کاتیەتی؟ بەڵێ ئیتر کاتیەتی!

کاتیەتی؟ بەڵێ ئیتر کاتیەتی!

266 خوێندراوەتەوە
یاسین عومه‌ر

ئەم چیرۆکە ئیدی نابێت لەوە زیاتر بەردەوام بێت، کۆتاییەکەشی نە دەبێت تراجیدیی و نە کراوە بێت، کاتیەتی سنوورێکی بۆ دابنێین و چیرۆکێکی دیکە دەست پێ بکەین، چیرۆکێکی ماقووڵتر، هێمنتر، مرۆڤانەتر.


تۆ بیهێنە بەر چاوت؛ "دوژمنەکانمان"، مافی خوێندنی خۆڕایی، خزمەتگوزاریی تەندرووستی خۆڕایی، ئاو و کارەبای هەرزان، زەوییەک و عەقارێک، زەوی بۆ داچاندن و کشتوکاڵ، دادگایەک کە لانیکەم لە کەیسە تاوانکارییەکاندا دادپەروەر بوو؛ لەگەڵ سەدان ئیمتیازی دیکەی ئیجابیی بە ئێمە ڕەوا بینیبوو، لە کاتێکدا نە بە حکوومەتی خۆمانمان دەزانی، نە بە دۆست و بگرە وەکو دوژمن تەماشامان دەکرد و منداڵەکانمان دەناردە شاخ بۆ ڕووخاندنی.


ئەی ئێستا؟ "دۆستەکانمان"، "خوشک و براکانمان"، "هاوزمانەکانمان"؛ ئەوانەی لە یەک گۆشت و خوێنین چییمان پێ دەکەن؟ جا ئەوە هێشتا کۆی ئەوەی دەیانەوێت بیکەن بە تەواوەتیی جێی خۆی نەگرتووە، ئەی ئەگەر جێ بگرێت چییمان پێ دەکەن؟!


دوێنێ؛ هاوڕێیەک کە گومانم لە ڕاستگۆییەکەی نییە، باسی خزمێکی خۆیانی بۆ کردم کە پێویستی بە چاندنی گورچیلە بووە، پاش گەڕانێکی زۆر بە (١٢) ملیۆن دینار گورچیلەیەکیان بۆ پەیدا کردووە، بەڵام مەسەلەکە بەوە کۆتایی نایەت، پرۆسێسی چاندنی گورچیلەکە پارەی زیاتری دەوێت، جا بە هۆی ئەوەی نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە لە هیچ نەخۆشخانەیەکی حکوومی نەهێڵراوە و تەنیا لە (نەخۆشخانەی فارووق) دەکرێت، لەوێ بۆ ئەو نەشتەرگەرییە داوای (١٨)ملیۆن دیناریان کردووە، واتە بۆ کڕین و چاندنی یەک گورچیلە تۆ دەبێت (٤٠) ملیۆن دینار بدەیت.

،،

هەرچی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگای حکوومی و گشتی هەیە هەر هەموویان نابووت کرد و لە بری ئەوان دەستیان دایە کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی سەر بە گیرفانی خۆیان، ساڵانە هەرزانترینیان بۆ وەرگرتنی یەک فێڕخواز بە (٢) ملیۆن دینارە، ئایا ئیدی ڕوونە کە کێ دەتوانێت بخوێنێت و کێش نا؟ ئەگەر ئەم پرۆسێسی نابووتکردنە بەردەوام بێت جگە لە کەمینەیەکی زۆر کەم نەبێت کەس دەستی بە خوێندنێکی شاییستەدا ڕادەگات؟


بیهێنە بەر چاوت دایکت، باوکت، خوشکە ژیکەڵەکەت، برا قنجەکەت، تووشی دۆخێکی وا دەبێت، تۆ چی دەکەیت؟ ئایا ڕەوایە پارەیەکی پاشەکەوت، ئۆتۆمبێلێک، خانوویەک کە بە خوێنی جەرگی خۆت بە دەستت هێناوە لەماوەی ڕۆژێک یان چەند ڕۆژێکدا لە دەستی بدەیت؟ تەبعەن ئەگەر هەر لە بنەماوە خاوەنی ئەوانەش بیت، بۆچییش: بۆ چەند سەعاتێک نەشتەرگەریی و مانەوەی چەند ڕۆژێک لە ژوورێک و چەند دەرمانێک و یەک گورچیلە؟


هەرچی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگای حکوومی و گشتی هەیە هەر هەموویان نابووت کرد و لە بری ئەوان دەستیان دایە کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی سەر بە گیرفانی خۆیان، ساڵانە هەرزانترینیان بۆ وەرگرتنی یەک فێڕخواز بە (٢) ملیۆن دینارە، ئایا ئیدی ڕوونە کە کێ دەتوانێت بخوێنێت و کێش نا؟ ئەگەر ئەم پرۆسێسی نابووتکردنە بەردەوام بێت جگە لە کەمینەیەکی زۆر کەم نەبێت کەس دەستی بە خوێندنێکی شاییستەدا ڕادەگات؟

ئایا خەبات و تێکۆشان و مردن و لەناوچوونی ئێمە بۆ ئەم دۆزەخە بوو؟ ئەمە پاداشتی "دۆست و برا و خوشک و ئەوانەیە کە لە گۆشت و ئێسقانی خۆمانن"؟؟

ماوەیەکی کەم لەمەوپێش؛ سەیری درامای (NARCOS-Colombia)ـم دەکرد کە باسی کارتێلە مافیاییە گەورەکانی کۆڵۆمبیا دەکات، (میدیلین کارتێل و کالیی کارتێل). ئەو درامایە کە گێڕانەوەیەکی نیمچە ڕاستەقینەی چیرۆکی (پابلۆ ئیسکۆپار) و (کالیی کارتێل)ـە، چەند شتێکی جێی سەرنجی تێدا بوو، یەکێک لەوانە ئەوە بوو کە کارتێلە مافیاییەکان سەر بە هەر شارێک بوونایە خزمەتێکی زۆری ئەو شارەیان دەکرد و هەتا دەرفەت هەبووایە زیانیان بە شارەکەی خۆیان نەدەگەیاند و کۆکایین و مادە هۆشبەرەکانی دیکەیان لەو شارەدا بڵاو نەدەکردەوە

،،

ئایا خەبات و تێکۆشان و مردن و لەناوچوونی ئێمە بۆ ئەم دۆزەخە بوو؟ ئەمە پاداشتی "دۆست و برا و خوشک و ئەوانەیە کە لە گۆشت و ئێسقانی خۆمانن"؟؟


ئایا ئەم فەرمانڕەواییە حیزبییە ناوبۆش و بێکەرامەتە؛ تەنانەت ناکرێت بەراورد بکرێت بە کارتێلێکی ئیجرامیی مافیاییش؟!
هەر بۆیە کاتی قۆڵهەڵماڵین و ئیشکردنە، نەک بە تەنیا قسەی فەیسبووک و هات و هاواری دیجیتاڵی، خۆڕێکخستن، متمانە و قۆڵهەڵماڵین و ئیشکردن بە هۆشیارییەکی باڵا و گۆڕانخوازانە و ڕادیکاڵ، هەڵتەکاندنی سیستمەکە لە بنەوە، ئیستیسنا نەکردنی هەر سێکتەرێک کە سەر بەو سیستمەیە، لە حیزبەوە بۆ کۆمپانیا و هەتا دەگاتە تاکەکەسە سوودمەندە فاسیدەکان. بەڵێ ئەی دۆستی من؛ کاتیەتی، کاتی ماڵئاواییکردن و کۆتاییهێنان بەم چیرۆکە.