بۆچی ڕووسیا بێدەنگە؟

بۆچی ڕووسیا بێدەنگە؟

344 خوێندراوەتەوە

بێدەنگی ڕووسیا لە بەرامبەر دەستێوەردانی تورکیا لە کێشەی نەگۆڕنە قەرەباخ مایەی پرسیاری زۆر و تێڕامانە. باوەڕ ناکرێت ڕووسیا ئامادە بێ ڕێگە بدات تورکیا لەو هەرێمە پێگەیەکی وای هەبێ کە ببێتە مایەی هەڕەشە لە دەسەڵاتی ڕەهای مۆسکۆ لە باکوری کەفکاز کە بەشێکە لە ڕووسیای فیدیرالی.


کەفکاز هەرێمێکی پڕ لە ئەتنیک و ئایینی جیاواز و ئاڵۆزییە، ژمارەیەک دەوڵەتی سەربەخۆ "گورجستان، ئەرمەنستان، ئازربایجان"، و سێ دەوڵەتی سەربەخۆی دانپێدانەنراو"کۆماری ئەبخازیا، کۆماری باشوری ئۆسیتیا، کۆماری ئارتساخ – نەگۆڕنە قەرەباخ" و هەروەها نۆ کۆمار و هەرێمی ئۆتۆنۆمی لە چوارچیوەی ڕووسیای فیدیرالی دەگرێتە خۆ: "ئەدیگیا، داگستان، ئینگوشێتیا، کەبەردینۆ – بەڵکاریا، کەراچێڤۆ – چەرکێزیا، باکوری ئۆسیتیا، چێچنیا، دەڤەرەکانی کراسنەدار و ستاڤرۆپۆڵ". نزیکەی پەنجا گروپی ئەتنیکی و ئاینی جیاواز لە کەفکاز دەژین، بەشێکی بەرچاوی دانیشتوانی دەڤەرەکانی باکوری کەفکاز موسوڵمانن و زمانی دایکی ژمارەیەکیشیان یەکێ لە زمانە تورکییەکانە. ناکۆکی و پێکدادان لە نێوان گەلانی موسوڵمانی ئەم دەڤەرانە و مۆسکۆ لە دوو سەدەی رابردوو لە ئارادا بووە، دواترینیان شەڕی چێچنیا یا چەچەنستان بوو. کاریگەری تورکیا بە سەرۆکایەتی سەرۆک کۆمارێکی پاوانخواز، کە خۆی بە میراتگری عوسمانییەکان دەزانێ و هەرچی تیڕۆریستی دونیای جیهانی ئیسلامییە لە خۆی کۆ دەکاتەوە و بە خراپترین شێوە بۆ گەیەشتن بە ئامانجەکانی بەکارەیان دێنێ، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ڕووسیای زلهێز. بەم پێیە بێ، دەبێ کاردانەوەی ڕووسیا لە دژی دەستێوەردانی ئەردۆگان لە شەڕی نەگۆڕنە قەرەباخ، زۆر توند بێ. ئەی دەبێ هۆی ئەم بێدەنگییەی مۆسکۆ لە ئاست کردەوەکانی ئەردۆگان چی بێ؟


ڕەنگبێ گەورەگترین دەسکەوتی جیۆپۆلیتیکی ڕووسیا لە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت ئەوە بێ کە مۆسکۆ توانیوێتی درزێکی گەورە بخاتە نێوان تورکیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانێوە لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا. ئەمە ڕووداوێکی لە ڕادەبەدەر گرنگە بۆ ڕووسیا و مۆسکۆ لە پێناویدا ئامادەیە چاوپۆشی لە هەندێ لە هەڵس و کەوت و یاری بچووکی ئەردۆگان بکات. ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزییانەی تورکیا لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەرفەتی دا بە پوتین ببێ بە خاوەن بڕیاری سەرەکی لە سوریا. ئەستەمە مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە کە ڕووسیا دەیتوانی لە سەر سنوورەکانی تورکیا و ناتۆ ئەوە لە سوریا بەدەست بێنێ، ئەگەر تورکیا لە گەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا هاوئاهەنگ بوایە. هەڵبەتە ئەردۆگان هێشتا هەموو پەتەکانی لە گەڵ ڕۆژئاوادا نەپچڕاندووە و باوەڕیش ناکرێت بیانپچڕێنێ، چونکە هەر لە ئێستاوە کاریگەرییە خراپەکانی ئەم سیاسەتەی لە سەر ئابووری تورکیا بە شێوەیەکی ترسناک کاری کردووە. بەڵام باوەڕیش ناکرێت بتوانێ بۆ دەمێکی درێژ لەم یارییەدا لە نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاواد بەردەوام بێ، چونکە ئەستەمە هاووڵاتیانی تورکیا بتوانن بۆ چەند ساڵێکی تر بەرگەی ئەم بارودۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە سەختە بگرن.

،،

بە دیوێکی تریشدا مۆسکۆ باوەڕی تەواوی بەوە هەیە، کاتێ تورکیا لە هاوپەیمانانی لە ڕۆژئاوا دوور دەکەوێتەوە و پشتگیرییان لەدەستدەدا، نەک ناتوانێ زیان بە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بگەیەنێ، بەڵکو دەبێ خواستەکانی مۆسکۆ لە سوریا، لیبیا و زۆر شوێنی تریش جێبەجێ بکات. ئەمە دەبێتە گەورەترین هەڵەی ستراتیژی ئەردۆگان کە بە ملهوڕی سیاسەت دەکات.


لە تەک ئەمانەدا کۆمەڵێ هۆی تریش لە ئارادان بۆ ئەم بێدەنگییەی ڕووسیا. مۆسکۆ لە سیاسەتەکانی سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان ڕازی نییە، کە بە پێچەوانەی ئەوانەی پێس خۆیەوە ڕووی لە ڕۆژئاوایە نەک ڕووسیا، هەرچەندە دەبوایە ئەو ڕاستییە بزانێ کە بەبێ پشتگیری ڕووسیا لە نێوان ئازربایجان و تورکیادا گورگان خۆر دبێ. ئەرمینیا وڵاتێکی هەژار و ژمارەی دانیشتوانی هەندێ لە سێ ملیۆن زیاترە، لە کاتێکدا زیاتر لە هەشت ملیۆن ئەرمەن لە دەرەوەی ئەو ولاتە دەژین.

لە بەرامبەردا ژمارەی دانیشتوانی ئازربایجان زیاتر لە دە ملیۆنە و خاوەن نەوت و گاز و داهاتێکی زۆرە و تورکیای لە پشتەوەیە. تورک و ئازەرەییەکان ئەمەیان باش خوێندەوە و کاتێ هەستیان کرد سوپای ئازربایجان ئامادەیە، دەستیان بە شەڕەکە کرد. ئێستا شەڕ لە قازانجی ئەرمەنەکان نیە و بەشێکی گرنگی ئەو خاکەیان لە دەستدا کە لە دەرەوەی سنوورەکانی نەگۆڕنە قەرەباخ لە ساڵانی ١٩٩٢ – ١٩٩٤ دەستیان بەسەردا گرت. دیاسپۆرای ئەرمەنی لە ئەمریکا و فرەنسا هەوڵێکی زۆر دەدەن ئەم دەوڵەتانە کارێ وابکەن ئەرمەنەکان ڕووبەڕووی لە جینۆسایدێکی نوێ نەبنەوە.


بڕیاری نێودەوڵەتی ئەوەیە کە ئەرمەنەکان لەو ناوچانە بکشێنەوە کە لەو ساڵانەدا دەستیان بەسەردا گرتوون، بەڵام نەگۆڕنە قەرەباخ لە سنوورە مێژووییەکەی خۆیدا خاوەن ئۆتۆنۆمییەکی فراوان و پارێزراو بێ.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد