توێژینەوەیەك وەڵام دەداتەوە

توێژینەوەیەك وەڵام دەداتەوە

399 خوێندراوەتەوە

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەستنی دەمامك بووە كاریگەرترین چەك بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە، چونكە پەتاكە بەهۆی دڵۆپە ئاوییەكان كە لە كاتی هەناسەدان دەردەچن بڵاودەبێتەوە، بۆ ئەمەش تەنها دەمامك ڕێگا لەو بڵاوبوونەوەیە دەگرێت.


بەڵام بەستنی دەمامك چەندین گومانی لەسەر تەندروستی بەكارهێنەرانی دروست كردووە، بەوەی ڕێگری لە ئۆكسجینی پێویست دەكات، یان دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون بە غازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، بۆیە توێژینەوەیەكی نوێ لەئەمریكا لەسەر كاریگەرییەكانی بەستنی دەمامك ئەنجامدرا و گومانەكانی ڕەواندەوە.
توێژینەوەكە لەلایەن كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ نەخۆشیەكانی سنگ ئەنجامدراوە، كە تیایدا دەركەوت كە بەستنی دەمامك یان هەر پۆشەرێكی دیكە هیچ كاریگەرییەك لەسەر بەكارهێنەرەكەی بەجێناهێڵێت، هەروەها هیچ زیانێكی بۆ ئەو كەسانەش نیە كە نەخۆشی هەمیشەیی هەناسە تەنگیان هەیە.


توێژینەوەكە دوای ئەوە ئەنجامدرا، كە كۆمەڵێك لە خەڵكی ویلایەتی فلۆریدا گومانیان لا دروست بوو، كە بەستنی دەمامك دەبێتە هۆی زیادبوونی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن.
توێژەرەوان بە سەرپەرشتی د. مایكڵ كامبۆس، پسپۆر لە نەخۆشیەكانی " سی" لە سەنتەری میامی پزیشكی توێژینەوەكەیان ئەنجامدا، كە تیایدا چاودێری گۆڕانكارییەكانی ئاستی ئۆكسجین و دووەم ئۆكسیدی كاربۆنیان لەسەر ئەو كەسانە دەكرد، كە بەدەست نەخۆشیەكانی سییەوە دەناڵێنن، ئەم توێژینەوەیە گرنگی بە شیكارییەكان دەدات پێش بەستن و دوای بەستنی دەمامك.

،،

كامبۆس لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی:" لە توێژینەوەكەدا بۆمان دەركەوت كە كاریگەرییەكی زۆر كەمی لەسەر بەكارهێنەرانی هەیە، تەنانەت كاریگەرییەكی ئەوتۆشی لەسەر ئەو كەسانە نیە كە بەدەست نەخۆشیە هەمیشەییەكانی هەناسە تەنگی و سییەكانەوە دەناڵێنن".


هەروەها توێژەرەوان هەوڵیاندا، كە هۆكاری ئەو هەستەی خەڵكی شی بكەنەوە، كە بۆچی لەكاتی بەستنی دەمامك هەست بە تەنگە نەفەسی دەكەن؟
كامبۆس لەو بارەیەوە دەڵێت:" تەنگە نەفەسی، كە هەندێك كەس لەكاتی بەستنی دەمامك هەستی پێدەكەن، بەهۆی قەتیسبوونی هەوای جەستەوە دروست دەبێت، چۆن كەسێك كە كارێكی زۆر دەكات، پێویستی بە هەناسەدانی زیاتر هەیە".
لەگەڵ ئەوەشدا توێژینەوەیەكی بچووكی دیكە كە تەنها 15 كەس بەشداریان تێدا كردوە، باسیان لەوە كردووە، كە بەستنی دەمامك بۆ ئەو كەسانەی هەناسە تەنگیان هەیە كاریگەری تەندروستی لەسەریان هەیە.


توێژەران دەڵێن:" زۆر گرنگە خەڵكی ئاگادار بكرێنەوە، كە بێزاربوون لەبەستنی دەمامك، نابێت ببێتە هۆی ترس لەلای خەڵكی كە لە ڕاستیدا هیچ ترسێكی پشت ڕاستكەرەوە لە ئارادا نیە، چونكە ئەم ترسە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكی لەبەستنی دەمامك دووربكەونەوە كە ڕێگایەكی گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی جیهانی".
هەریەك لە سەنتەرەكانی ئەمریكا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشیەكان و خۆپاراستن لێیان و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕێنمایی گشت لایەكمان دەكەن، كە بەستنی دەمامك یان هەر داپۆشەرێكی دیكەی ڕوخسار، ڕێگایەكی گرنگە بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.


پزیشكان و پسپۆڕانی پزیشكی دووپاتی دەكەنەوە، كە دەكرێت ڤایرۆسی كۆرۆنا بەهۆی دەنكە ئاوییەكانی كۆكە و پژمین و هەناسەی توشبوەوە بگوازرێتەوە.
توێژینەوە نوێیەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە نەبەستنی دەمامك دەبێتە هۆی ئەوەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاو ببێتەوە، بۆیە گرنگە دەمام بەكاربهێنرێت، بۆ ئەوەی كەسانی توشبوو كەسی دیكە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەكەن، هەروەها ئەو كەسانەشی توشی ڤایرۆسەكە نەبوون، بۆ ڕێگری لە توشبونیان پێویستە دەمامك ببەستن.