کەيسی ئەسيوپيا وعيراق (ئەبی ئەحمەد وکازمی)

کەيسی ئەسيوپيا وعيراق (ئەبی ئەحمەد وکازمی)

289 خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد


ئەسيوبيا یەکێکە لە دەوڵەتە گەورەکانی ئەفريقيا کە دەکەوێتە ناوچەی (القرن الأفريقي)، ژمارەی دانيشتووانی زیاد لە سەد مليۆنە. تا پێش ١٩٩٣ ئەم وڵاتە دەيڕوانييە سەر دەريایی سوور، بەڵام دوای سەربەخۆیی ئەريتيريا، وجيابوونەوەی لە ئەسيوبيا، ئەوا ئەسيوبيا بووە دەوڵەتێکی حەبيس (landlocked).


کەيسی ئەسيوبيا یارمەتيدەرە بۆ تێگەيشتن لە زۆر کەيسی تر لە جيهاندا. ئەم وڵاتە نزيکەی ٨٠ نەتەوە ونزيکەی سەد زمان وشێوەزاری جياوازی تێدایە. دوو ئاينی سەرەکيان هەیە، مەسيحيەت وئيسلام، لە ٦٦٪ی مەسێحين ولە ناو مەسێحيەکانيش زۆرينە ئەرسەدۆکسن وئەوانی تر کاسۆليک وپڕۆتستانتن. ئيسلاميش لە٣٠٪ پێکدەههێنێت (بۆچوونێک هەیە پێيوایە موسوڵمانەکان زیاترن ولەوانەیە زۆرينەش بن). لەم ڕووەوە، ئەسيوبيا زیاتر لە دەوڵەتی يۆغسلافيایی جاران دەچێت.

،،

هاوکات لە ئەسيوبيا ئاينە لۆکاڵيەکانی ئەفريقیا بوونيان هەیە. ئەگەر بە تيۆری پێکدادانی شارستانيەتەکانی هێنتينگتۆن لێکدانەوە بۆ ئەسيوبيا بکەين، ئەوا ئەم وڵاتە نوێنەرانی چوار کولتور و شارستانيەت لە خۆ دەگرێت، شارستانيەتی ڕۆژئاوایی (کاسۆليک وپرۆتستانت) شارستانيەتی ئەرسەدۆکسی وئيسلامی وئەفريقی. بە پێی ئەو تيۆرييە ئەگەری نزيک بريتييە لە ململانێ وجەنگ ودابەشبوونی ئەسيوبيا بۆ چەندين دەوڵەت.


چوار نەتەوەی سەرەکی لە ئەسيوپيا هەیە، ئۆرۆمۆييەکان؛ لە ٤٠٪ی دانيشتوان پێکدەهێنن وزۆرينەن. موسوڵمان ومەسێحين، بەڵام موسوڵمانەکان زۆرينەن. زۆربەی کات ناڕازين لەبەر فەرامۆشکردنيان لەڕووی ئابووری وسياسی وکولتوريەوە. نەتەوەی ئەمهەرييەکان؛ لە ٢٥٪ی دانيشتووان پێکدەهێنن، زۆرينەی مەسێحين. تا ساڵی ١٩٩٢ زۆربەی کات ئەسيوبيا لە لایەن ئەم نەتەوەیەوەیە حوکم کراوە، هەر بۆیە زمانی ئەم نەتەوەیە بە زمانی فەرمی ئەسيوبيا دادەنرێت. نەتەوەی تيگراتيەکان؛ لە ٦٪ی دانيشتوانن، زۆرينە مەسێحين، لە دوای ١٩٩٢ەوە ئەسيوبيا حوکم دەکەن وئابووری وڵاتيان کۆنتڕۆڵ کردوە. سۆماليەکان؛ ٦٪ی دانيشتوانن، زۆرينە موسوڵمانن. ئەمانە زیاتر خۆیان بە سۆماڵی دادەنێن وئەسيوبيا خاکەکەيانی داگيرکردوە ولە سۆماڵی جياکردونەتەوە. هاوکات چەندين کەمينە ونەتەوەی تر لەو وڵاتەدا دەژين.


ئەسيوبيا لەو وڵاتانەیە کە زۆربەی کات ململانێ وشەڕی ناوخۆی تێدایە، وڵاتی ئەريتيريا بەشێک بوو لە ئەسيوبيا ولێی جيابووەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕووداوانە دوبارە ببنەوە و هەرێمەکانی تريش داوای سەربەخۆیی بکەن، لە ئێستادا ئەم وڵاتە لە ٩ هەرێم پێکدێت. ئەسيوبيا وەک زۆر وڵاتی تری ناوچەکە نەيتوانيوە شووناس وبەرژەوەندييەکی هاوبەش بۆ هاووڵاتيانی درووست بکات وگرووپە نەتەوەیی وئاينی ومەزهەبيەکان لە خۆ بگرێت تا هەموو گرووپەکان ڕازی بن بەوەی لە چوارچێوەی وڵاتێکدا بژين. بایەخدانی زۆری حکومەتی ئەسيوبيا بە پڕۆژەی بەنداوی نەهزە، بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو پڕۆژەیە بکاتە ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی گروپە نەتەوەییەکانی ئەسيوپيا وشووناسێکی هاوبەش لە نێوانياندا درووست بکات.


دوای ناڕەزایەتی وخۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٨ کە ئۆرۆميەکان ئەنجامياندا دژ بە حکومەتی ئەسيوبيا، سەرۆک وەزيرانێکی نوێ دانرا بە ناوی ئەبی ئەحمەد. دوای ماوەیەک لە دەستبەکاربوونی، توانی ڕێکەوتننامەی ئاشتی بکات لەگەڵ ئەريتيريا لەسەر کێشەکانی سنوور، لەبەر ئەوەش ئەبی ئەحمەد خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدرا. ئەبی ئەحمەد یەکەم سەرۆک وەزيرانی ئەسيوبيایە کە لە نەتەوەی ئۆرۆمۆيە، باوکی ئەبی ئەحمەد موسوڵمانێکی ئۆرۆمۆییە، دايکی مەسێحيەکی ئەمهەرييە، وخێزانەکەشی هەر مەسێحيەکی ئەمهەريە. گوایە خۆشی مەسێحيەکی پرۆتستانتييە.


لە ئێستادا بە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەسيوبيا بە هۆی کۆرۆناوە، کێشەیەکی گەورە کەوتوەتە نێوان حکومەتی فيدرالی ئەسيوبيا وهەرێمی تيگرات. هەرێمی تيگرات بێ گوێدانە حکومەتی فيدراڵ لە هەرێمەکەی خۆیدا هەڵبژاردنی ئەنجامدا وحکومەتی فيدراليش بە نيازە سزای بخاتە سەر. ئەمەش وای کردوە ديسانەوە مەترسی شەڕی ناوخۆ وداواکردنی سەربەخۆیی لە لایەن ئەو هەرێمەوە سەرهەڵبدات. واتە دووبارە بوونەوەی کەيسی ئەريتيريا وئەسيوبيا.

،،

ئەبی ئەحمەد سەرەتا هيوایەکی گەورەی بەخشی بە زۆرێک لە ئەسيوبيەکان، بە تايبەت بە ئۆرۆمۆييەکان. هاوشێوەی مەستەفا کازمی عيراقی، واخۆی پێشاندەدات کە ئەسيوبيا لەسەرووی هەموو شتێکە وئەسيوبيايبوون گرنگترين پێوەرە بۆ حوکمداری.


بەڵام ئەم جۆرە گوتارە لەم جۆرە وڵاتە شکستخواردوو وبێ شووناسانەدا، گوتارێکی نا واقعی ولاوازە. چونکە ئەسيوبيايبوون وعيراقيبوون بەهایەکی ئەوەندە گرنگ وجوان وخوازراو نييە کە ئەوە بهێنێت گرووپەکانی ئەو وڵاتانە هەندێ سازش لە شووناسی نەتەوەیی خۆیان بکەن لە پێناو بەدەستهێنانی ئەو بەهایە. عيراقيبوون وئەسيوبيايبوون جياوازە لە سويسرايبوون وبەلجيكيبوون، گرووپە نەتەوەییە جياوازەکانی بەلجيکا وسويسرا لەبەر ئيمتياز وتەماحی سويسرايبوون وبەلجيكيبوون دەکرێت هەندێ سازش لە شووناسی نەتەوەیی وسەربەخۆیی بکەن لەبەر بەرژەوەندييەکی گەورە کە ئەويش هاوڵاتیبوونە لە سويسرا وبەلجيکا. بەڵام ئەمە بۆ وڵاتانی وەک عيراق وسودان وسۆماڵ وئەسيوبيا ڕاست نييە، بۆ نموونە یەکێ لە نەهامەتی ونەگبەتيە گەورەکان کە مرۆڤێک تووشی بێت، بريتييە لەوەی ئەو مرۆڤە هەڵگری پاسپۆرتی عيراقی بێت وهاووڵاتی عيراق وئەو وڵاتانەی تر بێت.


ڕاستە وڵات هەیە چەندين گروپی نەتەوەیی وئاينی جياواز لەخۆدەگرێت ودەتوانن بە ئارامی ژیانی تيا بەسەر بەرن، وەک سويسرا وبەلجيکا. بەڵام ئەوە بە کولتورێکی ديموکرات وسيستەمێکی ئەخلاقی کراوە وئازاد و بوونی بەرژەوەندیيەکی ئابووری وسياسی گەورە بەدی هاتووە. ناکرێت هيچ کام لەو ئيمتياز وبەهایانە بوونی نەبێت، بەڵام داوا بکرێت بێ کێشە گرووپە نەتەوەییەکان بەیەکەوە بژێن، بە تايبەت ئەو داواکارييە لە کەمينە نەتەوەييەکان داوایەکی تەواو ستەمکارانەیە. هەر لەبەر ئەوەیە کە شەڕی ناوخۆ وشەڕی نێوان پێکهاتەکان یەکێکە لە نەگۆڕەکانی ئەم وڵاتانەی وەک عيراق وئەسيوبيا وسۆماڵ وسودان...