گوناحی ئەخلاقی و گوناحی شەرعی

گوناحی ئەخلاقی و گوناحی شەرعی

438 خوێندراوەتەوە

جەمیل عوسمان


گوێم لە وتارخوێنێک بوو، هاواری ئەکردو ئەیوت: واللە زینابکەیت، مەشروب بخۆیت، دزی بکەیت، تاد.. ، لەوەباشترە نوێژ نەکەیت.
بەکورتی زۆرێک لەواعیز وحەرفی وسەلەفییەکان پێیانوایە کە دیندارێکی بێ ڕەوشت، باشترە لە ڕەوشتبەرزێکی بێ دین.
لێرەدا پێمخۆشبوو باسێک لە جیاوازی گوناحی ئەخلاقی و گوناحی شەرعی بکەم، جیاوازیان چیەو کامیان خراپ و بەدترینە؟!


گوناح چەندین پۆلێنکاری بۆکراوە، لەوانە:
لەڕووی فیقهەوە: گوناحی گەورە، وەک کوشتن، شەریک بۆ خوادانان، گوناحی بچوک وەک غەیبەت و نەزەرو جنێوان و تاد...
لەڕووی عیرفانەوە، گوناحی جەستەیی وەک زیناکردن، و کوشتن، گوناحی نەفسی وەک حەسودی، خۆبەزلزانین..تاد..، گوناحی دڵ، وەک مەیل و ئەوینی دڵ بۆ غەیری خوا، بەجۆرێک کە مەخلوقێکت زیاتر لەخوا خۆشبوێت.
لەڕووی مەنتیق و فەلسەفەی دینەکانەوە گوناح دوو جۆرە:
گوناحی شەرعی، وەک مەشروب خواردنەوە، نوێژ نەکردن و تاد ...
گوناحی ئەخلاقی وەک خیانەت، درۆ، خوێنڕشتن..تاد...

،،

گوناحی شەرعی لەدین وشەریعەتێکدا تاوانەو ناشیرینە، بەڵام ڕەنگە لەدیدو تێڕوانیی ئاینەکانی ترا گوناح نەبێت، بۆنمونە مەیخواردنەوە، یان نوێژنەکردن لە ئیسلامدا تاوانن، لەکاتێکا لای مەسیحی وجولەکەو ئەوانیتر تاوان نین. بەڵام گوناحی ئەخلاقی تەواوی مرۆڤایەتی و ئاینەکانی ئاسمان و زەمین کۆکن لەسەر حەرامبونی، وەک خیانەت، کوشتن، درۆکردن.


پرسیارەکە لێرەدایە: ئایا گوناحی ئەخلاقی لەگوناحی شەرعی گەورەترە، یان بە پێچەوانەوە؟ ئایا مرۆڤێکی ڕەوشتبەرز، کەپابەندی ڕێنماییە شەرعیەکان نییە، باشترە یان دیندارێک کە پابەندی ڕێنمایی و بنەما ئەخلاقیەکان نییە؟
هەموو موسڵمانێک شیاوی بەهەشت نیە، وەک چۆن هەموو ناموسڵمانێک شیاوی دۆزەخ نییە، هەموو ناموسڵمانێک کافرو بێڕەوشت نییە، هەروەک چۆن هەموو مووسڵمانێک ئیماندارو ڕەوشتبەرزنییە (ولما یدخل الایمان فی قلوبکم)
ئەگونجێت مرۆڤ لەبنەڕەتا هیچ دینێکی نەبێت، بەڵام باوەڕی بەخوداو دواڕۆژیش هەبێت و بچێتە بەهەشت.


مەرجی چوونە بەهەشت و پاداشتی نەبڕاوە دووشتە:
یەکەم: ئیمان بەخوداو دواڕۆژ.
دووەم: کردەوەوئەخلاقی جوان.
قورئانی پیرۆز باس‌لە سێ تاقم ئەکات،کە ئەچنە بەهەشت، چونکە ئیمان و ئەخلاقیان هەیە. ئەوانیش موسڵمان،ئەهلی کیتاب،ئەوانەی لەدەرەوەی دینەکان ئیمانیان بەخوا هێناوە،
(ان الذین آمنوا والذین هادوا والنصاری، والصابئین، من آمن بالله، والیوم الآخر وعمل صالحا، فلهم اجرهم عند ربهم ولا خوف علیهم ولا هم یحزنون)البقرة٦۲.
لەم ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەرکەسێکی ئومەتی محەمەد، یان جوو، یان گاور، یان صائبەـ (صائبین ئەوانەن، کەهەردینیان نیە، یان لەدینی گاورو جولەکە پاشگەزبوونەتەوە، بەڵام بڕوایان بەخوای تاقانە هەیە)،ئەگەر ئیمانیان بەخوداو دواڕۆژ هەبێت ئەوا پاداشتی خۆیان وەرئەگرن و ترس و خەفەتیان نابێت، کەواتە مەرجی چوونە بەهەشت لەقورئانا ئیمان و ئەخلاقە، نەک دین و مەزهەب.
لەلایەکی ترەوە قورئان ئاماژە بە دوو تاقم ئەدات کە ئەگەرچی باوەڕداریش نەبن، خودا هەر سزایان نادات.
۱ـ کەسانێک پێغەمبەریان پێنەگەشتوە.
۲ـ کەسانێک بانگەوازی پێغەمبەریان وەک خۆی بەجوانی پێنەگەشتوە، (وماکنا معذبین حتی نبعث رسولا) واتە ئێمە سزای گەلێک نادەین تاوەک پێغەمبەرێکی بۆنەنێرین، پێوەری چونە بەهەشت و دۆزەخ بۆ ئەم دوو تاقمە بریتییە لە ئەخلاقی خۆیان(الحسن، والقبح) لێرەدایە ئەحمەدی موفتی زادە ئەڵێت:( ئیماندار کەسێکە حەقانیەتی خوای ناسیبێت، ئەوجا پەیڕەوی لێبکات، کافریش کەسێکە حەقانیەتی خوای بۆدەرکەوتبێت ئەوجا دژایەتی بکات، وەک فیرعەون و ئەبوجەهل، ئەیانزانی خواکەی موساو محەمەد حەقە، بەڵام دژایەتیان ئەکرد.
زۆرموسڵمان، حەقانیەتی خواو محەمەدیان بەباشی نەناسیوە، بۆیە وێنەیەکی ناشیرین بۆ ئیسلام ئەکێشن،
وەک چۆن زۆرن ئەوانەی حەقانیەتی ئیسلام و محەمەدیان بۆ نەسەلمێنراوە، بەڵکو ئیسلام و خوای لێچەواشەکراوە.
بۆیە ناتوانیت بەهەموو موسڵمانێک بڵێین ئیماندار، وەک چۆن ناتوانین بەهەموو ناموسڵمانێک بڵێین کافر.

،،
کەواتە ئەخلاق غەریزەیەکی مرۆییەو موڵکی هیچ ئاین ومەزهەبێک نییە، ئەگونجێت مرۆڤێکی بە ئەخلاق دینی نەبێت، بەڵام ناکرێت مرۆڤێک دیندار ئەخلاقی نەبێت، شتێکی نامۆ نیە، بێدینەکان ئاکاری جوان وباش بنوێنن، نامۆ ئەوەیە دیندارەکان مامەڵەی نا ئەخلاقی بنوێنن، ناتوانین حاشا لەو ڕاستیە بکەین،کە زۆرێک لەوانەی لەڕواڵەت و گوفتارا دیندارو خواپەرستن، مامەڵەو سلوکیان ناشیرین و نەشیاوە، پاشان دروشمە ئیسلامیەکان بەشێک نین لە کایەی ئەخلاق، بەڵکو چەند وێستگەیەکی گرنگن بۆ‌پتەوکردنی پەیوەندی تایبەتی نێوان مرۆڤ وخودا، لەپێناو بەهێزبونی مەعنەویەت و ڕۆحی باوەڕدار.


بەکورتی دینداری لە غیابی ئەخلاقا وەک درەختێکە بەرنەگرێت، کەشیاوی بڕینە، چونکە سودی بۆ خەڵکو خواش نیە، گوناحی شەرعی، پچڕاندنی پەتی پەیوەندی نێوان بەندەو دینەکەی خۆیەتی، بەڵام گوناحی ئەخلاقی پچڕانی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ویژدانی خۆیەتی، گوناحی شەرعی لەڕوانینی شەرع و هاودینەکانماندا ناشیرینەو تاوانە، بەڵام گوناحی ئەخلاقی لەڕوانینی کۆی دین و مرۆڤایەتیدا ناشیرین و تاوانە، گوناحە شەرعیەکان گوزارشتن لە شکاندنی سنورە قەدەغەکانی دینێک، بەڵام گوناحە ئەخلاقیەکان گوزارشتن لە شکاندنی سنوورە قەدەغەکانی خوداو مرۆڤایەتی و تەواوی دینەکان.
بەگوناحی شەرعی دینداریمان ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام بەگوناحی ئەخلاقی مرۆڤبونیشمان ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.