ڕۆشنبیران; یار یان نەیاری سانسۆرن؟

ڕۆشنبیران; یار یان نەیاری سانسۆرن؟

369 خوێندراوەتەوە

پێشڕەو محەمەد
بابان ئەنوەر


پرسی سانسۆر و لێکەوتەکانی تەنها پەیوەست نییە بە کاروباری ڕۆتینیی دەزگاکانی چاپ و بلاوکردنەوە و ژمارەی سپاردنەوە، بەڵکوو چەندین ئاماژەی دیکە لە خۆ دەگرێت. لەم نێوەندەدا و لە ماجەرای ڕەتکردنەوەی گشتی و بەڕووکەش گشتگیری سانسۆر و بڕیارەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم، ئەوەی جێگەی پرسیارە ئایا هەڵوێست و مەرام و بەرژەوەندیی ڕۆشنبیران لە چیدایە؟ هەر بە ڕاست ئەوان دژی سانسۆرن؟ یاخود بە دیوێکی دیکەدا بەرهەمهێنەری سانسۆرن؟ کایەی ڕۆشنبیری و ئیعلامی بە چی ڕێگایەک سانسۆر بەرهەم دەهێننەوە؟


1. بەشداریی دیاریکراوی بەشێک لە ڕۆشنبیران بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە بەرهەمهێنانی سانسۆردا:
ئـ: بەشداریی ڕاستەوخۆ: لەم ساڵانەی دواییدا گوتارێک بەناوی گوتاری ئەکادیمییەوە سەری هەڵداوە کە سەرجەمی ئەو نووسراو و کتێبانەی ناچنە ناو ئەم خانەیەوە لە بواری نووسین وەدەر دەنرێن و ناڕاستەوخۆ لە بەهای نووسین دادەماڵرێن. بەڵام بەهۆی ئەوەی لە کوردستان نووسراو و کتێب و بڵاوکردنەوە بە گشتیی لە دەرەوەی ئەکادیمیاوە بووە و کەمترین بەشداریی کەسانی ئەکادیمیی تێدا هەبووە، ئێستا ئەم گوتارە دەیەوێت ڕۆژ بەڕۆژ دەست بکات بە لاوازکردنی بواری بڵاوکردنەوەی دەرەوەی ئەکادیمیا، ڕاستە خۆشی هیچ ناکات، بەڵام دەیەوێت دەرەوەی خۆشی هیچ نەکات. چونکە ئەوە ڕوونە بڵاوبوونەوەی بیری وشیار و ڕادیکاڵ نەک تەنها مەترسییە بۆ سەر چینە باڵاکان بەڵکو هەروەها لەڕەوایەتیخستنی ئەو بەناو نوخبە ئەکادیمییەیە کە دەیەوێت هەمیشە پێگەکەی بە پتەویی بمێنێتەوە.


لەم مەیدانەدا دەکرێت نموونەیەکی زیندوو بهێنینەوە. ماوەیەک پێش ئێستا خانمە فێرکارێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی گوتنەوەی وانەی کوردی بە منداڵان، لە لایەن ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت. کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، هەم لە لایەن خەڵکانی ئازادییخواز، هەم لە لایەن ئەکادیمییەکانیشەوە، بەڵام دوو هەڵوێستی جیاواز بوون. بۆ نموونە زانکۆی کوردستان لە سنە سیمینارێک ساز دەکەن بەناوی ئەوەی کە بۆچی گوتنەوەی وانەی کوردی لە دەرەوەی ناوەندەکانی ئەکادیمیا کارەسات و خراپە و دەبێت وانەی کوردی بە پسپۆڕان بسپێردرێت تا ڕێگە لە بەلاڕێداچوونی بگیرێت. ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەوایەتیدان بوو بە گرتنی (زارا محەمەدی)ی خانمەفێرکار لە لایەن ڕژێمی فاشیستیی ئیسلامیی ئێرانەوە. بەڵام جێگای خۆیەتی بپرسین ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە شێوەی زەبر و زەنگی ڕژێم بەڕێوە دەبرێت و زمانی کوردی لە ئاستی مردندایە و هەر گوتنەوەیەکی وانەی کوردی لە کۆمەڵگادا، بەرەنگارییەکی گەورەیە بەرانبەر بە ڕژێم، ئایا زانکۆ لە چی کانییەک ئاو دەخواتەوە؟

،،
ڕوونە هەموو پێوەرەکانی زانکۆی کوردستان پێوەرە گشتییەکانی زانکۆکانی ئێرانە و ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای ئەو وڵاتەوە کۆنتڕڵ کراوە و زانکۆ هیچ سەربەخۆییەکی نییە، نەک هاوشێوەی هەندێک زانکۆی وەک پرینستۆن و ئۆکسفۆرد و کەمبریج و ...هتد کە سەربەخۆییەکی ڕێژەییان لە دەسەڵاتی دەوڵەتیی هەیە، ئەم سەربەخۆییە بە هیچ جۆرێک بە سەر زانکۆی کوردستاندا نابڕێت. بەشێک لەو کەسانەی ئەم بانگەشەی ئەکادیمیبوونەیان لە زانکۆی کوردستان کردووە ئێستا هاتوونەتە باشووری کوردستان و هەمان ئەو ڕێنماییانەیان بە وەزیری ڕۆشنبیری داوە لەژێر ناوی ڕێکسختنی ڕێنووس و زمان و پۆلێنبەندیی بواری ئەکادیمی. هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا لەسەر ڕەخنەی دوو نووسەری گەنجی سلێمانی، چیرۆکنووسێک شکات لە هەردووکیان دەکات و دەیانداتە دادگا و بیانوویەک دەداتە دەستی دەسەڵاتی دادوەریی کە ئیتر ڕەخنە و نووسین پێش بڵاوکردنەوە دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و لایەنێکی بیرۆکراسی و پۆلیسی، لایەنێکی نائەدەبی و ناڕەخنەیی و نازانستی، دەبێتە بڕیاردەر لە سەر دەقە ئەدەبی و ڕەخنییەکان. ئەم دوو پرسە بەشداریی ڕاستەوخۆی چەندین نووسەر و ئەکادیمییە لەم ڕووداوەدا.


بـ بەشداریی ناڕاستەوخۆ: ساڵانێکە سانسۆر و بایکۆت هەیە، بە گشتییش ڕۆشنبیرە هەرە بەناوودەنگەکانی کوردستان تیایدا بەشدارن، کە ناهێڵن جگە لە گوتاری لیبڕاڵ هیچ گوتارێکی دیکە بگاتە میدیای جەماوەریی و چاپەمەنیی و هانی بایکۆتکردنیان دەدرێت و هەروەها خۆشیان لە نووسراوەکانیاندا، هەمیشە هێرش دەکەنە سەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ڕادیکاڵ، بە تایبەت ئەدەبیات و هزری چەپ و مارکسیزم و لەو تریبۆن و سەکۆیانەی بۆیان تەرخانکراوە، ساڵانێکە خەریکی بایکۆتکردن و سەرکوتکردنی بیری ڕەخنەیین و نایانەوێت بە هیچ جۆرێک ئەم بیرە ڕەخنەییە گەشە بکات و لە تەلەڤزیۆنەکانی دەسەڵات و سێبەری دەسەڵات (ئۆپۆزیسیۆن)، بە پارەیەکی زۆر خەریکی سەرکوتکردنی بیری ڕادیکاڵن و لیبڕاڵیزم وەک دوا بەهای مرۆیی لە قەڵەم دەدەن و هەر جۆرە شتێکی دەرەوەی لیبڕاڵیزم وەک دیکتاتۆرییەت و گەڕانەوەی فاشیزم و نائازادی دەبینن.


کەواتە لە دەرەوەی وەزارەتخانە و دەزگا بیرۆکراسی و پۆلیسییەکانی دەوڵەتیشدا، سانسۆرێکی ناڕاستەوخۆ هەر هەبوە. بە دەقیقتر دەتوانین بڵێین هەڵتۆقینی توێژی ڕۆشنبیران و ئەو دەسەڵاتە ڕەمزییەی کە پێیان دراوە، بەرئەنجامی ئەو سانسۆرە بوە کە نەوەیەکی دیکە و ئاڕاستە ڕەخنەییەکانی دیکەی گرتوەتەوە. ئەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەوڵی بۆ دەدات شکاندنی دەست و پێی کتێبە تاوەکوو ئەوەی لەگەڵ ئەواندا نایەتەوە، نەگات بە خوێنەر و جەماوەر، لە باشترین حاڵەتیشدا بە لەرزۆکی و خاو و خلیچکی بگات؛ مەگەر ئەوانەی بە ناوی ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست و وەشانخانەکانەوە بە مەبەست ڕێگری لە "دەرکەوتن، فرۆشتن، چاپکردن، قسەلەسەرکردن، خوێندنەوە، خوێندنی هەندێک کتێب لە زانکۆکان" دەکەن، هەر سانسۆر نییە؟

کەواتە لەمەدا ساڵانێکە سانسۆر هەیە و ئەو ڕۆشنبیرانەی ە بەردەوامن، کە گوایە کتێب بە بێ ژمارەی سپاردن چاپ دەکەن، درێژەپێدەری ئەم نەریتەن و ناڕاستەوخۆ بەشداربوون لە سیستەمی سانسۆردا. ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سەر سانسۆری سەر ئەو کتێبانە نەهاتنە جواب کە لەگەڵ ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژیی ئەواندا ناتەبان. ئێستا کە ترس لەسەر بڵاوکراوەکانیان دروستبووە، نەک لە خودی سیستەمەکە بەڵکو لە کۆمەڵە کارەکتەرێکی ناو دەسەڵات کەوتوونەتە تەقە و تەواوی کێشەکە دەبەستنەوە بە وەزیرێکەوە و پێیان وایە دەبێت بە زوویی ئەم کەسانە لاببرێن. حەقی خۆیەتی ئەم پرسیارەیان لێبکرێت ساڵانێک کە لە سەرچاوەی دەسەڵات دەتانخوارد و لە دەزگا چاپەمەنییەکانیان سوودمەندبوون و لە تریبون و سەکۆکانیانەوە ڕیکلام بۆ کارەکانتان دەکرا بۆ ڕۆژێک لەسەر سیستەمەکە نەهاتنە دەنگ و باستان لە ڕابردووی تیرۆر و سانسۆری ئەم نەزمە نەکرد؟ جگە لەوەی بەشداربوون لە سیستەمی سانسۆردا بە شێوەیەکی دیکە، هاوکات ئایا بەشداریش نەبوون لە سیستەمی تیرۆر؟


2. پاساوی ڕێنووس و ئەکادیمیا: پەیوەست بە پرسی سانسۆرەوە هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان ئەم دوو دەربڕینەدا:
وەزارەتێک: "لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا، نابێت هەموو کتێبێک چاپ بکرێت".
ڕۆشنبیرێک: "لە پێناو پاراستنی زمان و پەیڕەوکردنی ڕێنووسێکی شیاودا، نابێت هەموو کتێبێک چاپ بکرێت".
هەر دوو لا دەستیان بۆ دەستەواژەیەک بردوە کە پێناسەیەکی جێگیری نییە، لانی کەم لە دونیای ئێمەدا. بەرژەوەندییە باڵاکانی وەزارەتێک گەلێک جیاوازە لە بەرژەوەندییە باڵاکانی تاکێک لە خوارەوەی کۆمەڵگە. بە هەمان شێوە لە سایەی نەبوونی هیچ ڕێنووسێکی یەکگرتووی کوردی، کە کۆڕاییەکی فراوانی لە سەر بێت، هەموو قسەکردنێک لە سەر پێشێلکردنی ڕێنووس، قسەیەکی ناتەواوە و کەڵکەڵەی بچووککردنەوەی بازنەی نووسین و وەرگێڕان و چاپ و بڵاوکردنەوەیە.
خەلەلی هەرە گەورە لەو عەقڵیەتەدایە کە دەیەوێت خوێنەران و گەنجان و ڕەخنەگران فێری ئەوە بکات پێش خوێندنەوەی هەر کتێبێک تەماشای بەرگی پشتەوەی بکەن تاوەکوو بزانن ئایا ئەم کتێبە خاوەنی زنیرەی کتێبی نێودەوڵەتییە یاخود نا!


3. لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە شینی بۆ دەکرێت، ئازادییەکی لەدەستچوو نییە، بەڵکوو سەرابی ئازادییەکی مەرجدار بوو، کە کەمترین زەبری بەر ئەمان کەوتوە، نەک ئازادییەکی ڕادیکاڵ و جەماوەری، بەڵکوو ئازادییەکی سەلامەتی هێڵی ناوەڕاست بوە. ئەو دەمەی کتێبەکان سانسۆر دەکران و نووسەران سووک دەکران، هەرگیز هەڵوێستێکی ڕاستەقینەی ئەم ڕۆشنبیرانە نەبیستراوە، چوونکە سانسۆرەکە بەرۆکی ئەوانی نەگرتوە و لە سەر پایەی موجامەلەکردنی دەسەڵات، ئازادییەکی ساختەیان بۆ دروست کرابوو. هەر بۆیە ئێمە بە هەموو جۆرێک، هەموو جۆرە سانسۆرێک بۆ سەر هەر کتێب و نووسەرێک ڕەت دەکەینەوە، بەو نووسینانەش کە دژ بە ئێمە نووسراون.