چۆن هێزی ڕەقی کوردی یەک دەخرێت؟

چۆن هێزی ڕەقی کوردی یەک دەخرێت؟

206 خوێندراوەتەوە

کاروخ خۆشناو

ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەمریکادا بخشێنینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە "سەنگی مەحەک" لە سیاسەتکردنی ئەمریکادا بریتی بووە لە (پاراستنی بەرژەوەندیەکان و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا) لە ڕێگای بەکارهێنانی سێ هێز (هێزی ڕەق Hard Power و هێزی نەرم Soft Power و هێزی زیرەک Smart Power)، واتە داڕێژەرانی بڕیاری ئەمریکا لە سەرەتای سەربەخۆیی ئەمریکاوە تاکو ئێستا، پشتیان بەستووە بە هەر سێ هێزی (ڕەق و نەرم و زیرەک) لە هەردوو ئاستی ناوەکی و دەرەکیدا.


کاتێک (کریستۆفەر کۆڵۆمبس) لەژێر فەرمانڕەوایی پاشای ئیسپانیا لە ساڵی (1492) بەرەو هیندستان بەڕێدەکەوێت، دوای ئەوەی کەشتیە چارۆگەدارەکەی ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێت و لە دۆرگەکانی کارائیب لە کیشوەری ئەمریکای باکور دەگیرسێتەوە، ئەوروپیەکان کاتێک دەگەنە کیشوەری ئەمریکا بۆ یەکەمجار هێزی ڕەق واتە هێزی سەربازی یان هارد پاوەر دژی هیندیە سورکان (ئەمریکیە ڕەسەکان) بەکار دەهێنن و دەست دەکەن بە داگیرکردنی خاکەکەیان و کوشتن و بڕین و جینۆسایدکردنی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا کە بە هیندیە سورەکان ناسراون.


ئەمریکا لە تەمەنی (244) ساڵی سەربەخۆیی خۆیدا بە قۆناغی جیا جیادا گوزەری کردووە، لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەم ئەمریکا بە (13) ولایەت و لەسەر بنەمای دەستورێکی (7) مادەیی لە دایک دەبێت، دواتر بە پشت بەستن بە (هێزی ڕەق و هێزی نەرم) ژمارەی ولایەتەکانی زیاد دەکات بۆ (50) ولایەت، ئەمریکای ئێستا لە دوای کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، دواتر شەڕی ناخۆ لە سەردەمی (ئەبراهام لینکۆڵن)دا کە (620) هەزار قوربانی لێکەوتەوە، پاشان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئەمریکایەکی توکمە دروست دەبێت، ئینجا بە هێزێکی زەبەلاحی ڕەق و نەرمەوە دێتە سەر شانۆی سیاسی جیهان.


هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای جەنگی جیهانی یەکەم ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و پشت بەستن بە هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت (کۆمەڵەی گەلان) دروست دەکەن، پاشان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیش (نەتەوە یەکگرتووەکان) دروست دەکەن، ئەمریکا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بەتایبەتی لە کۆتایی ساڵەکانی جەنگی ساردەوە تا ئێستا، بە شێوەیەکی ستراتیژی پشتی بەستووە بە هەرسێ هێزی نەرم و ڕەق و زیرەک، لە پێناو یەکلایکردنەوەی بەرژەوەندییەکانیان و فراوانکردنی هەژموونیان لە کایەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و بازرگانی و تەکنەلۆژی و هزریی و کەلتوری...هتد.

،،
ئەمریکا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لەجیهاندا زۆربەی کات پەنا دەباتە بەر هێزی نەرم (دیبلۆماسیەت) بەڵام هەندێک جاریش کاتێک هێزی نەرم دەگاتە بنبەست، سڵی نەکردۆتەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق یان هێزی سەربازی.


ئەمریکا گرنگیەکی تایبەت بە هێزی ڕەق یان سێکتەری سەربازی دەدات، بە جۆرێک ساڵانە گەورەترین و زەبەلاحترین بوجەی (لەسەر ئاستی جیهان) بۆ تەرخان دەکات بۆ نموونە ساڵی (2019) بڕی (716) ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کرد و بۆ ساڵی (2020) بڕی (733) ملیاری بۆ تەرخان کردووە.


لە سیاسەتی دەرەوەدا، ئەمریکا لەسەرتای سەدەی بیستەمەوە بە شێوەیەکی پاڕالێل گرنگی داوە بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق، بە جۆرێک هەر کاتێک لە ڕێگای هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت نەیتوانیبێت ئامانجەکانی بپێکێت، هێزی ڕەق یان هێزی سەربازیان بەکارهێناوە، بۆ نموونە لە هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، ئەگەرچی سەرەتا ئەمریکا بێلایەن دەبێت بەڵام دواتر بەشداری دەکات و پارسەنگی هێز بەلای هاوپەیمانەکاندا دەشکێنێتەوە، بەواتایەکی تر کاتێک هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت شکست دەهێنێت، ئەوا بە هێزی ڕەق و هێزی سەربازی ململانێکانی یەکلاکردۆتەوە، هەندێک جاریش کار گەیشتۆتە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی وەک (هیرۆشیما و ناکازاکی)، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە هەموو کات ئەمریکا سەرکەوتنی بەدەست هێنا بێت لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و هێزی نەرمدا (وەک ڤێتنمام).
سەبارت بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق پرۆفیسۆر (جۆزیف نای- .Joseph S. Nye, Jr) ئەکادیمیست و ڕاوێژکاری ئیدارەی ئۆباما لە کتێبە بەناوبانگەکەی (هێزی نەرم، ڕێگەیەک بۆ سەرکەوتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا) ئاماژە بەوە دەکات کە لە ململانێکاندا بۆ سەرکەوتن بەسەر نەیارەکاندا پێویستە لە پاڵ هێزی ڕەق (Hard Power) هێزی نەرمیش (Soft Power) بەکار بهێنین.


جۆزیف نای بەم شێوەیە پێناسە و پۆڵینی هێزی ڕەق و هێزی نەرم دەکات:
"هێزی ڕەق بریتیە لە هێزی سەربازی و فشاری ئابووری توند، هەروەها هێزی نەرمیش بریتیە لە دیپلۆماسی گشتی و تێکەڵبوونی کلتوری و هاوکاری مرۆیی و بەیەکگەیاندن و میدیا و...هتد.
لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، داڕێژەرانی ستراتیژییەتی نوێی ئەمریکا لە پاڵ پشت بەستن بە (هێزی نەرم و ڕەق) بە شێوەیەکی هاوتەریب پشتیان بە هێزی زیرەکیش (Smart Power) بەستووە، هێزی زیرەک بە مانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک لە جیاتی (هێزی مرۆیی فیزیکی) بۆ نمونە ئەمریکا لە سەرەتای ئەم ساڵدا لە ڕێگای هێزی زیرەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (دڕۆن) توانی هەریەکە لە (سولەیمانی و موهەندس) بکوژێت، بۆیە لە ئێستادا بەشێک لە دروستکەرانی بڕیار لە ئەمریکا پێیان وایە کە بە هۆی پێشکەوتنی (هێزی زیرەک)ی ئەمریکیەوە چیتر پێویست بە بڵاوکردنەوەی هێزی فیزیکی و سەربازی ناکات، چونکە بە هۆی پێشکەوتنی هێزی زیرەک و تەکنەلۆژیای سەربازی، هەر ئامانجێکیان مەبەست بێت دەتوانن بی پێکن، بێ ئەوەی وەک جاران پێویستیان بە هێزی سەربازی فیزیکی هەبێت (Foot on the Ground)
لە کۆتاییدا دەمەوێت لە ڕێگای ورووژاندنی چەند پرسیارێکەوە ئاماژەیەکی کورت بەوە بکەم ئایا ئێمەی کورد وەک (ئەکتەرێکی نا دەوڵەتی) تاچەند توانیومانە بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی لە هێزی ڕەق و نەرم و زیرەک بگەین؟
چۆن و بە چ میکانیزمێک دەتوانین هێزی ڕەقی کوردی (هێزی پێشمەرگە) یەک بخرێت و لە ژێر چەپۆکی حیزبی کوردی دەربهێنرێت و بخرێتە ژێر چەتری حکومەت؟

چۆن و بە چ میکانیزمێک بتوانین هێزی نەرم (دیپلۆماسیەتی کوردی) لە دەرەوە بە هێز بکەین و لە ڕێگای نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم پرۆسەی لۆبیکردن بە شێوازە تەندروستەکەی ئەنجامبدرێت؟