بنێشت یان جگەرە، مووچە یان سەربەخۆیی

بنێشت یان جگەرە، مووچە یان سەربەخۆیی

220 خوێندراوەتەوە

د. ڕێبوار فەتاح


ژوورەکەم هێندە بچووك بوو، گەر بە هەڵەدا نەچووبم، هەر مەتر و نیوێك بە دوو مەتر دەبوو. دەستشۆر و گەرماویشی تێدا بوو. قەرەوێڵەکەم، کە دەچوویتە ژوورەوە، لای دەستی ڕاستەوە، لە نێوان گەرماوەکە و دەستشۆرەکەدا بوو. کە دەنووستم، وەك پواز، لە نێو دوو دیوار دەئاخنرام.


گەنجێكی قۆزی کەڵەگەت، هەر ١٨٢سم باڵام، بە ٦٢ کیلۆدا، ڕێك وەك قەدی سپیچنار بە ئاسماندا چووبوو. کە دەنووستم وام دەزانی گۆڕەوشارم دەدەن. سپێدە کە ڕادەبووم، بە خەیاڵی ژوورە فەریحەکەی وڵات، بە چاو قوچاوی، خۆم دەکێشایەوە، هەردوو دەستم دەیدا بە دیوارەکەی ئەمبەر و ئەوبەردا، ژان دەچووە پەڕەی دڵم.

خەو بەریدەدام. دەست و دەموچاوم دەشت. دەستشۆرەکە، لە نهۆمی سێیەم یان چوارەمەوە بەسەر گۆڕەپانی نێوەندی بیناکەدا دەیڕوانی. وەك ژوورەکەی وڵاتم نەبوو؛ بە سەر ئەو چیا دڵگیرەدا بنواڕێ. ئەمجار نەمدەزانی چۆن وەرچەرخێم، ژوورەکە هێندە باریك بوو. پشتاوپشت پاشەکشەم دەکرد، و لە کۆریدۆرەکەی دەرەوە دەگیرسامەوە. کوریدۆری چی! تا چاو بڕی دەکرد، بە هەردوولادا دەکشا. ژوور لە تەنیشت ژوورەوە. دەتگوت کاتی خۆی زیندان بووە. لەوێدا وەردەچەرخام و دەگەڕامەوە ناو ژوورەکە تا خۆم بگۆڕم. هەر ئەو پانتۆڵە لیڤایسەم لەبەردا بوو کە وڵاتم پێوە بەجێ هێشتبوو. کەمەرەکەی ٢٨ ئینچ بوو. کەمێك شل بوو بۆم. نانی بەیانی و شێو هەردووکی هەر لە هەمان جێدا فەراهەم بوو.

،،

زۆرم لە یاد نەماوە. ماڵئاوا، ئەوە چوار دەیە لەمەوبەر بوو. خۆشم نەمدەزانی بۆچی و چۆن لە لەندەن گیرساومەتەوە. پۆڵ تۆمسن - یادی بەخێر، جارەناجار لەسەر قاوە خواردنەوە، سەیری دەکردم و دەیگوت، ڕێبوار تۆ بە پشیلەیەك دەچیت، سەرەوخوار، چنگت لە لەندەن گیربووبێ.


وەك ئێستا نەبوو. نەك کورد، بەڵکو بێگانەش زۆر کەم بوو. کە گەیشتم، یەكدوو دۆستم هەبوو. ئەوان پێش من هاتبوون. کۆمەڵێك کوردی دیکەش، نەوەی پێش ئێمە بوون، دوای ئاشبەتاڵی پارتی ١٩٧٥ گەیشتبوون. ئەمان زۆرتر کەسانی بە دەرامەت و بازرگان بوون. کاریان بەسەر کەسەوە نەبوو. چەند کوردێکی دیکەش لێرەبوون، کە دوای کودێتای ١٩٥٨ هاتبوون. ئەمانیش کەسانی بە دەرامەت و دەسەڵاتداری عەهدی باید بوون. جارێ میوانی یەکیەکیان بووم - یادی بەخێر بێ، کە باسی خۆی کرد؛ منیش گوتم، بەڕێزتان لە دوای عەهدی بایدەوە لێرەن. دەمودەست وەڵامی دامەوە گوتی، عەهدی باید نا، عەهدی زاهیر. پێی خۆش بوو.
من لە باشوری لەندەن لەو بینایەدا گیرسابوومەوە. ئازادیم زۆر کەم بوو. یەکێك لە هاوڕێکانم، لە باکوری دەژیا، داوای لێکردم کە خۆم لەو جێیە ڕزگار بکەم. وتم، چی بکەم؟ وتی، بۆ منی بەجێ بهێڵە. ئەو ساڵێك بوو لێرە بوو. چاوی کرابووەوە. لە رۆژنامەی گەڕەکدا ژوورێکی لە ماڵی پۆڵ تۆمسن بۆ من دیتبووەوە. ماڵی ئاوەدان بێ. ئیدی گواستمەوە بۆ ماڵی پۆڵ تۆمسن، لە باکوری لەندەن. ئازادیم زۆر زیادتر بوو.


خانوویەکی سەردەمی شاژن ڤیکتۆریا بوو. چوار نهۆم بوو. هەر ژوورەی دابوو بە کەسێك. سیستمکیشی دانابوو. هەموو کەسێك، ئێوارەیەك دەبووایە خوانی چێ بکردایە. یەکی هەفتەی جارێكمان بەردەکەوت. ئیدی خۆش بوو. ئێواران لە ژووری نانخواردن کە هەر لەسەر مەتبەخەکە بوو، پێکەوە خوانمان دەکرد و قاوەمان دەخواردەوە. بۆ من زۆر باش بوو. هەم بە کولتووری ئێرەی ناساندم، هەم بۆ زمانی ئینگلیزی باش بوو.


ئێستاش بیرمە! ئێوارەی هەینی گواستمەوە. ژوورەکەم لە نهۆمی یەکەم بوو. شتەکانم، کە هەمووی لە جانتایەکدا بوو، داناو هاتمە خوارەوە. پۆڵ بە گەرمی بەخێری هێنام. کوردی دەناسی. پیاوێکی بەڕێز لەوانی سەردەمی ئاشبەتاڵ، دۆستی بوو. دڵە ئایرشەکەی بۆ کورد لێی دەدا. هەر ئەو ئێوارەیە، داوای لە دوو خانمی ماڵ کرد، کە وەك من کرێنشین بوون، من ببەن بۆ ڤیکۆریا. من تێ نەگەیشتم. هەر لەسەر شەقامی هۆڵۆوەی ڕۆد، کە ئەمان لە پشتیەوە دەژیان، پەپێكی ئایرش، بە ناوی ڤیکتۆریا هەبوو. ئێوارانی هەینی، ئاهەنگی گۆرانی و مۆسیقای ئایرشی تێدا دەگێڕا. دەگوترا پووڵیش بۆ ئای ئاڕ ئەی کۆدەکەنەوە. هەڵبەت من دڵنیا نەبووم. ئەودەم ئای ئاڕ ئەی زۆر چالاك بوون.


خانمان منیان برد بۆ پەپەکە. ئاهەنگ بوو. جمەی دەهات. بە چارەکە سەعاتێك لەسەر باڕەکە خزمەت نەدەکرایت. زۆر بە جۆشوخرۆش بوو.
پۆڵ پیاوێکی زیرەك بوو. تێکەڵێك بوو لە ڕەگەزی چینی، ئینگلیز و ئایرش. وەك لولەزۆپا، دوکەڵی لێ دەهات، هێندە جگەرەی دەکێشا. باشیش دەیخواردەوە. هەفتەی جارێك یان دوو جار دەچووین بۆ پەپێکی نزیك خۆمان. لەگەڵ ئایرشەکاندا دەمانخواردەوە. زۆرمان دەخواردەوە. چەند کەس بووینایە، دەبووایە هێندە پاینت بوخرایەتەوە. ئاخر هەموو کەسێك سوڕێكی بەردەکەوت. لەگەڵ ئەواندا، فێری خواردنەوەی گینس بووم تا ئەمڕۆش بەردەوامم. دەیانگوت، گنس بۆ خانمی دووگیان بەکەڵکە. ئێمە نە خانم بووین و نە دووگیان؛ نازانم بۆچی دەمانخواردەوە. ئەودەم، پەپ دەبووایە سەعاتی یازدەی شەو دابخرێت. ڕێز لە قانون دەگیرا. پەپەکە دادەخرا؛ بەڵام لەسەر ئێمە، کە لە ژوورەوە دەماینەوە. ئەمە گوایە ئاهەنگی تایبەتە بۆئەوەی خواردنەوەمان بە قانون بکرێ. خاوەنماڵیش پووڵ پەیدا بکات.
پۆڵ مامۆستای زانکۆ بوو. داهێنەر بوو. ئەودەم کۆمپیوتەر تەنیا بە ئینگلیزی پێی دەنوسرا. ڕەنگە بە هەندێك زمانی ئەوروپیش بینوسیبا. دڵنیا نیم. یەكدوو گرووپیش کاریان لەسەر بە عەرەبیکردنی دەکرد. دیارە زۆرتر کار لەسەر ماك دەکرا، نەك پی سی. پۆڵ و گروپەکەی لە زانکۆ، کۆمپیوتەریان پێشخست تا بە زمانی فەرمی چین بنوسێ. بۆ چەند هەفتەیەك لە ڕادیو و تەلەفیزیۆن، گفتوگۆی لەگەڵ دەکرا.


،،

پۆڵ زۆر هاوکارم بوو تا لە زانکۆ وەربگیرێم. بۆ من پەنا بوو. ئێستا باس لە دنیای پێش ئینتەرنێت و مۆبایل دەکەین. پۆڵ بۆی گێڕامەوە، وتی پڕۆفیسۆر جۆنشەر، تەلەفۆنی بۆ کردووم؛ پرسیویەتی، تۆ ئەم پیاوەلاوە چۆن دەناسیت. وتی، پێم گوتووە، من فریشتەیم. ئیدی پڕۆفیسۆر جۆنشەر، دواتر بوو بە مامۆستام. لە ماستەر وەریگرتم. تەنیا شەش قوتابی بووین. جۆنشەر - یادی بوخێر، لە ٢٠٠٠ەکاندا بەجێی هێشتین، زانایەکی فیزیاوی ناسراوی بواری دایئەلیکتریك بوو. جۆنشەر زۆر ڕێزی لێ دەگرتم. خۆیشی پەنابەر بوو. جووی پۆڵەندا بوو؛ خێزانیان هێتلەر ڕاوی نابوون. ئەویش سەدامی وەك هێتلەر دەدی و خۆیشی لە مندا. کە من جۆنشەرم دەی، تەمەنی هەبوو. بەلانیکەمەوە لە شەستەکاندا بوو. پیاوێکی بە ویقاری ڕەدێن سپی بوو.


لە ماڵەکەدا کەمکەم داسەکنام. سەرنجی پۆڵم دا، هەمیشە پاکەتێك بنێشت لە تەنیشت پاکەتە جگەرەکەیەوەیە. پێشتر ئەمەی نەبوو. لە پڕێکدا دەستی کرد بە بنێشتجوون. رۆژێك خۆمم پێ نەگیرا، وتم، پۆڵ دەکرێ بپرسم. بە گەرمیەوە هانی دام. لێم پرسی، بە هۆکاری چی ئەم بنێشتەت دەستپێ کردووە؟ وتی، ئەم بنێشتە هاوکاری جگەرکێشانمە. من چونکە هەرگیز جگەرەم نەکێشاوە. سەرم لێی دەرنەدەچوو. وتم چۆن! وتی، ئەم بنێشتە دەجووم تا جگەر کەم بکەمەوە. ئەمجار وتی، ڕێبوار - لە بەینی خۆماندا بێ، بە مارشاڵ مەڵێ. وتم، ئێ. وتی، بەڵام ئێستا جگەر ئەکێشم تا بنێشتەکە کەم بکەمەوە. دامانە قاقای پێکەنین. مارشاڵ هاوسەرە ئەمەریکیەکەی بوو.


نزیکەی ١٥ ساڵێك لەمەوبەر، هاوڕێیەکم لە زانکۆوە تەلەفۆنی بۆ کردم، وتی هەواڵیکی ناخۆشم پێیە. دەیزانی پۆڵ هاوڕێم بوو. دڵم داخورپا. وتی پۆستەرێك بە دیواری زانکۆوە هەڵواسراوە: پۆڵ تۆمسن لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا بەجێی هێشتووین. یادی هەر بەخێر بێ.
ئێستا هەرچەند مووچەم گوێ لێ دەبێ، بە ڕاستی نازانم بۆچی، پۆڵ-م بیر دەکەوێتەوە. حکومەتی هەرێمیش، بۆئەوەی لافی سەربەخۆیی کوردستان تەرك بکات، مووچە دەجوێ. هەر هیچ نەبێ پۆڵ، جگەرەی تەرك نەکرد، لەگەڵ بنێشتدا دەیکێشا. هەرچی حکومەتی هەرێمە، سەربەخۆیی تەرك کردووە؛ بەڵام مووچەی بۆ تەرك ناکرێ.