كۆرۆنا بەرەو کوێمان دەبات؟

كۆرۆنا بەرەو کوێمان دەبات؟

173 خوێندراوەتەوە

فەرمان سادق

پرسیارێکی سادە، بەڵام مرۆڤایەتی بەو هەموو پێشکەوتنەی پێی گەیشتووە هێشتا وەڵامێکی دروستی نیە، تەنیا داوامان لێ دەکات دەمامک ببەستە و پابەندی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان بین.


فەیسبووک بوەتە تەختەیەکی ڕەش، رۆژ نیە هەر یەکێک لە ئێمە ئازیزێکی لەدەست نەدات، یان ١٠ کۆمێنتی سەرەخۆشی بۆ هاوڕێیانی نەنووسێت.. ئای چ بێویژدانییەکە ئەو پەتا نەگریسە.


لەبیرمە مانگی یەکی ئەمساڵ، ناوەندی جۆنز هۆبگنز بۆ ئاسایشی تەندورستی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند؛ ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە و بەهۆیەوە لە ماوەی ١٨ مانگ ٦٥ ملیۆن کەس گیان لەدەست دەدەن.

،،

کەسمان باوەڕمان بەو پێشبینییە نەدەکرد، چونکە تازە ڤایرۆسەكە لە وڵاتی چین بڵاوبوونەوەی ئاشکرا ببوو، تەنیا ٤١ کەس بەهۆیەوە گیانی لەدەست دابوو لە کۆی ١٣ هەزار تووشبوو.


کاتێک ڤایرۆسەكە گەیشتە بەریتانیا، بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە خەڵکەکەی وت؛ ئامادە بن بۆ لەدەستدانی ئازیزانتان.
هەموومان رقمان لە جۆنسن هەڵسا و بە کەسێکی بێ شعور و سارد وەسفمان کرد. بەڵام ئەو راستییەکەی رێک و ڕەوان و بێ درۆ پێ وتین، ئێستا نەک بەریتانیا، بەڵکو خۆشمان و تەواوی گێتی رۆژانە هەواڵی مەرگی ئازیزانمان بڵاو دەکەینەوە، تەنانەت هەیە هەواڵی مەرگی خۆیشی بڵاو دەکاتەوە!
دڵمان بە هاوین و بەرز بوونەوەی پلەی گەرما خۆشبوو، بەڵام خەریکە ئەوە سەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی خولی دووەمی دەخوات، بەوەی درۆی لەگەڵ ئەمەریکییەکان کردووە.


کۆرۆنا بەرەو کوێمان دەبات؟
ئایا پێشبینییەکانی ناوەندی جۆنز هۆبگنز راست دەردەچێت کە ١٨ مانگ دەخایەنێت یان وەک دەڵێن تا ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت، یانیش دەبێتە دەبێتە پەتایەکی وەرزی؟
ئایا ٦٥ ملیۆن کەس گیان لەدەست دەدات یان مرۆڤایەتی ڤاکسینێک بۆ رێگری لە کۆرۆنا دەدۆزێتەوە و رێگەی لێ دەگرێت؟
ئەوانە و رەنگە پرسیاری تریش هەبێت کە داهاتوو وەڵاممان دەداتەوە.

،،

مشتومڕی ئەوەی کۆرۆنا پرسێکی سیاسی و ئابوورییە، ململانێی نێوان زلهێزەکانە بە تایبەت چین و ئەمەریکا ئەوە پرسێکی ترە، بەڵام بۆ من پەتایەکی جیهانییە و تەواوی گێتی گرتۆتەوە و تاکە چارەسەریش لە ئێستادا خۆپارێزییە.


هەموومان دەزانین دۆخەکە چەند مەترسیدار بووە، رۆژانە زۆر بە ترسناکی ئامارەکان بەرز دەبنەوە، ئێستا لە سەرانسەری جیهان ٤٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس ڤایرۆسەکەیان گرتووە، لەم ژمارەیە ٣١ ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس چاک بوونەتەوە، ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار مردوون.
لەسەر ئاستی عێراق، ٤٧٥ هەزار کەس ڤایرۆسەکەیان گرتووە، ٤٠٣ هەزار چاک بوونەوەتەوە و ١٠ هەزار و ٩٦٦ کەس مردوون.
بڕۆن لەوانە پرسیار بکەن کە ڤایرۆسەکەیان گرتووە و ئەزموونیان لەگەڵ کۆرۆنا هەیە، ئینجا خۆت بخەرە شوێنی حکومەت، ئەوسا باشتر لە سەپاندنی سزا بەسەر پابەند نەبووان بە نەبەستنی دەمامک تێ دەگەی.

ئازیزم، خۆت بپارێزە!
زۆر لە تۆ زیاتر تێبینی و رەخنەم لەسەر ئەدای حکومەت هەیە، بەڵام نامەوێت تۆ لەدەست بدەم.
لینکی هەواڵەکەی ناوەندی جۆنز هۆبگنز لە یەکەم کۆمێنت ببینە.

https://www.skynewsarabia.com/technology/1315477-%D9%85%D8%AD%D8%A7%D9%83%D8%A7%D8%A9-%D9%85%D8%B1%D8%B9%D8%A8%D8%A9-%D9%84%D8%AA%D9%81%D8%B4%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%88%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%A7-%D9%8A%D9%82%D8%AA%D9%84-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%84%D8%A7%D9%8A%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85