ئەمەریکای دوژمنی جاران بووەتە فریادڕەس

ئەمەریکای دوژمنی جاران بووەتە فریادڕەس

212 خوێندراوەتەوە

سەرخێڵ ئەحمەد


"ئەوەی بۆ ئەمەریکیەکان گرنگ بوو گۆڕینی وێنەی خۆیان بوو لە دوژمنەوە بۆ فریادڕەس؛ گۆڕینی وێنەی ئیسرائیل بوو لە داگیرکەرەوە بۆ دۆست و هاوپەیمان"
پاش نۆزدە ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا، هێشتا شۆکی ڕووداوەکە بەرۆکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەرنەداوە. ئێستاو لەم قۆناغەدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرەنجامی ئەو ڕووداوە ئەگوزەرێنێ. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا چەند ڕووداوێکی جیهانی هەن کە خاڵی جیاکەرەوەی سەردەمی دوای خۆیانن لە سەردەمی پێش خۆیان؛ لە نمونەی جەنگە جیهانیەکان، شەڕی سارد، کەوتنی بلۆکی سۆڤیەت و دواترینیان یانزەی سێپتەمبەر!


لە یانزەی سێپتەمبەردا باڵادەستی و تاکجەمسەری ئەمەریکا کەوتەبەر هێرش. بەڵام ئەمجارە لەلایەن دەوڵەتێکی دیاریکراوەوە نا، بەڵکو لەلایەن کاراکتەرێکی «نا-دەوڵەتی» وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەوە بوو. پێش ئەو ڕووداوە تەنها دەوڵەتان دەیانتوانی ببنە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دەوڵەتێکی تر؛ بۆیە ئەمەریکا وەک نیمچە-فەرمانڕەوای جیهان تەنها گرنگی بە نوخبەی دەسەڵاتداری دەوڵەتان دەدا. بۆ کۆنتڕۆڵی هەر دەوڵەتێک تا نەبێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی هێندە بەس بوو نوخبەی دەسەڵاتدار مسۆگەر بکات. بەڵام یانزەی سێپتەمبەر ئەو پەیامەیدا بە ئەمەریکا کە کاراکتەرە نا-دەوڵەتیەکان هەمان مەترسیان لەسەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی هەیە، نەک لە دەرەوە، بەڵکو لەدڵی ئەمەریکادا.


ئەم ڕووداوە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەوەی بۆ ئەمەریکیەکان گرنگ بوو دوژمن کێیە؟! کێیە دەتوانێ لەناو ماڵی خۆیانەوە گورزی گەورەیان لێبدا؟! بۆچی هێندە بە ڕقەوە دەستیان وەشاند؟! بێگومان دوژمن زۆرینەی هاوڵاتیانی موسوڵمانی دەوڵەتانی عەرەبی بوون؛ بەپێچەوانەی دەسەڵاتدارەکانیانەوە کە دۆست بوون. ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەمەریکی ژمارەیەکی زۆر توێژینەوەیان ئەنجامدا لەسەر هەڵسەنگاندنی وێنەی ئەمەریکا لە جیهانی عەرەبیدا؛ بەتێکڕایی زۆرینەیان ئەو دەرەنجامەیان بەدەستەوەدا "ئەمەریکا شەیتانی گەورەیە". بێگومان بیرمەندێکی وەک «سامۆئیل هانتنیگتۆن» پێشتر ئەو هۆشدارییەی دابوو بە تەقینەوەی وەها ڕقێک! بۆ ناوەندەکانی بڕیاردروستکردنی واشنتۆن دەرکەوت، داینەمۆی ئەو ڕقە سەختە هەستی خۆ-بەقوربانیزانی عەرەبە-موسوڵمانەکانە، کە هەردەم ئەمەریکاو ئیسرائیلی تاقانە کوڕی بە مەترسی گەورەو تاکە هۆکاری سەرجەم نەهامەتیەکانی دەوڵەتانی عەرەبی دەزانن. پەلاماردەری سەر تاوەرەکانی سەنتەری بازرگانی ئەو هەستە گشتیەبوو کە زۆرینەی عەرەب هەیان بوو کاتێک خۆیان بە ستەم لێکراوو ئەمەریکاو ئیسرائیلیان بە ستەمکاری گەورە دەزانی. ئەوان بەردەوام وێنەی گەنجانی بەردوەشێنی فەلەستین لە زیهنیانا گینگڵی ئەدا کاتێک خەڵتانی خوێنی گولەی سەربازانی ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمەریکا دەبوون.

بیرمانە چۆن ئوسامە بن لادن بەردەوام لە وتارە تۆمارکراوەکانیدا ختوکەی ئەو هەستەی دەداو؛ چۆن کەناڵی جەزیرە برینی هەستی ستەملێکراوی جیهانی عەرەبی دەکولانەوە بەپیشاندانی بەردەوامی وێنەی فەلەستینیەکان.

،،
ئەمەریکا پێویست بوو ئەم وێنە ناچیزەی خۆی لە یادەوەری عەرەبەکاندا بگۆڕێت. گەورەترین کارێک کە بیکات ئەوەبوو دەستکاری دنیابینی عەرەبەکان بکات بەرامبەر بەخۆی و ئیسرائیل. پێویست بوو دوژمنێکی تر سەردەربێنێ تا ئەم وێنەیان لەبیر بەرێتەوە، یاخود کاڵ بکاتەوە.


بۆیە دوای لێدانی ئەفغانستان و دەرهێنانی تەخت و تاجی ئەنجامدەرانی یانزەی سێپتەمبەر، لەپرۆسەی ئازادی عێراقدا صەدام حسینی خست! لەکاتێکدا ڕژێمەکەی صەدام حسین پەلوپۆی کرابوو. بەکردەیی نەیدەتوانی مەترسییەکی ئەوتۆ بۆسەر ئەمەریکاو بەرژەوەندی و دۆستەکانی دروست بکا؛ بەڵام هەر دەبوو بکەوێت. بەکەوتنی ئیدی دەرگای ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی عەرەبیش کەوت بەرامبەر دەوڵەتی شیعە مەزهەبی ئێران. ئیتر کاتی ئەوەبوو گەورەترین دوژمنایەتی مێژوویی بەخوێن سووربووی نێوان شیعەو سووننە، کە نزیکەی 1400 ساڵ تەمەنی بوو زیاتر تاوبدرێ.


بۆیە کەوتنی صەددام حسین ئەو دەرگایەی بە تەواوی خستە سەرپشت. دەستی ئێران بە پاڵپشتی زۆرینە شیعەی هاوپەیمانی ئەمەریکیەکان بە تەواوی واڵابوو لە عێراقدا. پرۆژەی هیلالی شیعی دەرکەوت! مەترسی گەورەی مەزهەبی لەسەر عەرەب و سووننە دەستی پێکرد.


ئەو نوخبە دەسەڵاتدارەی فەرمانڕەوای نیشتمانی عەرەبی، کە گوێ لەمشتی ئەمەریکا بوون، چیتر پێویست بوو بگۆڕدرێن؛ چونکە توانای ئەوەیان نەمابوو دەستکاری هەستی گشتی عەرەب بکەن بەرامبەر ئەمەریکاو وێنەکە ئاوەژوو بکەنەوە. سەرەتا ئەمەریکیەکان فشاریان خستەسەر ئەو نوخبەیە بەئامانجی زیاتر کرانەوەی دەوڵەتەکانیان بەڕووی پرۆسەی جیهانگیریدا. بڵاوبوونەوەی تۆڕی ئینتەرنێت یەکێک بوو لەڕێگاکان. ئەمە ڕێگەیەک بوو کە گەنجی نیشتمانی عەرەبی بزانێ لەچ دۆزەخێکدایە بەراورد بەدەرەوەی خۆی.


هەروەها کێ هۆکاری ئەو بەدبەختیەیە؟! ئەمەریکیەکان ناڕاستەوخۆ دەستیان کرد بە دروستکردن و پاڵپشتی دارایی میدیای ئازاد، پارەدارکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها پاڵپشتی کردنی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەدەوڵەتانی عەرەبیدا. ئەمانە لەماوەی هەشت ساڵی ئیدارەی باراک ئۆبامادا ڕوویدا.
دەرەنجام شۆڕشی بەهاری عەرەبی، کە لە واقیعدا پایزی عەرەبی بوو، بڵێسەیدا. لە تونس و میصرو سودان پرۆسەکە زیاتر ئاشتیانە بەڕێوەچوو؛ بەڵام لە سوریاو یەمەن و لیبیا تائێستاش خوێنی لێدەچۆڕێت! عێراق و لوبنان پێشتر دەرگیری شەڕی ناوخۆیی مەزهەبی بووبوون.

،،

داعشیش بەشێک بوو لەدەرەنجامی ئەو شەڕە مەزهەبیە! هێندە بەس نییە! دەستی تورکیاش واڵاکرا بەشێک لە سوریا داگیربکات، بچێتە لیبیاو شەڕی ناوخۆ زیاتر تاوبدا. بەکورتی بەجۆرێک جیهانی عەرەبی دەرگیری ماڵوێرانی بووە، لەتاو خۆیان کەسیان بیر نەماوە. ئیدی نە دەتوانن، نە بەخەیاڵیشیاندا دێت، هێرش بکەنە سەر ئەمەریکا.



ئێستا وێنەکە بەمجۆرەیە، ئەمەریکای دوژمنی جاران، بووەتە فریادڕەس! ئەگەر ئەو نەبێ ئێران شام و حیجاز دەکاتە بەشێک لە پرۆژەی هیلالی شیعی؛ ئەوکات دەبێت عەرەبی سوننە بەسەری حسین سوێند بخۆن و لەپستی شیعەی فارسەوە بێ دەستگرتن نوێژ بکەن. ئێستا ئیسرائیل دوژمنی باوەکوشتە نییە؛ بەڵکو پێویستە ڕێکەوتنی لەگەڵ بکرێت تا ئێران کەنداوی عەرەبی هەڵنەلوشێ. ئێستا تورکیا بەربووەتە جەستەی نیشتمانی عەرەبی؛ مەگەر تەنهاو تەنها ئەمەریکا بێت بەهانای عەرەبەوەو لە عوسمانیە نوێکان بیپارێزێت! ئەمڕۆ بەشێکی زۆری دەوڵەتانی عەرەبی بوونەتە زەلکاوێکی پڕمەترسی بۆ ژیان. دەوڵەتانی کەنداو کە هەندێک ئارامن، لەبەردەم گەورەترین مەترسیدان کە پرۆژەی بەشیعەکردنی ناوچەکەیە. بۆیە ئەوانیش بەردەوام دڵەڕاوکێیانە ئەمڕۆ نا سبەی شەڕ یەخەی ئەوانیش بگرێت. بۆیە دەبێت هەرچی زووترە دەستی تەوقە بۆ ئیسرائیل درێژ بکەن و ڕازی بن قودس پایتەختی دەوڵەتی جولەکەبێت، نەک قیبلەی دووەمی موسوڵمانان.


ئەوەی بۆ ئەمەریکیەکان گرنگ بوو گۆڕینی وێنەی خۆیان بوو لە دوژمنەوە بۆ فریاد ڕەس. گۆڕینی وێنەی ئیسرائیل بوو لە داگیرکەرەوە بۆ دۆست و هاوپەیمان. سەرباری تۆڵەکردنەوەی خوێنی سێ هەزار کارمەندی ناو تاوەرەکانی سەنتەری بازرگانی جیھانی. خەریکە ئەوە بەتەواوی بەدی دێت؛ تۆڵە کرایەوە، وێنەکەش گۆڕا کە پاڵنەری سەرەکی هێرشەکە بوو. بۆیە ئیتر وردە وردە دۆخەکە ئارام دەکەنەوە، نینۆکی ئێران دەکەن و سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکەن. یەکەم هەنگاو بەهێزکردنەوەی عێراقە وەک دەرگاوانێک بە ڕووی ئێراندا! ئیتر نابێ ئەمەریکا زۆر سەرقاڵبێ بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، چونکە دوژمنێکی نوێ خەریکە دەردەکەوێت کە نیمچە-ئیمپراتۆری چینە. چینێک کە بەسیاسەتی نەرم و ئابورییەکی گشتگیری زەبەلاحەوە هاتووەتە مەیدان.


سەرخێڵ ئەحمەد
بەکالۆریۆس لە دیبلۆماسیەت و پەیوەندیە گشتیەکان