بەیدەقەكەی لاهوری شێخ جەنگی لە حكومەتەكەی مەسرور بارزانیدا

بەیدەقەكەی لاهوری شێخ جەنگی لە حكومەتەكەی مەسرور بارزانیدا

1308 خوێندراوەتەوە

لە تەواوی كابینەكەی مەسرور بارزانیدا، تەنها پۆستێكی حوكمی بەدەست لاهور شێخ جەنگیەوە بێت، پۆستێكی بریكارێكی وەزیرەو یەكێك لە متمانەپێكراوترین پیاوەكانی ناردۆتە ئەو پۆستە كە بریتییە لە لیوا چەتۆ ساڵح لە پۆستی بریكاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمدا.


لەگەرمەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ،لەكاتێكدا باڵەكانی یەكێتی ئێسقانی یەكتریان دەشكاند بۆ پڕكردنەوەی پۆستە حكومییەكان،لاهور شێخ جەنگی هیچ ئارەزویەكی نیشان نەدا بۆ دانانی كەسە نزیكەكانی خۆی لە حكومەتدا و بەوجۆرەش باڵەكانی دیكەی یەكێتی، كێكی حكومەتیان لە نێوان خۆیان دابەشكرد، كە ئەو كاتە نەك هاوسەرۆك بەڵكو ئەندامی سەركردایەتیش نەبوو.

،،

لەوەتەی كابینەی حكومەتە سێ‌ قۆڵیەكەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دروستبووە،لاهور شێخ جەنگی وەكو ئۆپۆزسینی دەركەوتووە،كە بە ئاشكرا بە لێدوانە ئاگرینەكانیدا دژی حكومەت دەركەوتووە،هەندێ‌ جاریش بە كردەوە دژی وەستاوەتەوە.


تا ئەو رادەیەی چەند جارێك باسی كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت وروژاندووە و نیازی خۆی نەشاردۆتەوە بۆ روخانی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی.
بەڵام لە مانگی رابردوەوە جوڵەیەكی نوێی دەستپێكرد،بە ناردنی یەكێك لە دیارترین بەیدەقەكانی خۆی بۆ ناو حكومەتەكەی مەسرور بارزانی، كە بریتی بوو، لە دانانی لیوا چەتۆ ساڵح وەك بریكاری وەزیری ناوخۆ.


وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە لایەن یەكێك لە متمانەپێكراوترین پیاوەكانی مەسرور بارزانییەوە بەڕێوەدەبرێت كە ڕێبەر ئەحمەدی بەڕێوەبەری پێشووی نوسینگەی مەسرور بارزانییە.


رێبەر ئەحمەد، دەستەڵاتێكی فراوانی پێدراوە، هەندێ‌ جار وەك جێگری فیعلی سەرۆك وەزیران یان وتەبێژی حكومەتەكە دەردەكەوێت.
بوونی رێبەر ئەحمەد و لیوا چەتۆ ساڵح لە ناو یەك وەزارەتدا وەك ڕوبەڕوبوونەوەی دوو فیلە لە گۆڕەپانی جەنگدا.
هەریەكە لە مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی بەیدەقەكانی خۆیان ناردۆتە مەیدانەوە تاوەكو ململانێكە بە قازانجی خۆیان یەكلا بكەنەوە.
پێشتر پارتی ڤیتۆی دادەنا لەسەر ئەو كەسانەی كە یەكێتی وەكو وەزیر یان بریكاری وەزیر دیاریاندەكردن لە حكومەتدا،ئەوەش مانای ئەوە بوو هەر كاندیدێكی یەكێتی دەبێت بە فلتەری پارتیدا تێپەڕببێت.


بەڵام سەركردایەتی نوێی یەكێتی ئەم مەرجەی رەتكردەوە و هەرەشەی كشانەوە لە حكومەت و پەڕلەمانی هێنایە پێش، تا كاندیدەكەیان بە ئاسانی و بێ‌ هیچ كێشەیەك قبوڵ بكرێت.

،،

بە چەند هەفتەیەك دوای دەستبەكاربونی لیوا چەتۆ،لاهور شێخ جەنگی، كۆبونەوەیەكی فراوانی بەسەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەشەكانی وەزارەتی ناوخۆ سەر بە یەكێتی كرد و پێی راگەیاندن كە تەنها مەرجعی یەكێتی لە وەزارەتی ناوخۆدا لیوا چەتۆ ساڵحە و دەبێت فەرمان لەو وەربگرن.


یەكەمین جوڵەی لیوا چەتۆ ساڵح، لە پۆستە نوێیەكەیدا لێدانێكی كاریگەربوو لە هەیمەنە و شكۆی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی، كاتێك وتەبێژی حكومەت رایگەیاند دەبێت فەرمانبەران لە یەك شەممە تا پێنج شەممە و لە 8 تا 3ی دوانیوەڕۆ دەوامی فەرمی بكەن، لیوا چەتۆ هاتە دەنگ و رایگەیاند ئەو بڕیارە هەڵەیە و لەگەڵ دۆخی فەرمانبەران ناگونجێت، بۆیە لە سلێمانی و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان جێبەجێی ناكەن.


بریكارەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بەم لێدوانەی سەلماندی كە ئەو تەنها بریكاری وەزیری ناوخۆ نییە، بەڵكو لە راستیدا وەزیری ناوخۆی زۆنی سەوزە و حكومەتیش تەنها لەسەر كاغەز یەك حكومەتە،گەرنا لە ئەرزی واقيعدا دوو ئیدارە و دوو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی جیاوازن.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری