ئایا ترامپ مەترسی لەسەرە؟

ئایا ترامپ مەترسی لەسەرە؟

420 خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دوێنی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و میلانیای هاوسەری توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، سەرەتا تیمی پزیشكی ترامپ باسیان لە تەندروستی باشی ترامپ دەكرد، كە هیچ نیشانەیەكی قورسی لەسەر دەرنەكەوتووە، بەڵام دوای كەمتر لە بیست و چوار كاتژمێر هەندێك ئاماژە و هەواڵ بڵاو بوونەوە، كە باس لە خراپی و نیگەرانی كۆشكی سپی دەكەن و 48 كاتژمێری داهاتوو بە یەكلاكەرەوە دەزانن.


سەرچاوەیەكی تایبەت بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە كە" تاكو ئێستا ڕوون نیە كە ترامپ بەرەو باشبوون دەڕوات یان نا"
هۆكاری نیگەرانییەكان لە تەندروستی سەرۆك ترامپ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ترامپ تەمەنی 74 ساڵە، ئەم تەمەنەش بۆ توشبوانی كۆرۆنا مەترسیدارە، مەترسیدار بە واتای ئەوەی نیشانەكانی بە قورسی تێدا دەردەكەوێت، هەروەها ئەگەری مردنیشی لە %4 دەبێت، بەڵام توانای جەستەیی و چالاكی ڕۆژانە پێش توشبوونی بە ڤایرۆسەكە ڕێژەی ئەم ئەگەرانە دەگۆڕێت.


مەترسیەكی دیكەی ترامپ ئەوەیە، كە كێشی (110.67كگم)كە ئەمەش بە بەراورد بە ڕێژەی باڵای كە (1.91مەترە) ڕێژەیەكی زۆرە، ئەمە جگە لەوەی ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێنیدا بەرزە، كە ئەمەش مەترسی دەركەوتنی نیشانەی قورس زیاد دەكات.


د. جریجوری پۆلاند، پسپۆڕی نەخۆشیە گوازراوەكان لە نۆرینەگەی مایۆ كە هیچ ڕۆڵێكی لە چاودێری ترامپدا نەبووە دەڵێت:" ئەگەرێكی لاواز هەیە، كە ترامپ نیشانەكان بە سوكی بگرێت، چەندین هۆكار هەیە كە نیگەرانمان بكات لە تەندروستی".


دەشڵێت:" كۆرۆنا یەكێكە لەو ڤایرۆسانەی كە ناتوانرێت بە وردی پێشبینی بكرێت، كە توشبووەكە دۆخی تەندروستی چۆن دەبێت، گەنجمان هەبووە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانی لەدەستداوە.

،،

لەلایەكی دیكەوە مایكڵ هید، مامۆستای تەندروستی جیهانی لە زانكۆی ساوسهامبتۆن، ترامپ دەخاتە ڕیزی ئەو كەسانەی كە مەترسیان لەسەرە، ئەو دەڵێت:" دۆخی سەرۆك دەخرێتە پلەیەكەوە كە مەترسیدارە، چونكە سەرباری تەمەنی كێشی زۆرە".


كێشەی ترامپ هەر ئەوانە نیە، بەڵكو زۆری كێش و تەمەن دەبێتە مایەی توشبوون بە نەخۆشی دیكەی وەك شەكرە و فشاری خوێن، لەوبارەیەوە جۆلیان تانگ پسپۆڕی كۆئەندامی هەناسە لە زانكۆی لیستەر دەڵێت:" بە چاوپۆشین لە تەمەن و قەڵەوی، دەكرێت ئەمانە كێشەی دیكەی تەندروستی بۆ دروست بكەن، وەك بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و نەخۆشیەكانی دڵ و سی و نەخۆشیە درێژخایەنەكان، كە ئەمانەش دەبنە هۆی توندبوونەوەی نیشانەكانی نەخۆشی كۆڤید-19".
تیمی پزیشكانی ترامپ ، ئاشكرای دەكەن، كە سەرۆك ترامپ بۆ دابەزینی ڕێژەی كۆلیستۆڵ ڤاكسینی " ستاتین" بەكاردەهێنێت، كە ئەم چارەسەرەش ڕاستە كۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێت،بەڵام مەترسی توندبوونی نیشانەكانی كۆرۆنا زیاد دەكات.


ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو لە شاری ووهانی چین سەری هەڵدا، دواتریش بە هەموو جیهاندا بڵاوبوویەوە، ئەو ڤایرۆسە بە " كۆڤید-19" ناسێنرا، بەڵام ترامپ چەندین جار بە " ڤایرۆسە چینیەكە" ناوی هێناوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە چین بەرپرسە لە بڵاووبونەوەی ڤایرۆسەكە.


ئەوەی پسپۆڕانی پزیشكی ئاماژەی پێدەكەن، كە ترامپ مەترسی مردنی كەمە بەشێوەیەك لە سەدە 4 تێپەڕ نەكات، بەڵام بەهۆی هەندێك نەخۆشی دیكە و تەمەنیەوە، ئەگەرێكی زۆری هەیە نیشانەكانی بە قورسی تێدا دەربكەوێت، بەمەش پێدەچێت ڤایرۆسە چینیەكە تەنگی پێهەڵبچنێت و لەم كاتە هەستیارەدا كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندایە لە كارەكانی دووری بخاتەوە.