لە کوێوە کارەساتەکە هات؟

لە کوێوە کارەساتەکە هات؟

430 خوێندراوەتەوە

بەهادین نوری


لەو ڕۆژەوە سوپای عێراق و میلیشیای شیعەی حەشدی شەعبی هاتنە ناو کەرکوک و ناوچەکێشە لەسەرەکان، بەگشتی برادەرانی پارتی پرسی کوردیان کورت کردەوە لەیەک ڕستەدا: ( خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ) . بەبۆنەو بەبێبۆنە، بەدەم و بەقەلەم، کەوتنە باسی ١٦ی ئۆکتۆبەر، وەک بڵێیت ئەمە نەبوایە هەرێم سەربەخۆیی بەدەست هێنابوو !!


بەڵێ لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کارەساتێکی گەورە هات بەسەر ئەم میللەتەدا، بەڵام هۆکارو سەرچاوەی ئەم کارەساتە لەکوێوە هات؟ لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە ، یان ٢٥ سەپتەمبەری ٢٠١٧؟ ئەگەر مەسعود بەرزانی گوێی لە قسەو هاواری ئۆپۆزسیونی وڵاتی خۆی بگرتایە، ئەگەر داواو ئامۆژگاری ئەمریکاو ئەوروپاو هەموو دنیایی بەهەند وەرگرتایە، ئەگەر سیاسیەکانی هەرێمی کۆبکردایەتەوە بۆ تاوتوێیەکی لۆژیکی – عەقڵانی ، لەباتی ئەوەی بە ملهوڕی بڵێ ( گوێ لە عبدالبشر ناگرم )، ئەگەر بەئەقڵیەتی شارستانی و دیموکراتی بجوڵایە لەباتی ئەقڵیەتی خێڵەکی و کوردایەتی عەمارەپوو، ئەگەر ئەگەر ئەوکاتە ڕووبەڕووی ئەوشتە نە خوازراوە نەدەبووینەوە کە ناودەبرێ بە (١٦ی ئۆکتۆبەر ) . واتە ١٦ی ئۆکتۆبەر زادەی ٢٥ی سێپتەمبەرە، ئەگەر ئەم ١٦ی ئۆکتۆبەرە خراپ بێ ئەوە پرژێکە لە خراپکاری ٢٥ی سەپتەمبەر .


من بە شان و باهۆی ١٦ی ئۆکتۆبەردا هەڵنادەم، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستیە بوترێ کە سەرتاپای کێشەکە دەستکردی ٢٥ی ئۆکتۆبەرە و سەرکردایەتی ئەو ٣ حیزبە بەرپرسیارن کە واژۆی بڕیاری ڕیفراندۆمە ناوەختەکەیان کرد، لە پلەی یەکەمیشدا ئۆباڵی کارەساتەکە دەکەوێتە ئەستۆی بەرزانی چونکە هەرخۆی سەرقافڵە بوو.

،،

من بەرگری لەوکەسانە ناکەم لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا کە دەستیان خستە ناودەستی سوپاو حەشدی شەعبی، من دەزانم کە بەرپرسیارێتی یەکێتیش زۆر گەورەیە، چونکە ئەگەر یەکێتی پێی داکوتایە لەسەر ڕەفزی ڕیفراندۆم، لەباتی ئەوەی شوێن مەسعود بکەوتایە، ئەوە مەسعودیش ناچار دەکرا پاشەکشە بکات لە پرۆژەکە

بەڵام ئەگەر ئەوانە بەخیانەتکار ناوببرێن ئەوە بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی سەپتەمبەردا سەدقات خایینترن، چونکە ئەمانە بەرپرسیارن لە هەموو کارەساتەکە.
من لە شۆڕەسوارانی ڕیفراندۆم دەپرسم: ئێوە ئەی برادەرینە، کە ڕۆژی ١٤ی ئۆکتۆبەر لە دوکان کۆبونەوە بە بەشداری سەرکۆمار د.فواد معسوم کە بەغدا ناردبووی ، چیتان بڕیاردا، ئاشتی یان جەنگ؟ ئەوەتان بڵاو نەکردەوە کە ( دەبێ نەرمبین و ئاشتیانە کێشەکە چارەسەربکەین ) ؟ بەهەرحاڵ کەهێزی چەکداری بەغدا بێت و هێزی چەکداری ئێوەش لە شارەکەدابێ یەک لە دوو بژاردەتان لەبەردەمدایە : یان بەرەنگار بوونەوە، واتە جەنگ، یان پاشەکشە بۆ ئەوەی تووشی شەڕ نەبن. ئێوە بەدەستی خۆتان ، لەو چەند حەفتەی پێشتردا، دۆخێکی وەهاتان دروستکردبوو کە بژاردەی سێهەم لە ئارادانەمینێ. دەبوو لە ڕۆژانی پێشتردا هەوڵی جۆرێ لە ڕێکەوتنتان بدایە لەگەڵ بەغدا. ئێوە لە ١٩٦١دا ئەم میللەتەتان ڕاپێچی شەڕێکی درێژخایەنی ماڵوێرانکەر کرد کە هەواڵگری بەریتانیا بۆ ڕوخاندنی عەبدولکەریم قاسم دروستیکردبوو، ئەمجارەش ، بەکاریگەری عەقڵیەتی خێڵەکی و کوردایەتی عەمارەپوو ، خەریک بوون شەڕێکی نوێ بسەپێنن کە ئەنجامەکەی لە دەستدانی ئەو دەسکەوتانەی دوای جەنگی کەنداو و ڕاپەڕینی ١٩٩١ هاتە دەست.


ئەگەر بەتەنگ بەرژەوەندی گشتی ئەم گەلەوە بین دەبێ ١٦ی ئۆکتۆبەر بەپاشەکشەیەکی پێویست تەماشاکەین کە بۆچارەسەری هەڵە کوشندەگەورەکەی ٢٥ی سەپتەمبەر پێویست بوو .


ئەگەر سەرکردایەتی پارتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە خیانەت دەژمێرێ ، هەموو کەس دەزانێ کە ئەوپاشەکشەیە بەس لە کەرکوک نەبوو، دەپرسین ئەی بۆچی پارتی لە شنگال و مخمور و خانەقینیش پاشەکشەی کرد و هیچ جووڵەیەکی نەبوو ؟ من بە باشی دەزانم کە جووڵەو بەرەنگاربوونەوەی نەبوو ، پێشم وایە کە ئامانج لەم هەڵەشەو بەڵەشە لە ( خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ) تەنها بۆ ئەوە بوو کە سەرنجی ئەم خەڵکە لەسەر ٢٥ی سەپتەمبەر دوور خەنەوە . واتا پرسی ١٦ی ئۆکتۆبەر داتاشرا بۆ لەبیر بردنەوەی پرسە بنەڕەتیەکەی کێشە کەڵەکە بوەکانی دیکەی هەرێم ، کە هەموو دەستکردی حوکمڕانانی شکستخواردوی ٢٨ ساڵی ڕابوردووە.
سەرانی پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو بەوعەقڵیەتە خێڵەکیانەو کوردایەتی عەمارەپوو بەوەهمی سەربەخویی هەرێم، هەلێکی مێژوویی زێرنیان لە کیسی ئەم میللەتەدا بۆ هەوڵی جێبەجێکردنی مادەی {١٤٠} لە دەستور.

،،

ئەگەر چکێ لە گیانی شارستانێتی هاوچەرخیان تێدابوایە دەستیان لەکاردەکێشایەوە و داوای لێبوردنیان لە میللەت دەکرد پاش ئەو کارەساتە گەورەیە، بەڵام ئەوان دەسڵات بە موڵکی تاپۆداری خۆیان دەزانن ، بۆیە دوای کارە سات چڕتڕ لە جاران هەڵبژاردنی پەرلەمانیان تەزویر کردو ‌‌حوکرانی خێڵەکیانە دامەزرێنرا : باوک کوڕ و برازا بوون بە مەرجەع و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێم.


شایانی باسەکە هەموو حزبە بچووکەکانیش، وەکو شیوعی و سۆشالیست و... هتد ، بەشداربون لە پشتگیری لە ڕیفراندۆمدا، لە ٣ حیزبەکەی تری ئۆپۆزسیونیش گۆران و کۆمەڵ بە شەرمەوە ئۆپۆزسیون بوون و دوو پات و سێ پاتیان دەکردەوە کە ئەگەر دەنگدان بوو بە {بەڵێ} دەنگدەدەن، واتە لەریزی حوکمراناندا دەوەستن.

تاکە رێخراوێ کە بەروونی و بەتەواوەتی دژی ریفراندۆم بوو هەر نەوەی نوێ بوون.
ئەمرۆ حوکمڕانان سوارن و میللەت پیادەیە، بەڵام ئەمە کاتیەو ئەو ڕۆژە دوورنیە کە پێچەوانە بێتەوە.