بارزانی چی لە پەکەکە دەوێت، وەڵامی پەکەکە چییە؟

بارزانی چی لە پەکەکە دەوێت، وەڵامی پەکەکە چییە؟

2738 خوێندراوەتەوە

د. کەمال سەیدقادر

مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی سەرەکی ئاگادارکردنەوەی خەڵک و هێزە چەکدارەکانی کوردستانە تا خۆیان نەکەنە قوربانی شەڕی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، ئەوەی لە گەڵ ئەوەشدا ئامادەیە خۆی بکاتە قوربانی بەرژەوەندی خەڵک ئازادە.

پێشەکی:
کەم شەڕ هەیە لە مێژوودا کەوا هۆکارە ڕاستەقینەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت کە بە زۆری ئابورییە، بەڵکو لە بەرگێکی ناسیۆنالیستی، ئاینی، یا ئایدۆلۆجی لول دەدرێت تا سۆزی خەڵک بە دەست بهێنرێت، ئەگەرنا زەحمەتە کەسێک ئامادە بێت خۆی بۆ بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی و قازانجی کەسانیتر بە کوشت بدات.
ئەم شەڕەی کەوا ئێستاش لە دەڤەری بادینان بە کردار لە نێوان هێزەکانی پارتی و پەکەکە دەستی پێکردوە بە هەمان شێوە شەڕێکی ئابورییە بە چەندین شێواز لە هەردولا بۆیاغ دەکرێ و پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە.
شەڕەکە لە سەر ڕاکێشانی بۆڕی گواستنەوەی گازی سروشتی کوردستانە بۆ تورکیاو لەوێشەوە لە قۆناغی داهاتوودا بۆ ئەوروپا کەوا کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی پێی هەڵدەستێت، بۆیە پارتی هەوڵدەدات ڕێڕەوی ئەم بۆڕییەو ناوچە سنورییەکان بە هێزەکانی پەکەکە چۆڵبکات کە ئەم بۆڕییە ستراتیژییەی پێدا دەڕوات.
بیرۆکەی ڕاکێشانی ئەم بۆڕییەش لە سەرەتادا لە لایەن کۆمپانیای " گێنێل ئینێرگی" بەریتانی خرایە پێش حکومەتی هەرێمی کوردستان، گێنێل ئینێرگیش لە لایەن گەورە سەرمایەداری جیهان " ناتان ڕۆتشێڵد"و چەند پسپۆرو سەرمایەداری تری بەریتانی دامەزرا، تەنها بە مەبەستی بەرهەمهێنان لە بواری نەوت و گازی کوردستان.

لە سەرەتادا گێنێل ئینێرگی لە کوردستان بێ ڕکابەر بوو سودێکی زۆریان پێگەیشت تا کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی بۆ بەربەرەکانی کردنی ئەم کۆمپانیا بەریتانییە بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی دابەزییە گۆڕەپانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کوردستان، بەمەش خۆری گێنێل ئینێرگی لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاوا بوون چوو، بەڵام کێشەی جوراوجۆریشی بۆ هەرێمی کوردستان لێکەوتەوەو بەردەوامیشە، دواترینیان پێکدادانی هێزەکانی پارتی و پەکەکەیە لە دەڤەری بادینان.


بۆ تێگەیشتن لەم کێشەیە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ مێژوی چاڵاکییەکانی ئەم دوو کۆمپانیایە لە باشوری کوردستان:

گێنێل ئینێرگی شای نەوت و گازی کوردستان

کۆمپانیای گێنێل ئینێرگی کەوا ساڵی ٢٠١١ لە لایەن سەرمایەدار نات رۆتشێڵدو ژمارەیەکی تر لە پسپۆران و سەرمایەدارانی بەریتانی دامەزرا، هەر لە سەرەتاوە توانی دەست بگرێت بە سەر شەش کێڵگەی نەوتی بە بڕو دوو کێڵگەی گازی سورشتی، لەوانە کێڵگەی نەوتی تەق تەق و تاوکی، وە کێڵگەکانی گازی بینی باوی و میران.
کوردستانیش خۆی یەکێکە لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان بە نەوت و گازی سروشتی، یەدەکی نەوتی کوردستان بە ٤٥ ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت و یەدەکی گازی سروشتیش بە ٨ تریلیۆن مەتر سێجا کەوا ٣٪ یەدەکی گازی سروشتی جیهانی دەکات، جگە لە نزیکی کوردستان لە وڵاتانی بە کاربەری سەرەکی نەوت و گاز وەکو تورکیاو ووڵاتانی ئەورپی.


ئەوەی زیاتر بۆ گێنیل ئینێرگی لە باشوری کوردستان گرنگ بوو، گازی سروشتی بو نەک نەوت، چونکە گازی سروشتی سەرچاوەی ووزەی سەرەکی داهاتوە ڕۆڵی نەوت لەپاشەکشەدایە، لە گەڵ ئەوەشدا گێنێل ئینێرگی هەر لە سەرەتاوە گرنگی بە گەڕان و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی کوردستان دا، هەر ئەم گێنێل ئینێرگییە خاوەنی بیرۆکەی ڕاکێشانی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی کوردستانە بۆ تورکیا، ئەمە بوو بۆڕی یەکەیان لە ساڵی ٢٠١٤ خستە کارو تا ئێستاش بەردەوامە.
بەڵام گێنێل ئینێرگی ئامانجی سەرەکی خۆی کەوا گازی سروشتی کوردستانە خامۆش نەکرد، بەڵکو دیسان بوە داهێنەری بیرۆکەی ڕاکێشانی بۆڕییەکی تریش لە باشوری کوردستانەوە بۆ تورکیا، ئەمیش بۆڕی گواستنەوەی گازی سروشتییە بۆ تورکیاو لە قۆناغی داهاتوشدا بۆ ئەورپا، ئەم پڕۆژەی گێنێل ئینێرگی دەبوایە تا ساڵی ٢٠٢٠ تەواو بێتو ساڵانە ٢٠ ملیار مەتر سێجا لە گازی سروشتی لە باشورەوە بگوازێتەوە تورکیا.


بەڵام دابەزینی کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی بۆ گۆڕەپانی بەرهەمهێنانی نەوتو گازی کوردستان کەوا هۆکارە سەرەکییەکەی سیاسییە بۆ بەربەرەکانی کردنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیاو ئەمەریکا، بەرژەوەندیییەکانی گێنێل ئینێرگی خستە لێژی لە مایە پوچ بونی نزیک کردەوە، بەهای پشکەکانی لە بۆرسەدا بۆ خوار ٩٠٪ دابەزاند، هەتا نات ڕۆتشیڵد خۆشی لە کۆمپانیاکە کشایەوە، بەم شێوەیەش کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی بوە میراتگری گێنێل ئینێرگی.


ڕۆزنەفتی ڕوسی: کودەتایەک بە سەر گێنێل ئینێرگی بەریتانی

ڕۆزنەفت خۆی گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهینانی وزەیە لە جیهان وە سەر بە حکومەتی ڕوسییە، باشتر بڵێین لە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی سەرۆک پوتیندایە، وە سەرۆکی کۆمپانیاکەش هەروەک سەرۆک پوتین خۆی کۆنە ئەفسەری دەزگای هەواڵگری ڕوسییە. ڕۆزنەفت توانی لە ڕێگای نوێکردنەوەی پەیوەندییە کۆنەکانی نێوان ڕوسیاو بنەماڵەی بارزانی کەوا لە ئەسڵدا مخابەراتین، دابەزێتە گۆڕەپانی بەرهەمهینانی نەوت و گازی کوردستان .

گفتوگۆکانی ڕۆزنەفتو بنەماڵەی بارزانی لە سەرەتادا لە ساڵی ٢٠١٠ ئاشکرابون، بەریتانییەکان لە ساڵی ٢٠١١ وە گومانیان لا پەیدا بو کەوتنە ناڕەزایی دەربڕین بەو هۆیەی ئەوان ئەمەریکییەکان عێراقیان ڕزگارکردو ئەم قەوارەیان بۆ کوردی باشور دامەزراند نەک ڕوسیا کەوا ئێستا لە خێروبێراتی باشوری کوردستان سودمەند بێت. پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و ڕۆزنەفتی ڕوسی بە مۆرکردنی گرێبەستێک بۆ بەرهەمهینان لە دوو کێڵگەی نەوتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ هێشتا پتەوتر بو تا بە سەردانی مەسعود بارزانی بۆ ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٣ وە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک پوتین گەیشتە لوتکەی، لێرەوە ئەمەریکی و بەریتانییەکان کەوتنە گومان لە بارزانی و کێشەکان بۆ حکومەتی هەرێم و بنەماڵەی بارزانی و خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد وەکو بڕینی بودجەی کوردستان بۆ نمونە کەوا گومان هەیە ئەمەریکاو بەریتانیا پشتگیریان کردبێت وەکو تۆڵە سەندنەوەیەک لە هەرێمی کوردستان بە هۆی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لە گەڵ ڕوسیا.

ڕۆزنەفت تەنها بەم گرێبەستە نەوتییانە نەوەستا، بەڵکو کەوتە بەربەرەکانی کردنو قۆڵبادانی گێنێل ئینێرگی بەریتانی بە شێوەیەکی توندتر تا لە ساڵی ٢٠١٦ بە دواوە بە شێوەیەکی نیمچە تەواو شوێنی گرتەوە لە کوردستان. ڕزنەفت جگە لە گرێبەستی نەوتی لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەستی بۆ بواری گازی سروشتیش برد لە دەست گێنیل ئینێرگی دەری بێنێت، ئەوەبو ڕۆزنەفت لە ١٨.٩.٢٠١٧ واتە یەک هەفتە پێشی ڕیفراندۆم گەیشتە ڕێککەوتنێک لە گەڵ حکومەتی هەرێم بۆ ڕاکێشانی بۆڕی یەکی گواستنەوەی گازی سروشتی لە باشوری کوردستانەوە بۆ تورکیا لەوێشەوە لە قۆناغی داهاتودا بۆ ئەورپاش، ئەمەش ڕێک زەوتکردنی بیرۆکەی پڕۆژەکەی ، گێنێل ئینێرگی بو ئەم بۆڕییە دەبوایە ساڵی ٢٠٢٠ تەواو بێت وە ساڵانە ٣٠ ملیار مەتر سێ جا گازی سروشتی باشوری کوردستان بگوازێتەوە تورکیا.

،،

پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەڵوێستی نەرێنی ئەمەریکاو بەریتانیا بەرامبەر ڕیفراندۆم کە داگیرکردنەوەی زیاتر لە نیوەی باشوری کوردستانی لە لایەن هێزە عێراقییەکان لێ کەوتەوە بە ڕەزامەندی و هاوکاری ئەمەریکاو بەریتانیا، حکومەتی هەرێم باوەشی زیاتر بۆ ڕۆزنەفتی روسی کردەوە وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک وە لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاو بەریتانیا لە باشوری کوردستان، هەر سێ ڕۆژ پاش گرتنەوەی کەرکوک لە لایەن هێزە عێراقییەکانەوە لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، حکومەتی هەرێم ٦٠٪ پشکەکانی بۆڕی نەوتی کوردستانی فرۆشتە ڕۆزنەفتی ڕوسی، هەرچەندە بۆڕییەکە لە بنەڕەتدا بیرۆکەو پڕۆژەی گێنێل ئینێرگی بوو ئەمەش تۆڵە سەندنەوەی ڕاستەوخۆی بارزانی بو لە بەریتانیا و ئەمەریکا بە هۆی هاریکاریان بۆ هێزە عێراقییەکان لە کاتی گرتنەوەی کەرکوک

بەمەش سزادانی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمەریکاو بەریتانیا هێشتا توند تربو، بەڵام زیاتر لە ڕێگای حکومەتی بەغداوە وەکو جۆرێک لە شەڕی نوێنەرایەتی دژ بە هەرێمی کوردستان.


بەربەرەکانی نێوان ڕوسیاو بەریتانیاو ئەمەریکا لە سەر نەت و گازی کوردستان ئێستا کەوتۆتە قۆناغێکی ترسناک ئەمیش پێکدادانی سەربازییە لە نێوان هێزەکانی پارتی و پەکەکە کەوا خۆی شەڕی نوێنەرایەتیییە لە نێوان هەردو بەرەی ڕوسی و ئەمەریکی.


بارزانی چی لە پەکەکە دەوێت، وەڵامی پەکەکە چییە؟

بۆڕییە گازی یەکەی ڕۆزنەفت دەبوایە ئەمساڵ تەواو بێت بەڵام دوا کەوت، ئێستا وا دیارە دەست بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەی ڕۆزنەفت دەکرێت، بەڵام بارزانی و ڕوسیا هێزەکانی پەکەکە لەم دەڤەرەی کەوا ئەم بۆڕییەی پێدا دەڕوات بە کۆسپ دەزانن لە بەردەم ئەم پڕۆژەیە، بۆیە بارزانی داوا لە هێزەکانی پەکەکە دەکات ئەم ناوچانە چۆڵکەن تا دەست بە کار بکرێت، بەڵام پەکەکە بە لێدانی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی کوردستان لە خاکی باکوڕ پەیامێک دەداتە بارزانی و ڕۆزنەفت کەوا ئەگەر لە خاکی باشوریش نەبێت دەتوانین لە خاکی باکور کۆسپ بخەینە پێش جێبەجێکردن و کارکردنی بۆڕی گواستنەوەی گازی سروستی کوردستان، بۆ ڕۆزنەفتو هەتا حکومەتی کوردستانیش بۆڕی گازی سروشتی کوردستان گرنگی زۆر لە بۆڕی نەوت زیاترە کەوا بە هۆی دابەزینی نرخی و زۆری لە بازاڕ داهاتی وای نەماوە.. ئەگەریشی زۆرە لێرەدا پەکەکە تەنها نەبێت بەڵکو ئەمیش بەشێک بێت لە بەرەی ئەمریکی بەریتانی دژی ئەم پرۆژەیەی رۆزنەفتی ڕوسی.

ئەم گرژیانەی ئێستا لە نێوان هێزەکانی پارتی و پەکەکە وا پێدەچێت تەنها سەرەتا بن، ئەگەری شەڕێکی سەختو خوێناوی بە بەشداری تورکیاو پاڵپشتی ڕوسیاش دژ بە پەکەکە بە ڕێوەیە، زیانمەندیش دیسان تەنها هەموو کورد دەبێت.