بۆ ماوه‌ی 30 ساڵه له شار‌و چل ساڵیشه له‌شاخ به‌شیوه‌یه‌كی راستهوخۆو ناڕاسته‌وخۆ یاری به چاره‌نووسی ئه‌و میلله‌ته‌وه ده‌كه‌ن، له سایه‌ی ئه‌واندا چه‌ندین هه‌زار گه‌نج به‌كوشتن درا، چه‌ندین هه‌زاریش وڵاتی به‌جێهێشت و په‌ڕاگه‌نده‌ی وڵاتان بوو، له سایه‌ی ئه‌واندا ئابووری وڵات داڕما، ئه‌وان ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و بوونه خاوه‌نی كۆمپانیا‌و بیره نه‌وت و پاڵاوگه، خه‌ڵكیش كه‌وته سه‌ر ساجی عه‌لی، پیاوه‌كانی خۆیان چه‌ندین مووچه‌و كاریان بۆ دابینكرا، مووچه‌یی خه‌ڵكی ئاسایشیان بڕی، شه‌ڕی ناوخۆیان كرد‌و به‌دڕنده‌ترین شێوه گه‌نجه‌كانی یه‌كتریان ره‌شه‌كوژ كرد، ئه‌وه‌ی جنێوی ناشیرینیه هێنایانه ناو فه‌رهه‌نگی كوردی، له‌رێگای میدیا سهقهتهكانیانهوه كه‌لتوورو به‌هاكانی كۆمه‌ڵگای كوردیان له‌ره‌گه‌وه هه‌ڵته‌كاند، راستیه‌كانیان شێواند‌و كۆمهڵگهیهكیان له‌سه‌ر درۆ بینا كرد، سوپایه‌كی ئه‌لیكترۆنیان دروست كرد، نه‌خوینده‌واری بۆینباخ له‌به‌ریان كرده مامۆستای زانكۆ‌و رۆشنبیر‌و نوسه‌ر، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی راستیه‌كان په‌رته‌وازه بكه‌ن و مێژووێكی ساخته بۆ ئه‌وان دابڕێژن و ترسنۆكی و دۆڕاندنهكانیان به قاره‌مانیه‌تی نیشانی نه‌وه‌كانی داهاتوو بده‌ن!.
له‌رێگای سوشیال میدیاكانه‌وه، ئه‌فه‌ندی و پیاوی به‌ته‌مه‌ن و لهخۆگهڕاوهیان فێری جنێوی سووك و قێزه‌ون كرد، هه‌رچی جوانی هه‌بوو له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا ناشرینیان كرد، ئه‌وه‌ی ناشرین و قێزه‌ون بوو هێنایانه ناو كۆمه‌ڵگا، له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌وان تریاك و حه‌شیشه‌و جۆره‌ها ماده‌ی هۆشبه‌ر رووی له‌كوردستان كرد، له‌شفرۆش و سیخوڕ‌و چه‌ته‌كانی هه‌موو هه‌رێمه‌كه مۆڵگه‌یان گواسته‌وه كوردستان، ئه‌وه‌ی دام و ده‌زگا هه‌بوو ههڵیانوهشاندهوهو داموده‌زگای خێله‌كانیان لهشوینیان دانا، ته‌نانه‌ت وه‌زیفه‌شیان كرده ویراسی، نه‌ك كاڵا به‌قه‌د باڵا نه‌ما بگره ئه‌وه‌ی خراپ بوو له‌جێی باشیان دانا‌و ئه‌وه‌ی باش بوو پشتگوێخراو شاربه‌ده‌ر كرا
،،
وڵاتیان والێكرد بێگانه‌یه‌ك تیایدا زیاتر هه‌ست به ئارامی و ئاسووده‌یی بكات، له‌و هاوڵاتییه‌ی خوینی خۆی بۆ كردۆته قوربانی! توركیا‌و ئێرانتان هێناو له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆتان و بنه‌ماڵه‌كانتان كوردستان ته‌سلیمكردن، له 31 ئاب سوپای ئه‌نفالچی و دڕه‌نده‌ی به‌عستان هێناوه، له 16 ئۆكتۆبه‌ر نیوه‌ی كوردستانتان ته‌سلیم به حه‌شدی شه‌عبی كرد و ترسنۆكانه سهنگهرهكانتان به‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه چۆڵكرد
كه به‌گریانه‌وه سه‌نگه‌ره‌كانی خۆیان جێده‌هێڵا، ناوی كورد‌و پێشمه‌رگه‌و كوردستانتان سووك كرد، خه‌ڵكتان والێكرد قێز له كوردبوونی خۆی بكاته‌وه، دایكی شه‌هیدتان ناچاركرد، كوردستان وه‌كو ئه‌مانه‌ت ته‌سلیمی كازمی بكات! جوتیاری كوردتان والێكرد به عه‌ره‌بیه‌كی شڕووڕ له‌به‌رده‌م به‌رپرسه‌كانی حكومه‌تی عێراقی بپاڕێته‌وه‌و بێته سه‌رچۆك، ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی پاره‌ی ره‌نجی شانی خۆی بده‌نێ، ئه‌و مامۆستایانه‌ی هه‌رگیز بۆ مووچه سه‌ری به‌رزیان نه‌وی نه‌ده‌كرد، به چه‌ند ساڵێك واتان لێ‌كرد دروشمی (كازمی تۆ بۆ ئێمه لازمی) به‌رزبكه‌نه‌وه!. له‌وه‌ش سه‌یرتر دوای ئه‌و هه‌موو كوشت و بڕینه بۆ خه‌ڵكی تازه ئاشكرای ده‌كه‌ن، كه ئێوه مام و برازای یه‌كترن، تاله‌بانی ئه‌و جنۆكه‌یه‌ی ئاما نه‌بوون ده‌ستی بخه‌نه ناو ده‌ستی، ئێستا جێگای به‌تاڵ بووه‌و بۆ خه‌ڵكی روونده‌كه‌نه‌وه، كه چه‌ند پێویست بووه بۆ كوردستان و جێگای چه‌ند به‌تاڵه‌و دوای ئه‌و كوردستان دووچاری چ مالوێرانیهك بووه!.
دوای ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته ئامۆزاكانی شیری، له په‌رله‌مان له ته‌نیشت یه‌كتر داده‌نیشن و باس له شه‌رعیه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن، باس له‌سه‌ركه‌وتنه‌كان و ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، باس له بێتاوانی خۆیان له‌و هه‌موو تاوانه‌ی ده‌رهه‌ق بهوڵات و خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌یان كردووه، به‌راستی نازانم چۆن وه‌سفی كارامه‌ییان بكه‌ن، هیچ وشه‌یه‌ك نادۆزمه‌وه پێناسه‌ی ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره دانسقانه‌ی پێبكه‌م، چونكه هه‌موو مێژوو گه‌ڕام نمونه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌م ده‌ستنه‌كه‌وت، ته‌نانه‌ت نیرۆنیش وا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ رۆما نه‌كردووه!!!