سیاسەتی حیزبەكان كورد و كوردستان بەرەو تونێلێكی تاریك دەبەن

سیاسەتی حیزبەكان كورد و كوردستان بەرەو تونێلێكی تاریك دەبەن

307 خوێندراوەتەوە

شەهاب بۆتانی


هێرشی مەغۆلەكان خۆ زۆری نەمابوو بگەنە ناو شاری بەغدا، ئەوكات بەغدا ناوەندێكی زانست و عیلم و مەعریفە بوو، لەولاتان بۆ بەدەستهێنانی زانست روویان لەبەغدا دەكرد، كەچی هێرشی مەغولەكان گەیشتە ناوەندی شارەكە، ئینجا كەوتنە خۆ هەر خەریكی مشتومڕی نێو خۆ بوون لەسەر چی؟ لەسەر ئەوەی لەنوێژدا چۆن دەست بخرێتە سەر دەست و چۆن چۆنی بێت، بۆیە فریای ئەوەش نەكەوتن بەرگری بكەن و شار وێران بوو.


سیاسەتی تەخوینكردنی یەكتریش لەكوردستان رەگ و ریشەیەكی درێژی هەیە، هەر لەگەل دروستبوونی حیزبەكانەوە بوونی هەیە، ئێستە لەسەدەی 21ین، جیهان لەپێشبڕكێی ئەوەن كێ‌ دەگاتە سەر مەریخ و كێ‌ رۆبۆتی شوێنگرەوەی مرۆڤ دروستبكات، كەچی كوردیش خۆی بەهەموو میللەتانی جیهان ناگۆڕێتەوە، وەلێ عەقلیەتی تەسكی حزبایەتی بەرۆكی كەسیانی بەرنەداوە، خیانەتیش بووەتە بەشێك لەكلتور و میژووی كورد، بەهۆیانەوە كاتێكیش قسە دێتە سەر گۆشەیەكی جوانی دەگوترێت لەژێر سیاسەتی حەكیمانە وڵات ئاوەدانە، ئاخر كامە سیاسەتی حەكیمانە خۆ هیچ حزبێك لەو حزبانەی كورد هونەری یەكتر قبوڵكردنیان لەلا نیە، بگرە بەردەوام سەنگەریان لەیەكتر گرتووە، هەرچی ناشیرینیەو جوێنی منداڵانەیە بەدایك و ژن و خوشكی یەكتریش دەدەن ئاخر كامە سیاسەتی حەكیمانە و چۆن چۆنی.

،،

لەو ماوەیە كۆمەلەێك سیاسیی كورد مێژووە رەشەكانیان هەڵدایەوە، دارەكەیان لەكونی شەنكەسورە راكرد، لەلایەكی دیكەش دەرئەنجامی گشتپرسی هەرێم و كارەساتی 16 ئۆكتۆبەریش دوو هەلی دیكە بوون بۆ خۆ سافكردن و قۆل هەلكردن لەیەكتری، من دلسۆزی وڵاتم و تۆ خیانەتکارو خۆفرۆش و خاك فرۆشی..


ئەوان نەك خۆشگوزەرانی و موچەو مافی فەرمانبەرانیان پێ‌ دابین ناكرێت، بگرە دەرونی ئەو میللەتە خێر لەخۆ نەدیوەش لەبەر چاو ناگرن، ئاخر چ مایە نەیكەن بەیەكتری چی ئەدی توخوا چیمایە نەیكەن؟


وەكو نموونەكەی بەغدا و مەغولەكانیش تا دوێنی حزبەكانی هەرێم خەریكی شەرە قسەو ململانێ بوون، ئەوڕۆش ئەوەتا نەیارەكانتان لەبەغدا بارەگاتان دەسوتێنن تا ئێرەش ئەوە بەخۆتان دەبێ‌ هەلوێستتان هەبێت، یان نا كێشەی میللەت نیە، بەڵام سوتاندنی ئالای گشت كورد ئەوە قابیلی قبول نیە كە هۆكارەكەی خودی حزبەكان بن، چیتر میللەت بێدەنگ نابێت و نە سیاسەتی حزبەكان رون و ئاشكرایە نە هی كوردستان، بۆیە خەریكە بەرو تاریكستانێك دەرۆین یەك بستیش پێشی خۆمان نابینین.