ترامپ حیزبێکی نوێ دادەمەزرێنێت؟

ترامپ حیزبێکی نوێ دادەمەزرێنێت؟

415 خوێندراوەتەوە

لەئەگەری دۆڕانی لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمجارەدا، ئەوا دۆناڵد ترامپ دەتوانێت جارێكی دیكە ڕێگای كۆشكی سپی بگرێتە بەرو خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ساڵی 2024 كاندید بكات، كەسە نزیكەكانی و میدیاكانیش باسی ئەو ویستەی و دامەزراندنی پارتی "MAGA" لەلایەن ترامپەوە دەكەن.


تاكو ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیەكەی ئەمریكا یەكلایی نەبۆتەوە، بەڵام ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكان ئاماژە بە سەركەوتنی جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان دەكەن، هەروەها ترامپیش چانسێكی زۆر كەمی هەیە بۆ خولی دووەم ببێتەوە بە سەرۆك.
بەڵام لەئەگەری شكستی لە هەڵبژاردنەكەدا، چانسێكی نوێ لەبەردەم ترامپدایە كە خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا كاندید بكاتەوە، دەستوری وڵاتەكەشی پشتگیری دەكات.

ئەمە چۆن ڕوودەدات؟

لە چاكسازی بیست و دووی دەستوری ئەمریكادا بە دەق هاتووە كە" هیچ كەسێك بۆی نیە زیاتر لە دوو خول خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان كاندید بكات"، بەڵام بەهیچ شێوەیەك باسی ئەوەی نەكردووە كە دەبێت بەدوای یەكەوە بێت، واتە دوو خول لەسەر یەك خۆی كاندید بكات.


لە نەریتی سەرۆكایەتی ئەمریكادا ڕوویداوە، كە سەرۆك بۆ دوو خولی دوور لەیەك سەرۆكایەتی ئەمریكای كردووە، گرفەر كلیفلاند لە خولی یەكەمی لە نێوان ساڵانی 1885و 1889 بووە، بەڵام خولی دووەمی لە نێوان ساڵانی 1893و1897دا بووە.


ماڵپەڕی " پۆست هیراڵد"ی ئەمریكی لەسەر زاری دوو سیاسی ستراتیژی ئەمریكا باس لەوە دەكات، كە ترامپ چانسێكی نوێی لەبەردەمدایە كە بۆ هەڵبژاردنەكانی ساڵی2024دا خۆی كاندید بكاتەوە.


سكوت ڤێرسۆن پسپۆڕی ستراتیژی لە دیموكراتەكان دەڵێت:" هەركەسێك پێیوابێت ترامپ بە ئارامی دەچێتەوە سەر بورجی ترامپ لە نیویۆرك ، ئەوا لە خەیاڵدا دەژی".


مایك دینیهی لە كۆمارییەكانیش دەڵێت:" توشی سەر سوڕمان نابم، ئەگەر ترامپ بۆ جارێكی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە".


ئەوەی زیاتر ئەم ئەگەری دووپات كردۆتەوە، پۆستێكی كوڕە گەورەكەی ترامپە، كە لە تویتێكیدا ئاماژە بە كاندیدكردنەوەی باوكی بۆ هەڵبژاردنەكانی 2024دەكات.
دۆناڵد ترامپ جۆنیۆر دەڵێت:" نیگەران مەبە(باوكە)دەجەنگین و ئەوە دەبینن وەك ئەوەی شتێكی ئاسایی بێت"، هەروەها ڕەخنەی توند لە كۆمارییەكان دەگرێت بەوەی هیچ ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ناكەن.


بیران لانزا، ڕاوێژكاری پێشووی ترامپ بۆ ڕۆژنامەی" ئیندیپێندنت"ی بەریتانی دەڵێت:" سەرۆك لە دۆخێكی باشدا دەبێت، ئەگەر بتوانێت بۆ چوار ساڵی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە".


رۆزفێلت تاكە سەرۆكی ئەمریكایە كە بۆ 4 جار پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكای گرتۆتە دەست و 12 ساڵ لە نێوان ساڵانی 1933و 1945دا سەرۆك بووە، هەروەها لە پۆستی سەرۆكایەتیدا بوو كە كۆچی دوایی كرد.


رۆزفێڵت ئەو نەریتەی شكاند كە سەرۆك جۆرج واشنتن داینابوو، كە سەرۆك دەبێت بۆ دوو خول سەرۆك بێت.


لە ساڵی 1947دا، دەستوری ئەمریكا بۆ جاری بیست و دووەمین گۆڕانكاری تێدا كرا، كە بەپێی دەستورە نوێیەكە سەرۆك تەنها بۆ دوو جار دەتوانێت خۆی كاندید بكات.

ئەوانەی ڕەخنە لە دەستورەكە دەگرن، ئەو كەسانەن كە دەڵێن، ویستی جەماوەر پشت گوێ خراوە، كاتێك دەیانەوێت بۆ خولی سێیەم سەرۆك هەڵبژێرنەوە، لەبەرامبەریشدا پشتگیری كارانی دەستورەكە دەڵێت، ئەوا بۆ پاڵپشتی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە لەئەمریكادا.


رۆناڵد ریگان و باراك ئۆباما دوو سەرۆكی ئەمریكا بوون، كە ڕەخنەیان لە دەستوری ئەمریكا هەیە، كە تەنها بۆ دوو جار خۆیان كاندید كردنی دیاری كردووە.


ئەگەر ترامپ پارتێكی نوێ دابمەزرێنێت:

ترامپ هەرچەندە لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەری شكستی نزیكە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن جەماوەرێكی زۆرە، كە بەشی ئەوە دەكات كیبڕكێی توندی لەگەڵ ڕكابەرەكەی پێبكات و نزیكی بكاتەوە لە جەماوەرەكەی، جەماوەری ترامپ زیاتر دەكەونە ناوچەكانی باشور و ڕۆژئاوای وڵاتەوە و دروشمی" با جارێكی دیكە ئەمریكا بەهێز بكەینەوە"یان هەڵگرتووە كە كورتكراوەكەی "MAGA"یە.


ڕاپرسیەكی " رۆیتەرز ئیپسۆس" پرسیاری لە دروشمەكەی لایەنگرانی ترامپ كردووە، ئەوان پێیان وایە دروشمەكەیان واتای " سنورێكی بەهێزتر، ئابوریەكی باشتر" دەگەیەنێت.


ئەم دیمەنەی ئێستا دەبینرێت، وای لە چاودێران و زۆرێك لە خەڵكی كردووە، كە لەو باوەڕەدا بن، كە ترامپ پارتی "MAGA" تایبەت بەخۆی دادەمەزرێنێت، كە جەماوەرەكەی زیاتر لە چینی سەرمایەدارن كە هەست بە پشتگوێ خستنی واشنتن دەكەن،هاوكات لەوەیە ئەم هەنگاوەی ترامپ ببێتە مایەی ڕەخنەی توندی زۆرێك لە سەركردەكانی كۆمارییەكان و ئەو ڕێگایەی ترامپ ڕەت بكەنەوە، چونكە لە چەندین شوێندا ڕەخنەیان لە قسە و كۆمێنتەكانی ترامپ گرتوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە دەستاودەستی دەسەڵات بەشێوەیەكی ئاشتیانە.


هۆكارێكی دیكە، كە وا لە ترامپ دەكات پارتێكی نوێ دابمەزرێنێت و خۆی كاندید بكاتەوە، نیگەرانی ترامپە لە كۆمارییەكان، چونكە كۆمارییەكان تاكو ئێستا پشتگیری لە قسەكانی ترامپ ناكەن، كە دیموكراتەكان بە ساختەكاری گەورە تۆمەتبار دەكات،ترامپ لەم بارەیەوە كۆمارییەكان بە خیانەتكار ناوزەند دەكات، كوڕە گەورەكەشی لە تویتەكەیدا ڕەخنە لە ئامادە نەبوونی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی 2024دەگرێت.


ترامپ جاری یەكەمی نابێت، كە بیر لە پارتێكی دیكەی جگە لە كۆمارییەكان بكاتەوە، ساڵی 2000دا لە پارتی چاكسازی خۆی كاندید كرد، هەروەها مایك مۆرفی پسپۆڕی ستراتیژی لە كۆمارییەكان لە ساڵی 2018دا پێی وابوو، كە ترامپ بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ كۆمارییەكان لە ساڵی 2020دا لە پارتی سێیەم خۆی كاندید دەكاتەوە،ئەم بۆچوونەش هەرچەندە ناهەتە دی، بەڵام ئاماژەی ناكۆكی قوڵی نێوان ترامپ و كۆمارییەكانە،هەڵبژاردنی ئەمجارەش زیاتر ئەم ناكۆكیانە قوڵتر دەكاتەوە، بۆیە زۆر نزیكە ترامپ پارتێكی نوێ تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت و خۆشی كاندید بكاتەوە.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی