‎تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بۆ خزمەت نەك بۆ كات كوشتن

‎(ناسین وكاریگەری - ئامانج وبەكارهێنان)

‎تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بۆ خزمەت نەك بۆ كات كوشتن

297 خوێندراوەتەوە

گۆران قادر

دەستپێك
‎ئاشكرایە كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داهێنانێكی گرنگە وئەگەر بەشیاوی بەكاربێت سوودێكی زۆر دەگەیەنێت وكاتێكی زۆریش دەگێڕێتەوە وزۆرێك لە هاوڕێ ودۆستەكان تیایدا كۆدەبنەوە وكۆبونەوەكەش پێویستی بە شوێن نیە، ئەگەر ئەم كۆبونەوانە بە ئاراستەی ڕاستدا بڕوات ئەوا هەمووان سوودێكی زۆر لەیەكتر دەبینن، وهەروەها هەر لە ڕێگەی ئەم تۆڕانەوە دەتوانرێت ئامانجی هاوبەش دابنرێت وهەمووان بەیەكەوە هەوڵی بەدیهێنانی بدەن.
‎بۆ زیاتر ناسینی ئەم تۆڕانە باشتر وایە بەباشی پێناسەیان بكەین.


‎پێناسە
‎لە ساناترین شێوەدا پێناسەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بریتیە لە شێوازێك لە تەكنۆلۆژیا كە بەكاردێت لەڕێگەی تۆڕی ئێنتەرنێتی جیهانیەوە بەهۆی چەندین جۆر لە ئامێرە زیرەكەكانی وەك كۆمپیوتەر وتابلێت ومۆبایل، ئەم ئامێرانەش وا لە خاوەنەكانیان دەكەن كە توانای پەیوەندیكردن وپێكەوەبەسران وكارلەیەك كردنیان هەبێت لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە بەكارهێنەرانی دیكەی وەك خۆیان ومامەڵەی نێوانیان وەك هاوڕێ وخێزان بەردەوام بێت لەڕێگەی بەشداربونیان لەم. تۆڕانەدا بە بڵاوكردنەوەی بابەتی نوسراو، وێنە، ڤیدیۆ... هتد.


‎بەكارهێنەران
‎بەكارهێنانی ئەم تۆڕانە تەنها لەلایەن تاكە كەسەكانەوە نیە، بەڵكو كۆمپانیا بازرگانیەكانیش لەسەرجەم بوارەكاندا ئەم تۆڕانە بەكاردەهێنن بەمەبەستی دروستكردنی ڕایەڵەی پەیوەندی لەگەڵ كڕیارەكانیان، هەروەها ئەم تۆڕانە بوارێكی فراوانی ڕێكلام كردنن، وە هەندێك خزمەتگوزاریدیكەش هەر لەڕێی ئەم تۆڕانەوە ئاسانكاری بۆ كراوە وبەخێرایی دەگاتە دەستی ئەوانەی كە پێویستیانە، وهەر لە ڕێگەی ئەم تۆڕانەشەوە ئاڵوگۆڕی زانیاری وڕاگۆڕینەوە ودروستكردنی كۆمەڵگەی تایبەت بەم تۆڕانە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.
‎بەهۆی كاریگەریی ئەم تۆڕانەشەوە نزیكەی نیوەی دانیشتوانی سەر ئەم هەسارەیە لە بەكارهێنەرانی ئەم تۆڕانەن وبیروڕا وبۆچونی تایبەتی خۆیان لەهەر كات وساتێكدا بڵاودەكەنەوە وڕای خۆشیان لەسەر بڵاوكراوەكانی كەسانی دیكە دەخەنەڕوو كە ئەم خاسیەتەی تۆڕەكان هۆكارێكی كاریگەرە لە گۆڕانكاری لەشێوازی ژیانی خەڵكی وتەنانەت هەڵسوكەوت وشێوەی كاركردنیشیان.


‎گرنگی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان
‎زۆر بەكورتی گرنگی وكاریگەریی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەم بوارانەدا زیاتر دەردەكەون :


یەكەم : پەیوەندیكردن وبەردەوامبوون لەگەڵ بەكارهێنەرانی دیكە :
‎لەڕێگەی ئەم تۆڕانەوە بەكارهێنەران توانای پەیوەندی خێرا وڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەكتر هەیە لەهەر كوێیەكی جیهاندا بن لەڕێگەی چەندین تۆڕی جیاوازی وەك (فەیسبوك، تویتەر، ئینستیگرام، ڤایبەر...هتد) زۆر بەئاسانی بەشێوەیەك كە بووەتە هۆی لاوازكردنی هێڵەكانی تەلەفۆن وپۆستە وپشتنەبەستن پێیان. ئەم توانای پەیوەندیە ڕاستەوخۆ وخێرایە هۆكارێكی كاریگەرە بۆ دۆزینەوە ودروستكردنی هاوڕێیەتی نوێ بەشێوەیەك هەر بەكارهێنەرێك سەدان یاخود هەزاران هاوڕێی هەیە لەم تۆڕانەدا.


دووەم : پێشخستنی پرۆسەی فێربوون وفێركردن :
‎سوود لەم تۆڕانە وەردەگیرێت لە پێشكەوتنی پرۆسەی فێربوون وفێركردندا بەچەندین. جۆر وشێواز، لەوانە :
‎١- سوود وەرگرتن لە بەرنامە فێركاریەكان كە لەم تۆڕانەوە بڵاودەكرێنەوە.
‎٢- پەیوەندیكردن وبەردەوامبوون لەگەڵ كەسانی شارەزا وپسپۆر لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ وەرگرتنی زانیاری پێویست.
‎٣- پێشخستنی كار وبازاڕكاری كە بەهۆی بەكارهێنانی ئەم تۆڕانەوە خاوەنكارە بازرگانییەكان سوودمەند دەبن بۆ زیادكردنی ڕێژەی فرۆشی كاڵاكانیان وكەمكردنەوەی ڕێژەیەك لە خەرجیەكانیان بۆ ڕێكلام. وبازاڕكاری، وهەروەها زۆرێك لە بەكارهێنەران سەردانی پێگەی كۆمپانیا یان پرۆژە بازرگانییەكان دەكەن بەكەمترین كات وتێچون وزۆر بە ئاسانیش كاڵاكانیان دەگەنە بازاڕە جیهانیەكان وبە ئاسانیش پەیوەندی لەنێوان كڕیاران وكۆمپانیاكانی دیكەدا دەكرێت، وبەئاسانیش فیدباكی كڕیاران دەگاتەوە دەستی خاوەنكارەكان.
‎٤- چێژوەرگرتن وحەوانەوە :
‎بەهۆی كاركردن وفشارەكانی ژیانی ڕۆژانە، زۆرێك لە بەكارهێنەران بۆ وەرگرتنی پشوویەك ڕوو دەكەنە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان وبەهەندێك لەو یاریانەوە خۆیان سەرقاڵ دەكەن كە فەراهەم كراون لەناو تۆڕەكاندا.


ئامانج
بۆیە هەر لە ڕێگەی ئەم تۆڕانەوە دەتوانرێت ئامانجی هاوبەش دابنرێت وهەمووان بەیەكەوە هەوڵی بەدیهێنانی بدەن.
‎وە پێویستە هەمووان ئەوە بزانین كە ژیان ومامەڵەكردن لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان جیاوازە لە ژیان ومامەڵەكردنی سەر ئەرزی واقیع،
‎وە پێویستە ئەم تۆڕانە بخرێنەوە سەر ڕێڕەوی شیاوی خۆیان وهەوڵ بدرێت بابەتی جیددی وپەروەردەیی وبەئەرزشی تێدا بڵاوبكرێتەوە كە سوودی هەمووانی تێدابێت، وهیواداریشم كە سەرجەم ئەو هاوڕێیانەی كە هاوشێوەی ئێمە بیر دەكەنەوە تەواوی هەوڵەكانیان یەك بخەن وئەم كارە ببێت بە یەكەم ئامانجی هاوبەش وهەمووان تێكۆشن بۆ بەدیهێنانی.


‎گۆران قادر
‎ماستەر لە زانستە سیاسیەكان