سەردانەکەی کازمیتان پیرۆز بێت

سەردانەکەی کازمیتان پیرۆز بێت

358 خوێندراوەتەوە

هیوا سەید سەلیم


هێشتا هەزاران ئێسك و پروسكی ئەنفالكراوان لە منداڵ و ژن و گەنج‌و پیر لە بیابانی عەرەبین، هەزاران گوند وێران و كاولگەن، كوێت نیوەی ئەمەش وێران نەبوو، حكومەتی عێراق 360 ملیار دۆلار قەرەبووی داوەتەوە، كەچی تا ئێستا داوای لێبوردنێكی لە كورد نەكردووە، قەرەبویەكی نەكردونەتەوە، بەڵام كە سەرۆك وەزیرانی عەرەب دێت كوردستانی ئەسپاردە دەكەن؟؟ ئەمە راگەیاندنی فەشەلی ئێوەیە، نەك خۆشەویستی بۆ كازمی.


لە نێو ئاپۆڕای جەماوەریداو لە کاتی سەردانیکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پاریزگای دهۆک، ژنە ئەنفالکراوێکی بادینان زۆر بەگەرمی باوەشی پێدادەکات و پێی دەڵێت: کوردستان سپاردەی تۆ بێت.


ئەو قسەیەی ژنە خێر لە خۆ نەدیوەکەی پاشماوەی ئەنفالی بادینان، بریتییە لە لووتکەی بێئومێدبوونی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و توێژی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تایبەتی لە بەرامبەر دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی.


٢٩ ساڵە، ژنێک کە نموونەی هەزارانە لە دایکی جەرگ سووتاو، و یەکێکە لەو خێزانە لە یەک دابڕاوی کۆمەڵگای کوردی، ئەو لە هەرێمی کوردستان سەرۆکێک یان بەرپرسێکی شك نەبردووە دەردە دڵی خۆی لابکات، لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کەسێک لە دەرگای نەداوە.

،،
ئەو ژنەی وای بە کازمی وت ئەو هێمای قوربانی گەلەکەیەتی و رۆژگارێک سوپای عێراق لە هەڵمەتی نەگریسی ئەنفال ئازیزترین کەسی لێ دابڕیوە، و لە بیابانەکانی عێراقی عەڕەبی زیندە بەچاڵی کردووە، ئێستا دێت باوەش بە سەرۆک وەزیرانی عێراقدا دەکات و بە ئاهێکی ساردەوە هەموومان سپاردەی ئەو برا عەڕەبە چاوڕەشە دەکات، ئەرێ ئەو دیمەنە بۆ کاربەدەستانی هەرێم چەندی بەچەندە؟


هەر کەسێک لە شوێنی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بایە دەبووە لە بەرامبەر قسەی ئەو ژنە ئەنفالکراوە شەرم دایبگرێت، بەلام کوا ئەوانە دەزانن شەرم چیە؟ کەسانێک دزی و گەندەڵی لە بەرهەمی خوێنی شەهیدان بکەن لای ئەوانە دەمێکە شەرم باری کردووە.


ساڵی پار کاتێک ژنە شەهید و ئەنفالکراوان لە خۆپیشاندانی دەڤەری سلێمانی بانگیان دەکرد: (عەبادی - عەبادی)، دەوترا ئەوە دەستێکی سیاسی لە پشتە، دەستێکە دەیەوێت پرسی کورد بباتەوە بەغدا، ئەوانە بەکرێگیراوی بەغدان، دەی با بزانین بۆ داواکەی ئەو ژنەی بادینان کە ئاڕاستەی کازمی کرد چیتان هەیە؟ ئەری دەتوانن بەویش بڵێن دەستی لەپشت بووە؟


لە هەرێمی کوردستان دەمێکە دەبوو ئەو دەسەڵاتە لە خۆی بپرسێت بۆچی بەرفراوانترین توێژی قوربانیدەری کوردستان کە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانن پەنا بۆ بەغدا و سەرۆک وەزیرانی ئەوێ دەبەن؟ ئەگەر ئەو کاتە وازیان لە بەخشینەوەی تۆمەت بهێنایەو بە پیر داوای خۆپیشاندەران بچووبانایە، ئەمڕۆ ژنە ئەنفالێکی دیکە لە بادینان باوەشی بە کازمی دانەدەکرد. ئەرێ کاربەدەستەکانی کوردستان ئێوە دەزانن کە ئێمە زیاتر لە یەک چارەکە سەدەیە کوردستان و چارەنووسی خۆمان سپاردەی ئێوە کردووە، ئێوەش هەموومانتان خستۆتە بەردەستی چینێکی مشەخۆری گەندەڵ، تا لەسەر حسابی خوێن و تێکۆشانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان خۆیان بە ناڕەوا دەوڵەمەند بکەن، و هەرێمی کوردستان نوقمی نادادی بکەن، لەوەش خراپتر ئەوەیە لەو هەرێمەی ئێمە کە بەرهەمی رووبارێکە لە خوێنی شەهیدان، تا دێت لە سایەی دەسەڵاتی ئێوە ئازادیەکانمان لێ بەرتەسک دەکرێتەوە، لەسەر قسەیەکی حەق خەڵک دەخرێتە زیندان.

،،

لە هەموو وێستگەکانی دوای ڕاپەرێن خەڵکی کوردستان قوربانی زۆری داوه، بەرگەی نەهامەتی گەورەی گرت، بەڵام ئەوە ئێوەن خەلکی خۆتان برسی دەکەن، بە ناڕەوا دەست بۆ مووچەی مووچەخۆران دەبەن، لەبەرامبەر ئەوەشدا نابێت کەس لێتان بپرسێت داهاتی ئەو هەرێمە چیە و چەندە و چی بەسەر دێت؟ دە باشە پیرۆزتان بێت سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانەکەی عێراق بۆ دەروازە سنووریەکان، با بزانین ئەوەی چەند ساڵە لە میللەتەکەتان دەیشارنەوە دەتوانن لەو میوانە ئەزیزەتان بیشارنەوە؟


ئەرێ بەڕاست دوای نمایشەکەی مستەفا کازمی ئێوە واز لە پشتی لاپتۆپەکانتان دێنن یان نا؟ ئەرێ کەس لە ئێوە ئامادەیە سەرێکی پاشماوەکانی ئەنفال لە ناوجەکانی گەرمیانی خێرلەخۆنەدیو بدات؟ یان نانێک لەگەل خێزانێکی نەخۆشی چەکی کیمیاوی لە هەلەبجە و بالیسان و شێخ وەسانان و گۆپتەپە بخوات؟
ئەرێ ئیوە بەنیازن کارێک بکەن خەڵک خۆی سپاردەی بەغدا نەکات؟ یان خێر و بێری ئەو مەملەکەتە هەر دەبێت بۆ ئێوە بێت و میللەتیش برسیی بێت؟