ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کاریگەری لەسەر پرسی کورد دەبێت؟

ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کاریگەری لەسەر پرسی کورد دەبێت؟

545 خوێندراوەتەوە

گومانی تێدا نییە كە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمەریكا كە وابڕیارە لە (3ی تشرینی دووەمی2020)بەڕێوە بچێت، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دۆسیەی كورد و ئایندەی كوردستان دەبێت، چونكە ئەمریكا سەرباری ئەوەی زلهێزی ناوچەكەیەو دەتوانێت بە ویستی خۆی ڕووداوەكان بەڕێوەبەرێت، لە هەمانكاتدا هاوپەیمانی كوردە و مامەڵەو بڕیارەكانی كاریگەری تەواو لەسەر دۆست و نەیارەكانی كوردستان جێدەهێڵێت، بە واتایەكی دیكە دەتوانێت كورد بكاتە كاراكتەرێكی سەرەكی، یان پشتگوێی بخات و نەیارەكانیشی گوێ بە ویستەكانی نەدەن و لە ڕووی سیاسی و سەربازیی و تەنانەت ئابوریشەوە گوشاری بخەنە سەر.


لەم ڕاپۆرتەدا بە پشت بەستن بە وتەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئێستا و كاندیدی كۆمارییەكان و جۆبایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، كە ئایا ترامپ بۆ كورد باشترە یان جۆبایدن؟


یەكەم: كورد و ترامپ:
دۆناڵد ترامپ ئەو كەسایەتیەیە كە ناتوانرێت بە ئاسانی پێشبینی بڕیارەكانی بكرێت، چونكە لە رابردوودا چەندین بڕیاری لەناكاوی دەركردووە، كە نەك جیهان بەڵكو ئیدارەكەی خۆشی توشی شۆك كردووە، گرنگترین بڕیاری لە ڕۆژی (7ی ئۆكتۆبەری 2019)بوو، كە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە ڕۆژئاوای كوردستان دا، بەمەش ڕێگای خۆشكرد بۆ ئۆپراسیۆنێكی نوێی توركیا بە ناوی " كانی ئاشتی".


ترامپ بەم بڕیارەی زیانێكی زۆری لەڕۆژئاوای كوردستان دا،چونكە لەلایەك بە تەنها جێی هێشتن، لەلایەكی دیكەشەوە ناچاری كردن بۆ مانەوەی خۆیان و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە گروپە تیرۆرستیەكانی سەر بە توركیا، دانوستان لەگەڵ حكومەتی دیمەشق و ڕوسیا بكەن،بەمەش كورد خرایە گۆشەیەكی بەرتەسكە و داهاتووشی كەوتە مەترسییەوە.


هەروەها لە باشوری كوردستانیش، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، ترامپ لە بەرامبەر لەشكركێشی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی و پاڵپشتی توركیا و ئێران بۆ ئەو هێرشە، بێ لایەنی لە بەرژەوەندی حكومەتی فیدراڵی هەڵبژارد، بەمەش كورد زیاتر لە نیوەی خاكەكەی لە باشور لەدەستدا،هەرچەندە سەركردایەتی سیاسی كورد گوێی بە داواكانی ئەمریكا نەدا، بەڵام دەكرا بۆ ڕێز گرتن لە هاوپەیمانێتی نێوان كورد و ئەمریكا و ڕێگە نەدان بە گروپەكانی سەر بە ئێران، پاڵپشتی لە كورد بكات و دواتر بەشێوەیەكی دیكە سزای ئەو تاقمەی بدایە كە بەرپرس بوون لە گوێ نەدان بە داواكانی ئەمریكا.

،،

ئەم دوو نموونەیە لەوەیە بەس بێت، بۆ ئەوەی ئەمریكا لەسەردەمی دۆناڵد ترامپ دۆستێكی متمانە پێكراوی كورد نییە

دەكرێت لە هەر ساتێكدا بێت دەستبەرداری بێت و نەیارەكانی هێرش بكەنە سەر كورد، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەتوانین چوار خاڵ دووپات بكەینەوە، كە ئەم چوار كارە وا دەكات، ترامپ نەتوانێت كارێكی گەورە بۆ كورد بكات، كە ئەوانیش بریتین لە:"


1. ترامپ بۆ خوولی دووەم و كۆتایی دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، لەم خولەیدا پێویستە كارە تەواو نەكراوەكانی تەواو بكات،واتە كار بۆ كوژاندنەوەی كێشەكانی ڕابردوو بكات و بیر لە هیچ كارێكی دیكە نەكاتەوە.
2. ترامپ خاوەنی سێ ڕێكەوتننامەیە كە لە خولی یەكەمیدا تەواوی نەكردووە، وەك ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و بازرگانی لەگەڵ چین و ڕێكەوتنی لەگەڵ كۆریای باكور.
3. ترامپ كەسایەتیەكە زۆر گرنگی بە لایەنی ئابوری دەدات، كوردیش لە باشور دەستكەوتە مادییەكانی پێشكەشی توركیا و ڕوسیا كردووە، ئەمەش وا دەكات ترامپ گرنگیەكی ئەوتۆ بە باشور نەدات، زیاتر گرنگی بە ڕۆژئاوا بدات،ئەویش لە ڕووی بیرە نەوتەكانەوە، لە ماوەكانی ڕابردووشدا گرنگی دانی بە ڕۆژئاوای كوردستان بە ئاشكرا دەركەوتووە.
4. ترامپ خاوەنی بنەمایەكی ئەوتۆ نیە، زۆر بەئاسانی بڕیارەكانی دەگۆڕێت و گوێ بە لێكەوتەكانی نادات، لە ئەفغانستان گەلی ئەفغانی بە ڕێكەوتنامەی لەگەڵ تاڵیبان گۆڕییەوە، لە ڕۆژئاوا كوردی كردە قوربانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆگان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش 82 دەنگی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی فەلەستنی كردە قوربانی بنیامین ناتانیاهۆ، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، كە ترامپ لەهەر سات و وەختێكدا بێت، دەستبەرداری فەرمانڕەوا و حكومەتەكان دەبێت.

دووەم: كورد و بایدن:
جۆبایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، بەوە ناسراوە كە هەڵوێستێكی ئەرێنێ بەرامبەر بە كورد هەیە، لە ساڵی 2002 لە پەرلمانی كوردستان ڕایگەیاند كە" تەنها شاخەكان دۆستی ئێوە نین" دواتریش ڕەخنەی توندی لە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە گرت،كە ڕێگا خۆشكەر بوو بۆ ئۆپراسیۆنێكی دیكەی داگیركاری توركیا بۆسەر ڕۆژئاوا، بایدن لەو كاتەدا ئەو بڕیارەی بە " خیانەت دژ بە هاوپەیمانە كوردەكان" ناوزەند كرد.
بایدن بە پێچەوانەی ترامپەوە باشتر ئاگاداری دۆخی ناوچەكەیە، ئەو باش لە كێشەكانی عێراق و سوریا و ئێران و توركیا تێگەیشتووە، چونكە6 جار وەك كۆنگرێسمان هەڵبژێردراوە، جارێكیش سەرۆكی لیژنەی دەرەوە بووە، هەروەها وەك جێگری سەرۆك ئۆباما كاری كردووە، هەموو ئەمانە وا لە بایدن دەكات، كە بە تەواوی بارودۆخەكان تاوتوێ بكات و پاشان بڕیار بدات، زەحمەتە بڕیارێكی بە پەلەی وەك ترامپ بدات، هەر بەهۆی شارەزایی تەواوی لە كێشەكانی عیراق، داوای كرد، ئەو وڵاتە بكرێتە سێ دەوڵەتی " كوردی، سونی، شیعی".


بایدن ئەو كاتەی سیناتۆری ئەمریكا بوو، لە ساڵی 1974دا دژایەتی دەستوەردانی سەربازی توركیای لە قوبرس كرد، هەروەها بەهۆی دۆسیەی كوردەوە چەندین جار ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی توركیا گرتووە، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام توركیا بە پێشێل كردنی مافەكانی كورد و ئازادی تۆمەتبار دەكات،هەموو ئەمانەش واتای ئەوەیە كە ئەمریكا لەسەردەمی بایدندا پاڵپشتی توركیا ناكات دژ بە كورد، یان بەلانی كەمەوە كارێك ناكات كورد زیاندمەندی یەكەم بێت.

،،
هەرچی پەیوەست بە باشوری كوردستانیشە، ئەوا پێناچێت بایدن لەسەر بۆچوونی دابەش كردنی عیراق مابێت، بەڵام لەسەر هاوكاری كورد بەردەوام دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی كورد دۆستی ڕاستەقینەی ئەمریكا بێت و حوكمداریەكی ڕەشید بكات، نەك ئەمریكا لە ڕووی ئیدارە و مافەكانی مرۆڤەوە نائومێد بكات.


بایدن كاندیدی دیموكراتەكانە، ئەو نزیكە سیاسەتەكانی باراك ئۆباما جێبەجێ بكات،بەرامبەر ئێران نەرمی بنوێنێت و بەرامبەر توركیا توندی و لە عیراقیش هەوڵی سەقامگیری بدات، بۆ سوریاش ڕێگا لە دەستدرێَژییەكانی توركیا بگرێت و ململانێی ڕوسیا بكات و هەوڵی بەهێز كردنی كیانی كوردی بدات.


لە كۆتایدا ئەوەی گرنگە كورد ئەنجامی بدات،ئەوەیە خۆی بۆ سەركەوتنی هەردوولا ئامادە بكات، ئەگەر ترامپ سەركەوتنی بەدەستهێنا بە وریایەكی زۆرەوە مامەڵە بكات و خۆی بۆ هەموو دۆخێكی نەخوازراو ئامادە بكات، بەشێوەیەك كەمترین بەریەك كەوتنی لەگەڵ عیراق و توركیا هەبێت و خۆی لە گرژیی بپارێزێت، چونكە ترامپ زەحمەتە پشتگیری بكات، هەرچی پەیوەست بە دەرچوونی بایدنیشە، ئەوا چەند هەڵوێستێكی بایدن واتای ئەوە نیە، كە ئەمریكا هەموو بەرژەوەندییەكانی دەكاتە قوربانی كورد، دەبێت سەركردایەتی سیاسی كورد باش ئەوە بزانێت، سیاسیەتی دەرەوەی ئەمریكا كار بۆ بەرژەوەندی باڵای ئەمریكا دەكات، نەك نەتەوەیەكی دیكە، بەڵام دەكرێت سود لە سەركەوتنی بایدن ببینرێت، بەو دۆستایەتیەی كە لە رابردوودا بوونی هەبووە، بەڵام گرنگە بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان كورد و ئەمریكادا بهێنرێتە دی و هەڵەیەكی گەورەی وەك ڕیفراندۆم نەكات، كە گوێی بە داوای ئەمریكا نەدا، چونكە ئەمریكا وەك دەوڵەت پشت لەهەموو ئەو گەل و سەرۆكانە دەكەن، كە گوێ ڕایەڵیان نین.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی