لە میدیا و سۆشیال میدیای کوردیدا ئامادەیی هەیە، چارەگی ئەوە لەناو میدیا و سۆشیال میدیای ماڵی شیعیدا ئامادەیی نییە. ئەم لاوازیی و پاشکۆیی و بێ قەیدوشەرت خزمەتکردنەی کازمی دەرهاویشتە و پەرچەکرداری پێچەوانەی هەیە و بەرهەمی کردۆتە نێچیرێکی ئاسان و کەسایەتییەکی نەویستراو لای کازمی کە بەئاسانی دەتوانێت قوتی بدات. ئەم نماییشەی پاسەوانی شەڕەف ئەو تێگەییشتنەی کازمی کردۆتە کردار.


مێژوو چیمان پێ دەڵێت؟
کورد لەبەغدا ناتوانێت دوو شت بێت: یەکەم هەم کورد بێت و هەم عێڕاقی. هەڵبەت کوردبوون بە مەفهومە ئۆجەلانییەکەی، کە هەم سەختە و هەم راکردنیش لێی نامەردییە. لە ١٩٢٤ تا ئێستا هەموو ئەو کوردانەی لە بەغدا بوونە عێڕاق-سەنتریک (عێڕاقچی) بوون و دەستبەرداری کوربوون بەمەفهومە ئۆجەلانییەکەی بوون. دووەمیش، ئەو کوردە چەندە عێڕاقچی بێت ناتوانێ لە پۆستەکەیدا خاوەن دەسەڵات و بڕیار بێت. لە ١٩٢٤ تا ئێستا جگە لە دوو کەسایەتی، هەموو کوردێک لە بەغدا بووبێت کەسانی کارتۆنی و بێ دەسەڵات بوون. شێخ خالید نەقشبەندی لەسەردەمی قاسمدا، تەها موحتەدین مەعروف لەسەردەمی بەعسدا، فوئاد مەعسوم لەدوای ٢٠٠٣ چەند نموونەیەکی ئەو کوردانەن. ئەو دوو کەسایەتیە عێڕاق-سەنتریکانەی کە ئیستیسنان، بەکر سدقی و جەلال تاڵەبانین. ئەو دوانە، نەک وەک کورد، وەک عێڕاقی هەوڵیانداوە دەسەڵاتییان هەبێت، بەڵام بەکر سدقییان بە سواڵکەرێک کوشت و جەلال تاڵەبانیش بە جەڵدەی مێشک. رۆژی ٢ی٩ی٢٠٢٠ کازمی بە بەرهەم ساڵحی گوت تۆ لەسنفی کارتۆنییەکانی. ئاکاری دوو ساڵی رابردووی بەرهەمیش ئاماژەی ئەوەن کە نایەوێت نە سواڵکەرێک بیکوژێت و نە بە جەڵدەی مێشکیش بمرێت. لێرەدا بەرهەم ئەو نێچیرەیە کە کازمی دەیکاتە بەڵگەیەک بۆ ئەو پاڵەوانێتی خۆی و شانەکەی لەسەردا دەشکێنێت.