دایکی دوو ساڵە چاوەڕوانی بینینی گۆڕی کوڕەکەیەتی

دایکی دوو ساڵە چاوەڕوانی بینینی گۆڕی کوڕەکەیەتی

224 خوێندراوەتەوە

ڕاپۆرت- شەهرام عەزیز


پێش لە سێدارەدانی، بافڵ تالەبانی و قوباد تاڵەبانی چۆن لەگەڵ وەفدێکی ئێرانییەکاندا باسی ڕامینیان کرد و نێچرڤان بارزانیش وەڵامی کەسوکارەکەی نەدایەوە


دوو ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئەو گەنجەی گەورەترین کەمپەینی لە 40 ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بۆ ئەنجامدرا، بەڵام تاوەکو ئێستا نە بنەماڵەکەی و نە دایک و باوکی و نەهیچ کەس نازانێت گۆڕەکەی لەکوێیە.


ڕامین حسێن پەناهی، کوڕی بنەماڵەیەکی خەباتگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو چەندین کەسی دیکەی بنەماڵەکەی شەهید کراون، لە ساڵی 1992 لەدایک بووە و هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە لەژێر کاریگەری براکانیدا عاشق و سەوداسەری ئازادی بووە و تەنانەت بەهۆی وتنی سرودی شۆڕشگێڕانە لە قوتابخانە دەرکراوەو دواتر دەستی کردووە بە چالاکی مەدەنی و دوای چەندین جار دەستگیرکردن ناچار رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو هەرێمی کوردستان جێدەهێڵێت.


لەساڵی 2017 کاتێک ڕامین هەواڵی تێکچوونی باری تەندروستی دایکی دەبیستێت لەگەڵ سێ هاوڕێیدا دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژهەڵات بۆ لای دایکی، بەڵام دەکەونە بۆسەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و دوای شەهیدبوونی هاوڕێکانی ڕامین بە برینداری دەستگیردەکرێت.


پاش شەش مانگ مانەوە لە زیندان بەبێ ئەوەی هیچ کەس لە بنەماڵەکەی چاویان پێبکەوێت سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا و لەبەرواری 8ی ئەیلولی 2018 لە گرتوخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لەسێدارە درا.


ئەوەی کە تائێستا جێگەی داخی زۆری بنەماڵەی ڕامین حسێن پەناهی و دایکی ئەو شەهیدەیە، ئەوەیە کە پاش دوو ساڵ لە لەسێدارەدانی کوڕەکەیان نازانن گۆڕی کوڕەکەیان لەکوێیە.


ڕامین جگە لەوەی پێشمەرگەی کۆمەڵە بووە و دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ ئازادی گەلی ڕۆهەڵاتی کوردستان خەباتی کردووە، لەساڵی 2015 ئەوکاتەی لە هەرێمی کوردستان بووە، چووەتە میحوەری کەرکوک و لەوێ دژی داعش شەڕی کردووە.


ڕامین حسێن پەناهی پێش لەسێدارەدانی چەندین نامەی لە زیندان نوسیوەو ئەو لەسەرجەمیاندا شانازی بەشەهید بوون و لەسێدارەدانییەوە کردووە. وەک لە نامەیەکدا نوسیویەتی: "خۆزگە کاتێکیش ئەکوژرام، دوژمنەکەم تەرمەکەی بە مردوویی ڕائەکێشام، بە کوردستانا ئەیگێڕام، ئەموت ئۆخەی، شەقام و دێهات و شاری ژێر سێبەری گیراوی خۆری کوردستان.. ئاواتەکەم هاتۆتەدی بووم بە قوربانی هەمووتان.. مردن لای من بۆ کوردستان ئاواتێکە"
ڕامین حسێن پەناهی 17ی 3ی 1397ی هەتاوی.

،،
دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ڕامین حسێن پەناهی کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و چەندین کەمپەین و گردبوونەوەی ناڕەزایی لە هەرچوار پارچەی کوردستان دژی سزاکە ئەنجامدرا و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانەوە دەستێوەردانی سیاسی لەو پرسەدا کراوە.


ئەمجەد حسێن پەناهی، برای ڕامین حسێن پەناهی دەڵێت، لەوکاتەدا لە هەرێمی کوردستان چەندین بەرپرس و حزبی سیاسی بەتایبەت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حزبی شیوعی گفتوگۆیان لەو پرسەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کردووە تاوەکو سزاکە هەڵبوەشێننەوە، لەوانەش، فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، مەلا بەختیار، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی.


ئەمجەد حسێن پەناهی دەگێڕێتەوە، کە لەسەروبەندی پێش جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی ڕامیندا، ڕۆژێک بڕیاربووە وەفدێکی ئێرانی بچنە دەباشان، لەکاتی نانخواردنی بەیانیدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وتووە، پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێرانییەکاندا باسی ڕامین حسێن پەناهی بکەن و ئەوانیش لەبەشێكی دیدارەکەدا باسیان کردووە و داوایانکردووە هەوڵبدەن سزاکە ڕابگرن.


لەوکاتەدا سەروبەندی ڕێفراندۆمی هەریمی کوردستان بوو، ئەمجەد حسێن پەناهی دەڵێت، ئەوکات نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران باش نەبوو، زۆر کەس دەیانوت بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵێن کە داوا لە ئێران بکات سزای لەسێدارەدانەکە ڕابگرێت.


حسێن پەناهی دەشڵێت: "ئێمە دەمانزانی ئەوکات نێوان هەرێم و ئێران خراپە و نەماندەویست کاک مەسعود ئەو داوایە بکات و داواکەی ڕەتبکرێتەوە لەلایەن ئێرانەوە، چونکە سەرکردەیەکی دیاری کوردە و نەمانویست قسەی بشکێندرێت".


"لەبەرامبەر ئەوەدا داوایان لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم کردووە پەیوەندی بە ئێرانیەکانەوە بکات بۆ ڕاگرتنی سزاکە، بەڵام وەلامی داواکەیان نەدراوەتەوە"، ئەمجەد حسێن پەناهی وادەڵێت.


ڕامین حسێن پەناهی لەیەکێکی دیکە لە نامەکانیدا لە بەندینخانە نوسیویەتی: "بە لەسێدارەدانی من دەیانەوێت ئیرادەی گەلێک بشکێنن، بەڵام ئەم کاروانە هەر سەردەکەوێت."


ئەمجەد حسێن پەناهی دەڵێت، کۆتاجار کە لەڕێگەی واتسئاپەوە لە بەندینخانە بەشێوەی نهێنی قسەی لەگەڵ کردووە، ڕامین شانازی بەوەوە کردووە کە لەپێناو کوردستاندا لەسێدارە بدرێت و وتویەتی: " هیچ منەتم نییە بە لەسێدارەدان، من پەتی سێدارەیەک ماچدەکەم کە پێشتر چەندین شۆڕشگێڕ چوونەتە بەردەمی کە من لەئاستی ئەواندا هیچ نیم، دڵنیابن بەسرودی شۆڕشگێڕانەوە بەرەو ڕووی پەتی سێدارە دەڕۆم."


دایە شەریفەی دایکی ڕامین ماوەی دوو ساڵە چاوەڕوانی بینینی گۆڕی کوڕەکەیەتی، ئەو هەرچەند دایکێکی بەتەمەنەو نەهامەتییەکی زۆری لەژیاندا بەڕێکردووە، بەڵام هێندەی چیایەک بەرز و بەهێزە، ئەو دەیەوێت هیچ دایکێکی دیکە جەرگی نەسوتێت و ڕۆڵەی هیچ کەسێکی دیکە لەسێدارە نەدرێت، هەربۆیە چەندینجار لەکاتی ڕووداوی کوشتندا لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، چووەتە ماڵی کوژراوەکە و داوایکردووە لە بکوژەکە خۆشبن و ڕێگەنەدەن لەسێدارە بدرێت، بەهۆی ئەوەشی ڕێزێکی گەورەی هەیە لە ڕۆژهەڵات بەوشێوەیە ژیانی چەندین کەسی پاراستووە و لەپەتی سێدارە ڕزگاری کردوون، هەر بەو بۆنەیەوە ساڵی ڕابردوو لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری خەڵاتی ئاڵتونی بۆ ئاشتی بەخشییە دایە شەریفە.