ئازەربایجان لە دەوڵەتێکی کوردیەوە بۆ دەوڵەتێکی بە تورک کراو و نامۆکراو بە کورد

ئازەربایجان لە دەوڵەتێکی کوردیەوە بۆ دەوڵەتێکی بە تورک کراو و نامۆکراو بە کورد

477 خوێندراوەتەوە

سۆران حەمەڕەش


وەک کەسێک کە بەدوای مێژووی کورد دا عەوداڵم، کاتێک ئەم زوڵم و زۆرەی کە بەرامبەر بە کورد کراوە لەبەرامبەردا ئەو نائاگاییەی دەبینم بەرامبەر بە خۆی، ئازارێکی زۆر دەچێژم. کاتێک دەبینیت ئەمڕۆ خەریکە کورد لە ئازەربایجاندا ناهێڵرێت و ئەوەی کە ماویشە بەشێکی زۆریان لەم جەنگانەدا کەوتوونەتە کەمپی پەنابەریەوە بێ ئەوەی کە کورد خۆی ئاگاداری ئەوە بێت، هێندەی تر توڕە دەبم. سەرەڕای ئەوە میدیای کوردیش وەک وڵاتێکی نامۆ بە کورد ناوی ئەو وڵاتە داگیرکراوە دەهێنێت.

،،

ناوهێنانی ئازەربایجان بە دەوڵەتێکی کوردی لەم وتارەدا، هەوڵێکی ناسیۆناڵیستانە نیە، ئەوە ڕاستیەکی مێژوویی حاشاهەڵنەگرە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بنەچەی مێژوویی ئازەربایجان و چۆنێتی ناونانی ئەو دەوڵەتە و هاتنی خێڵە تورکە دڕندەکان، بە ڕوونی ئەو مێژووە دەکەوێتە ڕوو. نزیکی سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر ئەو ناوچەیە بە وڵاتی مانا ناو دەهێنرا. ماناییەکان هێندە هاوفەرهەنگ و هاوزمانی میدەکان بوون، لەگەڵ فراوانبوونی دەسەلاتی میدیدا بوون بە بەشێک لە دەوڵەتی میدی. تەنانەت دواتر ناوی پادشای ماناییەکان و میدەکان، لە سەرچاوە یۆنانی و ئاشوریەکاندا تێکەڵ بوون. بۆ نموونە پادشای مەزن دیاکۆ کە لە سەرچاوە ئاشوریەکاندا بە مانایی باسکراوە، کەچی لای یۆنانیەکان کە سەرچاوەی نوێترن، بە میدی لەقەڵەم دراوە.


لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی میدیدا وڵاتی مانا ناوی بزر بوو و بوو بەشێک لە میدیا و لە ژێر دەسەڵاتی میدەکاندا بوو هەتاوەکو هاتنی ئەسکەندەری مەقدونی. لە دوای هاتنی ئەسکەندەرەوە تەنها شوێن لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بە سەربەخۆیی هێلرایەوە، ناوچەی سەرەوەی میدیا بوو کە درا بە پادشای لێهاتووی کوردی میدی بە ناوی ئاتەرپاس کە ناوەکەی مانای (ئاگر پارێز) دەدات بە زمانی میدی و کوردی ئەمڕۆ. ئەو وڵاتە بە ناوی ئەو پادشایەوە ناونرا (ئاتەرپاسیان) واتە (وڵاتی ئاگرپارێز). میدەکان وەک حوکمڕانی ئەو دەڤەرە لە ژێر ناوی میدیای ئاتەرپاسیان (ئازەربایجان) دا حوکمڕانی ئەو ناوچەیەیان دەکرد.


کە سوپای ئیسلام ئەو ناوچەیەی خستە ژێر باجەوە، کورد لە زۆر لە بەڵگەنامەکانی ئەو سەردەمە وەک پێکهاتەی سەرەکی ئەو وڵاتە ناوی هاتووە و ناوە ڕەسەنە کوردیەکەی وڵاتەکە لەگەڵ هاتنی عەرەبە موسوڵمانەکاندا کراوە بە ئازەربایجان. دواتر لە سەدەی نۆیەمی زاینیەوە دوو دەوڵەتی کوردی حوکمڕانی ئەو وڵاتەیان دەکرد. شەدادیەکان لە بەشی سەرەوەی ئەو وڵاتە، لە گەنجە و ئاران و دڤین (شوێنی لەدایکبوونی باوکی سەلاحەدین) هەتاوەکو باکۆ حوکمیان دەکرد. بەشەکەی خوارەوە لەلایەن ڕەوەندیەکانەوە حوکم دەکرا کە تەورێز پایتەختەکەیان بوو و ورمێ و مەراغە و زۆربەی بەشەکانی تری ئازەربایجانی دەگرتە خۆی.


ئەو وڵاتە هێندە کوردی بووە و کورد بە وڵاتی خۆی داناوە، کۆنترین کتێب کە لە سەرچاوەکاندا ناوی هاتووە سەبارەت بە مێژووی ئازەربایجان، میرێکی کوردی ڕەوەندی نووسیویەتی. ئەو کتێبە مێژووییە گرنگە میرێکی کورد لە سەردەمی حوکمڕانی کورداندا نووسیویەتی. هەرچەندە کتێبەکە لە سەرچاوەکاندا باسکراوە بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ئەو کتێبە دیار نیە یان بزر کراوە و فەوتێنراوە. دۆزینەوەی ئەو کتێبە دەرگایەکی مەزن لەسەر مێژووی حوکمڕانی کورد لەو دەڤەرەدا دەکاتەوە.


لە ڕاستیدا کورد نەک ئازەربایجانی وڵاتی خۆیان حوکم کردووە بەڵکو پادشای کورد نزیکی دوو هەزار و سێ سەد ساڵ لەمەوبەر حوکمڕانی ئەپخاز بوو کە ئەمڕۆ هەرێمێکە دەکەوێتە ئەو دیو وڵاتی جۆرجیاوە و کێشەی لەسەرە لە نێوان ڕوسیا و جۆرجیا. هاتنی تورکان بۆ ئەو وڵاتە نوێیە، لە سەدەی دەیەمی زاینیەوە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ووردە ووردە خێڵە تورکە دڕندەکان ڕوویان کردە ئەو ناوچەیە. سەرەتا میری کوردی ڕەوەندی کۆمەڵێکی وەک جەنگاوەری کرێگرتە هێنایە ناوچەی خۆی. ئەو هەنگاوەی میری ڕەوەندی، میری شەدادیەکانی نیگەران کرد و لەسەر ئەوە پەیوەندیان تێکچوو. دواتر میری ڕەوەندی بۆی دەرکەوت کە زەحمەتە تورکە دڕندەکان لەغاو بکرێن و وەک جەنگاوەری کرێگرتە بەکاربهێنرێن، بۆیە لە داوەتێکدا نزیکی سی سەرکردەی گەورەی تورکە غوزەکانی کوشت و لە ئازەربایجان ڕاوی نان. ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئاشتبوونەوەی میری ئەم دوو دەوڵەتە کوردیە و شاعیرێکی ئازەربایجانی کە دیارە کورد بووە، بە شیعر ئاماژە بەو دیدار و ڕێکەوتنەوەی ئەو دوو میرە کوردە دەکات.


دواتر خێلە تورکە دڕندەکان هێرشی گەورەتریان کردە سەر ناوچەکە و ووردە ووردە کەوتنە دزی و جەردەیی و ڕاووڕووت لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردا. لە وڵاتی فارسەوە کە لە ژێر دەستی کوردەکانی فارسدا بوو، بۆ هەمەدان و ڕەی هەتاوەکو ئازەربایجان و دەولەتەکانی وەک حەسنەوی و عەنازی و مەروانی... کەوتبوونە بەر شاڵاوی خێڵە تورکە دڕندەکان. ووردە ووردە دەسەڵاتی کوردی لەو ناوچانەدا ڕووی لە کزی کرد هەتاوەکو سەدەی دوانزە دەوڵەتە کوردیەکان سەرەتا بوون بە باجدەری تورکە سەلجوقیەکان و قۆناغ بە قۆناغ هەتاوەکو سەلجوقەیەکان خۆیان بوون بە حوکمڕانی سەرەکی ئازەربایجان و ناوچەکە. بەڵام کورد هەر بەشێکی گرنگی ئەو وڵاتە بوو سەرەڕای هەوڵی توانەوە لەلایەن خێڵە تورکە دڕندەکانەوە. ئەمڕۆش لێکۆڵینەوەی دی ئێن ئەی ئەو وڵاتەش دەری دەخات کە هێشتا کەمێک زیاتر لەسەدا سی خەڵکەکەی لە ڕووی خوێنەوە سەر بە خێلە تورکە دڕندەکانن. واتە سەرەڕای هەوڵی ئەسیمیلەکردنی خەڵکەکەی و بەتورککردنی، ئەو ڕاستیە مێژوییە ناتوانرێت بشارێتەوە و زانستی دی ئێن ئەی جارێکی تر دووپاتی دەکاتەوە کە تورک کەمینەن.

،،

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەرێمێک دامەزرا لەو ناوچەیەدا کە کورد زۆرینە بوو بە ناوی کوردستانی سور، هەتاوەکو دواتر نەوەی خێڵە تورکە دڕندەکان لە ئازەربایجان کۆتاییان بەو هەرێمە سەربەخۆیەش هێنا (پێشتر بابەتم لەسەر نووسیوە و لینکەکەی لە خوارەوە دادەنێم).


لە ڕاستیدا کوردەکانی ئازەربایجان یەکێک بوون لەو بەشانەی کورد کە لە ڕابردوودا لەهەموو کوردەکانی بەشەکانی تری کوردستان زیاتر ئاشنای مێژووی خۆیان بوون. لە سەدەی پێنجەمی زاینیدا (هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر) مێژوونووسی ئەرمەنی موسای خۆرێنی ئاماژە بە لاوک بێێژانی ئەو ناوچەیە دەکات کە بە شانازیەوە لە گۆرانیەکانیاندا خۆیان گەڕاندۆتەوە بۆ دوایەمین پادشای مید ئەژدەهاک (ئەستیاگ) و خۆیان بە نەوەی ئەو داناوە. بنەماڵەی سەلاحەدینی ئەیوبیش لەو دەڤەرە ڕەسەنە کوردیەوە سەریان هەڵهێنابوو کە خۆیان بە نەوەی ئەژدەهاک داناوە (بابەتم لەسەر ئەو پەیوەندیە نووسیوە).


شاعیری جیهانی مەزنی کورد، نیزامی گەنجەوی (١١٤١-١٢٠٩) بەشێک لەو ڕاستیانەی کوردانی ئەو دەڤەرە دەخاتە ڕوو. نیزامی کە خۆی کورد بووە و بە شانازیەوە باسی دایکە کوردەکەی دەکات کە خەڵکی شاری گەنجەی کوردی بووە و پایتەختی دەوڵەتی کوردی بووە، ئەو بە شیعر دەڵێت دایکم کوردە، بێ ئەوەی کە ئاماژە بە ڕەچەڵەکی باوکی بکات لەبەر ئەوەی کە زوو مردووە. ئەو زانا مەزنە دوای مردنی دایکوباوکی، لەلایەن خاڵە کوردەکەیەوە گەورە دەکرێت. سەرەڕای ئەوە تورکەکان بەزۆر دەیانەوێت باوکی بکەن بە تورک و فارسەکانیش لەولاوە دەیانەوێت بیکەنە ئێرانی. بۆ ئەو مەبەستە نەوەی خێڵە تورکە دڕندەکان لە سەدەی بیستەمدا شیعرێکی تورکیان بۆ هەڵبەستووە بەڵام ئەو مەزنە بە ڕوونی لە بەرهەمەکانیدا ئاماژە بە دەسەڵاتی پادشای کوردی میدی دەکات کە لە سەدەکانی سێیەمی پێش زایین وەک هاوپەیمانی ئەسکەندەی مەقدۆنی لە دژی ڕووسەکان جەنگاوە. سەرەڕای ئەوە ئێستاکە نیزامی گەنجەوی مەزن وەک وڵاتی ئازەربایجان، لە ئێمە دزراوە و نامۆکراوە و نەوەی خێلە تورکە دڕندەکانی ئازەربایجان کردوویانەتە شاعیری گەورەی تورکی ئازەربایجان و ئەو پیاوە مەزنە جیهانییەیان لێ دزیوین (پێشتر بابەتم لەسەر نووسیوە و لینکەکەی لە خوارەوە دادەنێم).


ئەمڕۆ لە وڵاتی ڕەگەزپەرستی ئازاربایجانی بندەستی خێلە تورکە دڕندەکاندا، هەوڵێکی تەواو دەدرێت بۆ سڕینەوەی ئەو مێژووە دەوڵەمەندەی کورد و هەزاران بەڵگەنامەی مێژوویی کورد لەو دەڤەرە لە ناوبراون. بە دڵنیایی کتێبەکەی میری ڕەوەندی کورد کە لەسەر مێژووی ئازەربایجان بووە، هەر لە سایەی هاتن و هەوڵی خێلە تورکەکاندا بزر کراوە. دۆزینەوەی ئەو کتێبە جارێکی تر دەیسەلمێنێتەوە کە ئازەربایجان دەوڵەتێکی کوردی و خاکێکی کوردی ڕەسەنە و بەشێکی گرنگی مێژووی کوردە نەک وڵاتێکی نامۆ بە کورد کە ئەمڕۆ لە بێ ئاگایی کورد دا وایلێهاتووە.


منی مێژوونوسیش زۆر جار وەک باپیرم، موفتی پێنجوێنی، هەر هاوار و ناڵە دەکەم. ئەو زاتە لە توڕەیی و نائومێدیدا دەفەرموێت:
موفتی گەر ئەقڵت هەبێ، هەوڵی ژیانت چاترە
سەد ئەوەندەی تر بڵێی، دەردی بێ دەرمانە کورد!
بەڵام موفتی سەرەڕای هەندێک جار نائومێدبوونی، جارێکی تر وەک سوربوونی لەسەر ئەو مەسەلەیە دەفەرموێت:
عاقیبەت هەر مردنە و باکت لە کوشتن تۆ نەبێ،
چی ئەزانی هەر بڵێ، موفتی لە ڕێگەی چاکەوە!


منیش ئەمڕۆ هەر لەسەر ڕێچکەی ئەو، گازەندە دەکەم و توڕە دەبم و هەروەکو ئەو زاتەش بە نیازیش نیم کۆڵ بدەم و لەسەر ئەم ڕێگایە دەمێنمەوە لەبەر ئەوەی کە لای ئەو زاتە و منیش، هیچ کێشەیەک هێندەی کێشەی کورد گوزارش لە ناعەدالەتی مرۆڤ ناکات. بۆ من چارەسەرکردنی کێشەی کورد، ڕاستکردنەوەی ناعەدالەتیەکی مەزنی مێژووییە. سەرەڕای ئەوە بەداخەوە ئەمڕۆ کورد خۆی لەتاو ڕاووڕووت و جەردەیی حوکمڕانی نەیتوانیوە برینەکەی ساڕێژ بکات.
هەوڵەکەی من لەبەر ئەوەیە کە دڵنیام کە ئاشناکردنەوەی تاکی کورد بەو ڕاستیە مێژوویانە بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی بە ئاگاهاتنەوەیدا. مرۆڤی ژێر دەستە دەبێت لە ڕووی فکریەوە ئازاد بێت و بە ئاگابێتەوە لەبەر ئەوەی کە هەتاوەکو بەئاگا نەیەتەوە هەر بە دیلی دەمێنێتەوە، جا ئەو دیلیە دیلی دەسەڵاتی خۆماڵی بێت یان بێگانە. مرۆڤی بەئاگا مرۆڤێکی ئازادە و ناتوانرێت دیل بکرێت.

نووسینی سۆران حەمەڕەش


تێبینی:
- وێنەکان نەخشەی ئازەربایجان و وێنەی شاعیری مەزنی کورد نیزامی گەنجەویە
- من لەسەر فەیسبوک ناتوانم پەیڕەوی ڕێچکەی ئەکادیمی بکەم، لەبەر ئەوەی کە ئەو ڕێچکەیەم بۆ کتێب داناوە و دەبێت بە ڕوونی بڵێم کە ناتوانم توڕەیی خۆم بەرامبەر بە ناعدالەتی و زوڵم بەرامبەر بە کورد لە وتارەکانمدا بشارمەوە. بۆیە زۆر بە ڕوونی دڵی خۆم دەکمەوە و توڕەیی خۆم دەئاخنمە ناو بابەتە مێژووییەکان و بە ئاشکرا دەڵێم (نەوەی خێڵە تورکە دڕندەکان) و زۆر بە ئاگاوە ئەو دەستەواژانە بەکاردەهێنم لەبەر ئەوەی کە دەستەواژەی لەوە گونجاوتر نابینم کە بەکاری بهێنم. هەروەها ئەم بابەتەم بە گشتی نووسیەوە لەبەر ئەوەی کە ووردەکاری بابەتەکە و سەرچاوەکانی لە کتێبە نوێکەمدا بە ووردی دەخرێتە ڕوو و بە هیوام لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوودا چاپبکرێت. زانیاری زیاتر و سەرچاوە لەوێ دادەنرێت و لێرەدا هەر هێندە دەتوانم بنووسم. هەروەها لەم لینکانەی خوارەوەدا بابەتی پەیوەندیدار بە ئازەربایجانی کوردەوە خراوەتە وو:

لەم لینکەدا بابەتێک لەسەر کوردستانی سور دانراوە:
https://www.facebook.com/photo/?fbid=666489816720022&set=a.172935546075454
لەم لینکەدا بابەتێک لەسەر هاتنی خێڵە تورکە دڕندەکان بۆ ئەو دەڤەرە خراوەتە ڕوو:

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=2934616073240707&set=pb.100000770292893.-2207520000..&type=3

لەم لینکەدا بابەتێک لەسەر زانا و شاعیری کورد نیزامی گەنجەوی دانراوە:

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=567025709999767&set=pb.100000770292893.-2207520000..&type=3

لەم لینکەدا پەیوەندی بنەماڵەی سەلاحەدینی ئەیوبی بە ئازەربایجانەوە خراوەتە ڕوو:

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=2634406349928349&set=pb.100000770292893.-2207520000..&type=3