ئێران هەڕەشە دەکات

ئێران هەڕەشە دەکات

979 خوێندراوەتەوە

نیگەرانیەكانی ئێران لەسەر جەنگی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، بۆیە تاران چەندین جار بە زمانی توند هۆشداری بەو دوو وڵاتە داوە، كە جەنگ لە سنورەكانی نزیك نەكەنەوە، بەڵام ترسی ئێران لەسەر خودی جەنگەكە نیە، بەڵكو ترسی لە دۆخێكی دیكەی نەخوازراوی خۆیەوە هەیە.


ئێران لەسەرەتای پێكدادانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، هەوڵی نێوەندگیری دەدا، بەڵام كاتێك لایەنەكانی تێوەگلاو لە جەنگەكە وەك ڕووسیا و توركیا و ئازەربایجان، گوێیان بە داواكارییەكەی ئێران بۆ دانوستان نەدا، ئەو وڵاتە دەستی بە هەڕەشە كرد، بەوەی وەڵامی توندی دەبێت ئەگەر سنورەكانی بكەوێتە مەترسیەوە.


ئێران لە ئێستادا هۆشداری ئەوە دەدات، كە جەنگی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە جەنگێكی هەرێمی گشتگیر، ئەم هۆشدارییەی ئێران دوای وتەیەكی بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا هات، كە توركیای تۆمەتبار كرد بەوەی هانی جەنگ دەدات و تیرۆرستان بۆ هاوكاری ئازەربایجان دەنێرێتە ئەرمینیا.


عەلی رەبیعی وتەبێژی حكومەتی ئێران ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند كە" ئێران بەوردی چاودێری پێكدادانەكانی ئەم دوایانە لەسەر سنور دەكات".
وتیشی:" هەرچەندە ئێران پشتگیری لە ئازەربایجان دەكات، بەوەی مافی خۆیەتی بەرگری لە یەكپارچەیی خاكەكەی بكات، بەڵام پێمان وا نیە، كە پەنابردن بۆ هێزی سەربازی ڕێگا ڕاستەكەی ڕۆشتن بێت".


ئێران نیگەرانیەكی زۆری لە نزیك بوونەوەی جەنگ لەسەر سنورەكانی هەیە، چونكە ترسی ئەوەی هەیە ئەم جەنگە ببێتە مایەی ناڕەزایەتی كەمایەتیە ئازەرییەكانی ئێران، لەلایەكی دیكەشەوە هەرچەندە ئێران لە ئەرمینیاوە نزیكە، بەڵام دەیەوێت لەگەڵ دراوسێكانی بازرگانی بكات و پەیوەندی ئاسایی بێت لەگەڵیاندا، بەڵام بە بەردەوامی جەنگەكە لەوەیە ناچار بێت لایەنێكیان هەڵبژێرێت، لەم كاتەشدا زیانێكی زۆری بەردەكەوێت،چونكە نایەوێت هیچیان لەدەست بدات، بۆیە ترسی ئێران لەو پێكدادانە هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكیشە.

،،
ئێران دوای زیادبوونی جەنگەكە، هەڕەشەكانی زیاتر كردووە، ڕۆژی شەممە دوای كەوتنی موشەكێك لە باكوری خۆرئاوای ئەو وڵاتە هۆشداری دایە ئازەربایجان و ئەرمینیا كە دەستدرێژی هیچ لایەكیان قبوڵ ناكات.


سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران وتی:" ئێران زۆر بە وردی چاودێری دۆخەكە دەكات".
دووپاتیشی كردەوە، كە" ئێران بە هیچ شێوەیەك هیچ دەستدرێژییەك بۆ سەر خاكەكەی لەهیچ لایەنێكی ناكۆكیەكە قبوڵ ناكات، هۆشداری بە هەموو لایەنەكان دەدەین، كە هەنگاوی پێویست لەو بارەوە بگرنە بەر".


لە ئێران ملیۆنەها ئازەری دەژین، كە لەڕووی نەتەوەییەوە لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان هاوبەشن، هەروەها لەسەر هەرێمی قەرەباغ هاوسۆزی ئەو وڵاتەن، ئەرمینیاش بە دوژمنكار ناوزەند دەكەن.


بەپێی ئامارە نافەرمییەكان نزیكەی 28 ملیۆن ئازەری لە ئێران دەژین، كە دابەش بوون بەسەر شارە گەورەكانی باكوری خۆرئاوای ئێران، وەك تەبرێز و ئورمیە، هەروەها بەشێوەیەكی بەرچاو لە تارانی پایتەخت دەژین، كە ژمارەیان دەگاتە نیوەی دانیشتوانی شارەكە.


حەسەن ڕوحانی ڕۆژی سێ شەممە 7ی ئۆكتۆبەر، هۆشداری دا كە جەنگەكە ببێتە جەنگێكی هەرێمی لەو بارەیەوە وتی:" ئەو پێكدادانە ناوخۆییە دەكرێت بگوازرێتەوە و ببێتە جەنگێكی هەرێمی".


دووپاتیشی كردەوە، كە" ئێران ئامادە و هاوكارە بۆ چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیەی كە لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بوونی هەیە".


لەكۆتایشدا ڕۆژنامەی " جیرۆزالم پۆست"ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێكیدا بڵاوی كردەوە، كە زیادبوونی پێكدادانەكانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، واتە بوونی هێرشی موشەكی، كە دەكرێت لە ئازەربایجانەوە زیاتر ئاراستە بكرێن، دوای ئەوەش توركیا و چەندین دەوڵەتی دیكە دەیانەوێت زیاتر بەشدار بن لە جەنگەكەدا، لەم كاتەشدا دەبێتە جەنگێكی هەرێمی، ئەمەش ئەوەیە كە تاران لێی دەترسێت،بەوەی پەل بهاوێژێت بۆ ناوخۆی وڵاتەكەی، هەروەها بە ناچاریش بكرێتە لایەنێك لەو جەنگەدا كە هیچ بەرژەوەندییەكی ئەوی تێدا نیە.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی