به‌ریتانیا خاوه‌ندارێتی بۆ عێراق ڕاگه‌یاند

به‌ریتانیا خاوه‌ندارێتی بۆ عێراق ڕاگه‌یاند

527 خوێندراوەتەوە

مستەفا قایتەوەنی ــ لەندەن


له‌دروستبوونی عێراقه‌وه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌ت له‌پادشای بۆ كۆماری و تا ئه‌مڕۆش به‌ریتانیا دوور بووبێ یان نزیك قسه‌ی كۆتایی ئه‌م وڵاتهو ‌پرسه‌كانی عێراقی یه‌كلایكردۆته‌وه، ‌زۆر جار بێ دیاربونی ڕۆڵی به‌ریتانیا هێزو وڵاتیتری وه‌ك ئه‌مه‌ریكاو یه‌كێتی ئه‌وروپا پلانیان جێبه‌جێ كردووه‌ كه‌ئه‌جێنداکە هی به‌ریتانیا بووە له‌بنه‌ڕه‌تدا!


ماوه‌یه‌كه‌ به‌ریتانیا له‌بواره‌كانی سه‌ربازی و وزه‌و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانیشی هێناوه‌ته‌ ناوچه‌كه‌و له‌سه‌ر شانۆی سیاسی عێراق ڕۆڵی هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌هاوپه‌یمانی دژی داعش به‌ریتانیا یه‌كێك بوو له‌هاوپه‌یمانه‌كاراكانی ناو هاوپه‌یمانیتیه‌كه‌ چی به‌زانیاری هه‌واڵگری چی به‌هێزی ئاسمانی چی بەمه‌شقپێكردنی هێزه‌عێراقیه‌كان.
به‌ریتانیا وه‌ك هیچ وڵاتێكی تر مامه‌ڵه‌ ناكات له‌عێراق، به‌ڵکو سیاسه‌تێكی جیاوازو تایبه‌تی خۆی هه‌یه و به‌ هه‌ستیاری مامه‌ڵه‌ده‌كات لە پرسە سیاسیەکاندا، جوگرافیایی ناوچه‌كه‌ی به‌باشی خوێندۆتەوەو به‌ڵانسی ڕاگرتووە لە مامه‌ڵه‌كرندا، چونكه‌ له‌ئه‌ده‌بیاتی دیبلۆماسی و سیاسی ئینگلیزدا داوای لێبوردن بەكه‌م بوونه‌وە دەزانن‌، له‌هه‌یبه‌ت و شكۆی به‌ریتانیایی مه‌زن ئه‌و نیشتمان و مه‌مله‌كه‌ته‌ی هه‌رگیز خۆری لێ ئاوا نابێ!!


دوا به‌دوای سه‌ردانه‌كه‌ی ئیما نۆئیل ماكرۆن سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا بۆ لوبنان و عێراق و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی باڵای عێراق و كوردستان سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی عێراق، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ڕێگای ستیڤن هیكی باڵوێزی وڵاتەکەی په‌یامێكی ڤیدێوی به‌زمانی عه‌ره‌بی بڵاو كرده‌وه‌و باسی ڕۆڵی به‌ریتانیایی كرد له‌پشتیوانی عێراق و سه‌رجه‌م هاوكاری و تێچووه‌ دارایه‌كانی به‌ریتانیایی كرد بۆ عێراق له‌شه‌ڕی داعشه‌وه‌ له ‌2014 تا ئێستا.


وه‌ك یه‌كه‌م وڵاتیش ده‌ملوێن پاوه‌ندی به‌خشیوه‌ته‌ عێراق وه‌ك كۆمه‌ك و پشتیوانی بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی پەتای کورۆناو باسی له‌خه‌رجكردنی سه‌دان ملوێن پاوه‌ند كرد له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌ جیاوازه‌كانی تریش، ستیڤن هیكی لە پەیامە ڤیدێوکەیدا وتی ئێمه‌ له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بەریتانیا به‌رده‌وام ده‌بین له‌پشتیوانی عێراق و له‌داهاتوودا پرۆژه‌ی ترمان ده‌بێ!

،،
باڵوێزه‌كەی به‌ریتانیا باسی ده‌سته‌واژه‌ی Commonwealths كۆمنوێلسی كرد كه‌ له‌ سه‌ده‌ی پازده‌هه‌مه‌وه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ دروست بووه‌و هێمایه‌كیشه‌ بۆ قه‌ڵه‌مڕه‌وی به‌ریتانیا له‌53 وڵاتی جیاجیایی جیهان، عێراق یه‌كێك بووه‌ له‌و وڵاتانه‌ی له‌ژێر حوكمی شاهانه‌ی به‌ریتانیادا بوو تاكو دروستبونی مه‌مله‌كه‌تی پادشای‌!


ئه‌م په‌یامه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر زاری كه‌سی یه‌كه‌می به‌ریتانیا كه‌ باڵوێزەکەیەتی له‌عێراق هێماو ئاماژه‌ی ڕوونه‌ به‌ره‌و هاتنه‌وه‌ی به‌ریتانیا بۆ ناو كایه‌ سیاسی و دیبلۆماسیه‌كان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراقیش، به‌تایبه‌تی، باڵوێزه‌كه‌ی به‌ریتانیا لەو پەیامەدا جۆرێ له‌خاوه‌ندارێتی وڵاته‌كه‌یشی بۆ عێراق ڕاگه‌یاند!
زۆر گرنگه‌سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان بتوانێ له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌ی ناوچەکە و عێراق به‌په‌یامێكی ڕوون ڕوو له‌كاربه‌ده‌ستانی ویست مینیسته‌ر Westminster له‌له‌نده‌نی پایته‌خت بکات، چونكه‌ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی له‌نده‌ن هیچ گۆڕانكاریه‌ك له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تیش له‌عێراق ڕوو نادات!!


كوردیش به‌شێكی گرنگە لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا وهێشتا ڕۆڵی كاڵ نه‌بوه‌ته‌وه‌، گرنگه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ست پێشخه‌ربێ و به‌ره‌و پیر په‌یامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا بچێ!
ئەگەر هه‌رێمی كوردستان ‌په‌یوه‌ندیەکی تۆكمه‌و به‌هێزتری له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا هە‌بێ ئینگلیزیش له‌ دۆستایه‌تی هاوڕێی نیوه‌ی ڕێگا نین و نابن، تۆپه‌كه‌ش له‌گۆڕه‌پانی كوردستانه‌و جێی خۆیه‌تی كوردستان پێش خه‌ڵك و لایەنی تر بكه‌وێ ئینگلیزیش قسەیەکیان هەیە ده‌ڵێ (هیچ كاتێ دره‌نگ نیه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێ ده‌ست پێ بكه‌ی).