کەناڵی (المعلومة) لە زاری ئەمین ناسر كە ڕۆژنامەنوسێكی عیراقیە و لە لوبنان نیشتەجێیە، ئاشكرای دەكات كە هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عیراق دەیان كەسی لە كەسوكار و خزمی خۆی لە نوێنەرایەتیە دیپلۆماسیەكانی عیراق دامەزراندووە، هەروەها كوڕێكیشی وەك ڕاوێژكار لە باڵیۆزخانەی عیراق لە بەیروت بەشێوەی بندیوار دامەزراندووە.
ئەمین ناسر لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت:" د. رەعد ئالوسی باڵیۆزی پێشوومان لە بەیروت لای من سكاڵا و بێزاری خۆی لەسەر ژمارەی زۆری كارمەندانی بندیوار دەربری، كە لای ئەو دامەزرێنراون و زۆرینەشیان لە كوڕ و كەسوكاری بەرپرسانی عیراقین كە لە ماوەی ساڵانی 2011-2017 فەرمانڕەوایەتی عیراقیان كردووە".
باڵیۆزی پێشووی عیراق لە بەیروت بەو ڕۆژنامەنوسەی وتووە كە"ئێمە لە كاتی خۆپیشاندانێك لەبەردەم باڵیۆزخانەكەمان كە داوای ئاشكرای كردنی كارمەندانی بندیواریان دەكرد،هەروەها داوایان دەكرد ئەو كەسانەی توانا و پسپۆڕیی پێویستیان نیە بگەڕێندرێنەوە بۆ بەغدا
،،
بۆمان دەركەوت لە نێو ئەو بندیوارانەدا كوڕێكی هۆشیار زێباری هەیە كە بە بەڕێوەبەری مەكتەبی سیاسی و بە ناونیشانی ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەكەمان دامەزراوە، بەبێ ئەوەی ئەو كەسە بوونی هەبێت، واتە بندیوار بوو دەوامی نەدەكرد".
لە كۆتایشدا دەڵێت:" كێشەی گەورە ئەوەیە كە ئەو فەرمانبەرە بندیوارانەی لە باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتیەكان دامەزراون، برا یان خوشكەزا یان كوڕ یان مام و خاڵ و كەسانی نزیكی بەرپرسانن، باس كردنی ئەم فەرمانبەرانە دەچێتە بواری قەدەغە كراو حەرامەكانەوە".