ئاڕاستەی سێیەم ... کۆتایی مۆدێلی حزبایەتی لە عێراق

ئاڕاستەی سێیەم ... کۆتایی مۆدێلی حزبایەتی لە عێراق

165 خوێندراوەتەوە

شوان جاف
چاودێری سیاسی


عێراق وەک ووڵاتێکی خاوەن سیادەی بێ کۆنترۆڵ رووبەڕووی چەندان قەیرانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی... ھتد.. بوەتەوە کە ڕۆژ بەڕۆژ عێراق بەرەو چارەنوس جەنگێکی ئەھلی بە پاڵپشتی ھێزە ھەرێمیەکان دەبات.
دوای ڕووخانی ڕژێم لە بەھاری ٢٠٠٣ دەرفەتێکی نوێی ھێنایە پێشێ بۆ ئەوەی عێراقیەکان بە پشت بەستن بە یاساکانی بریمەر و ئەنجومەنی حکوم کارووباری حزبی و حکومی خۆیان ڕێکبخەنەوە تا بتوانن مۆدێلێکی نوێ لە ئازادی تاک و کار کردن بە گروپ (حزب) بۆ عێراقی دوای ڕوخانی دیکتاتۆریەت فەراھەم بکەن ، کە ئەمەش بەردی بناغەی ئەو گۆڕانکاریە چاوەڕوان کراوەبوو کە ھاوپەیمانان خەونی گەورەیان لەسەر ھەڵچنیبوو کە ئەو خەونە بەدی نەھات ھەتا ھەنوکە.


حزبی عێراقی (باشوور و ناوەڕاست) بەھۆی ئەوەی لە بارودۆخێکی ثواری ناخۆرسک لەدایک بوو بوو ڕۆڵی خراپی گێڕا لە ژیانی سیاسی و حکومڕانی عێراقیەکان چونکە:
١- حزبە عێراقیەکان زۆرینەی ڕەھایان لە ووڵاتی ئێران دامەزران و ھەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵانی خەڵک نەبوو.
٢- ئەم حزبانە مەزھەبی و گۆشکراوبوون بە بیری ئوسولی و دژایەتی ھێزە سونیەکان.
٣- ئەم ھێزانە ئەجێندای ڕوونی خۆیان نەبوو بەڵکو لە چوارچێوەی سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی (ھیلالی شیعە) دا مومارەسەی کاری سیاسی خۆیان دەکرد.
٤- ئەم ھێزانە بەھۆی بەشداریان و قوربانی دانیان لە جەنگی نێوان دوو دەوڵەتی (ئێران - عێراق) سایکۆلۆژیەکی تۆڵەگەرایان پەیڕەو دەکرد ئەم مەترسیەش لە جەنگی ئەھلی ( فەلوجە ، موصڵ ) کاردانەوەکانی (سبایکر) رەنگدانەوەی تەواوی ھەبوو.
٥- ئەم ھێزانە وەک سێبەری دەسەڵاتی ئێران ھەژمار دەکرێن و ئەمەش دەرفەتی سیاسەتیانی سنوردار کردووە کە بتوانن وەک عێراقی کار بکەن.
٦- خراپی گوتاری سیاسی و مەزھەبی ئەم ھێزانە وای کردووە فرە ئاراستە و فرە مەودای بیرکردنەوەبن لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی وولاتانی دراوسێ.
٧- ھەرچەندە ئەم ھێزانە نەژادیان عەرەبیە بەڵام ھەستی نەتەوەگەری عرەبی گەشەی نەکردووە بەبەراورد لەگەڵ وەلایان بۆ دەمارگیری مەزھەبی و تشیوع.


ھەرچەندە ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بابەتیانە ترن لە ڕووی دروست بونی کات و شوێن و ئایدۆلۆژیای سیاسیانەوە ، بەڵام ئەم ھێزانەش دواتر شکستیان ھێنا چونکە؛
١- بەھۆی نەبوونی میتۆدێکی مەنھەجی نەتەوەی کە بناغەی شۆرش و سەرھەڵدانی ئەم حزبانەیە ھەمیشە شکستەکانیان لە سەرکەوتنەکانیان زیاتر بووە.
٢- خراپی گوتاری سیاسی ئەم حزبانە دەرفەتی بە نەیار و دوژمنەکانمان داوە زەبری کوشندەو کاریگەر بوەشێنن.
٣- نەبوونی یەک دەنگی و کۆدەنگی سیاسی ناو ماڵی كورد کارەساتی یەک لە دوای یەکی خیانەتی بەرھەم ھێناوە بە ڕادەیەک حزبی کوردی ھەرگیز ناتوانێ لەو مێژووە رەشە دەربازی ببێ.
٤- ھەرچەندە دەست پێکی شۆرشەکان لە ڕواڵەتدا پەیامی مەزڵومیەتی ھەڵگرتووە بەڵام لە جەوھەردە درووست کردنەوەی ووردە دیکتاتۆر بووە لە بەرگی (ئاغا و شێخ و ملا و سەرۆک ھۆز ....ھتد)
٥- حزبی کوردی نەیتوانیوە دەنگی نەتەوەکەی بێت ئەوەندەی دەنگی خود و زاتی شەخص بووە رەنگیشی سیمای کۆکردنەوەی سەروەری ھەمووان بووە بۆ حزبەکەی.
٦- حزبی کوردی بەھۆی نەبوونی (مدرەسەی فکری و توێژینەوەی زانستی و لەناوبردنی کەسانی زیرەک و شھادە دار) ھەمیشە لە فەراغێکی عقڵیدا ھەڵی کردووە ، ئەمەش بەڕوونی لە کۆی سیمای ئەو نوسینانەدا دیارە کە کارەکتەرەکانی شۆرش نوسیویانەتەوە کە مرۆڤی کورد ئیحراج دەبێت دەیانخوێنێتەوە.
٧- حزبی کوردی نەیتوانیووە وەبەرھێنان لە خودی تاک و گروپە دەستەبژێرەکان بکات ھەمیشە ئەو ووزە بە فیڕۆ چووە ، لە بەرامبەردا سازشی گەورەی لەبەردەم دوژمنە مێژووی و جوگرافیاکانیدا کردووە.
٨- حزبی کوردی ھەمیشە یاخیەکی شەرەنگێز بوون بەرامبەر بەیەک وە مرۆڤێکی دەستە مۆبووە بۆ دوژمنەکانی (عرەب ، تورک ، فارس)
٩- حزبی کوردی ھێشتا قۆناغی فیوداڵیداڵی تێنەپەڕاندووە چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی ، سیاسی ، ئابووری ... بۆیە گەر گوێ لە وتاری سەرکردەکانی بگرین جوملەگەلێک بەر گوێمان دەکەوێ تەنانەت تاکی کورد توانای گوێ گرتنی لەو موفرەداتانە نەماوە.


دەگەینە ئەو تێگەیشتنە کۆی حزب لە عێراق مۆدیلێکی خراپ و نا گاریگەرە لەم قۆناغەدا بەشێکی سەرەکی سەرچاوەی نەھامەتیەکانی گەلانی عێراقن ، لە لایەکی دیکە متمانەی نێوخۆ و دەرەوەیان لەدەست داوە بەڵگەش بۆم ئەم قسەیە قەدەغە کردنی ھاتووچۆ و بلۆک کردنی سامان و خرانە لیستی تیرۆری زۆرێک لە کارەکتەرە سیاسیەکانی عێراقە کە تێوەگلاون لە ھەزاران دۆسیەی گەندەڵی.


مۆدیلی نوێی سیاسەت لە عێراق؛
ئەمریکا لە ڕێگەی کازمی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق ئەوەی نیشانی ھێزە عێراقیەکان دا کە ئیرادەی گۆڕانکاری لە عێراقدا دەچێتە قۆناغێکی نوێ وە کوتلەی پەرلەمانی و ھێزی چەکدار و باگراوندی پاڵپشتی ھێزی ئیقلیمی نابنە بەربەست لەبەردەم ئەو گۆڕانکاریانەی لە چوارچێوەی (پرۆژەی شامی نوێ) جێبەجێ دەکرێت ، ڕۆژ بە ڕۆژ دۆستەکانی ئەمریکا - ئیسرائیل بازنەی ھاوپەیمانیان فراوانتر دەبێت لە ناوچەی پڕ ڕوودا و ململانێی ڕۆژھەڵاتی ناوین و بازنەی داڕمانی ئابووری ھێزە دژ بە پرۆژەی (شامی نوێ)داتەپینی ئابووری و رەزیل بوونی درا و پارسەنگی ھێزیان بەرە و مۆسکۆ و ڕۆبڵ لە پاشە کشێیەکی چاوەڕوان کراودایە .


ھەنگاوەکانی ترامپ و ئەمریکیەکان لە :
١- ئەفغانستان و ئاشتەوای نێوان دەوڵەت و بزوتنەوەی تاڵیبان.
٢- سەردانی ووڵاتی ھندستان و دەسپێکی جوڵەی دیبلۆماسی ( ئەمریکی - ھندی)
٣- ناساندنی قودسی ڕۆژھەڵات وەک پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل.
٤- رێکخستنەوە و ئاشتەوای و ھاوپەیمانی (ئیسرائیل - عرەب) لە چوارچێوەی پرۆژەی (شامی نوێ)
٥- تیرۆر کردنی فەرماندەی سوپای قودس قاسم سولەیمان و فشار خستنە سەر میلیشیا شیعەکان لە عێراق.
٦- ھاوکاری کردن و پێکەوە کارکردن لەگەڵ فرنسا بۆ پارێزگاری لە ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا ( یۆنان ، جۆرجیا ، ئەرمینیا) بۆ ڕێگرتن لە پەلھاویشتنی (روسیا - تورکیا)
٧- فشار خستنە سەر کۆمپانیا چینیەکان و لۆبی کردن و بەشداری (٣٠) کۆمپانیای ئەمریکی خاوەن پشک بۆ سنوردار کردنی پەلھاوێژی ئابووری چین.
٨- سەردانی کۆریای باکور و دانوستانی ڕاستەوخۆی (ترامپ _ کیم جۆن ئۆن)


چەندین ھەنگاوی تری ئیقلیمی ئەمریکای خستۆتە قۆناغێکی نوێی سیاسی و ھیوا بەخش بۆ ھاوپەیمان و لایەنگرەکانی لە ھەموو جیھان ، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە ئەمریکا لەم گەڕەی نوێی سیاسەت و دووبارە نەخشە سازی جوگرافیای نوێی ناوچەکە ، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ بە کۆتای سایکس- بیکۆ دەست پێکی نوێ دێتە ئارا ئەمەش ھەمووان ساز دەدات سیاسەتێکی ژیرانە و ھاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی نوێی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی تەبەنی بکەن ئەگینا لە دابەش کردنی کێکی نوێی (سایکس _ بیکۆی دوو) ووڵاتانی نەیاری ئەمریکا دەبنە نێچیری دابەشکاری نوێی (پەرت بکە و زاڵەبەی) زلھێزەکان.


ئەوەی دەمەوێ بیلێم ئەو کەرەستەی ئێستا لە عێراقدایە ناتوانرێت بکرێتە نەواتی دەوڵەتێک جێگەی متمانەی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بێت چونکە ھێزە سیاسیەکان ھاو ئاوازی سیاسی ئەم ھێزە نین و ئەمەش دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و لە ساڵی نوێی ٢٠٢١ عێراق یەکلا دەکرێتەوە و بنیاد دەنرێتەوە بەو جۆرەی ( حزب و تیارە سیاسیەکان ) کۆتاییان پێ دێت لە عێراق ، کارەکتەری سیاسی نوێ دەھێنرێتە پێش بۆ دەوڵەت داری لە عێراق وەک ئەو مۆدیلەی لە لوبنان بە حەریری دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩٩٢ وەک دانانی حمید کارزای لە ئەفغانستان ، کە ئەم ھەنگاوەش دەرکەوتنی ئاڕاستەی سێیەمە لە دەستە بژێری سیاسی گونجاو حزبی نوێ بەدەرکەون لە چوارچێوەی پلانی (C) ئەمریکا بۆ جەڵەوگیری دەسەڵات لە عێراقێک کە بناغەی سێکوچکەی پرۆژەی (شامی نوێیە)
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ژینگەی سیاسی عێراق بەرگەی ئەم گۆڕانکارییە دەگرێت ؟! یان ھەمان چارەنووسی لوبنان و ئەفغانستان چاوەڕێی عێراقە ، وەڵامی ئەم پرسیارە لە دوو خاڵدا ڕوون دەبێتەوە؛
یەکەم : ئایا بارودۆخی سیاسی ئێستا بەو جۆرەی پێش ھاوپەیمانی (عرەب - ئیسرائیلە)
دووەم: ئایا پاڵپشتی و ڕۆڵی ئێران و تورکیا و ڕووسیا تا چەند دەبێت دوای جێبەجێکردنی پرۆژەی (شامی نوێ)