مەسرورو لاهور

مەسرورو لاهور

702 خوێندراوەتەوە

هیدایەت مەلا عەلی


چەند ڕۆژێک پێش ئێستا (مەسرور بەرزانی) سەردانی پەرلەمانی کوردستان‌و، (لاهور شێخ جەنگی) سەردانی شاری ڕانیەی کرد، سەبارەت بەم دوو سەردانە لەئاستی ڕاگەیاندو نووسین و شیکارییدا زۆر قسە کراوە، بەڵام دوو ڕەهەندی جیاواز هەیە لە قوڵای ئەم دوو سەردانەدا کەمترین قسە و چاوی چۆتە سەر.


ڕەهەندی یەکەم: سەردانی (مەسرور بەرزانی) بۆ پەرلەمانی کوردستان، لەم سەردانەدا لەدەرەوەی سنووری ئەوەی (مەسروور بەرزانی) چی ووت؟ یان باسی کارنامەی کام حکوومەت و کابینەی کرد؟ چەند کاتژمێر مایەوە و وەڵامی چەند پرسیاری داوەتەوە؟ کۆی هەموو ئەم شانۆگەرییە ئەگەر هەڵسەنگێنین هیچ نەبوو ، بێجگە فریوودان و دووبارەکردنەوەی سەرجەم ئەو کارە قیزەوونانەی نزیک بە ٣٠ ساڵە ئەم سیستەمە چینایەتی و سەرکووتگەرەی هەرێمی کوردستانە کە خەڵکی پێ دەچەوسێنێتەوە.

،،

ئەوەی جێگای پرسیار و تێڕامانە و دەکرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت ، وەک گرفتی گەورەی سەردانی (مەسرور بەرزانی) بۆ پەرلەمانی کوردستان ، ئەوەنیە کە (مەسرور بەرزانی) وتوویەتی ئەوان سیستەمێکی (سۆشیالیستیان) نیە، یان ئەوان پێدانی مووچە لەگەڵ دۆخەکەدا دەگوونجێنن، بەڵکو گرفتی گەورە لە ئاستێکدا ئەو ژمارە لە نووسین و هەڵسەنگاندن و ڕەخنە گرتنە بوو لە قسە و لێدووانەکانی (مەسروور بەرزانی) کە لە پەرلەمانی کوردستان کردی.


دوای ٣٠ ساڵ لە ( شەڕ ، یاری کردن بە چارەنووسی خەڵک، قومارکردن بە ژیانی هاوڵاتیان، دزی، سەرکووتی سیاسی، گەندەڵی، فراوانکردنی مەوداکانی لەشفرۆشی و خۆکوشتن و بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان، ئاوارەبوون و کۆچ، بێکاری و سواڵکردن، نەهێشتنەوەی هیج بەهاو شکۆیەک بۆ ئینسان)، لەدوای هەموو ئەم تاوانانەی کە دەبێت بکەرەکانی کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانن بە تایبەت (پارتی و یەکێتی) دادگای بکرێن و تەخت و کورسیان هەڵپێچرێت، بێیت و لەبەردەم تەلەفزیۆن دابنیشیت و خۆت ئامادە بکەیت ڕەخنە لە قسەکانی (مەسروور بەرزانی) بگریت، ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین گرفتە کە نیشانەی بوونی (خۆشخەیاڵی و خۆشباوەڕییە) کە تاکو ئێستاش لە هەناوی خەڵک تا ئاستێک و ئەوەی پێی دەوترێت نووسەر و ڕۆشنبیر بەشێوەیەکی فراوان خۆی مەڵاسداوە.
هەموو دەسەڵات و سیستەمێکی سیاسی و چینایەتی، شێوازی ڕووخان و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و سیستەمەکەی بەپێی بنەما ئابووری و کۆمەڵاتیەکەی خۆی کە پێکیهێناوەو دیاری دەکات ، ئەم دەسەڵاتە چینایەتی و مافیایەی هەرێمی کوردستان نەخشە و پێگەی دەسەڵات و سیستەمەکەی بەجۆرێک بناغەڕێژی کردوە کە بێجگە ڕووخان و هەڵتەکاندنی تەواوی پێگە جۆراوجۆرەکانی سیستەمەکەی، هەموو هەوڵەکانی تر لە ڕەخنەوە بیگرە تاکو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و بایکۆت و ئیمزا کۆکردنەوە، بەشێوەیەکی جێکەووتوو ئامانجدار بێئاکام ماوەتەوە.


سەردانی (مەسروور بەرزانی) بۆ پەرلەمانی کوردستان، دەسەڵات و خەڵکی ناڕازی خستۆتە بەردەم یەک (ئەگەر) و یەک (چاوەڕووانی)، (ئەگەرێک) بۆ خەڵکی ناڕازی و ئەو قەڵەمانەی خۆیان بە بەشێک لەداکۆکیکاری مەفەکانی خەڵک دەزانن، ئەگەر سنووری ڕەخنەکان دەرباز نەکەین بۆ ئەوەی ئێمە دەبێت چی بکەین؟ نەک ئەوەی دەسەڵات چی دەکات و ئیمە لە چی ناڕازین؟ یاخود ڕەخنەمان لە چی هەیە و ئێمە لە کوێدا ڕاوەستاوین ؟ ئەوا دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کوردستان وەک خۆی دەمێنێت و هەنگاوەکان لە بازنەیەکدا دەخولێنەوە، تاکو ئێستا بە شێوەیەکی گشتی قسە لەسەر ئەوەیە کە دەسەڵات چی ناکات!!!!! نەک ئەوەی لە دووای ئەم دەسەڵاتە ئیمە چی بکەین؟ بەبێ قەڵمبازێک لە ئێستاوە کە ڕەخنەمان لە چی هەیە بۆ داهاتوویەک کە چۆن چارەنووسی خۆمان دیاری دەکەین ،ئێمە بەهیچ جێگاوڕێگایەکی شیاوی ئینسانی ناگەیەنێت.


یەک (چاوەڕوانیش) ئەوەیە کە دەسەڵات بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو دڵنیایەی هەیە کە خەڵک تاکو ئاستێک هێشتر (چاوەڕوانی) لە دەسەڵات هەیە کە چی بکات و چی بۆ بکات !!!!!، دەسەڵات شێوازی ژیان و مووچە و پەیوەندی هەرێم و ناوەند ڕێکبخات، ئەم سنووردارکردنە مەوداکانی داواکاری و ئاستی چاوەڕوانی خەڵک ، خەبات بۆ کۆتایهێنان بەم سیستەمە سیاسی و چینایەتیە تائاستێکی فراوان بەرتەسک دەکاتەوە و گۆرەپانی یاری دەسەڵاتدارانیش گەورەتر دەکات.


ڕەهەندی دووەم: سەردانی (لاهور شێخ جەنگی) بۆ ڕانیە، لەم سەردانەدا بە ئاشکرا فریوودانی هزری خەڵک لەڕێگای خەڵەتاندنی چاوەوە کاری لەسەر کراوە، دەسەڵات بەگشتی و کارەکتەری وەک (لاهور شێخ جەنگی) کە هەمیشە کاری لەسەر ئەم نمایش و نواندنە بێبنەما و چەوەشەکاریانە کردوە، (کۆبونەوە و قەرەباڵغی، سێڵڤی گرتن و ڕاکردن، دانانی وێنەی پرۆفایل و ناوهێنان) هەموو ئەمانە ئەگەر وەک بەرئەنجامی کردەوەیەک کۆی بکەینەوە ، دەکاتە فریوودانی هزر و شێواندنی ڕاستیەکان ، هەمانکات فێڵ لە چاو وەک کامێرایەکی تۆمارکەر و ڕاگووزەر.

،،

ئەم سەردانەی (لاهور شێخ جەنگی) ڕاستیەک ئاشکرا دەکات کە تاکو ئێستاش ئەم دەسەڵاتە تووانای مانۆڕی چەواشەکردنی هەیە، تاکو ئێستاش تووانای ئەوەی هەیە لە کۆمەڵگەیەکدا کە نان و ئاوی خەڵک لەدەستی حیزبدایە، بوترێت ئەوەی لە دەرووری (لاهور شێخ جەنگی) کۆبۆتەوە کۆی گشتی کۆمەڵگەیە، تانەت بەئاستێک گەشتووە کە دەوترێت، ئەم خەڵکە ئەم دەسەڵاتەی شایستەیە، لە کاتێکدا ئەم قسە تەواو پێچەوانەیە، هەرگیز هیچ خەڵكیک دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و بێکەرامەتی خاڵی لە هەموو بەهاو پڕنسیبیە ئینسانیەکانی وەک ئەمەی هەرێمی کوردستانی ناوێت و شایستەی نیە.


(مەسرور بەرزانی) و (لاهور شێخ جەنگی) لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا نوێنەرایەتی سیستەمێکی چینایەتی هاوبەش و هاوچارەنووس دەکەن، لە ململانێی بازرگانی و بازاڕدا نوێنەرایەتی دوو کۆمپانیای جیاواز دەکەن، بۆ ئەوەی بەر بەفریوودان و چەواشاکاری و خۆشباوەڕی بەم سیستەم و دەسەڵاتە سەرکووتگەرەی هەرێمی کوردستانە بگرین، سەرەتا پێوویستمان بە هوشیاری چینایەتی هەیە، وەک چەکێکی کاریگەر بۆ ناسینی سەرجەم بنەما و ڕەهەندە جیاوازەکان و تووخمەکانی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە ، ئەگەر هوشیاری چینایەتیمان هەبێت ئەم کارەکتەر و حیزب و کۆمپانیاکان ناتووانن یاری بە چارەنووسمانەوە بکەن.