ئایا ئەم کێشەیە ململانێی سیاسییە؟

ئایا ئەم کێشەیە ململانێی سیاسییە؟

283 خوێندراوەتەوە

هەموو جارێك وێنەكێشان و دروستكردنی كاریكاتێر و فیلم لەسەر پێغەمبەری موسوڵمانان كۆمەڵێك ناڕەزایی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هەندێك جار كوشتن و لەم دواییەشدا سەربڕینی لێكەوتەوە

ماوەی چەند ڕۆژێکە پاریس و فەرەنسا و ماکرۆن ، کەوتونەتە سەر زمان و لاپەڕەی زۆربەی سۆشیاڵ میدیای زۆر کەس لە جیھان و بەتایبەتیش کوردستان ، خەڵکێیکی زۆری پێوە سەرقاڵ بوون و لاپەرەکانی سوشیاڵ میدیا پڕیەتی لە توڕەیی و ڕق بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە فەرەنسا ڕوویدانداوە ، گەنجێکی تەمەن ھەژدە ساڵی شیشانی کە لە تەمەنی شەش ساڵیەوە لەگەڵ خێزانەکەی چونەتە فەرەنسا ڕۆژی ١٦ ی ئەم مانگە سەری ئیمانوێل پاتی بڕی و وێنەکەشی بڵاوکردەوە ئەمەش زۆرترین کاردانەوەی بەدواداھات .


ڕووداوەکە چۆن ڕوویدا

ئەو کەسەی مامۆستاکەی سەربڕیی بە ڕەچەڵەك شیشانیە و تەمەنی ١٨ ساڵە. ئەم کوڕە لە تەمەنی ٦ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا بەرەو فەرەنسا ڕادەکەن و لەوێ دەبن بە پەنابەرو نیشتەجێدەبن. مامۆستا فەرەنسییەکە مامۆستای مێژو و جوگرافیا بوە و لە پۆلەکانیدا ھەندێک منداڵی خێزانە موسڵمانەکانی ھەبوە. ئەم مامۆستایە ساڵانە کۆمەڵە وانەیەکی لەسەر ”ھاوڵاتیبون“ گوتۆتەوە ، ”ئازادی ڕادەربڕین“یش یەکێک بوە لەو بابەتانەی بۆ قوتابییەکان باسیکردوەو گرنگیی پێداوە. لە وانەیەکیدا لەسەر ئەم بابەتە ئەو وێنە کاریکاتۆریانەی نیشانداوە کە گۆڤاری شارلی ھێبدۆ، Charlie Hebdo، لەسەر پێغەمبەری موسڵمانان ساڵی ٢٠١٥ بڵاویکردبوەوە و ئەو کاتەش ناڕەزایەتیەکی گەورەی لەلایەن موسڵمانانەوە بەدوادا ھات . باوکی یەکێک لە خوێندکارە موسڵمانەکان، کە تەمەنی ٤٨ ساڵە، لای پۆلیس و لای ئیدارەی قوتابخانەکە شکات لە مامۆستاکە دەکات، دواتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر ئەو مامۆستایە بڵاودەکاتەوەو بە ”پۆخڵەوات“ ناویدەبات. ناو و ناونیشانی مامۆستاکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەکرێتەوە. دوای ماوەیەک ئەو کوڕە شیشانییە پەیدادەبێت، دەگوترێت ئەم کوڕە مامۆستاکە ناناسێت، گەنجەگە دەچێتە قوتابخانەکە و ھەندێک پارە کە دەگوترێت ٣٠٠ ئیرۆ بووە دەدات بە دوو قوتابی تاوەکو مامۆستاکەی پیشانبدەن . ئەوانیش پارەکە وەردەگرن و مامۆستاکەی پیشانئەدەن ، دواتر کوڕە شیشانیەکە لە یەکێک لە کۆڵانەکانی پاریسدا پەلاماری مامۆستاکە ئەدات و سەریدەبڕێت ، وێنەی پەلاماردانەکەش دەگرێت و لەسەر تویتەرەکەی خۆی بڵاویدەکاتەوە..


شارلی ئیبدۆ

هه‌فته‌نامه‌ی شاڕلی ئیبدۆ، كه‌ ناوه‌كه‌ی له‌ ناوی ئه‌و شه‌قامه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ باره‌گای هه‌فته‌نامه‌كه‌ی لێبووه‌، ئیبدۆش به‌مانای هه‌فتانه‌ دێت، واته‌ (شاڕلی هه‌فتانه‌)، كه‌ هه‌فته‌نامه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕی كاریكاتێرییه‌، به‌ ستایلی داشۆرانێكی قێزه‌ونی ئابڕوبه‌ری ئاست نزم ده‌ناسرێت له‌ بواری رۆژنامه‌گه‌ریی فه‌ره‌نسایی، خۆی له‌سه‌ر باڵی چه‌پڕه‌وه‌ رادیكاڵه‌كان ناساندووه‌،

ئەوان زۆربەی جار بابەتە كۆمیدیەكانیان ئایین لەخۆی دەگرێت. هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئایین بابەتێكی جدیە و زۆرجار لەگەڵ بابەتی جدیدا ئاسانتر كۆمیدی دروست دەكرێت ، دیارە لەوێش خەڵكی ئاینی هەیە و لە قۆناغێكدا دژی ئەو كارە هونەریانە وەستاون كە گاڵتەیان بە پێغەمبەر عیسا كردووە، بەڵام بە گشتی لە سەدەی بیستەمدا نەبووەتە هۆی كوشتنی كەس. تەنانەت لەو گۆڤارەدا مەسیح و پاپا و ماکرۆنیش دەکرێنە کاریکارتێر، بەو جۆرە كاتێك كە لە سالی ١٩٧٩ دا فیلمی ژیانی برایان (Life of Brian) كە فیلمێكە بە شێوەیەكی زۆر كۆمێدی باسی عیسا دەكات، بەرهەمهێنرا، ئەو كات ژمارەیەك لە وڵاتی ئەوروپی بۆ چەند ساڵێك ڕێیان بە فیلمەكە نەدا و لە بەریتانیا كە شوێنی بەرهەمهێنانی فیلمەكە بوو، لەوێش لە چەند شارەوانیەك ڕێ بە نیشاندانی نەدرا. مەبەست ئەوەیە كە لە ئەوروپاش خەڵكی ئاینی هەیە و لە قۆناغێكدا ئەوانیش دژی ئەو جۆرە كارە هونەریانە بوون كە گاڵتەیان بە پێغەمبەرەكەیان كردووە بەڵام سنوورەكە لە ناڕەزاییدا وەستاوە.


بەسەلەفی کردنی موسڵمانانی فەرەنسا

لە دوای ساڵانی ١٩٩٠ ، ەوە ، چ لە فەرەنسادا و چ لە زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکانی تردا، شەپۆلێک لە سەلەفیەت لەناو موسڵمانانی کۆچبەردا بڵاوبۆتەوە، باڵێکی ئەم ئیسلامە سەلەفییە بە ”سەلەفیەتی جیھادیی“ ناودەبرێت کە ڕێکخراوەکانی وەک ئەل قاعیدەو داعش و چەندانی تر نوێنەرایەتی دەکەن. ئەوەی لەناو ئەوروپادا لە تێرۆر کوشتن و وێرانکردن بەرپرسە، ئەم بەشە سەلەفییە جیھادییەی ئیسلامە. ئەمانە نوخبەیەکن لە گەنجانی ئەو وڵاتانەو وەک سەلەفییەکی توندڕەویی جیھادیی خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئیسلام دەزانن و بەناوی ئەم نوێنەرایەتیکردنەشەوە ئەوەی بەڕاستی دەزانن، ئەنجامی ئەدەن ، ئەمانە نەک تەنھا دژ بە سیستمی عەلمانی فەرەنسیی و دژ بە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادییە تاکەکەسیی و دەستەجەمعییەکانی تری ناو کۆمەڵگای فەرەنسین، بەڵکو دژ بە سەرجەمی ئەو فۆرمانەی تری ئیسلامیشن کە لەگەڵ دیدە سەلەفییە جیھادییە داخراوەکەی ئەواندا ناگونجێت.

ترسی ماکرۆن چیە لەبەرامبەر ڕەوتە ئیسلامیە جیھادییەکانی وڵاتەکەیدا ؟

لە ئێستادا لەبەشێکی گەڕەکەکانی فەڕەنسا ئێستا موسڵمانەکان خۆیان بەجۆرێک لەجۆرەکان حوکمی خۆیان دەکەن. لەبری یاسا مەدەنییەکانی فەڕەنسا بەپێی شەریعەتی ئیسلام ئیدارەی خۆیان دەکەن. ئەمەش لای حکومەتی فەڕەنسی بەهەموو شێوەیەک رەفزەو دەیانەوێت بەهەر نرخێک بێت کۆتایی بەم دۆخە بهێنن، بەپێی لێکۆڵینەکان و ئاماژەکانی ئەو وڵاتە لە ئێستادا رەوتە جیهادیەکان کە لەفەڕەنسان لەگەشەکردنێکی بێ وێنەدان. کە بەبڕوای ماکڕۆن سەلەفییە جیهادییەکان سوودییان لەیاساکانی فەڕەنسا بینیووەو کەلێنە یاسایەکانی فەڕەنسا وایکردووە کە فەرەنسا ببێتە لانەی گەشەکردنی سەلەفییە جیهادییەکان لەتەواوی ئەوروپادا.

ماکڕۆن بابەتی پەروەردەو فێرکردن بەکێشەی بنەڕەتی دەزانێت لەفەڕەنسا. چونکە بەپێی یاسا خێزانەکان بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە دەتوانن منداڵەکانیان نەنێرن بۆ قوتابخانەکانی فەڕەنساو لەماڵەوە لەرێی مامۆستای تایبەتەوە وانەکان بخوێنن و " منداڵەکانیان نەنێرن بۆ قوتابخانەکانی فەڕەنساو لەماڵەوە لەرێی مامۆستای تایبەتەوە وانەکان بخوێنن و پاشان بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەن".

بەپشت بەستن بەم دەقە یاساییە، بەشی زۆری خێزانە موسڵمانەکان منداڵەکانیان نانێرنە قوتابخانەکانی فەڕەنسا، بەڵکو لەماڵەوە مامۆستای تایبەتیان بۆ دەگرن. بەمەش ئەو خێزانانە لەڕووی پەروەردەییەوە منداڵەکانیان بەدوور دەگرن لەوەی تێکەڵی کۆمەڵگەی فەرەنسی ببن. بۆیە ئێستا ماکڕۆن ئەم کەلێنە یاساییە بەهۆکاری گەشەکردنی سەلەفییە جیهادییەکان دەزانێت لەفەڕەنسا. بۆیە دەبینین زۆرجار نەوەی نوێی سەلەفییە جیهادییەکان زۆر لەباب و باپیرانیان توندڕەوترن.

ماکرۆن دەیەوێت چی بکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم ڕەوتە مەترسیدارەی وڵاتەکەی

دوای ئەو گەشەکردنە خێرایەی گروپە توندڕەوەکان لە فەرەنسادا ، ئێستا ماکڕۆن پڕۆژە یاسایەکی ئامادەکردووە بەناوی ڕووبەڕوو بونەوەی جیاخوازی. مەبەستی ماکڕۆن لەو پڕۆژە یاسایە ئەوەیە بەیاسا رێگری بکات لەو کەسانەی خۆیان جیا دەکەنەوە لەکۆمەڵگەی فەڕەنسی. واتا لەو یاسایەدا چیدیکە ڕێگە بەوە نادرێت هیچ منداڵێک لەماڵەوە دەرس بخوێنێت. بەڵکو دەبێت هەموو منداڵێک بەئیجباری بنێردرێتە قوتابخانە. پڕۆژە یاساکەی ماکڕۆن پڕۆژەیەکی فراوانە واتا تەواوی ئاین و ئاینزاکان دەگرێتەوە کەبیانەوێت خۆیان جیا بکەنەوە لەکۆمەڵگەی فەڕەنسی. دووریش نییە مەبەستی سەرەکی ماکڕۆن تەنیا جیاکارییەکانی ئیسلامییەکان بێت ، بەپێی ئەم یاسایە ماکڕۆن دەیەوێت لەساڵی داهاتووەوە هیچ منداڵێکی موسڵمان نەمێنێت لەقوتابخانەی دەوڵەت نەخوێنێت. رێکخراوە ئیسلامییەکانیش لەفەڕەنسا ئەم پڕۆژە یاسایە بەلێدان لەخۆیان دەزانن.

فەرەنسا دژایەتی ئاین و بەتایبەتیش ئیسلام دەکات ؟

سەرەتا دەبێ بزانین ھاوڵاتیانی فەرەنسی بەگشتی بەپێی یاسایەک کە ئەو وڵاتە ھەیەتی ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئازادن لە ھەڵبژاردنی ھەر ئاینێک بە پێی دڵخوازی خۆیان و دەتوانن تەنانەت بێ دینیش بن ، بەشێکی زۆری ھاوڵاتیانی فەرەنسی بە پلەی یەکەم پەیڕەوی ئاینی مەسیحی کاسۆلیکن و موسڵمانان بە پلەی دووەم دێن لەو وڵاتەدا ، ئەو ڕوداوانەوی چەندڕۆژی ڕابردوو ڕوویان داوە زۆربەی خەڵکی بە دژایەتی ئیسلام و پێغەمبەری دەزانن ،

ئەوەی دەوتریت دژایەتی ئیسلام دەردەکەوێت وانیە ، شتێك نییە لە نێو سیاسەتی فەڕەنسادا بە ناوی دژایەتیكردنی ئیسلام. وێنەكە تەواو بە پێچەوانەوەیە. ئیسلامی سیاسیی لە وڵاتێكی وەكو فەڕەنسا تەنها بیر لە خوداپەرستی ناكاتەوە كە بە گوێرەی یاسای فەڕەنسی هەموو تاكێك بۆی هەیە ئاینی خۆی ئازادانە هەڵبژێرێ، جا ئەم ئاینە ئیسلام بێ یا مەسیحی، یاجوو ، چونكە دەوڵەتی فەڕەنسا نە بێ دینە نە دیندارە لەو رووەوە بێلایەنە. بەڵام ئیسلامێكی سیاسیی هەیە دەیەوێ شتێك لە فەڕەنسا پێكەوەبنێ و خۆی لە سەرووی یاساكانی فەڕەنساوە ببینێ. ئەمڕۆ دەگوترێت لە فەرەنسا کە گەنجی ١٤ و ١٥ ساڵ هەن كە لە قۆناغەكانی ناوەندی پێیانگوتراوە كە دەبێ بە مامۆستاكانتان بڵێن كە شەریعەت لەسەرووی یاساوەیە

ئایا ئەم کێشەیە ململانێی سیاسییە

دوای بڵاوکردنەوەو ھەڵواسینی کاریکاتێرەکان دەوڵەتی تورکیا و خودی ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا زۆرترین و توندترین کاردانەوەیان لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵاتەکانیان نیشانداوەو پەیوەندیەکانی نێوان ھەریەکە لە ماکرۆن ئەردۆگان بەشێوەیەک گرژبووە سەرۆک کۆماری تورکیا بە ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت پێویستە سەردانی نەخۆشخانەی دەروونی بکەیت و پشکنین بۆ خۆت بکەین وە لەبەرامبەردا ماکرۆنیش وەڵامێکی توندی ئەردۆگانی دەداتەوە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم پرسە پرسێکی سیاسیە و ڕقێکی تایبەتیە لەنێوان تورکیا و فەرەنسا یاخود ماکرۆن و ئەردۆگان ، بەتایبەتی دوای کاردانەوە گەورەکانی ھاوڵاتیانی باشوری کوردستان لە سۆشیال میدیا کە بە ھەموو جۆرێک و شێوازێک کەوتونەتە دژایەتیکردنی ماکرۆن و فەرەنسا و تەنانەت پرسی بایکۆتکردنی کاڵاو شمەکی فەرەنسی باسێکی گەرمە و ھاوڵاتیانی کوردستان بە ھۆی پابەندیان و زاڵبونی ھەست و سۆزی دینداریان بابەتەکە بە پرسێکی ئاینی ۆ دژایەتیکردنی ئیسلام و پێغەمبەر تێگەیشت و لەلایەن فەرەنساوە .

ھاوڵاتیانی کوردستان چۆن لە بابەتەکە بڕوانن

سەرەتا ھاوڵاتیان دەبێت بزانن کە ئەم پرسە درێژکراوەی . کێشەکانی تورکیاو فەرەنسا ، ماکرۆن و ئەردۆگانە لە ناوچەکەدا دوای ئاڵۆزبونی پەیوەندێکانی ھەردوو وڵات دێت لە پرسی یۆنان و گازی سروشتی لە دەریای ڕەش و پرسی لیبیا و یەمەن ، ..ھتد دێت، ھەردوووڵات ھەرچیەکیان لە دەست بێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی یەکتری بێ سڵکردنەوە بە چەکی ئاینیشەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریدەھێنن و ئەردۆگان لێزانانە پرسی ئاین و کاریکارتێری وەک چەکێک لە دژی فەرەنسا بەکاردێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆی تێوەگلانی موسڵمانانی جیھان لە ڕێگەی سۆزی ئاینیانەوە بۆ و بەدەستھێنانی ئامانجەکانی خۆی ، بۆیە پێویستە لەسەر موسڵمانان بە موسڵمانانی کوردیشەوە نەکەونە ئەو داوەوە ، ھاوکات لەسەر موسڵمانان و ھاوڵاتیانی کوردستانە وەک چۆن ئیدانەی کاریکارتێر دەکەن لەسەر پێغەمبەر ھاوکات و لە ھەمان کاتیشدا دژایەتی سەربڕینی مامۆستا فەرەنسیەکەش بکەن لەلایەن ھاوڵاتیە فەرەنسیە بە ئەسڵ شیشانیەکەوە، چونکە کلتوری سەربڕینی ھاوڵاتی ھەموان دەزانین کلتوری قاعیدە و داعش و ڕێکخراوە تیرۆرستیەکان و کوردستان قوربانی گەورەی بەدەستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستیانە داوە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس