10 خاڵ لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

10 خاڵ لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

292 خوێندراوەتەوە

کاروخ خۆشناو


بڕیارە دوای تەنها دوو هەفتەی تر و لە ڕێکەوتی (2020/11/3) هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجام بدرێت، ئەو (10) خاڵەی گرنگە بزانین لە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بریتین لە:


1- ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە تاکو ئێستا ئەمریکا زلهێزترین وڵاتی دونیایە و (واشنتن)ی پایتەخت چەقی داڕشتنی بڕیارە چارەنوسسازەکانی جیهانە.


2- لە مێژووی (244) ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکادا هیچ کاتێک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دوا نەخراوە، هەتا لە کاتی شەڕی ناوخۆ و شەڕی دەرەکیشدا هەموو چوار ساڵ جارێک (بە گوێرەی مادەی دووی دەستوری ئەمریکا) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجام دراوە (ئەگەرچی چەند مانگێک لەمەوبەر تڕەمپ داوای دواخستنی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام هەر زوو داواکەی لەلایەن کۆماری و دیموکراتەکانەوە ڕەتکرایەوە)


3- هەڵبژاردنی ئەمجارە لە بارودۆخێکی ناهەمواردا ئەنجام دەدرێت، بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا، ئەمریکا ڕۆژانە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات لە ڕێژەی توشبووان و ڕێژەی مردووان.


4- هەردوو ڕکابەری سەرەکی (دۆناڵد تڕەمپی کاندیدی کۆماریەکان و جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان) بە شێوەیەکی قوڵ ڕای گشتی و شەقامی ئەمریکایان دابەشکردووە.


5- جگە لە دوو کاندیدە سەرەکیەکە (تڕەمپ و بایدن) کۆمەڵێک بەربژێری تر هەن کە ژمارەیان (34) کاندیدە، بەڵام هیچکامیان ئەگەری دەرچوونیان نیە، بەڵکۆ چانسی بردنەوەی (کورسی) کۆشکی سپی مۆنۆپۆڵ کراوە بۆ هەردوو بەربژێرەکەی هەردوو پارتە سەرەکیەکەی ئەمریکا (بایدنی دیموکرات و تڕەمپی کۆماری).


6- جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆک، لەهەمان ڕۆژدا هەڵبژاردن بۆ تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و (3/1) ئەندامانی ئەنجومەنی پیران بەشێک لەحاکمی ولایەتەکان ئەنجام دەدرێت.


7- لەلایەک هەردوو وڵاتانی (چین و ئیران) پشتگیری دەرچوونی (بایدن) دەکەن، لەلایەکی تر هەردوو وڵاتانی (ڕوسیا و تورکیا) پشتگیری هەڵبژاردنەوەی (تڕەمپ) دەکەن بۆ خولی دووەم، ئەم چوار وڵاتەش بە شێوازی ئاشکرا (لۆبیکردن) و نهێنی (ئەلیکتڕۆنی) هەوڵدەدەن کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست بکەن (وەک لە بەیاننامەی ویلیام ئیڤانینای بەڕێوەبەری ناوەندی ئاسایشی نیشتیمانی و بەرەنگاربونەوەی سیخوڕی ئەمریکیدا ئاماژەی پێکراوە)


8- بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە تاکو ئێستا لە (45) ولایەتی ئەمریکیدا زیاتر لە (22) ملیۆن هاوڵاتی لە پڕۆسەی (دەنگدانی پێشوەختە)دا دەنگیان داوە، ئەمەش ڕێژەیەکی پێوانەییە لە دەنگدانی پێشوەختەدا، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بۆ خۆپارێزی لە (ڤایرۆسی کۆڕۆنا) بەشێکی زۆری دەنگدانی هاوڵاتیانی ئەمریکا لە ڕێگای پۆستەوە بێت.


9- بە شێوەیەکی گشتی پارتی کۆماری پارێزگار و (کۆنزەرڤاتیڤن) لەگەڵ بچوکردنەوەی رۆڵی حکومەت و فراوانکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی باج و نەهێشتنی لەباربردن...هتد، بە پێچەوانەوە پارتی دیموکرات کراوەتر و لیبڕاڵترن لەگەڵ فراوانکردنی ڕۆڵی حکومەت و سنوردارکردنی کەرتی تایبەت و پشتگیری مافی پەناپەران و ئازادی کەسی و مافی لەباربردن...هتد


10- میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا (تایبەت و جیاوازە) لە هەموو وڵاتانی تری جیهان، خەڵک دەنگ بە دەستەیەک دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) ژمارەی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی کۆنگرێس و سێنات (ئەنجومەنی نوێنەران و پیران) و سێ ئەندام وەک نوێنەری واشنتنی پایتەخت، واتە ژمارەی دەستەکە [538] ئەندامن (435+100+3=538)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.