جەنگ لە نێوانیادا ڕوو دەدات؟

جەنگ لە نێوانیادا ڕوو دەدات؟

609 خوێندراوەتەوە

ناكۆكیەكانی نێوان توركیا و یۆنان بەشێوەیەكی مەترسیدار لە زیادبووندایە، كە نزیك بۆتەوە لە لێواری جەنگێكی گشتگیر، هۆكاری ئەم ناكۆكیانە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەكانی توركیا و گەڕان بە دوای وزەی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ناوچەی قوبروس، ئەسیناش ئەم كارە بە " نایاسایی" دەزانێت، بۆیە بەهۆی ئەم ئاڵۆزیانەوە هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگێكی گشتگیر دەدرێت.

توركیا ئامادەی هەموو ئەگەرێكە:
توركیا وا دیارە ئامادەی هەموو ئەگەرێكە بە ئەگەری پێكدادانی سەربازیشەوە، هەروەها بڕیاریشی داوە بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری گەڕان بە دوای وزەدا نەبێت، هەرچەندە ببێتە مایەی پێكدادانی لەگەڵ یۆنان و فەرەنسا و وڵاتانی ئەوروپا،ئەوەی زیاتر سیناریۆی هەڵگیرسانی جەنگی نزیك كردۆتەوە، ئەوەیە كە توركیا ئەمشەو زیاتر لە 40 زرێپۆشی لە سەرسنوری سوریا پاشەكشە پێكرد ، دواتر لە قەزای ریحانلیەوە بەرەوە بەندەری ئیسكندرۆنی ڕەوانە كرد، بۆئەوەی لە ئەدرنەوە بە شەمەندەفەری بار بیانگوازێتەوە بۆ سەرسنوری توركیا-یۆنان.
بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی،ئەوەی توركیا ئەنجامی دەدات، خۆ ئامادەكردنی ئەنكەرەیە بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دژی یۆنان، ئەگەر ئەو وڵاتە ڕێگری لە توركیا بكات بەوەی ڕێگا نەدات بەدوای وزەدا بگەڕێت، بەڵام بەشێكی دیكە پێیان وایە، ئەمەی توركیا تەنها نمایشێكی ڕاگەیاندنە، بۆ ئەوەی یۆنان و یەكێتی ئەوروپا ناچار بكات دانوستانی لەگەڵدا بكەن،چونكە یۆنان هەموو دانوستانێك ڕەت دەكاتەوە، تا ئەو كاتەی توركیا واز لە دەستدرێژییەكانی دەهێنێت.
ئەم هەنگاوە سەربازییە هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی وتە ئاگرینەكانی بەرپرسانی باڵای توركیاوە، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند وڵاتەكەی خاوەن هێزی ئابوری و سیاسی و سەربازییە، بۆیە لە توانایدا هەیە هەموو ئەو نەخشە و بەڵگەنامانە بدڕێنێت كە بەسەریدا سەپێنراوە، وڵاتانی ئەوروپاش ئەوە دەزانن.
دووپاتیشی كردەوە سیناریۆكان بە ئازار دەبێت.

مانۆڕی سەربازی بە كەرەستەی ڕاستەقینەوە... پەیامێك بۆ ئەوروپا:
لێدوانە توندەكانی ئەردۆگان هاوكاتە لەگەڵ ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی بەرگری حكومەتەكەی، كە ڕایگەیاند هێزەكانیان لەكەنارە ئاوییەكانی قوبروس مانۆڕێكی سەربازی ئەنجام دەدەن، ئەم مانۆڕە بەهاوبەشی لەگەڵ كۆماری قوبروس " تەنها توركیا دانی پێداناوە" ئەنجامدەدرێت و لە ئەمرۆ یەك شەممەوە دەست پێدەكات و تا ڕۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت، ئەم مانۆڕە تەنها لایەنی سەربازی نیە، بەڵكو پەیامێكی ئەنكەرەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، كە هیچ هەنگاوێك لە دژی توركیا سودیان پێناگەیەنێت.
وەزارەتی بەرگری توركیا، ڕاشیگەیاند كە مەشقەكە لە نێوان توركیا و قوبروسدایە، هێزە ئاسمانی و دەریایی و وشكانیەكان بەشداری تێدە دەكەن، مەشقەكە هێرشی ئاسمانی و دەریایی و ڕزگاركردن لەكاتی جەنگ لەخۆ دەگرێت.


ئەنكەرە لاوازی یەكێتی ئەوروپای قۆستۆتەوە:
ئەنكەرە سودی لەو دۆخەی ئێستای یەكێتی ئەوروپا وەرگرتووە، كە ناكۆكی و كێشەی ناوخۆیان زۆرە، بۆیە ناتوانن لەسەر وەڵامدانەوەی سەربازی دژی توركیا یەك بگرن، هەروەها تاكو ئێستاش گەڕان و پشكنیەكانی توركیایان بە هەند وەرنەگرتووە، بۆیە ئەسینا باش دەزانێت كە بكەوێتە جەنگەوە لەگەڵ ئەنكەرە، ئەوا یەكێتی ئەوروپا نایەنە پاڵی و لە دژی توركیا هاوكاری ناكەن، بۆیە نایەوێت بكەوێتە جەنگێكەوە كە شكستی شتێكی حەتمیە، چونكە توركیا لە ڕووی سەربازییەوە لە هەموو ڕوویەكەوە لە یۆنان بەهێزترە.


ئەم سیاسەتە لاوازەی ئەوروپا، بۆتە هۆی ئەوەی كە سەرۆك كۆماری توركیا بۆ سودی خۆی بیقۆزێتەوە و بە هێز یۆنان بترسێنێت و ناچار بە دانوستانی بكات، هەروەها ئەنكەرە سودییشی لە بێدەنگی واشنتن بینیوە، چونكە تاكو ئێستا هیچ هەڵوێستێكی ئەوتۆی لەدژی توركیا دەرنەبڕیوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەكانی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، كە دۆستایەتیەكی باشی لەگەڵ ئەردۆگاندا هەیە.


قوبروس ئیدانەی دەكات ... یۆنانیش پەنا بۆ نەتەوە یەكگرتوەكان دەبات
نیكۆلاس ئاناستاسیادس سەرۆكی بەشە ئەوروپیەكەی قوبروس، ئیدانەكەی هەوڵە دوژمنكارانەكەی توركیای كرد و داوای دانوستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سنور و مافی گەڕان بەدوای وزەدا كرد، هۆشداریشی دا كە زیادبوونی ئاڵۆزییەكان دەبێتە مایەی نەسەقامگیری ناوچەكە.
لەلایەكی دیكەشەوە، یۆنان پەنا بۆ نەتەوە یەكگرتوەكان دەبات، بۆ ئەوەی وەك دادوەرێك بێتە نێوانیانەوە و توركیا ناچار بكات پابەندی یاسا نێودەوڵەتیەكان بێت،بۆیە وەزیری دەرەوەی یۆنان بەرەو نیویۆرك بەڕێدەكەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان ،ئەم دۆسیەیە تاوتوێ بكەن،لە گرنگترین باسەكانی نێوانیشیان پرسی بەرژەوەندی نێودەوڵەتی و هەرێمیە.
لە كۆتایدا ئەوەی بۆمان دەردەكەوێت، ئەوەیە كە توركیا غاز و نەوت لە دەریای ناوەڕاست دەردەهێنێت، ئەگەر بێت و ئەوروپا بەم لاوازییەوە بمێنێتەوە و پشتگیری لە یۆنان و فەرەنسا دژی توركیا نەكات،هەروەها یۆنانیش ناتوانێت بەرگری لە سنورە ئاوییەكانی خۆی بكات، كە توركیا ئێستا بەهی خۆی دەزانێت.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی