بۆچی مووچەیان پێنادرێت و قەرزاریشن؟

بۆچی مووچەیان پێنادرێت و قەرزاریشن؟

549 خوێندراوەتەوە

عەدنان قادر

هەڵبژاردنی ئەم بابەتە، بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی وەڵامی ئەو پرسیارانەیە، کە چارەنووسیان توناو توون و نارۆشنە، پرسیارەکان تینووی چەندین وەڵامی جۆراو جۆرن، کە بوونەتە وێردی سەر زاری تاک بەتاکی خانەوادەی ئەم نیشتمانە، کە ئاریشەی کۆمەڵایەتی تیایدا، وەک لیمفە گرێی شێرپەنجەیە، کە لە گەندەڵیدا خۆی نمایشەکات، بڕستی لێ بڕیووین.
گرفت ( قەیران) ی ئابووری و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران، سڕ کردنی بازار، وەرنەچەرخانی ئابووریە، واتە پێنەدانی پارە لە حکومەتەوە بۆ فەرمانبەران، لە فەرمانبەرانەوە بۆ بازاڕ و لە بازاڕەوە بۆ حکومەت، ئەمەیش مانای وەستانی ژیانە.

سەرەڕای ژیانکوژی هاوڵاتیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بەژێر باری قەرزێکی دەیان ملیار دۆلاری تورکیاوە، کە ئەمەیش گەوهەری پرسیارەکەمانە.
حکومەتی هەرێم، لەم کاتەدا ژمارەی دانیشتوانی پێنج ملیۆن کەس تێپەڕناکات، پێگەی جیۆگرافیای ڕامیاری خاکەکەی، چوار ڕیانی بازرگانی نێودەوڵەتییە، بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی شتوومەک، لە یەدەکی نەوت و غازی ژێر زەوی دا لە ڕیزی وڵاتە یەکەمەکاندایە، خاکێکی کشتوکاڵی بەبڕشتوو، سروشتێکی چوار وەرزە و نیشتمانێکی دەوڵەمەند بە ئاوی سازگاری هەیە.
هەرکەسێک ڕێزەیەک هۆشی ڕامیاری و ئابووری لە مێشکدا هەبێت باوەڕ ناکات ئەم وڵاتە بەم هەموو سەروەت و گەنجینەیەوە، هاوڵاتیەکانی بەم جۆرەی ئێستا هەژاربن، قەرزێکی دەیان ملیار دۆلاریشیان بە سەردا کەڵەکە بووبێت.
مەگەر خاوەن سەرکردەیەکی نەبەکامی بێدەرکی خۆپەرست بن.
دێینە سەر گەوهەری پرسیارەکە، پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران و هەرەسە قەرزی دەیان ملیار دۆلارەکەی تورکیا لەسەر شانی میللەت.
هیچ شتێک لە خۆیەوە هەڵناتۆقێت، ئەگەر ڕیشەیەکی مێژووی نەبووبێت، ئێمەیش دەمانەوێ شا دەمارە هەستیارەکەی مێژووی ئەم قەرزە بدۆزینەوە، تا وەڵامێکی گونجاوی ئەو پرسیارەمان چنگ کەوێت، کە بۆچی مێژووی باشووری کوردستان چارەش کراوە، بۆچی حکومەتی هەرێم، هێندە موفلیسە بەرامبەر بە هاوڵاتیەکانی، قەرزی دەیان ملیار دۆلاری تورکیایشی بەسەردا کەوتووە.

،،

باشوری کوردستان، یان ولایەتی موسڵ، لە دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی گێتی (1918/11/11) کەبریتانیا و فرنساو هاوپەیمانەکانی تیایدا براوە دەرچوون، بە پەیمانی سایکس و بیکۆ، کە دوو سەرکردەی بریتانی و فەرەنسی بوون، نەخشەی تیکە تیکەکردنی خاکی ئیمبراتۆرێتی عوسمانیان داڕشت، وڵاتی عێراق لەو تیکە تیکەیەدا دروست بوو.

مەلیک فەیسەڵ کوڕی حسینی کوڕی عەلی شەریفی مەکە، کرایە پادشا تێیدا، مەلیک فەیسەڵ لەخانەوادەی هاشمیەکانی قورەیشە، لە نەوەی ئال سعودی وەهابییە، کە دەستیان گرت بەسەر حیجازدا، باوکی مەلیک فەیسەڵ بەڵێنی واژۆکرد بۆ بریتانیا کە پشتیوانی سەرخستنی پڕۆژەکەی بکات، ئەویش دروستکردنی دەوڵەتێکی یەهوودی بوو لەسەر خاکی فەلەستین، بریتانیایش لە پاداشتی ئەم هەڵوێستەدا، خۆی و کوڕەکانی کردە مەلیک.
ساڵی ١٩١٩ بەریتانیا مەلیک فەیسەڵی ناردە سوریا بۆ مەلیکی، بەڵام فەڕنسا سوریای بە پشکی خۆی دەزانی هەرزوو تەرای کرد، بریتانیا فەیسەڵی هێنا بۆعێراق لە( ١٩٢١/٨/٢٣ ) ئاهەنگی تاج لەسەر دانانی بۆ ڕێکخست، کەسایەتی هەموو شارەکانی عێراق لە ئاهەنگەکە بەشداربوون، تەنها کەسایەتی کەرکوک و سلێمانی نەبێت، چونکە خۆیان بە بەشێک لە عێراق نەدەزانی، سەربەخۆ خۆیان نیشانەدا.
ئەو دەمە شێخ مەحمودی حەفید (١٨٨٢ / ١٩٥٦ ز ) نا ئومێدبوو لە هەڵسوکەوتی ئینگلیز دڵنیا بوو لەوەی نایانەوێت ولایەتی موسڵ سەربەخۆبێت، ناچار ڕوی ڕامیاری وەرچەرخان بەرەو تورکیا، لەو کاتەدا مستەفا کەمال ( ١٨٨٢ /١٩٣٨ )ز ئوزدەمیر پاشای ناردبووە ڕەواندز بۆ هەماهەنگی و ڕێکەوتن لەتەک شێخ مەحمودا
بەپێی بەڵگە نامەیەکی نهێنی قونسوڵی سۆڤیەت لە ورمێ بە ژمارە ( ٧٣ ) ی ڕۆژی ( ٢٨ /١٠ /١٩٢٣ ) ترکیا پەیمانی ئۆتۆنۆمی داوەتە کوردەکان، سنورەکەیشی لە شەمزینانەوە دەست پێدەکات تا سنوری کێوە سوور (جەبل حەمرین) درێژ دەبێتەوە بەکەناری دیجلەدا بۆ سوشێن.
هاوکات مستەفا کەمال، سەلیم بەگی کەرکوکی بەبێ هەڵبژاردن کردە ئەندامی ئەنجومەنی ئەنقەرە، وەک نوێنەری کەرکوک.
ئینگلیز بەم پەیوەندیەی نێوان شێخ مەحمود و مستەفا کەمالی زانی، هەرزو نوێنەری نارد بۆلای شێخ محمود کەبچێتە کەرکوک بیکەنە مەلیک، بەڵام شێخ بەپیلانی زانی و نەچوو، ئینگلیزەکان لە شێخ مەحمود نائومێد یوون ، پەیوەندیان کرد بەکوردەکانی باکوورەوە، هاوکاریان بوو ، تا شەڕ لەدژی مستەفا کەمال بەرپابکەن، ئازادییان لێ بەر تەسک نەکاتەوە، پەیمانی سیڤەر جێبەجێ بکات، ( بنەڕەتی کارەکەی بریتانیا بۆ ئەوە بوو مستەفا کەمال نەیپەرژێتە سەر ولایەتی موسڵ ).

ولایەتی موسڵ، لە ڕێکەوتن نامەی سایکس و بیکۆ ، پشکی فەرەنسا بوو، بەڵام بەریتانیا بەفشار گرتیە لای خۆی، ئێستایش فەرەنسا وا نیشاندەدات کە گزی ڕاامیاری لێکراوە، سۆزی بۆ ولایەتی موسڵ هەیە، لە هەموو گۆرانکاریەکی ناوچەکە هاتووەتە سەر هێڵ، دوا لێدوانی ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرنسا، وتی ئێمە هەرێمێکی بەهێزو عێراقێکی یەکگرتوو مانەوێت ، نەیوت عێراقێکی بەهێزی یەک پارچە.
مستەفا کەمال بەردەوام هەوڵی دەدا، ڕێکەوتن نامەی سیڤەر پوچ کاتەوە ، چونکا گەنجە ایتحادیەکان گوشاریان لەسەری چڕ کردبوو، کەپێویستە کورد و هەموو کەمە نەتەوایەتیەکانی دیکەی نێو ترکیا لە بۆتەی نەتەوەی تورکدا بتوێنێتەوە، تا تورکیایەکی بەهێز دروست ببێت، ئەمکارەیش پەیماننامەی سیڤەر دەستی گرتبوون.




کۆنگرەی لۆزان لەسویسرا ڕێکخرا، مستەفاکەمال سێ کوردی ناردە نێو کۆنگرە ( عسمەت ئەنینۆ ، عارف محەمەد برزنجی، زوڵف بەگزادە ) لە کۆنگرە ڕایانگەیاند ئێمەو تورک براین، بەڵام ئینگلیزەکان پیان وتن کورد ئاری نەژادە، برای تورک نییە، پەیمان نامەی لۆزان خاڵەکانی سیڤەری پوچ کردەوە، ولایەتی موسڵی دابە عێراق ، بەڵام مستەفا کەمال بەهیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ولایەتی موسل نەدەکرد، (چەندە کوردەکان سکاڵایان لەپەیمانی لۆزان بوو ژێردەستەی کردن، تورکەکان دووهێندە سکاڵایان بوو ، ولایەتی موسڵ ی لە چنگ دەرهێنان ).
ساڵی ١٩٢٤ بریتانیا و تورکیا لە ئەستەمبوڵ دەستیان کردبەگفتوگۆ سەبارەت بە کێشەی ولایەتی موسڵ ، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو .
بریتانیا بە ناچاری لە ( ٦ / ٨ / ١٩٢٤ ) پەنای بردە بەر کۆمەڵەی گەلان تا کێشەی ولایەتی موسڵ بخاتە بەرنامەی کارەکانیەوە ، لەولایشەوە ئاگری شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانی جۆشەدا، لە دژی مستەفا کەمال.
کۆمەڵەی گەلان کۆمسیۆنێکی سێ کەسیان پێکهێنا، سەردانی شارەکانی موسڵ و بەغداد و ئەنقەرەیان کرد ، یاداشتێکی نەوەد لاپەڕەیان گەڵاڵە کرد، ڕایانگەیاند دانیشتوانی ولایەتی موسڵ لە هەشت بەش پێنج بەشی کوردە ، کورد نە عەرەبن نە تورکن ، دەبێت داخوازیەکانیان ڕەچاوبکرێت، بەڵام کۆنگرەی برۆکسل کەلە پێتەختی بەلجیکا بوو ، دوایش بەهێڵی برۆکسل ناسێنرا، لەژێر فشاری بریتانیا بە بڕیاری ژمارە (٧٧) ڕۆژی ( ١٩٢٥/١٢/١٦ ) ولایەتی موسڵ لکێنرا بە عێراقەوە . سنوری نێودەوڵەتی نێوان ترکیا و عێراق دیاری کرا.

،،

مستەفا کەمال بەناچاری و لەژێر فشارێکی زۆر هێڵی برۆکسلی قبوڵ کرد ، بەڵام ڕێکەوتن لەتەک بریتانیا ، کەڕێژەی لە( 10% ) داهاتی نەوتی موسڵ بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ و ، پێنج سەد هەزار پاوەنیش وەک قەرەبوو بدرێتە ترکیا .


مستەفا کەمال هەمیشە ولایەتی موسڵی وەک خاکێکی داگیرکراو ناو دەبرد، کوردکانیشی بەهۆکاری ئەم داگیرکاریە دەزانی ، هەربۆیە زۆر فاشیانە مامەڵەی لەتەک کوردەکاندا دەکرد ، پڕۆژەی قرکردن و تورکاندنی بەجێهێنا ، گەنجە تورکە اتحادیەکان ، دەیان ووت ، نەوتی موسڵ و عەقڵی تورک یەکبگرن، یابانێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستەبێ ، بەڵام ئەمە خەونی تورکە ، ساڵانە کە بوجەی تورکیا هەژمارە کرێت ، بەشە بوجەی ولایەتی موسڵیش جیا دەکرێتەوە ، لە نەخشەی میساقی میللی، ولایەتی موسڵ بەشێکە لەخاکی تورکیا.

تورکیا چەندین ڕێکەوتننامەی لەتەک عێراق واژۆ کردوە لە دژی کوردەکان ، (١٩٢٦/٦/٥ ) عێراق و ترکیا ، بەسەرپەرشتی بریتانیا ڕێکەوتنی ئەنقەرە یان واژۆکرد، کە خاڵی سەرەکی ڕێکەوتننامەکە بریتییە لە کردنەوەی سنوورەکان و چوونە قوڵایی خاکی یەک ترەوە بۆ لێدانی کوردەکان. وە تێچووی ئەم لەشکر کێشیەیش لە ئەستۆی عێراقە.
ساڵی ١٩٨٢ ڕێکەوتننامەکە نوێ کرایەو واژۆکرا بەچەند خاڵێکی نوێ ، لەشکری هەردوو وڵات بە قوڵایی ١٧ کیلۆمەتر دەتوانن بچنە نێو خاکی یەکدی بۆ لەنێو بردنی بزوتنەوە کوردیەکان هاوکاری یەکبن، تێچوی لەشکرکێشی لەسەر بوجەی عێراق دەبێت.
دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ، ساڵی ( ٢٠٠٧ ) عێراق وترکیا ، بەسەرپەرشتی ئەمریکا کۆبوونەوە ، ڕێکەوتن نامەکانی پێشوتریان نوێکردەوە و خاڵێکی دیکەیان بۆ زیاد کرد ، ئەگەر عێراق لێک ترازا و پارچە پارچەبوو ، کوردەکان هەوڵی جیابوونەوە و سەربەخۆییاندا تورکیا مافی خۆیەتی ولایەتی موسڵ بگەڕێنێتەوە سەر خاکی تورکیا.

ئەگەر ئاوڕێک بۆ ڕابردوو بدەینەوە، دەبینی تورکیا چۆن لەحەشارکەدا بووە بۆ ولایەتی موسڵ و لەشکرکێشی کردووەتە سەر، هەرلە کودەتاکانی.
بکر سدقی ١٩٣٧ ، ڕشیدعالی گەیلانی. ١٩٤٠، عەبدلکریم قاسم ١٩٥٨ ، عبدلسلام عارف ١٩٦٣ ، بەعسیەکان ١٩٦٨ ، ڕاپەڕینی ١٩٩١ ، پرۆسەی ڕوخانی خیزبی بەعس ٢٠٠٣ .ئێستا دەوڵەتی تورکیا، بە درێژایی چل کیلۆمەترو بەقوڵایی زیاتر لە حەڤدە کیلۆمەتر ، لە ناو خاکی عێراق جێگیرە و بنکەو بارەگای سەرەکی هەیە، لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی، هەموو جومگە هەستیارەکانی باشووری کوردستانی گرتووە ، تێتچوی لەشکرکێشیەکەیشی لە ئەستۆی عێراقە، یان دەبێت عێراق یەک پارچە بێت و کوردەکان دەسەڵاتیان نەبێت ، یان بەپێی رێکەوتن نامەکان تورکیا مافی دەس وەردانی لە ولایەتی موسڵ هەیە.
دروستە ئێستا زەمینەو زەمان گۆڕاوە، ڕامیاری نێودەوڵەتی چەرخانێکی داوە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیەکانی کورد، بەڵام سەرکردایەتی کورد نەیتوانیوە لە هاوکێشەی ڕامیاری وڵاتانی خاوەن هێزی گێتی و ناوچەکە، خۆی بگونجێنێت و پێگەی قایمکات.

کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی دا، کاک مەسعود و مام جەلال بە پێکەنین و نەشئەوە چەرخەی قفڵی بۆری بیرە نەوتەکانیان چەرخان، نەوتیان لە ڕێگەی تورکیاوە بەگرێبەستێکی پەنجا ساڵی، ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کرد، ئاشتی هەورامی ڕایگەیاند ڕۆژانە نزیکە (٥٠٠ ) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنین و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەیگەیەنینە ملوێنێک بەرمیل، سەدان ملیۆن مەتر سێجا غازی سروشتیش هەیە، هاوکات کاک نێچیرڤان سەرۆکی حکومەتی ئەوکات جەزبە گرتی و ئابووری سەربەخۆی کوردستانی ڕاگەیاند.
بەڵام چ ئابوورییەکی سەربەخۆ، هەموو وارەکەی کردە گیرفانی تورکیا، میللەتیش برسی و بێ مووچە مایەوە.

،،

ئەگەر پێشوتر یەکێتی و پارتی شەڕی بریکار ( وەکالەت) یان بۆ ئێران و تورکیا کردبێت، ئەوا ئێستا شەڕ وحکومڕانی بریکاری دەکەن ، هەروەک پێشینەی میر نشینەکان ، لە پێناو مانەوە و شکۆی دەستەڵاتیان ئەمانیش دەبێت باج و سەرانە بدەن بەسوڵتان.


هەرزوو ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان ، بە هەناسە سوارییەوە لەپەڕلەمان ڕایگەیاند، ئەگەر ڕۆژانە یەک ملوێن بەرمیل نەوت دەربهێنرێ، هەر بەرمیلێکی بفرۆشرێت بە سەد دۆلار بەشی مووچە ناکات.


پارەی نەوت ناچێتە خەزێنەی حکومەت، بەڵکو لە بانکەکانی تورکیایە، بەپێی ئاماری تورکیا نەوتی هەرێم بەڕێژەی لە 40% پێداویستی ناوخۆی تورکیا پڕدەکاتەوە ، ئەوەیشی دەفڕۆشرێت پارەکەی لە ( 25%) بۆ کۆمپانیا کانە، وە ( 75%) کەیشی لە بانکی تورکیا هەڵدەگیرێ بە ئاڕەزووی خۆی مامەڵەی پێوەدەکات، تێچوی لەشکر کێشیەکانی لێدەدات ، وەک دەڵێن ( نەوتی کوردی بە ساروخی تورکی ) . گرێ بەستێکی پەنجا ساڵەی بەهەرێم واژۆکردوە ٫ بەم نەفەسە کاری بۆدەکات، کەی کەشی بۆ ڕەخسا هەرێم قوت بدات ( ئەردۆغان پڕۆژە ستراتیژیەکەی ساڵی ٢٠٢٣ یەکلایی دەکاتەوە، کە ئەوەی کەمال ئەتاتورک پێی نەکرا ئەم دەیەوێت تەواوی یکات ئەویش وەرگرتنەوەی ولایەتی موسڵ و حەلەبە ، چاوەڕوانی کاتین بزانین ئەوەی مستەفا کەمال کۆیکردەوە ئەردۆغان ئەیشێوێنێ یان زیادی دەکات )
لێرەوە دەگەینە ئەو باوەڕەی کە حکومەتی هەرێم نابێت نمایشێکی جوان بکات ، تاپارچەکانی دیکەی کوردستان بێزی لێبکەنەوە ، سڵ لە ئازادی و خۆبەڕێوە بردن بکەن.

ئەمە حاڵی حکومەتەکەمانە، کە ڕامیاری یەکی ئابووری ڕوونی نییە، کاتێک نەوت دەفرۆشێت بە تورکیا پارەی پێنادات ، بەڵام سەرانی هەردوو بنەماڵە لە پێناو مانەوەیان لە دەستەڵات، بەردەوام پاساوی نابەجێ دەهێننەوە، بۆری نەوتەکەمان فرۆشتوە، کرێمان زۆر لەسەر دەکەوی، بە هەرزان دەی فرۆشین، مشتەریمان نییە.
لەکاتی ئێستادا ئۆپیک ڕێگەی فرۆشتنی چوارسەد هەزار بەرمیل نەوتی بە هەرێم داوە، سەدان هەزار مەتر سێجا غازی سروشتی دەفرۆشێت، بەڵام پارەی ئەمانە دیار نییە، جەنابی کاک نێچیرڤان لە 2015 ڕایگەیاند ئێمە دەوڵەت نین، تا وڵاتان قەرزمان بدەنێ، کاتێکیش کابینەی حکومەتەکەی بەجێهێشت، دەیان ملیار دۆلار قەرزی تورکیای خستە ئەستۆی کابینەکەی مەسروری ئامۆزای. ئەمش بێ کۆمێنت وەریگرت و بڕی قەرزەکەی زیادکرد، لە کاتێکدا دەسەڵات و ڕامیاری تورکی بەخوێنی سەری کورد تینوە، ئابووری دا تەپیوە، ئیتر چۆن قەرز دەدات بە هەرێمی کوردستان، ئەگەر باج و سەرانەی مانەوە لە دەسەڵاتدا نەبێت.
هەرێم لە دوو ڕیانێکدایە یان دەبێت باج وسەرانەی خۆبەرێوبەری لەسایەی یەکێتی و پارتی بدات بەتورکیا ، یان دەبێت بچێتەوە ژ ێر سایەی حکومەتی مەرکەزی عێراق.

سوود مەند بووم لەم پەرتوکانە:
ــ ئەفراسیاو هەورامی ،کورد لە ئەرشیفی سۆڤیەت چ٢٠٠٦
ــ دیار غەریب ،خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژوو ,چ ٢٠٢٠
ـ دیدارعوسمان، ڕۆڵی کورد لە کۆماری تورکیا، چ ٢٠١٣
ــ ئیبراهیم خلیل ،مێژووی ئێران و تورکیا , چ ٢٠١١