کۆرۆنا و ڕیفراندۆم چییان پێ وتین؟

کۆرۆنا و ڕیفراندۆم چییان پێ وتین؟

758 خوێندراوەتەوە

ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

کوردی هەرێمی کوردستانی عێراق میللەتێکی سەیرین، لەبری ئەوەی سەد جار بیپێوین و یەکجار بیبڕین ڕێک بە پێچەوانەوە سەد جار ئەیبڕین و جارێکیش نایپێوین. ئەوەی لەم هەرێمە بە خەڵک و حکومەتەوە هەیە مێنتاڵیتی و بیرکردنەوەی گاڕانییە.


ستراتیژ و سایکۆلۆژیای کورد کە بۆ ڕووداوەکان لە سێ حاڵەت بەدەر نییە.
۱. ئامادەسازیی نەکردن و بێ پلانیی و نەپێوان پێش ڕووداوەکان
۲.تووشی پانیک بوون لە ئەسنای ئەنجامدانی کارەکە یا ڕوودانی ڕووداوەکە.
۳. نەخوێندنەوە و خۆ کەڕ کردن لەوەی ڕویدا پاش ڕووداوەکە وەک بڵێی هەر ئێمەش نەبووین. سێکوچکەی بێپلانی و پانیک و لەبیرکردن خاڵی ناسەرەوەی ئێمەن.

تەماشای ئەم دوو نمونەیەی کۆرۆنا و ڕیفراندۆم وەک دوو نمونە بۆ سیاسەت و تەندروستی لەم وڵاتە بکە:
سێ ساڵ بەر لە ئێستا ڕیفراندۆمێک کرا، هەنێک وتیان بە فیتی تورکیا کراوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کوردستان لەلایەن " تەماشای ئەنجامی کارەکە بکە بزانە کێ لێی خوارد"، هەنێکی دیکە بە هەوڵێک بۆ دروستکردنی دەوڵەتیان پێناسەکرد لەلایەن بارزانییەوە، بەڵام ئەوەی سەیر بوو پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە بچوکترین ئامادەسازیی و خوێندنەوە بۆ واقیعە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان نەکرا، نەک هەر نەکرا تەنانەت ئەنجامدەرانی نەیاندەزانی بۆ ڕیفراندۆم دەکەن، کاک نێچیرڤان دەیوت بۆ سەربەخۆیی نییە بەڵام کاکە حەمە دەیگوت بۆ سەربەخۆییە، یەکگرتوو دەیگوت بۆ دەوڵەتە، کاک فازیل میرانیی بە پێچەوانەوە دەیگوت نەخێر بۆ ئەوەمانە بزانین میللەتەکەمان بۆچوونی چۆنە وەک ئەوەی بۆ هەموو شتێک بۆچوونی میللەتیان وەرگرتبێت.


ئامادەکارییەکان ئەوەندە کرچ و کاڵ بوون کاکە حەمەی حاجی مەحمود لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامە نووسێکدا کە پرسی لەم دۆخە سەختەی ئابووری چۆن ڕیفراندۆم دەکەن لە وەڵامدا وتی کاک مەسعوود وتوویەتی خۆم تێچووەکەی لە ئەستۆ دەگرم.


شەوێ پێش ڕۆژی ڕیفراندۆم سەرەداوەکانی پانیک دەرکەوتن. پەیامێک بڵاو بوویەوە لە پەیجی بافڵ تاڵەبانی گوایە دەبێت ڕیفراندۆم دواخرێت، دواتر ڕوونکردنەوە درا کە ئەو نەبووە هاککراوە.


ئاکام ڕیفراندۆم کرا، لە ئەسنای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەدا دۆخەکە بەتەواوی گۆڕا بۆ دۆخی پانیک، نێچیرڤان بارزانی هەر ئەو ڕۆژە لە پەیامێکدا وتی ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە نییە، فازیل میرانیی وتی بەشێکین لە عێراق وەکو سەماوە. پانیکەکە ئەوەندە کاریگەر بوو لەسەر ڕاسپاردەی کۆبوونەوەی دووکانی لایەنەکان و بەتایبەتیش سەرکردایەتی ڕیفراندۆم پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕایکرد و ناوچەکەیان دایە دەست حەشد.

،،

گۆزەکە لەسەری یەکێتیی دا شکا لە کاتێکدا شەنگال و ناوچە کوردییەکانی دەشتی موسڵیش تەسلیم کران. یەکێتیی لەو پانیکەدا پاساوی ئەوەی دەهێنایەوە نەیانویستووە کەرکوک ببێ بە حەلەب.


هەنێ سەرکردەی یەکێتیی پانیکەکە وای لێکردن هەنێ برادەری سەرکردایەتیی خۆیان بە کاڵفام ناوببەن لە پای بەدەستەوە دانی کەرکوک بەڵام ئەم قسەیە تەنها پەرچە کرداری پانیکەکەیان بوو نەک بەدەستەوە دانەکە.


ڕیفراندۆم سڕکراو ئاشبەتاڵ ڕویدا وکەس خۆی نەکرد بە ساحێبی، نێچیرڤان بارزانی ڕۆیشتە زیاتر لە شەش پایتەخت تا بەغدا ڕازیی بکەن قسەیان لەگەڵدا بکات سەرەنجام بەغدا ڕازیی بوو. قۆناخی سێەم دوای پانیک هاتە پێشەوە ئەویش خۆ گێل کردن و خۆ نەکردن سە ساحێبی ئەو ڕووداوانەبوو . تەنانەت یەک ئاکادیمیاش خۆی لە قەرەی خوێندنەوەیەکی جیددی ئەو ڕووداوە گرنگ و تەسلیمبوونەوە ترسناکە نەدا نەک نەبوو بەبەشێک لەمێژووبەتەواوەتی ڕۆیشتە لەبیرچوونەوە و نیسیان. بەم شێوەیە سێکوچکەی بێ پلانیی، پانیک و خۆدان لە کەڕەی شەربەت تەواو بوو.


ڕووداوی دووەم کۆرۆنا بوو، کۆرۆنا زۆر بەڕەحم بوو لەکەڵ کورد بەوەی درەنگ هاتە کوردستان و مۆڵەتی مانگێک شتێک زیاتر پلان و خوێندنەوەی دۆخەکەی دا بەکورد، حکومەت و میللەتی کورد چین و ئیتاڵیا و ئیسپانیایان دیبوو چۆن کۆرۆنا ڕووخاندبوونی. بەڵام کەلعادە پلان نەبوو،کەرتی تەندرووستی شڵەژابوو. تەندروستیی دەیویست کوڕی ڕۆژ بێ نەک کوڕی ستراتیژ و پلان. باس لەوە دەکرا نە نەخۆشخانە حازرە نە ئامێری هەناسەدانی پێویست هەیە. کاتێک کەوتینە نێو دۆخەکە تووشی پانیک بووین.

،،

ئەو پانیکە وایکرد حکومەت لۆکداونێکی "منع تەجەولێکی" بێ بەرنامەی سەراپاگیر ڕابگەیەنێت، خەڵکی لە ماڵەوە بە بێ قووت و کار و کەسابەت ئەسیر کرد.

شەپۆلی یەکەم تەواو بوو، پانیکەکە کەمێک ڕەوییەوە. هەمیس کۆرۆنا کەمێک کاتی بەخشییەوە پێمان بۆ خوێندنەوەی وەزعەکە، دیسان پلان نەبوو ، چارەسەری هەڵەکان نەکرا، کەرتی تەندرووستی ئامادە نەکرا و ژماری تێست و قەرەوێڵەکانینووستنی نەخۆش نەک زیا نەکرا بە بیانووی مانگرتن و دواکەوتنی موچە کەمکرانەوە. هەمیس خەڵک وا کەوتووەتەوە دۆخی پانیک. ها فەحس نییە، ها پلازما نییە و نەخۆشخانەکان پڕن، ها مردن زۆرە، ها پزیشک مانی گرت.


تەندرووستی دیسان کەوتووەتەوە دۆخی پانیکێکی خراپتر لە جاری پێشوو. کۆرۆنا تەواو دەبێت من مردوو ئێوە زیندوو، سیاسەتی تەندرووستی یەک هەنگاو ناچێتە پێشەوە. نەک خوێندنەوەی جیددی و ڕەخنەیی بۆ سێکتەری تەندروستی و کۆرۆنا ناکرێت و وانە لە هەڵەکان وەرناگیرێت و پێداچوونەوە هەرگیز ڕوونادات بەڵکو خراپتر دەبێت، دۆخی تەندرووستی و نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی زیاتر تێکدەچن و پزیشکان زیاتر کۆچ دەکەن و نەخۆشی کوردیش زیاتر ماڵوێران دەبن. پاش کۆرۆنا تەندروستیی بە جۆرێک لە بیر دەچێتەوە وەک عەرەب دەڵێت "کٲن لم یغن‌َ بالام"، وەک ئەوەی هەر نەبووبێت.