جەمیل بایك: پەرلەمانی كوردستان تاوانێكی مێژوویی بەرانبەر پەكەكە ئەنجام دا

جەمیل بایك: پەرلەمانی كوردستان تاوانێكی مێژوویی بەرانبەر پەكەكە ئەنجام دا

1820 خوێندراوەتەوە

باسلەوە دەكات، ئەگەر پارتی‌و یەكێتی نەبوونایە توركیا هەرگیز نەیدەتوانی لە ئەوروپا پەكەكە وەك هێزێكی تیرۆریست بناسێنێ‌و دەشڵێت لەكاتی بەڕێوەچوونی پیلانگێڕی بۆ دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلاندا، پارتی‌و یەكێتی دۆسیەیان ناردووە تا ئەوروپا وەكو تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.

ئەو، جەمیل بایك، یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكەو هاوسەرۆكی كۆما جفاكێن كوردستان – كەجەكە – لە كتێبی " مێژووێك لە ئاگر"دا دەڵێت، توركیا لەبەرانبەر ئەوەدا دانی بە پەرلەمانی كوردستاندا ناوە كە پارتی‌و یەكێتی شەڕی پەكەكە بكەن‌و پەكەكەش وەكو هێزێكی تیرۆریست ناوزەد بكەن.
كتێبی " مێژووێك لە ئاگر"، كۆی چاوپێكەوتنێكی دوورو درێژە لەگەڵ " جەمیل بایك" دا، كە " حەسەن جودی" ئەنجامی داوە، ئەو لەو كتێبەدا، دەربارەی قۆناغە مێژووییەكانی پەكەكەو بزافی ئاپۆچی دەدوێت‌و گەڕی یەكەمی شەڕی پارتی‌و یەكێتی لەگەڵ پەكەكەدا، یەكێك لە تەوەرەكانی كتێبەكەیە.

جەمیل بایك باسلەوە دەكات كە لەبەرانبەر داننان بە پەرلەمانی كوردستاندا، توركیا داوای لە پارتی‌و یەكێتی كردووە كە پەكەكە وەك هێزێكی تیرۆریست ڕابگەیەنن، ئەو دەڵێت:" لە ساڵی 1991 لە نەمسا " حیكەمەت چەتین"ی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی توركیاو " مام جەلال" كۆبوونەوەیەكیان سازكرد، لە ئاكامی ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕێكەوتن كەوا توركیا دان بە پەرلەمانی باشووردا بنێت‌و باشووریش پەكەكە وەك تیرۆریست ڕابگەیەنێت‌و لەسەر ئەم بنەمایە ڕێكەوتن".
وەكو جەمیل بایك باسیكردووە، ئەوان پەكەكەیان بۆ خۆیان بە مەترسی زانیوە، بۆیە پێكەوە هەوڵیانداوە كە پەكەكە بێكاریگەر بكەن، وایان داناوە ئەگەر پەكەكە وەك تیرۆریست ڕابگەیەنن ئەوكاتە دەتوانن پەكەكە بێكاریگەر بكەن‌و بەرژەوەندییەكانی خۆشیان بپارێزن، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ڕێكەوتوون.
" مام جەلال لە نەمسا وتی پەكەكە تیرۆریستەو ئەوەش بۆ پەكەكە گورزێكی كوشندە بوو، چونكە ئەوروپا هەمووشتێكی دەكرد بۆ ئەوەی پەكەكە بە تیرۆریست مەحكوم بكات، ئەو ئاخاوتنەی مام جەلال هەنگاوێگی گەورەبوو بۆ ئەوەی پەكەكە لە هەموو ئەوروپا بە تیرۆریست ڕابگەیەنرێت". جەمیل بایك وا دەڵێت.
وەكو هاوسەرۆكەكەی " كەجەكە" باسیكردووە، پاش ئەو لێدوانەی مام جەلال، ئیدی توركیا بەئامانجەكەی خۆی گەشتووە‌و وتوویەتی من دژی كوردان نیم، پەكەكە تیرۆریستەو من دژی تیرۆریزم شەڕ دەكەم.

جەمیل بایك، لێدوانەكەی مام جەلال بە هەڵەیەكی گەورەی مێژوویی ناودەبات‌و ئاماژە بەوە دەكات كە گورزێكی كوشندەی لە پەكەكە داوە:" ئەگەر پارتی‌و یەكێتی نەبوونایە توركیا هەرگیز نەیدەتوانی لە ئەوروپا پەكەكە وەك هێزێكی تیرۆریست بناسێنێ، ئەو قسەیەی مام جەلال كردی ڕاست نەبوو، هەڵەیەكی مەزن‌و مێژوویی بوو، ئەوە گورزێكی كوشندەی لە تەڤگەری كورد دا، ئەگەر مام جەلال ئەو قسەیەی نەكردایە هیچ كاتێك توركیا نەیدەتوانی پەكەكە لە دونیادا بە تیرۆریست لە قەڵەم بدات".

،،

وەكو جەمیل بایك باسیكردووە، لەپاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991وە، بەردەوام پەكەكە لەباشووری كوردستان بەهێز بووەو ئەوەش بۆ ئەمەریكاو توركیا مەترسیداربووە، بۆیە توركیا ڕێكەوتنی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بەهێزكردووەو هەرسێ لاشیان ئامانجیان ئەوەبووە كە پەكەكە لە باشوور كاری ڕێكخستن نەكات‌و ڕێگری لە پەرەسەندنی بكەن.


جەمیل بایك دەڵێت:" كە پەرلەمانی باشوور دامەزرا، ئاخاوتن‌و قسەی سەرەتایان لە دژی پەكەكە بوو، ئەوە هەڵەیەكی مەزن بوو، تاوانێكی مێژوویی بوو، پەرلەمانی باشوور ئەو بڕیارەی لەخۆوە دەرنەكرد، هەندێك دەوڵەت ئەو بڕیارەیان بەسەر پەرلەماندا سەپاند، بەنهێنی دیدار ئەنجام درابوو وە ڕێكەوتنیان كردبوو ئەگەر پارتی‌و یەكێتی‌و پەرلەمانی كوردستان لە دژی پەكەكە بڕیار وەربگرن‌و لە دژی پەكەكە بوەستن، ئەوا ئەوانیش دان بە پەرلەماندا دەنێن‌و دان بە پارتی‌و یەكێتدا دەنێن‌و پەیوەندی لەگەڵ ئەواندا پێشدەخەن، لەسەر ئەم بنەمایە پەرلەمان بڕیاری دەركردو شەڕی خیانەتیان ئەنجامدا، بڕیارەكەی پەرلەمان زەمینەی شەڕی سازكردو پارتی‌و یەكێتی لەسەر بنەمای بڕیارەكەی پەرلەمان شەڕیان لە دژی پەكەكە ئەنجامدا".

دامەزرێنەرەكەی پەكەكەو هاوسەرۆكی ئێستای كەجەكە، باسیلەوە كردووە كە توركیا لەوكاتەدا نەیدەتوانی ڕێ لە گەورەبوونی پەكەكە بگرێت، بۆیە لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی پەیوەندی دروستكردوەو لەسەر ئەو بنەمایەی پەكەكە بێكاریگەر بكەن‌و پێكەوە لە دژی پەكەكە ڕابوەستن، " توركیا بە پارتی‌و یەكێتی هێرشی بۆسەر پەكەكە ئەنجامداو پشتیوانی سیاسی‌و عەسكەری‌و ئابووری لە پارتی‌و یەكێتی كردو ئەوانیش لەو هاوكارییەی توركیا زۆر سوودمەند بوون‌و خۆیان پێ بەهێز كرد".

لە كتێبی " مێژووێك لە ئاگر"دا جەمیل بایك ئەوە دەگێڕێتەوە كە لە پێناوی ئەوەی ئەوان ڕێ لە بەرپابوونی شەڕ بگرن كۆبوونەوەیان لەگەڵ " فواد مەعسوم" كە ئەوكات سەرۆكی حكومەت بووە ئەنجامداوە، " گەشتینە ڕێكەوتنێك‌و دەرئەنجامێك كەوا لەگەڵ یەكتردا شەڕنەكەین‌و نەهێڵین داگیركەران پیلان لە دژی هەردوولا سازبكەن‌و لە نێوان باكوورو باشوورداو لە نێوان ئێمەو پارتی‌و یەكێتی‌و پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمدا هیچ ناكۆكییەك دەرنەكەوێت، بەڵكو هاوكاری یەكتر بكەین‌و موداخەلەی كاروباری یەكتر نەكەین، لەسەر ئەو مەسەلانە گفتوگۆمان كردو ڕێكەوتن ئەنجامدرا، ئێمە بەو ڕێكەوتنە باوەڕمان كردو وتمان ئیدی گەشتینە ئەنجام‌و هیچ مەترسییەك ڕوونادات، هەربۆیە ئێمە هیچ حسابی هاتنە ئارای شەڕمان نەدەكرد، ئێمە پێمانوانەبوو كە پارتی‌و یەكێتی لەگەڵ توركیا پێكەوە هێرش بێننە سەر ئێمە، بەڵام پارتی‌و یەكێتی‌و توركیا پێكەوە هێرشیان هێنایە سەر ئێمە، دەوڵەتی توركیاو ئەمەریكا پارتی‌و یەكێتییان ناچاركرد شەڕ دژی پەكەكە بكەن".
بایك، شەڕی پارتی‌و یەكێتی دژی پەكەكە لە ساڵی 1992 بە سەرەتای پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی ناو دەبات‌و دەڵێت:" ئەوە سەرەتای پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی بوو دژی پەكەكە، چونكە پەكەكە لە هەموو ڕوویەكەوە لە باشووری كوردستاندا پێشدەكەوت‌و ئەو پێشكەوتنەش هەڕەشەی لە بەرژەوەندی زۆر هێزو لایەن دەكرد، بەو شەڕە دەیانوویست ئیرادەی پەكەكە بشكێنن‌و تەسلیمیان ببێت".

،،

بە وتەی جەمیل بایك، جیا لە شەڕی چەكداری، پارتی‌و یەكێتی هەوڵیانداوە لە ڕێگەی " عوسمان ئۆجەلان"ی برای " عەبدوڵا ئۆجەلان"ەوە سەرۆك ئاپۆ بێكاریگەر بكەن تەڤگەر لەژێر كۆنترۆڵی دەربكەن‌و لە ڕێگەی عوسمانەوە تەڤگەر بخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە.
" یەكێتی پەوەندی خۆی لەگەڵ عوسمان ئۆجەلان بەهێزكردو لەگەڵ یەكێتی ڕێكەوتننامەیەكیان ئەنجامدا بەناوی " باكور – باشوور" كە پێكەوە لە دژی پەكەكە شەڕ بكەن‌و پەكەكە لاواز بكەن، عوسمان ئۆجەلان دەیووسیت بەو ڕێكەوتنەو بەهاوكاری یەكێتی خۆی لەناو پەكەكەدا بەهێز بكات‌و پەكەكە بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە".

جەمیل بایك، ئاماژەی بەوەش داوە كە هاوشانی پارتی‌و یەكێتی‌و هێزە سیاسییەكانی باشوور، دامەزراندنی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەری ڕەنج‌و خەباتی پەكەكەشی تێدایەو دەڵێت:"

كە لەباشووردا حكومەتێك دامەزرا، ئەوە بەری ڕەنجی پارتی‌و یەكێتی نەبوو بە تەنیا، بەڵكو شانبەشانی ئەمە بە خەباتی پەكەكەو بەهاوكاری ئەمەریكا دامەزرا، ئەگەر پەكەكە توركیای مەجبوری پارتی‌و یەكێتی نەكردایەو ئەگەر پارتی‌و یەكێتیش بۆ ئەوەی پەكەكە تەسفییە ببێت هاوكارییان وەرنەگرتایە‌و بەو هاوكارییە مەزن نەبوونایە، ئەوان نەیاندەتوانی لە باشوور حكومەت دروستبكەن، ئەوەی لەباشووردا دروستبووە خەبات‌و ڕەنجی پەكەكەشی تێدایە، ئەگەر پەكەكە نەبوایە توركیا هاوكاری پارتی‌و یەكێتی نەدەكردو ڕێگەی دونیای بۆ ئەوان نەدەكردەوەو چەك‌و پارەو ئازووقەی بەوان نەدەدا، ئەو هاوكارییەی توركیا بەوانی دەدا بە ئامانجی ئەوە بوو پەكەكە گۆشەگیر بكەن، پەكەكە هەموو ئەو هەنگاوانەی بە توركیا هاویشت كە پەرلەمانی باشوور پەسەند بكات".
لە پیلانی دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلاندا، جەمیل بایك پارتی‌و یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە دۆسیەیان ناردووە بۆ ئەوروپا بۆ ئەوەی وەكو تیرۆریست مامەڵە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا بكەن:" كاتێك سەرۆك لە ڕۆما بوو زۆر بە ئاشكرا دۆسییەیان دەنارد بۆ ئەوەی ئەوروپا سەرۆك پەسەند نەكات‌و وەك تیرۆریستێك مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، پارتی‌و بارزانی دۆسیەی وەهایان دەنارد كە سەرۆك تیرۆریستەو لەدژی كوردانە".

دەربارەی پیلانی دەستگیركردنی ئۆجەلانیش، جەمیل بایك ئەوەی خستووەتە ڕوو كە پارتی‌و یەكێتی ڕۆڵیان لەو پیلانگێڕییەدا هەبووەو ئەو دەوڵەتانەی كە بڕیاری پیلانگێڕییەكەیان داوە، ئەوا جورئەتیان لە پارتی‌و یەكێتییەوە وەرگرتووە، جەمیل بایك دەڵێت:" كوردە وابەستەكانیش ڕۆڵی سەرەكییان لە پیلانگێڕی دەستگیركردنی سەرۆكدا بینی، وەك دەزانرێت پیلانگێڕییەكە لەڕێگەی " ڕێكەوتنی واشنتۆن"ەوە كەوتە بواری ڕەسمییەوە، ئەگەر پارتی‌و یەكێتی لەو ڕێكەوتنەدا بەشدار نەبوونایە ڕێی پیلانگێڕییان نەكردایەتەوەو پەسەندیان نەكردایە، ئەو پیلانگێڕییە جێبەجێ نەدەبوو، چونكە یەكێتی‌و پارتی چەندە موحتاجی ئەمەریكابوون، ئەمەریكاش هێندە موحتاجی ئەوان بوو، چونكە لەڕێگەی ئەوانەوە دەكەوتنە عێراقەوە، ئەگەر ئەوان ئەو پیلانگێڕییەیان پەسەند نەكرایە ئەوان ئەمەریكاو ئینگلتەرا نەیاندەتوانی ئەو پیلانگێڕییە ئەنجام بدەن، ئەو دەوڵەتانەی كە بڕیاری پیلانگێڕییەكەیان دا، ئەوا جورئەتیان لە پارتی‌و یەكێتییەوە وەرگرت، پارتی‌و یەكێتی ڕێگرتن لە پێشكەوتنی پەكەكەو بێكاریگەركردنی سەرۆك ئاپۆیان لەبەرژەوەندی خۆیان دەبینی‌و پێیانوابوو ئەگەر سەرۆك ئاپۆ دەستگیر بكرێت ئەوا كوردستان بۆ ئەوان دەمێنێتەوە".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی