هاوكارییەكانی ئیمارات بۆ پەكەكە عێراق و هەرێمی كوردستان نیگەران دەكات

هاوكارییەكانی ئیمارات بۆ پەكەكە عێراق و هەرێمی كوردستان نیگەران دەكات

1318 خوێندراوەتەوە

ئیمارات بەوە تۆمەتبار دەكرێت، كە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ناڕاستەوخۆی توركیا، هاوكاریی پێشكەشی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات، ئەمەش نیگەرانی لای عێراق و هەرێمی كوردستان دروست كردووە، چونكە ئەم كارەی ئیمارات پاڵ بە توركیاوە دەنێت كە ئۆپراسیۆنی نوێ لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات.


موختار موسەوی، ئەندامی لیژنەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئیمارات تۆمەتبار دەكات بەوەی كە بەردەوام هاوكاری پێشكەشی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات لە باكوری عیراق دەكات.

،،

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە ئەم كارەی ئیمارات دەبێتە مایەی ناسەقامگیری ئاسایشی عیراق.


موسەوی لە لێدوانێكیدا دەربارەی هاوكارییەكان دەڵێت:" زانیارییە ئەمنیەكانی عێراق دووپاتی دەكەنەوە، كە كەناڵی هاوكاری ئیمارات بۆ پەكەكە بوونی هەیە و بەردەوام هاوكاری پێشكەش بە چەكدارانی پەكەكە لە باكوری عیراق دەكات، هەروەها بەرپرسێكی ئیماراتی، كە ئەندامی یەكێك لە خێزانە فەرمانڕەواكانی ئەبو زەبیە لەو كارە تێوەگلاوە".


دەشڵێت:" ئەجێندای ئێستای ئیمارات،كە هاوكاری پێشكەش بە پەكەكە دەكات، هەڕەشە لە سەقامگیری و ئەمنی عیراق دەكات،چونكە ئەو هێزە بە شێوەیەكی نایاسایی هاتونەتە عیراق، بۆیە داوا دەكەم حكومەتی عیراق بەرامبەر بەم كارەی ئیمارات جوڵە بكات، چونكە ئێمە لەپەرلەمان هەڵوێستی توندمان لەسەر ئەو هاوكارییانەی ئیمارات دەبێت".


ئەم لێدوانەی موسەوی دوای ئەوە دێت، كە لە ناوچەی حەفتانین چەندین كەرەستەی پێشكەوتووی وەك دیاری كردنی پێگە و دوربینی شەوان و سیستەمی ئینتەرنێتی ئاسمانی، لە لایەن لیوای 80ی پێشمەرگەوە دەستی بەسەردا گیرا، كە هەوڵدەدرا ئەو ئامێرانە بە دەستی پەكەكە بگەیەنرێت.


هەر لەسەر هاوكاریی ئیمارات بۆ پەكەكە، بەرپرسێكی حكومی لە بەغداد بە " العربی الجدید"ی وتووە كە" پارتی كرێكارانی كوردستان سودی لە ناكۆكی و ململانێكانی ناوچەكە وەرگرتوە، بەوهۆیەشەوە چەندین كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دروست كردووە، كەلەگەڵ سیاسەتەكانی توركیا ناكۆكن، یەكێك لەو وڵاتانەش ئیماراتە، پێدەچێت سعودیەش لەداهاتوودا هاوكاری پەكەكە بكات".


دەشڵێت:" هاوكارییەكان لەڕووی پارە و زانیاری و ڕاگەیاندنە، بەڵام هیچ بوارێك بۆ گەیاندنی چەك و كەرەستەی سەربازی بۆ عیراق بوونی نیە،بەڵام كێشەی پارە یەكێكە لە كێشە گەورەكانی پەكەكە، ئەوان بۆ كۆكردنەوەی پارە پشت بە پاڵپشتیەكانی كوردانی ئەوروپا و چالاكیە بازرگانیەكانیان دەبەست كە لەنێوان عیراق و توركیا و سوریا ئەنجامی دەدەن".


ئەو بەرپرسە حكومیە كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت ئاماژەی بەوەش داوە كە" بێگومان بوونی پارە، دەشبێتە مایەی وەدەستخستنی چەك، كە قاچاخچیەكانی نێوان سوریا و عیراق و ئێران بۆیان پەیدا دەكەن".


دەشڵێت:" مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی ئیمارات ئەم دۆسیەیە باس دەكات، كە بەنیازە سەردانی چەند وڵاتێك بكات و لە سعودیەوە دەستی پێدەكات".


هاوكارییەكانی ئیمارات بۆ پەكەكە، هەرێمی كوردستانیشی نیگەران كردووە، بۆیە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە، هەرێم بە چڕی چاودێری هاتنی پارە لە ئیماراتەوە دەكات، كە لەلایەن بانكەكانەوە بۆ هەرێمی دەنێرێت، ئەم كارەی هەرێمی كوردستان بە پشت بەستن بە چەند زانیاریەك بووە، كە دەریانخستوە ئیمارات هاوكاری ئەو پارتانە دەكات، كە دژی توركیان، بۆیە ئاسایشی هەرێمی بە وردی چاودێری هەموو ئەو پارانە دەكات.

،،

بەڵام چاودێران پێیانوایە، ئەم كارەی هەرێم سەركەوتوو نابێت، چونكە ئیمارات دەتوانێت ڕاستەوخۆ پارە بۆ بانكەكانی هەرێم نەنێرێت و لە وڵاتی سێیەمەوە بینێرێت، چونكە هەرێم كەناڵی كراوەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیاو وڵاتانی عەرەبی هەیە، كە دەكرێت ئیمارات پارەكانی بە كۆمپانیا و بانكە ئیماراتیەكان نەنێرێت.


سەربەست هەورامی بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی كۆمپانیای " نیشتمان" بۆ كاری بانكی، ئەو كارەی حكومەتی هەرێم بە یاسایی دەزانێت، بەڵام پێیوایە كە بەس نیە، لەو بارەیەوە دەڵێت:" ناتوانرێت بسەلمێنرێت، كە ئەو پارەیە بۆ چ لایەنێكی سیاسی دەڕوات، بەڵام زانیاریەكان بوونیان هەیە، كە پارە بۆ پارتە كوردیەكان دەنێردرێن".
دەشڵێت:" لایەنە ڕۆژئاواییەكان پەیوەندیان لەگەڵ پارتە كوردیەكانی ئێران بەستوە كە لەهەرێم بوونیان هەیە، لە ئەنجامی ئەمەدا هەرێم بە تێكچوونی سەقامگیرییەكەی باجەكەی دەدات".


هەر لە سەر ئەو دۆسیەیە ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی موسڵ و سەركردە لە بەرەی " ڕزگاریی و گەشە" ئاماژە بەوە دەكات، كە عێراق و توركیا هەردوكیان لەم هاوكاریانە ئیمارات زیانیان بەردەكەوێت، لەوبارەیەوە دەڵێت:" چەند زانیاریەك هەیە كە سەرچاوەكەیان ئاشكرا نەكراوە، باس لە دانیشتنێكی هەواڵگری ئیمارات و چەكدارانی پەكەكە لە ناوخۆی خاكی عێراقدا دەكەن، ئەو كارە بەڕاستی مەترسیدارە ،چونكە عیراق دەبێتە مەیدانی ململانێی نێوان توركیا و ئیمارات،بۆیە دەبێت حكومەت ڕێگا بەوە نەدات".


لای خۆشیەوە مەحما خەلیل قائیمقامی شەنگال دەڵێت:" چەند زانیاریەك لەم دوایانەدا باس لە هاوكارییەكانی ئیمارات بۆ پەكەكە دەكەن، بەڵام پشت ڕاست نەكراونەتەوە".