براگەورەو مامی بچووك لە پەرلەمان

براگەورەو مامی بچووك لە پەرلەمان

469 خوێندراوەتەوە

چوونی حكومەت بۆ پەرلەمان بێمانا دەبێت، كاتێك پەرلەمان لەژێر هەیمەنەی حیزب‌و كۆمەڵێك كارەكتەری سیاسییدا دەبێت‌و بە مەیلی ئەوان هەڵدەسووڕێت.
حكومەت لە پەرلەمان ناترسێت‌و مەیلی لێبێت هەموو ڕۆژێك وەبان فەرشی سووردا خۆی دەكات بەو كەلاوەدا كە خۆیان دەزانن چۆنیان چێكردووەو تا چ ئاستێكیش ڕۆڵیان داوەتێ.

،،

چوونی سەرۆكی حكومەت، یان جێگرەكەی، یان یەكێك لە وەزیرەكان‌و تا هەر كاربەدەستێكی حكومەت، ئەوكاتە بەهاو گرنگی دەبێت كە پەرلەمان پەرلەمان بێت‌و ئەو دامەزراوە بێڕۆڵ‌و نا گاریگەرە نەبێت كە كۆتی هەر دوو هێزی دەسەڵاتدار لە گەردنیدایە.


ئەو پەرلەمانەی هەرێمی كوردستان كە بیست‌و هەشت ساڵە بەرقەرارە، چ ساتێك لە پەرلەمان چووەو ڕۆڵی ڕاستەقینەی پەرلەمانی دیوە تا ئێستا هێزی ئەوەی تێدابێت كە حكومەت بێنێتە ژێر باری چاكسازی، یان وا لە حكومەت بكات بچێتە پای داخوازییەكانی گەل.


سەرباری نائومێدی قوڵ بەرانبەر بەو دەزگایەی ناوی پەرلەمانی كوردستانە، دەربارەی چوونی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و تیمی حكومەت بۆ پەرلەمان، ئەم خاڵانە جێگەی سەرنجن:

یەك: سەرۆكی حكومەت تا ئاستێكی زۆر بە بێباكی دەدواو وەڵامی پرسیارەكانی دەدایەوەو وەستایانەش تاوانی قەیرانەكانی دەخستە ئەستۆی كابینەی پێشووی حكومەت‌و جیا لەپاساو هێناوە بۆ خۆی‌و كابینەكەی، ناڕاستەخۆ تیری دەهاویشتە نێچیرڤانی ئامۆزای، هەروەكچۆن لە سەرەتای دەستبەكاربوونیشیدا ڕایگەیاند كە لە كابینەی ئامۆزاكەیەوە بیست‌و حەوت ملیار دۆلار قەرزی بۆ بەجێماوە.

دوو: بەو هەموو قەیران‌و مەرگەساتەوە كە لەژێر دەسەڵات‌و حكومڕانی ئەواندا ڕووی لە خەڵكی كوردستان كردووە، نەك هەر نەچووە ژێرباری شكست‌و نەك هەر دانی بەكەمتەرخەمی خۆشیاندا نەنا، بەڵكو هێشتا سەرۆكی حكومەت بە جۆرێك دەدوا كە كاری زۆر گەورەیان كردووەو لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ستراتیژی نەوەستاون.

،،

تەنانەت مەسرور بارزانی لە بەكارهێنانی دەستەواژەی " بڕینی مووچە"ش نیگەرانبوو، داوای لەپەرلەمانتاران دەكرد كە ئەو دەستەواژەیە بەكار نەبەن‌و ئەو " لێبڕین"ەكەشی بە حیكەمەت‌و سەلیقەی حكومەتەكەی ناو دەبردو دەیووت ئەوە خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخەكەدا.


ئەو بڕوایەی كە مەسرور بارزانی لەسەریەتی‌و ئەو دیدو تێڕوانینەی ئەمڕۆ لە میانی قسەكانیدا نیشانیدا، لێوان لێو بوو لە بێباكی‌و ئەو وێنەیەی نیشانداین كە هێزو فشارێك نییە ناچاریان بكات تا كار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەكە بكەن، ئەو ڕوون‌و ڕەوان وتی، خەڵكی كوردستان ئێمەیان دەوێت، جا دۆخەكە هەر بەمجۆرە بێت، یان لەمە خراپتریش بێت.


سێ: كاتێك دوو پەرلەمانتار، داوایان كرد ئەگەر ناتوانن دۆخەكە چاكبكەن، دەستلەكاربكێشنەوە، مەسرور بارزانی نەك هەر توڕەبوو، بەڵكو وەڵامێكی پڕ لە ئیستیفزازی ئەوانی دایەوەو چەندجاریش دەستەواژەی " موزایەدە"ی بەرانبەر بەكارهێنان‌و بەوانی وت:" یاری بەسۆزی خەڵك دەكەن - ئێوە هەر لە بنەڕەتەوە دەتانەوێت ئەم حكومەتە بڕوخێنن – مەجالتان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ئەم حكومەتە بڕوخێنن".
لەو نەوەدو پێنج پەرلەمانتارەی كە قسەیان كردو پرسیاریان لەخۆی‌و تیمەكەی كرد، دەیانجۆر گەندەڵی گەورەیان خستەڕوو، كە ئاماژەی ڕوونی فەشەلی حكومەتن، بەڵام هیچكام لەوانە بۆ مەسرور بارزانی هێندە سەخت نەبوو كە پێیوترا ئەگەر ناتوانن چاكی بكەن دەستلەكار بكێشنەوە.
چوار: وەكو هەمیشە قوباد تاڵەبانی، پاڵپشتێكی گەورەی سەرۆك بوو، پاساوی بۆ دەهێنایەوە، باری شانی سووك دەكرد، ئەو، قوباد تاڵەبانی، ستایشی سەرۆكەكەی كرد، كە وتارێكی تێرو تەسەلی پێشكەش كردووەو بەزیادیشەوە وەڵامی پرسیارەكانی داوەتەوە، ئەو كە زۆرینەی حیزبەكەی خوازیاری شكستهێنانی حكومەتن، لەسەرۆكیش زیاتر گەشبینی دەبەخشییەوە

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی