ئەگەر ترامپ گیان لەدەست بدات؟

ئەگەر ترامپ گیان لەدەست بدات؟

1625 خوێندراوەتەوە

لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا نزیكەی مانگێكی دیكە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە 3ی نۆڤەمبەردا ئەنجام دەدرێت، بەڵام دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكا جیهانی توشی سەرسوڕمان كرد و هەواڵی توشبوون بە كۆرۆنای خۆیی و میلانیای هاوسەرەكەی ئاشكرا كرد، ئەمە لە كاتێكدایە كە هۆب هێكس گەورە ڕاوێژكاری ترامپ چەند ڕۆژێك لەمەوپێش توشی ڤایرۆسەكە بووبوو.

،،

سەرۆكی ئەمریكا دووپاتی كردەوە، كە لەگەڵ هاوسەرەكەی خۆیان كەرەنتین دەكەن، هەروەها پزیشكی ترامپ ئەمڕۆ ئاشكرای كرد، كە سەرۆك تەندروستی باشە و دەتوانێت لەماوەی كەرەنتیندا لەگەڵ خانمی یەكەمی ئەمریكا، بەبێ دابڕان بە كارەكانی خۆی هەستێت.

شۆن كۆنلی پزیشكی تایبەتی ترامپ دەڵێت:" هەردووكیان باشن و لە ئێستاد پلانی مانەوەیان لە ماڵەوە لە كۆشكی سپی دادەڕێژن".
بەڵام هەر بە بڵاو كردنەوەی هەواڵەكە، زۆرێك دەپرسن كە ئاسا ئەم كەرەنتین كردنە چ كاریگەرییەكی لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا دەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ترامپ توشی كۆرۆنا بووە، ئەمەش ڕێگری لێدەكات كە بتوانێت بەشێوەیەكی سروشتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بەڕێوەبەرێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، حازم غوبرا، ئەندامی پارتی كۆماری و ڕاوێژكاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكات، كە توشبوونی سەرۆك ترامپ بە ڕووداوێكی بێ پێشینە لە پەتاكە دادەنرێت، هەروەها كاریگەری لەسەر ملیۆنەها كەس دەبێت لەسەرانسەری جیهاندا.
غوبرا لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی حورە دەڵێت:" توشبوونەكەی هاوكاتە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و هەڵمەتەكانی ترامپ،بۆیە ئەم توشبوونە زۆرێك لە كارە سەرەكیەكانی هەڵمەتەكە پەك دەخات".
بەڵام محەمەد ستحوی، چاودێری سیاسی میسری و شارەزا لە كاروباری ئەمریكا پێیوایە، توشبوونی ترامپ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاستەوخۆ كاریگەری لە سەر هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی ترامپ دەبێت.
دەشڵێت:"سەرۆك ترامپ هەرچەندە توشی كۆرۆنا بووە، بەڵام مكوڕە لەسەر كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی، چونكە ئەو كۆبوونەوە جەماوەریانە بە ئۆكسجینی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن دادەنرێن".

كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان:

دوای چەند كاتژمێرێك لە توشبوونی ترامپ بە كۆرۆنا، كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، سەرۆك ترامپ ئەو كۆبوونەوە جەماوەرییەی هەڵوەشاندۆتەوە، كە وا بڕیاربوو ڕۆژی هەینی لە فلۆریدا ئەنجامی بدات.

،،

ترامپ كە كاندیدی كۆمارییەكانەو بۆ ویلایەتی دووەم خۆی كاندید كردووە، نیازی هەبوو چەندین كۆبوونەوەی جەماوەری لە ویلایەتەكانی ئەمریكا ساز بكات.


هەرچی پەیوەست بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیشە، غوبرا دەڵێت:" دیموكراتەكان دەیانەوێت ئەم دۆخەی ترامپ بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە، بەڵام سەرۆك ترامپ بە توشبوونی دەتوانێت هەستی هاوڵاتیەكی زۆری ئەمریكا بەلای خۆیدا ڕابكێشێت، بۆیە زەحمەتە دۆخی تەندروستی ترامپ كە كاتیە كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبێت".


ڕوونیشی دەكاتەوە، كە ترامپ بەم دۆخەی هەست و نەستی هاوڵاتیانی ئاسایی ئەمریكا بۆلای خۆی ڕادەكێشێت، هەر ئەم هەستەی هاوڵاتیانیش بوو كە بووە هۆی سەركەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016دا.

دیبەیت:
ئەوەی ئەمریكیەكانی نیگەران كردووە، دیبەتەكانی سەرۆكایەتیە، كە لەئەمریكا بۆتە كلتورێك و كاندیدەكان دیبەیت پێكەوە ئەنجام دەدەن و دیدو بۆچوونی خۆیان لەسەر چەندین دۆسیە ڕوون دەكەنەوە،بەڵام ئەگەر ترامپ بۆ ماوەی 14 ڕۆژ كەرەنتین بكرێت، ئەوە ناتوانرێت دیبەیتی دووەم ئەنجام بدرێت، كە ڕۆژی 15ی ئۆكتۆبەر بۆ ئەو دیبەیتە دیاری كرابوو.
غوبرا دەڵێت:" پێشبینی دەكەم كە دیبەتەكان دوابخرێن، ئەم دیبەتانە كاریگەریەكی ئەوتۆیان لەسەر ئەنجامەكان نابێت،چونكە هاوڵاتیەكی كەمی ئەمریكا بینەری دەبن".
دەشڵێت:" هاوڵاتیانی ئەمریكا دەتوانن لەسەر ئینتەرنێت، بەرنامە و پرۆگرامی كاندیدەكان بزانن، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی دیبەتەكان بكەن".

ئەگەر ترامپ گیان لەدەستبدات:

هەرچەندە پزیشكەكەی كۆشكی سپی دووپاتی كردەوە، كە تەندروستی سەرۆك ترامپ جێگیرە، بەڵام ئەگەر بەهۆی كۆرۆناوە ترامپ گیان لەدەستبدات، ئەو كات هەڵبژاردنەكان چۆن ئەنجام دەدرێت و كێ دەبێتە جێگرەوەی ترامپ؟

،،

دەستوری ئەمریكا چارەسەری بۆ ئەمە داناوە و دەڵێت" لە حاڵەتی مردن، یان دەست لەكاركێشانەوە یان لەسەر كارلابردن، یان هەر هۆكارێكی دیكە سەرۆك نەیتاوانی پۆستەكەی بەڕێوە ببات، ئەوا جێگرەكەی شوێنی دەگرێتەوە و دەسەڵاتەكانی بەكار دەهێنێت".


بەڵام لە حاڵەتی نەبوونی جێگری سەرۆك بە هەر هۆكارێك، ئەوا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كارەكانی سەرۆك بەڕێوە دەبات، ئەگەر ئەویش لە پۆستەكەیدا بوونی نەبوو، سەرۆكی ئەنجومەنی پیران دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەمریكا بەكار دەهێنێت.
بۆ هەڵبژاردنەكانیش، جێگری سەرۆك ڕاستەوخۆ دەبێتە كاندیدی هەڵبژاردنەكان، خۆ ئەگەر چەند ڕۆژێكی كەمی مابوو، نەتوانرا كارتەكان چاپ بكرێنەوە، ئەوە دەتوانرێت هەر بە كارتە كۆنەكە هەڵبژاردنەكان بەڕێوە بچێت، خۆ ئەگەر كاندیدی لایەك سەركەوتنی بەدەستهێنا و پێش سوێندی یاسایی كۆچی دوایی كرد، ئەوا هەر جێگرەكەی دەبێتە سەرۆك.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی