لە دیدی ئەردۆگانەوە کێ کوردی باشە؟

لە دیدی ئەردۆگانەوە کێ کوردی باشە؟

846 خوێندراوەتەوە

هیوا سەید سەلیم

لە کاتێکدا کە ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە خەریکە بە ئاڕاستەی شەڕی کورد و کورد دەبردرێت و وا بڕوات شەڕە لە دەرگامان دەدات، بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئەمەریکا، پەردە لەسەر پلان و ئەجێندای ئەردۆغان ڕادەماڵێت و بە هەموو لایەکمان دەڵێت: " لە دیدی ئەردۆغانەوە کورد هەر کوردە، لە نێو کوردان هیچ کەس کوردی باش نییە، مەگەر ئەو کوردانەی کە مردوون باش بن".

لە دیدارێکی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن، باس لە ئەجێندا و پلانی ئەردۆغان دەکات بەرامبەر بە پارچەکانی کوردستان، لەوێ باس لە پلانی B ئەردۆغان دەکات، کە بریتیە لە پلانی هەڵگیرساندنی شەڕی کورد و کورد، بۆڵتن لەو دیمانەی نیوۆرک تایمز دەڵێت:
(کاتێک ئەردۆغان لە پلانی یەکەمی شکستی خوارد دەیەوێت بە هەڵگیرساندنی شەڕی کورد- کورد ناوناوبانگی کورد لەکەدار باکات)
جۆن بۆلتن، هەر لەو دیمانەیدا باس لە دوایین دیداری خۆی دەکات لەگەڵ سەرۆکی تورکیا دەڵێت باسی کوردانم بۆ دەکەرد، هەستم کرد ئەردۆغان نایەوێت گوێی لە ناوی کورد بێت، بەدەم خواردنەوە پێی وتم:
(ڕاستیت ئەوێ ھیچ کوردێك باش نیە، ئەو کوردە باشە، کە لە ژیاندا نەماوەو مردوە!)
ئەو شایەدیەی بۆڵتن لەسەر ئەردۆغان بەرامبەر بە کورد، دەبێت هەموو لایەک هۆشیار بکاتەوە، بەوەی ئەردۆغان دۆستی هیچ کوردێک نیە، تەنانەت ئەوانەشی کە هەمیشە داکۆکی لێدەکەن، ئەوەشیان دەگەڕێتە بۆ دیدی شۆڤینیانەی تورک بەرامبەر کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە، و ئەو دیدگایەی کە کۆماری تورکیای لەسەر دامەزراوە، کە بیروباوەڕی کەمالیستە کە خۆی لە ئینکاری بوونی کورد دەبینێتەوە.

،،

دەبێت ئەوە تێبگەین کە ڕەخنەکەی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیستمانی ئەمەریکا کە ئاڕاستەی کوردی کردووە لە جێگای خۆی بووە، چونکە دەمێکە دەبوو کورد بە سەرجەم پێکهاتە سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەردۆغانی بناسیایە، بۆڵتن، جوانی ئەردۆغان وەسفکردووە کە دەڵیت: (ئەو کەسێکی فاشستە و گرێی دەروونی لەگەڵ کورد هەیە).

شایانی باسە کەسێک کە بیروباوەڕی فاشستانەی بەرامبەر میللەتێکی زیندوی وەک کورد هەبێت، نە هاوبەشی ئاینی و مەزهەبی، و نە بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی، لە ڕەقی پەنگ کخواردووی ئەو کەسە بەرامبەر بە تێکڕای میللەتی کورد کەم دەکاتەوە، بەڵگەش شایەدیەکەی ئەو قسەیەی کە لای جۆن بۆڵتن کردوویەتی ( کوردی باش نیە...)


ئێستا کاتێک پلانەکەی ئەردۆغان بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە، بە تایبەت لەوەی لە پلانی B ی دا، دەیەوێت شەڕی کورد و کورد هەڵگیرسێنێت، و لە هەرێمی کوردستان زەمینەی ئەو شەڕە هەیە، بە تایبەت ناکۆکیەکانی ئێستای نێوان پارتی و پەکەکە، کە مەترسی هەڵگیرسانی ئەو شەڕەی لێدەکرێت، دەبێت هەموو لایەک هەوڵی ئەوە بدەین ئەو خەونەی ئەردۆغان نەهێتەدی، و جارێکی دیکە کوردستان نەبێتە مەیدانی شەڕێکی وەها، کە بۆ کورد وێرانەی بەدواوە بێت، و شەڕەکەش دووژمنان و داگیرکەرانی پێی کەیف خۆش دەبن.


هەروەها دەبێت لە وەڵامی ئەردۆغان هەموومان لەگەڵ یەکتر کوردی باش بین، کوردی باش ئەوەیە دژ بە ئەجێندای دووژمنان و داگیرکەران بووستێتەوە، و بۆ براکانی ببێتە پشت و پەنا، نەک پشت لە براکانی بکات و دەست لە ناو دەستی دوژمنەکەی بنێت.