ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکانی عێراق؟

ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکانی عێراق؟

395 خوێندراوەتەوە

عێراق ئەو مەیدانەیە كە دەكرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەریەككەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێرانی تێدا ڕووبدات، كە ئەمەش پێش هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمریكا، موفاجەئەی ئۆكتۆبەر دەخوڵقێنێت، یان بەریەككەوتنی ئێران و حكومەتەكەی كازمی تێدا ڕووبدات.


دیڤید ئیگناتیۆس پسپۆڕ لە كاروباری دەرەوە، لە وتارێكیدا كە لە ڕۆژنامەی " واشنتن پۆست"دا بڵاوی كردۆتەوە، دووپاتی دەكاتەوە، كە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق، دەكرێت ببێتە مایەی هێرشی ئاسمانی ئەمریكا بۆسەر میلیشیاكانی سەر بە ئێران.


هەفتەی ڕابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، هۆشداری دابوو كە وڵاتەكەی بە نهێنی باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغداد دادەخات، ئەگەر بێت و حكومەتی عیراق توانای ڕووبەڕووبونەوەی هێرشەكانی سەر باڵیۆزخانەكانی نەبێت.


ئیگناتیۆس ئاماژە بەوە دەكات، كە ئێران هۆشیار بووە لە ئیستفزازییەكانی سەر ئیدارەی ترامپ، بەڵام لێدوانەكانی پۆمپیۆ ئەگەری هێرش بۆ سەر میلیشیاكان زیاتر دەكات.


ڕووبەڕووبونەوەی جەنگ لە عێراق چەندین مەترسی هەمەلایەن لەخۆ دەگرێت، ئەگەر میلیشیاكانی نزیك لە تاران هێرش بكەنە سەر ئەمریكیەكان، ئەوا ئیدارەكەی ترامپ هێرشی پێچەوانە دەست پێدەكات و عیراق ململانێیەكی توند بەخۆیەوە دەبینێت.


هەروەها ئەگەر مستەفا كازمیش بەهێز وەڵامی گروپە چەكدارەكان بداتەوە، هەروەك ئەوەی كە ئەمریكا داوای دەكات، ئەوە ئێران بە هێز وەڵامی دەداتەوە، لەم كاتەشدا سیستەمی سەرۆك وەزیرانی نوێ دادەڕمێت و ئاژەوەگێڕی ناوخۆیی سەرهەڵدەدات.


بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت:" مەترسییەكی جدی لەسەر ژیانی ئەمریكیەكان هەیە، ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوامی هەبێت، ئێمە دڵنیاین كە كازمی دەیەوێت كارێكی ڕاست بكات، بەڵام پێویستە لەسەر كاری زیاتر بە خێرایی بكات".

،،

هەرچەندە سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە بە توندی وەڵامی هێرشی میلیشیاكان ببێتەوە، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەكان بۆ سەر نوێنەرایەتیە بیانیەكان زیادی كردووە، بەشێوەیەك 25 هێرش كراوەتە سەر كاروانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە كەلوپەل بۆ ئەمریكیەكان و هاوپەیمانان دەگوازنەوە،ئەمە جگە لە هێرشەكان بۆ سەر ناوچەی سەوز كە باڵیۆزخانەی ئەمریكای تێدایە، لەگەڵ هێرشە بەردەوامەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.


فشارەكان ئەو كات دەستی پێكرد، كە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، هۆشداری دابوو كە" داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەدەستی سەرۆك ترامپدایە و ئامادەیە بۆ واژۆ كردن،ئەگەر هێزەكانمان بكێشینەوە و باڵیۆزخانەكەمان بەم شێوەیە دابخەین، ئەوا دەست دەكەین بە هێرش كردنە سەر هەموو ئەو لایەنانەی هێرشیان كردۆتە سەرمان".


مایك پۆمپیۆ ئەو لایەنانەی دیاریكردووە، كە ئەمریكا دەیانكاتە ئامانج، كە بریتین لە حزبوڵلای عێراق و عەسائیبی ئەهلی حەق.

هێرشی فراوانی ئەمریكا بۆ سەر گروپە چەكدارەكان لە ئێستادا زۆر نزیكە و ئەگەرێكی بەهێزە، چونكە ئەمریكا لە ڕووبەڕووبونەوەی گروپەكانی سەر بە ئێران سڵ ناكاتەوە، بەتایبەت كە لەسەرەتای ئەمساڵدا لە هێرشێكی ئاسمانیدا قاسم سولەیمانی گەورەترین فەرماندەی ئێرانی كوشت، هەروەها لەگەڵیشدا ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیشی كردە ئامانج، كەواتە ئەم هێرشە ئەوەمان پێدەڵێت، كە ئەمریكا ئامادەی هەموو ڕووبەڕووبونەوەیەكە.