نەجمەدین کەریم ڕێگەی وێڵکرد

نەجمەدین کەریم ڕێگەی وێڵکرد

816 خوێندراوەتەوە

بەهادین نوری


نەجمەدین کەریم کەلە ئەمریکاوە گەڕایەوە بۆ کوردستان، پزیشکێکی بەشی خۆی ناودار بوو، جنسیەی ئەمریکی هەبوو، پیشەی پزیشکبوو، حاڵی دارایی باشبوو. گەڕایەوە بۆ بەشداری لە خزمەتی گەل و نیشتمانەکەی، کە لە ئەمریکا بوو مرۆیەکی سەربەخۆ بوو، سەر بەهیچ حیزبێک نەبوو، کە گەڕایەوە بوو بە یەکێتی، چونکە دەیزانی کە هیچی بۆ ناکرێ، هیچ ئیشێکی گرنگی پێناسپێردرێ، ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ پارتی یان یەکێتی نەبێت.


لەم ڕوانگەیەوە یەکێتی هەڵبژارد، چووە ڕیزەکانی یەکێتی. یەکێتیش ئەمەی پێخۆشبوو، خستیانە نێو مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە، پاشتر کرا بە پارێزگای کەرکوک ( چونکە خۆی کوردێکی کەرکوکی بوو) . ئاقڵانە و لەسەرخۆ ئیدارەی پارێزگاکەی دەکرد، پەیوەندیەکی ‌هێمن و ڕێکوپێکی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک دروستکردبوو بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە. تاڕادەیەکی باش ببووە جێگەی ڕێز و باوەڕی هەمووان، یەکێتیش بەروبوومی ئەم ڕێڕەوەی نەجمەدین کەریمی چنیەوە بۆ حیزبەکەی، هەشت کورسی پەرلەمانی لەهەڵبژاردنی کەرکوکدا بەدەستهێنا. پارتیش بەغیلی بەیەکێتی دەبرد لەسەر ئەم پیاوە، هەر لەهەوڵدابوو کەپەیوەندی نجم الدین کریم لەگەڵ یەکێتی بترازێنێ.

،،

لەڕێگەی فیکری و سیاسییەوە ئەمەی بۆ نەکرا، کەوتە هەوڵ و تەقەلا بۆ فێرکردنی نجم الدین بەگەندەڵکاری. بەبێ ئەمەش یەکێتی دەرگای خستبووە سەر پشت بۆ هەر کەسێک کە فێری گەندەڵکاری ببێت، نجم الدین خۆی پێڕانەگیرا لەبەردەمی دەسەڵاتدارانی هەردوو حیزبدا، پێی هەڵخلیسکا و توشی پەتاکەبوو، ئەوەش ئاشکرایە کەئەو بەرپرسەی توشی پەتای گەندەڵکاری ببێت ناتوانێت بە ڕێکوپێکی، بە دابڕاوی لەکاریگەری ئەم پەتایە، ئیشوکاری سیاسی و ئیداری خۆی بکات، لێرەوە نجم الدین گۆڕا، کەوتە ڕیزی گەندەڵکاران، هەر لەمەشەوە کێشەی جدی بۆ خۆی دروستکرد لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان. پارتیش ئەوەندەی بتوانێت قوڕەکەی خەست کردەوە، کەوتە هەوڵ و تەقەلای ئاشکرا و نهێنی بۆ تێکدانی پەیوەندیەکانی نجم الدین کەریم لەگەڵ یەکێتی، بۆ ڕاکێشانی نجم الدین بۆلای خۆی.


نجم الدینیش سەری لێشێوا لەنێوان تەماعی پارە و سیاسەتی نیشتیمانی و دڵسۆزانەدا، ڕێگەی وێڵکرد. لەماوەیکدا هەوڵیدا کەرکوک ببێتە هەرێمێکی جیا لە کوردستان ئەمەش بۆ زروفی کوردستان و تەرازوی هێز لەنێوان پێکهاتەکاندا هەڵوێستێکی ڕێک و پێکبوو، بەڵام برایانی یەکێتی بەشێوەیەکی هەڵە سەیری ئەم هەڵوێستەیان کرد، بەکفرێکی گەورەیان زانی، نجم الدینیان ناچرکرد بە پاشەکشە لەم هەڵوێستە، زەرەرمەندیش لێرەدا گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک و هەموو عێراقیش بوو.

کە ڕیفراندۆمە کارەساتاوییەکە هاتە پێشەوە، نجم الدینیش تێکەوت، خۆی ئاڵاند لەکار و کردار و هەڵەی ئەو ڕیفراندۆمەوە، ئەوەبوو لە عێراقیشەوە بڕیاری لابردنی لەپۆستی پارێزگاری کەرکوک دراو فەرمانی گرتنیشی بۆ دەرکرا، لەکاتێکدا کەپەیوەندی لەگەڵ یەکێتیش بەتەواوی تێکچوو. نە دەیتوانی بچێتە کەرکوک نە سلێمانی. ناچاربوو لەژێر سێبەری پارتیدا لەهەولێر بژی هەتا جەڵدەی مێشک کوشتی.


من لەفەیسبووکدا ئامۆژگاریەکم بۆ نجم الدین کریم بڵاوکردەوە ، داوام لێکرد کە هەڵوێستی سەربەخۆ بگرێت وە خۆی تەرخان بکات بۆ خزمەتی کەرکوک بێئەوەی پابەندبێت بەهیچ کام لە پارتی و یەکێتیەوە بەڵام دیارە ئەمەی پێنەکرا یان نەیویست بیکات ، هەتا بەم ئەنجامە ناخۆشە گەیشت کەمردن بوو بەجەڵدەی مێشک، ئەم چارەنووسەی دکتۆر نەجم الدین کریم شایستەی ئەوەیە کەببێتە دەرسێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی کەخۆیان ئەبەستن بەحیزبی دەسەڵاتدار و سیاسەتی چەوتی ئەو حیزبەوە.

لەگەڵ پرسە و سەرەخۆشیم بۆ خێزانی کۆچکردوو دکتۆر نجم الدین کریم