چەند جۆر ئازارمان ھەیە؟

چەند جۆر ئازارمان ھەیە؟

217 خوێندراوەتەوە

د. هەڤین کەمال


ئازار ئەو ھەستە بێزارکەر و بێزراوەیە کە پێت دەڵێت بەشێک لە جەستەت تەندروست نییە و کێشەیەکی هەیە.
ئازار ئەزمونێکی جەستەیی و ھەستەوەری و سۆزدارییە کەھەم لەلایەنی جەستەیی و فیزیکیەوە لەکارت دەخات، ھەم لە لایەنی دەروونی و سۆزدارییەوە، ئازار لەئەنجامی پەیوەندی نێوان مێشک و دڕکە پەتک و دەمارەخانەکانی لەش دروست دەبێت و ئەو سیگناڵی بەرگریەیە کە مێشک و دەمارەکانت دەینێرێن بۆ مێشک و هۆشیارت دەکەنەوەو و پێت دەڵێن:" ئاگادار بە نەخۆشییەک بە ڕێوەیە".


چەندین جۆر پۆلینکردن ھەیە بۆ ئازار، کەگرنگترینیان پۆلێنکردنە بە پێی پاسۆفیزیۆلۆژی ئازارەکە، ئەوی تریشیان بەپێی کات و بەردەوامبوونی ئازارەکە.
ھەستکردن بە ئازار لەمرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر دەگۆڕێت، ھەر بۆیە لەوانەیە ڕێگای دەڕبرینی ئازار لەمرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر جیاواز بێت و مەرج نییە ئەوەی بۆ تۆ ئازار بەخشە، بۆ یەکێکی تریش بەھەمان شێوە ئازار بەخش بێت.


تێگەشتن لەجۆری ئازارەکەت بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ پزیشکەکەت و بۆ گەشتن بە دەستنیشانکردنی تەواو وچارەسەر، جگە لە گرنگی بۆ خۆت و بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنت لەگەڵ ئازارەکانتدا.


جۆرەکانی ئازار بەپێی کاتی بەردەوامبوونی:
١- ئازاری کتوپڕ: بریتییە لە ھەر ئازارێک کەلەپڕ دروست دەبێت و لەماوەی سێ مانگدا کۆتایی پێدێت و بەرەوباشبوون دەڕوات ھەر کات ھۆکارەکەی نەما، زیاتر لەکاتی نەخۆشی کتوپڕ و پێکان دروست دەبێت وەکو : شکان، نەشتەرگەری، سوتان ، برینداری...ھتد.


٢- ئازاری بەردەوام: بە ھەموو ئازارێکی بەردەوام دەوترێت لە سێ مانگ زیاتر، کە لەگەڵ نەمانی ھۆکارەکەش بەڵام ئازارەکە ھەر بەردەوامە، ئەو کەسانەی لەگەڵ ئازاری بەردەوامدا دەژین، لەوانەیە تووشی خەمۆکی و بێ تاقەتی بەردەوام بن، ھەندێک نیشانەی تر کە لەگەڵ ئازاری بەردەوام ھەیە ئەمانەن:
--- گرژی ماسولکە
--- نەبوونی ووزەو چالاکی
--- کەمی جووڵە
ھەندێک نموونە بۆ ئازاری بەردەوام وەکو: سەرئێشە، ئازاری دەمار بەھۆی نەخۆشی بڕبڕەکانی پشت و مل، ئازارەکانی جومگە بەھۆی داخوران و ڕۆماتیزم، فایبرۆمایەڵجیا ...ھتد .


جۆرەکانی ئازار بەھۆی پاسۆفیزێۆلۆژی ئازارەکە؟
١- ئازاری ھەستی (nociceptive pain ) : باوترین جۆری ئازارە، بەھۆی تەحفیزبوون و وروژاندنی وەرگری ئازار (nociceptor) ەوە دروست دەبێت، کەئەمانەش ھەستە ئەندامی(receptor) وەرگری ئازارن لەلەشدا لەکاتی برینداری و نەخۆشی و ھەوکردنی خانەکان .
لەھەموو جەستەدا ئەم ریسیپتەرانە یاخود وەرگرانە ھەن، لەپێست و لە ھەناویشدا، ھەر کاتێک لەش تووشی پێکان، برینداری، ھەوکردن، نەخۆشی ...ھتد دەبێت، ئەم وەرگرانە چالاک دەبن و سیگناڵی ئازار دەگەیەنن بە دڕکە پەتک لەڕێگای دەمارەکانەوە، لەدڕکە پەتکیشەوە بۆ مێشک . ئەم ئازارە لەوانەیە لەپڕ بێت و لەوانەشە بەردەوام بێت، ھەروەھا لەوانەیە ڕووکەش و لەپێست و ماسولکەدا بێت، یاخود لە ئەندامەکانی ناوەوەی لەش و ھەناو بێت.
--- ئازاری ھەناوی: بەھۆی برینداری و تێکشکاندنی ئەندامەکانی ناوەوە . لەوانەیە ھەست بە ئازار بکرێت لە ناوچەی سنگ، قەد، سک، حەوز، زۆر زەحمەتە بتوانیت لەم جۆرە ئازارەدا شوێنی ئازارەکە دیاری دەکرێت . ئازاری ھەناوی زۆر جار بەشێوەی فشار، توندی، گوشران، پێچ د ەبێت.ھەروەھا ھەندێک نیشانەی تری لەگەڵدایە وەکو ڕشانەوە، دڵتێکھەڵھاتن، تا، لێدانی خێرایی دڵ، بەرزی فشاری خوێن .
نموونە بۆ ئازاری ھەناوی وەکو: ئازاری بەردی زراو، ڕیخۆڵە کوێرە، گرژی و تەھەیوجی قۆڵۆن..ھتد .
ــ ئازاری ڕووکەشی (سۆماتیک): ئازارە لەبەشی ڕووکەشی لەش، بەھۆی وروژاندنی وەرگرەکانی (receptors)، ئازار دروست دەبێت لە خانەو شانە ڕووکەشەکاندا نەک خانە ھەناوییەکان . زۆر بەئاسانی دەتوانیت شوێنی ئازارەکە دەستنیشانبکرێت . ئەم جۆرە ئازارە وەک ژانێک یاخود برینێک ھەستی پێدەکرێت و لەوانەیە قووڵ یان ڕووکەش بێت . نموونە بۆئەم جۆرە ئازارە : ئازاری شکاوی، ئازاری ماسولکە، ئێسکەنەرمە، شێرپەنجەی پێست، سوتاوی ، ئازاری جومگە، ھەوکردن.. ھتد .


٢- ئازاری دەمار (neuropathic pain): بەھۆی تێکشکاندن یاخود پەککەوتنی کۆئەندامی دەمار ڕوودەدات .بەھۆی فشار یاخود برینداربوونی دەمارەخانەکان دەبنە ھۆی لەکارکەوتنی سیگناڵی دەمارەکان و تێکچونیان .ئازارەکە بەجۆرێکە کەنازانیت لەکوێوە دێت، و ھیچ پێکانێک و برینداریەکیش نییە . ھەروەھا ھەندێک جار ھەستکردن بە ئازار زیاد دەکات ، بۆ ئەوشتانەی کە ئازار بەخشیش نین، وەکو : ھەوای سارد، جل و پۆشاک کەبەر جەستە دەکەوێت . ئەم ئازارە زیاتر بەمشێوانە وەسف دەکرێن : سوتانەوە، بەستن ، سڕی، دەرزی ئاژەنین، تیژ، تەزووی کارەبا ، جێگای چەقۆو گولە .
نموونە بۆ ئەم جۆرە ئازارە وەک : نەخۆشی شەکرە ، ئازاری بەردەوامی دوای ڕووداوێک، ئازاری دەماری پێنجەمی دەموچاو، ھەوکردنی بەردەوامی دەمارەکان، گیرانی دەماری دەست، ئینزلاقی بڕبڕەی مل و پشت ، ئازاری شێرپەنجەیی لە ستەیجەکانی کۆتادا و لەکاتی بەکارھێنانی تیشک و چارەسەری کیمیاوی ...ھتد .


٣- ئازاری سایکۆجنیک (psyochogenic): ئەم تێرمە زۆر جار لە وەسفکردنی جۆرە ئازارێک بەکاردێت ، کەبەھۆی تێکچوون و شڵەژانی باری دەروونییەوە، نەخۆش ھەست بە گرژبوون و ئازار دەکات . بۆیە دەبینین نەخۆشەکە جگە لەھەستکردن بە ئازار ، خەمۆکی، بێتاقەتی، سترێس..ھتد. کەئەمانە کاریگەریان دەبێت لەسەر ئازارەکەو زیادی دەکەن .
زانینی ئەوەی کە تۆ چ جۆرە ئازارێکت ھەیەو بەپێی ئەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەیت بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ نەخۆشەکە و بۆ پزیشکی چارەسەرکەریش . لەبەرئەوەی بە تەواوی چارەسەرکردن و مامەڵەکردنی جیاوازە بۆ ھەر جۆرێک لە ئازارەکان


د. هه‌ڤین که‌مال شا محەمەد
پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن
ئه‌ندامی پڕۆڤیشناڵی ئه‌کادیمیای ئه‌مریکی بۆ ئازار شکاندن