ئایا کوردستان، وڵاتی پلەوپایە و پولوپارەیە؟

ئایا کوردستان، وڵاتی پلەوپایە و پولوپارەیە؟

299 خوێندراوەتەوە

د. حسەین محەمەد عەزیز

گەر بە ڕاستیی دەتانەوێ، چاکسازیی بکەن، باری گوزەران و ژیانی کۆمەڵانی خەڵک چاکبکەن و ببوژێننەوە، ئەوا ئەز پێشنیازدەکەم، ئەم دەزگە زیادانەی خوارەوە نەمێنێ، چونکە بە ڕاستیی، هەرێم هیچ جۆرە پێویستییەکی، بە ناوی زل و دێی وێرانی، ئەم (3) دەزگەیە نییە، جگە لە ئەو مووچە زۆرەی، ئەندامانی ئەو (3) دەزگەیە، مانگانە وەریدەگرن، بودجەیەکی گەورەشی دەوێ، تا کاروباری ڕۆژانەی پێ بەڕێکەن.


ئایا کورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ئابوورییەکی گەشاوەی بەهێزە، تا ئەو چەن دەزگە زیادانەی هەبێ؟!! ئاخر جارێ باشووری (کوردستان)، دەوڵەت نییە، تا پۆستی سەرۆکی هەرێمی هەبێ، چونکە ئەو پۆستە، وەک پۆستی سەرۆک کۆماری دەوڵەتێکی فەرمیی وایە! ئەو کارانەی ڕۆژانەش، ئەو دەزگە بێ بەرهەمانە دەیکەن، سەرۆکایەتی میریی هەرێم دەتوانێ، جێبەچێیانکا. دەزگەکانیش ئەمانەن:
1. سەرۆکایەتی هەرێم.
2. پەرلەمانی کوردستان.
3. ئەنجوومەنی پاریزگەکان.


کەڵکی ئەو دەزگایانە چییە؟!
لێرەدا پرسیارێ خۆی قوتدەکاتەوە: ئایا ئەو (3) دەزگەیە تا ئێستە، چییان بۆ گەلی کورد کردووە؟! ئەز پێم وایە، ئەندامان و فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان، نوێنەری ڕاستەقینەی کورد نین، بەڵکوو نوێنەری پارتەکانی خۆیانن، وەک چەن مەفرەزەیەکی بێ چەک وان، بۆ هەموو کارێکی گرنگ، فرمان لە سەرکردایەتی پارتەکانیانەوە وەردەگرن. لەبەرئەوە هەر زۆر تاوانە، بە چەن مانگ جارێ، پەرلەمان کۆبێتەوە، لەسەر حسابی ڕەشورووتی گەلەکەمان، مانگانە ئەو مووچە زۆرە وەرگرن، خانوویان لە (هەولیر) بۆ دابینکرێ، پارەیەکی زۆریش وەرگرن، ترومبیلی پێ بکڕن، دواییش بە مووچەیەکی باش، خەنەنشینکرێن، ئەمە بۆ؟!!
ئەوە جگە لە ئەوەی، هێندێکیان هەر شایانی ئەوە نین، ئەندامی پەرلەمان بن، چونکە هەموومان باش دەزانین، پارتەکانیان چۆن بۆ پەرلەمان دەیانپاڵیون. هەروەها، ئەوەتەی ئەو پەرلەمانە دامەزراوە، ڕۆژێ لە ڕۆژان، ئەو جۆرە کەسانە، کارێکی باشیان نەکردووە، تا شوێندەسیان دیاربێ، بەڵکوو زۆربەی کات، هەر خەریکی ئاژاوە و دژایەتیکردنی یەکدی بووون!

لێرەدا زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: گەر کورد پێویستی بە پەرلەمانتار هەبێ، ئەوا تەنیا لە پەرلەمانی (عێراق) پێویستی پێی هەیە، تا ئاگایان لە کار و بڕیارەکانی پەرلەمان بێ و داکۆکیی لە دەسکەوتەکانی گەلەکەی خۆیان بکەن!


مووچەی پەرلەمانتاران و بودجەی هەرێم
ئێوە هەر خۆتان حسابیکەن، بزانن، ئەندام پەرلەمانێ لە ساڵێکدا، چەن میلیۆن دینار وەردەگرێ؟! پاشان کۆی ئەو پارەیەی هەموو ئەندامەکان، لە ساڵیکدا وەریدەگرن، چەندە. ئینجا تێدەگەن چۆن ئەو بڕە پارەیە، بە خۆڕایی دەڕوا و زیانێکی گەورە، بە بودجەی هەرێم و کۆمەڵانی خەڵکی (کوردستان) دەگەیەنێ. ئاخر هۆی چییە، ئەندام پەرلەمانێ، ئەو مووچە زۆرە وەرگرێ، لە کاتێکدا، هیچ فەرمانبەرێکی مووچەخۆری ئەم هەرێمە، ئەو برە پارە زۆرە وەرناگرێ؟! بۆچی ئەوان لە قوڕێکی دیکە درووستکراون؟! ئایا ئەوان زیاتر ماندوودەبن و کاردەکەن، یا فەرمانبەرانی هەرێم پتر ماندوودەبن؟!!
گریمان ئەندام پەرلەمانێ، مانگانە (6) میلیۆن دینار وەردەگرێ. ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانیش (111) کەس دەبن. جا با بزانین، لە ساڵیکدا چەن وەردەگرن.
ساڵانە یەک کەس: 6 x 12 = 72 میلیۆن دینار.
111 کەس مانگانە و ساڵانە:
مانگانە: 111 X 6 = 666 میلیۆن دینار.
ساڵانە: 12 X 666 = 000. 992. 7 حەوت میلیار و نۆسەدونەوەدودوو میلیۆن دینار.

،،
ئەمە تەنیا مووچەی ساڵێکی، ئەندامانی پەرلەمانە. هێشتا بودجە، مووچەی خانەنشینی (5) خولی پەرلەمان، ڕاوێژکار، فەرمانبەر و پاسەوانەکانیش ماون. جگە لە ئەوەی مووچە و بودجەی، سەرکردایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی پارێزگەکانیش، چەن میلیارێ دەبێ!


جا کەواتە، گەر ئەم سێ دەزگەیە نەمێنێ، ئەوا مانگانە و ساڵانە دەتوانرێ، چەن میلیار دۆلارێ، بۆ گەنجینەی میریی هەرێم بگەڕێنرێتەوە، لەبری ئەوەی تۆڵەی کارە هەڵەکانی میریی، لە مووچەخۆران و کۆمەڵانی خەڵک بکەنەوە و باجەکەی بدەن، ڕەنگە بە هەمووی مووچەی مانگێکی مووچەخۆرانی هەرێمی پێ دابینکرێ! هەڵبەتە، گەر مووچەی مانگانەی ئەندامانی پەرلەمان، وەک مووچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی هەرێم بووایە،، بڕوا ناکەم، کەس خۆی بۆ پەرلەمان هەڵبژاردایە، چونکە ئەوان بۆ ڕاژەکردنی گەل و نیشتمان، خۆیان نەپاڵاوتووە، بەڵکوو شینی مووچەی ئەندامێتیی پەرلەمان و خانەنشینییەکەی دەکەن!
ئەنجوومەنی پاریزگەکان بۆ؟!


لە ئەو ڕۆژەوە، دەوڵەتی (عێراق) دامەزراوە، بە تایبەتی لە باشووری (کوردستان)، ئەنجوومەنی پارێزگە نەبووە، بەڵکوو تەنیا هەر (متەسەڕیف) یا (پارێزگار)، لەگەڵ یاریدەدەرەکانیدا، بە شێوەیەکی زۆر باش، هەموو کاروبارێکی شار و پاریزگەکانیان بەڕێوەبردووە، نە پێویستی بە ئەنجوومەن کردووە و نە پارەیەکی زۆریش، لە ئەو بوارەدا بۆ مووجە تەرخانکراوە و بەفیڕۆ ڕۆیشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەوشی دارایی (عێراق)، لە هەموو ڕوویەکەوە، بە تایبەتی لە نێوان ساڵانی (1970-2003)دا، لە ڕەوشی ئەم سەردەمە گەلێ باشتر بووە! لێرەدا دوو نموونە دێنمەوە.


(مەجید یەعقوبی)، لە نێوان ساڵانی (1937-1939)دا، متەسەریفی (سولەیمانیی) بوو. ئێستەش شوێنپەنجەی، بە ئاوەدانکردنەوەی شارەوە دیارە. چونکە چەن شتێکی گرنگی، بۆ شارەکەمان کردووە، تاهەتایە بیرناچێتەوە! بۆ نموونە: (شەقامی مەولەویی، باخی گشتیی، خانووی متەسەریف و یانەی فەرمانبەران.)
(جەمال بابان)، لە نێوان ساڵانی (1967-1969)دا، (سەرۆکی شارەوانیی سولەیمانیی) بوو. لە ئەو ماوەیەدا، گەلێ کاری گەورە و ڕاژەیەکی زۆری زێدەکەی خۆی کردووە.

بۆ نموونە: سێ بازاڕی گەورەی درووستکردووە. ناوی بۆ (22) شەقام داناوە، بە ناوی پیاوە گەورەکانی شار و هۆنەرەکانەوە ناویناون، تا ئێستەش هەر ماون و چەسپیوون، هۆنەرەکان وەک شەقامەکانی (سالم، مەولەوی، کاوە، گۆران، بێکەس، نالی، بێسارانی، زێوەر، مەحوی، حەمدی). ناوی گەڕەکەکانیشی گۆڕیوەو کردوویەتی بە (قەرەجاوا: خەبات، خانووەقووڕەکان: ئازادیی، ئیسکان: ئەزمڕ، عەقاری: شۆڕش). پیاوە گەورەکان وەک: (شێخ مەحموود، ئەمین زەکی، حاجی کاک ئەحمەدی شیخ، ئیبرایم پاشای بابان، حاجی مەلاعەلی، کەریمی عەلەکە). جگە لە ئەوەی نێوبازاڕی شارەکەشی چیمەنتۆڕێژکردووە.

،،

هەروەها بۆ یەکەمین جاریش، گۆڤارێکی بە ناوی گۆڤاری (سولەیمانیی)ەوە دەرکردووە و زمانحاڵی بەڕیوەبەرایەتی شارەوانیی بووە. هەر لە سەردەمی ئەویشدا بڕیاردراوە، (سولەیمانی پەڵاس) درووستبکرێ و زەوی بۆ دابینکردووە. کەچی ئەوا ماوەی (30) ساڵ دەبێ، (5) ئەنجوومەنی پارێزگە، بۆ شارەکەمان هەڵبژێرراوە، نەک هەر شوێنپەنجەیان بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەمانەوە دیار نییە، بەڵکوو ئەو ماڵوێرانییەی، لە ئەم ماوەیەدا ڕوویداوە، لە مێژووی شاردا وێنەی نەبووە و نییە. کەواتە، ئەنجوومەنی پاریزگەکانمان بۆ چیییە و کەڵکی چییە؟!! پێم وایە، ئەم ئەنجوومەنە، نەک هەر زۆر زیادە، بەڵکوو هیچیشیان نەکردووە و ئەندامەکانیشی، پارەیەکی مفت و زۆر وەردەگرن! هەڵبژاردنێکی خاوێن و دێمۆکراسی گەر بڵێن: ئاخر چۆن بێ ئەو دەزگایانە، وڵاتەکە بەڕێوەدەچێ؟

لە وەڵامدا دەڵێم: با هەر چوار ساڵ جارێ، لە نێوان پارتەکانی هەرێمدا، هەڵبژاردنێکی پاک و دێمۆکراسیی، لە (کوردستان) بکرێ، کام پارتەی زۆربەی دەنگەکانی هێنا، ئەوا دەتوانێ، بە تەنیا یا بە هاوپەیمانیی لەگەڵ پارتەکانی دیکەی، دەنگێکی زۆریان هێناوە،کابینەی شالیارگەکانی میریی هەرێم پێکبێنن. ئەو کاتە، ئەنجوومەنی شالیارانی میریی هەرێم، زۆر بە ئاسانیی دەتوانێ، وڵاتەکە بەڕێوەبەرێ. دواوتە بەڕێزان! ئێوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە ئەم کاتە سەخت و دژوارەی، ڕۆڵەکانی گەلی کورد و دەسەڵاتی هەرێمەکەمانی پیدا تێپەڕدەبێ، دەمێ بە ناوی پاشەکەوتەوە، دەمیکیش بە ناوی بڕینی ڕێژەیەکی دیاریکراوەوە، پارەیەکی زۆر لە مووچەخۆرانی هەرێم دەبڕن، بیانووەکەشتان تەنیا هەر ئەوەیە و دەڵێن: ڕەوشی دارایی هەرێم خراپە و هەموو مانگێ ناتوانین، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، مووچەی هەرێم دابینکەین. لە کاتێکدا ئەو (3) دەزگە گەورەیە، پارەیەکی زۆر لە بودجەی هەرێمیان بۆ تەرخانکراوە، کە هیچ پیویست ناکا، کەواتە گەلێ باشتر نییە، لەبری ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم برسیی و هەژارکەن، بوودجەی تایبەتیی ئەو (3) دەزگەیە ببڕن، ڕەوشی بژیویی و بزووتنەوەی ئابووریی هەرێمی پێ ببووژێننەوە؟!! لە کۆتاییشدا دەڵێم: هیودارام، گەر لە داهاتوودا، ئەو (3) دەزگەیە مانەوە و ڕەوشی دارایی هەرێم باش نەبوو، ڕۆڵەکانی گەلی کورد، بە هیچ شێوەیە، دەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی (کوردستان) و ئەنجوومەنی پارێزگەکان نەدەن.